ئەو شتانەی کە نابێت لە چێشتخانە دابنرێن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-10-28-21:00:00 - کۆدی بابەت: 11550
ئەو شتانەی کە نابێت لە چێشتخانە دابنرێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو شتانەی کە نابێتە چێشتخانە دابنرێن (بە ئینگلیزی: Things that should not be in the kitchen، بە عەرەبی: الٲشياء التي يجب عدم وضعها في المطبخ)، چێشتخانە یەکێکە لەو شوێنانەی ماڵەوە کە زۆر بەکاردەهێنرێت و کەلوپەلی زۆر تێدایە، بۆیە پێویستی بە ئاگادارییە. ئاگاداربوونی چێشتخانە و بەدروستی ڕێکخستنی جگە لەوەی دەبێتە هۆی ڕێکوپێکی ڕووبەرەکە، یارمەتی بەسەلامەتی مانەوەی کەلوپەلەکان و ڕێگریکردن لە تێکچوونی ماددە خۆراکەکانیش دەدات، دانانی هەندێک کەلوپەل و ماددە لە چێشتخانەدا ناتەندروستە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین.

ئەو کەلوپەل و ماددانەی نابێت لە چێشتخانە دابنرێن

بەرهەمی پاککەرەوەی ژەهراوی

ماددەی پاککەرەوە وەکوو سپیکەرەوە و دژە چەوری یان نەرمکەرەوەی جل لە چێشتخانە دامەنێن، واباشترە ئەم جۆرە ماددانە لەناو کەوانتەر و شوێنی داخراو دابنرێن بەو شێوەیە چێشتخانەیەکی سەلامەتترت دەبێت، ئەگەرنا ڕەنگە گازی ئەم ماددە ژەهراوییانە بگات بە ماددە خۆراکییەکان یان تەنانەت ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.

خواردنی بەسەرچوو و خراپبوو

ئاگاداربن بەدڵنیاییەوە ئەو خواردنانەی کە تێکدەچن و بەسەردەچن فڕێیان بدەن، چونکە بوونی ئەو ماددانە لە ماڵدا دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، بۆیە پێویستە زوو زوو سەیری بەرواری بەسەرچوونی ئەو خواردنانە بکرێت کە کاتی بەسەرچوونیان هەیە و لەبیرنەکرێن.

دەرمانەکان

نابێت دەرمان لە چێشتخانە دابنرێت و ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەم ئەوەیە کە ئەگەر لە نزیکی گەرمی و تەباخەوە دابنرێن ڕەنگە زیانیان بەر بکەوێت. دووەم ئەوەیە کە دەرمان دەبێت لە شوێنی فێنک هەڵبگیرێت و لەلایەکی دیکەشەوە مەترسی هەیە بۆ منداڵ کە دەستکاری بکات یان بیخوات.

کەلوپەلی کۆن و زیان پێگەیشتوو

لە هەموو چێشتخانەیەک چەقۆی تیژ و مقەسەت و چەتاڵ پێویست و گرنگە، بەڵام زۆر گرنگیشە کە ئاگاداری بارودۆخی کەلوپەلەکان و تیژیان بن و بیانپشکنن، ئەگەر زانیتان سوودی خۆیان لەدەست داوە دەبێت بیانگۆڕن، هەروەها ئاگاداری تاوە و مەنجەڵەکانیش بن، هەر جۆرە سووتان یان پەڵە و زیانێک پێیانەوە ڕەنگە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە ماددە خۆراکییەکان.

گوڵ و گیا و کەلوپەلی ڕازاندنەوە

واباشترە کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ناپێویست و ناتەندروست لە چێشتخانە دووربخەنەوە و چێشتخانەیەکی فراوان و ئاسوودە بۆ خۆتان دابین بکەن، چونکە کاتی خواردن دروستکردن و هاتوچۆکردن پێویستتان بە ڕووبەرێکی فراوان و ئاسوودە دەبێت.


سەرچاوەکان



811 بینین