تەکنیەکانی زمانی جەستە لە فرۆشتندا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-12-21:24:00 - کۆدی بابەت: 11714
تەکنیەکانی زمانی جەستە لە فرۆشتندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەکنیەکانی زمانی جەستە لە فرۆشتندا (بە عەرەبی: تقنيات لغة الجسد في البيع، بە ئینگلیزی: Body language techniques for selling) زمانی جەستە کۆمەڵێک ئامرازە کە لە هەستەوەرەکان و جووڵەدا خۆی دەبینێتەوە، کەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەسی بەرامبەر. لە بازرگانیدا زمانی جەستە هاوشانی زانستی بازرگانی گرنگی خۆی هەیە بۆ کەسی فرۆشیار لە ڕازیکردنی کڕیار بۆ کڕینی بەرهەمەکەی و باوەڕکردن بەوەی کوالێتی بەرزە. 

زمانی جەستە، بە شێوەیەکی گشتی جووڵەی دەست و پەنجەکان و جووڵەی چاو و شێوەی ڕووخسار و تۆنی دەنگ لەکاتی قسە کردندا دەگرێتەوە، کە بە شێوازێک بێت لەگەڵ بارودۆخەکانی کەسی بەرامبەردا خۆت بگونجێنیت بێ ئەوەی پێتەوە دیاربێت کەوا کاریگەربوویت پێی. 

گرنگترین تەکنیکەکانی زمانی جەستە لە فرۆشتندا

لە گفتوگۆدا هاوسەنگی خۆت ڕابگرە

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی زمانی جەستە ئەوەیە کە لە هەموو بارودۆخێکدا هاوسەنگی زمان و جەستە ڕابگریت. بۆ کەسێکی فرۆشیار کە ڕەنگە کڕیار جۆرە قسەیەک بکات هەوڵبدا بتخاتە بارودۆخێکی شەرمەزارکەرانە. بەڵام دەبێت خۆت بە دوور بگریت لەوەی بچیتە ئەو بارودۆخە، ئەویش بەڕاگرتنی هاوسەنگی جەستە و شێوازی قسەکردنت.

پێشنیاری تەوقەکردن

کاتێک کەسی کڕیار دێت بۆ نووسینگەکەت، پێویستە لەسەرت تەوقەی لەگەڵ بکەیت و هەندێک دەستەواژە بەکاربێنیت تاوەکو تێڕوانێینی ئەو لەسەر خۆت و کارەکەت بگۆڕیت، وەکو (فەرموو بەڕێزم چۆن دەتوانین یارمەتیت بدەین؟، بەخێرهاتیت بەڕێزم پێم بڵێ چیت پێویستە با بۆت دەستەبەر بکەین؟) هەندێ جار پێشکەشکردنی (ئاو، چا، قاوە) وا دەکات زیاتر کڕیار ڕازی بکەیت. 

شێوازێکی گونجاوت هەبێ لە جووڵە و تۆنی دەنگ

کاتێک قسە دەکەیت، بە قەبارەی ئەو شوێنە با دەنگت بەرز بێت، واتا گەر بۆ یەک کەس قسە دەکەیت با دەنگت هێندە بەرز نەبێت ئازار بە گوێیەکانی بگات، و هێندە نزمیش نەبێت کە نەزانێ دەڵێیت چی. با بەجۆرێک بێت تێبگات. کاتێک بۆ ژمارەیەک کەس قسە دەکەیت بۆ نموونە لە کۆڕبەندەکان یان پێشەنگا بازرگانییەکان، کاتێک لەسەر ستەیجیت و قسە دەکەیت لە شوێنی خۆتدا جێگیر مەبە، بەڵکو با هەندێ جار جووڵەیەکت هەبێت بەڵام بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ نەوەکو شپرزانە.

پێش مامەڵە کردن بەرامبەر بخوێنەوە

گرنگە خوێندنەوەت بۆ بەرامبەر هەبێت، ئەویش دەکرێت لە ڕێگەی شیکپۆشی و ڕووخساردا بێت. بۆ نموونە کەسێک بە شێوەیەکی شپرزەوە هاتبێت بۆ شوێنی چاوپێکەوتنی بازرگانی هەر زوو بۆت دەردەکەوێت ئەو کەسە شارەزایی نییە لە مامەڵە کردندا و دەکرێت بە ئاسانی مەرجەکانی خۆتی بەسەردا بسەپێنی. بەڵام گەر کەسێک بە شیکپۆشییەوە هاتبێت ئەستمە بتوانیت ڕاستەوخۆ ڕازی بکەیت، چونکە بنەماکان دەزانێت و ناتوانی خوێندنەوەیەکی خێرای بۆ بکەیت.

ڕووخسار ڕاستییەکانە

لە کاتی قسەکردن بۆ کڕیارەکان هەرگیز ئەم خاڵانە مەکە:

  • دەست بردن بۆ ڕوومەتت.
  • دەستدان لەسەری لوتت.
  • دەست بردن بۆ دەم.
  • خوراندنی دەستت.
  • بە گشتی هەر بەشێکی تری جەستەت.

ئەنجامدانی ئەو خاڵانە نیشانەی دڵەڕاوکێ و ترسە. بۆیە گەر کەسی کڕیار هەستت پێ بکات براوە دەبێت لەوەی تۆ بخاتە بارودۆخێکی شەرمەزارکەرانە. 


سەرچاوەکان



326 بینین