ئاسایشی خۆراك

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-25-10:23:00 - کۆدی بابەت: 11765
ئاسایشی خۆراك

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسایشی خۆراک (بە عەرەبی: أمن غذائي، بە ئینگلیزی: Food security)، بریتییە لە دابینکردنی خۆراک بۆ تەواوی دانیشتوان بەبێ جیاوازی، بە کواڵیتیەکی بەرز و بە نرخێکی گونجاو. لە سەدەی ٢١ ئاسایشی خۆراک یەکێکە لە گرنگترین بابەت و تەوەرەی کۆبوونەوە جیهانییەکان، لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرەڕایی جیاوازی ئاستی پێشکەوتنیان کە بوونەتە سێ کۆمەڵە وڵاتانی (پێشکەوتوو و دواکەوتوو و تازە پێگەیشتوو) لەگەڵ زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوان و خواست لەسەر بەرهەمە خۆراکییەکان سەرقاڵی دابینکردنی خۆراکی پێویستن بە کواڵێتی بەرز و نرخێکی گونجاو بەبێ جیاوازی.

مێژووی سەرھەڵدانی ئاسایشی خۆراک

سەرھەڵدان و پەیدابوونی ئاسایشی خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانییەتە کۆنەکان نموونە وەکوو شارستانیەنی میسڕییە کۆنەکان لەسەر ڕووباری نیل و شارستانیەتی هیندییەکان لەسەر ڕووباری گانج و شارستانیەتی میسۆپۆتامیا لە نێوان ڕووباری دیجلە و فوڕات ھەر لەو کاتەوە مرۆڤ سەرقاڵی عەمبار کردن و زامنکردنی خۆراک بووە. ماددەی خۆراكی بنچینەییە بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ و گیانەوەر و زیندەوەرەکان، مرۆڤی كۆن بۆ بە دەستهێنای بەرووبووم پشتی بە تەواوی بە سروشت دەبەست، بەڵام بارودۆخی سروشت زۆر جار جێگیر نەبووە، بۆیە دواتر مرۆڤ پشتی بەست بە ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان و دواتریش ماڵیکردنی ئاژەڵە کێوییەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی وەرزی ڕاوکردن كەش و هەوا لە زۆربەی کاتەکاندا سەقامگیر نەبووە هەر بۆیە مرۆڤ بیری لەوە كردەوە خۆراك بۆ ماوەیەكی درێژ لە ڕۆژانی ساڵ هەڵبگرێت بۆ كاتی پێویست وەکوو ڕوودانی كارەساتی سروشتی و وەرزە ساردەکان و کەم خۆراکی سوودی لێوەربگرێت، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر مرۆڤ لە جیهان دەمرن بە هۆی برسییەتی ئەمەش هۆكارێكی تر بوو بۆیە دەبێت ڕێگایەك هەبێت بۆ ئەوەی پێداویستی خۆراك بۆ مرۆڤ دابین بكات. بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی فاو، بیرو هزری شێوازەكانی کۆگا و پاڕێزگاری خۆراك دەستی پێكرد بە چەند قۆناغێک:

قۆناغی یەکەم: وشكردنەوە بەرووبوومە خۆراکییەکان بە تیشكی خۆر، کە كۆنترین ڕێگەی كۆگاكردنە دانەوێڵە دەكوڵێندراو پاشان وشك دەكرایەوە لەبەر تیشکی خۆر و دواتر هەڵدەگیردرا لە کۆگاکان، هەروەها بە خوێكردنی گۆشت و ماسی پاشان كرداری ترشاندنی هەویر دروستكردنی نان و دروستكردنی ترشیات و سركە و پوختەكردنی زەیتی زەیتوون و بەكارهێنانی تۆی ڕووەكی خەردەل وەكوو ماددەیەكی پارێز بۆ شەربەتی ترێ لە تێكچوون، هەروەها بەفر بۆ ساردكردنەوەی شەربەت و گۆشت.

قۆناغی دووەم: دروستكردنی بەرووبوومە سپییەکان بوو، وەکوو ماست و پەنیر و كەرە و هەروەها كریستاڵكردنی (بلورەكان)ی شەكر لە چەوەندەری سوورو چەوەندەری شەكر.

قۆناغی سێیەم: پەرەسەندنی زانستی پیشەسازی خۆراك بوو کە بووە هۆی پێشكەوتنی زانستی كیمیا و زیندەزانی و رێگەی كۆگا و پیشەسازی و ئامێرو لە قوتونان و لە پاكەتنان لە ئەنجامدا بۆ بە هۆی پێشكەوتنی پیشەسازی خۆراك بە تایبەت بە هۆی جەنگ. بیرۆکەی هەڵگرتن و عەمبارکردنی خۆراک تەنها پەیوەست نەبووە بە مرۆڤ، بەڵکو ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەرەکانیش هاوشێوەی مرۆڤ خۆراکیان کۆکردۆتەوە و هەڵیانگرتووە بۆ وەرزە ساردەکان و کاتی پێویست.

مەرجەکانی ئاسایشی خۆراک

بەردەستبوون (Availability)

واتە بوونی خۆراک بە بڕی پێویست بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی لە بارودۆخە پیویستەکاندا نموونە وەکوو قەیرانە ئابوورییەکان و وشکەساڵی و جەنگ.

دڵنیایی خۆراک (Food Safety)

واته دڵنیابوونەوە لە بوونی خۆراکی پێویست و ئاستی سەلامەتی و تەندروستی بۆ بەکارهێنانی مرۆیی.

دەستکەوتنی خۆراک (Food Accessibility)

واتە دەستکەوتنی خۆراک لەلایەن هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بەبێ جیاوازی ئایین، ڕەگەز، نەتەوە و نەژاد بە نرخێکی گونجاو، بەجۆرێک کە چینی هەژاریش بتوانێت خۆراک بە دەست بهێنێت.

سەقامگیری (Stability)

بریتییە لە سەقامگیرکردنی خۆراک بۆ گشت ئەندامانی کۆمەڵگا کە پشت بە چەند ڕهەندێک دەبەستێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری خێرا و لە ناکاوی بەسەر دانێت، نموونە وەکوو نا سەقامگیری سیاسی (ڕامیاری) و گۆڕانی نرخ و بێکاری ئەم ڕەهەندە پەک دەخات.

بەربەستەکانی بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک

١- گرفتی کەم ئاوی و وشکەساڵی بە تایبەتی بەهۆی گۆڕانکارییە ئاو و هەواییەکان.

٢- زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوان بە بەردەوامی، بە گوێرەی هەندێک سەرژمێری ساڵانە ژمارەی دانیشتوانی جیهان نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس زیاد دەکات.

٣- لە دەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی گۆڕینی لاند سکێپی سروشتی بۆ لاند سکێپی مرۆیی و زۆر ماندووکردنی خاک، کە دەرئەنجام دەبێتە هۆکاری بێ پیت بوونی خاک و لە دەست دانی ماددە ئەندامییەکانی خاک.

٤- بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان کە کەم بەرهەمی و لە دەستدانی بەشێکی بەرهەمی ساڵانەی کشتوکاڵی لێدەکەوێتەوە.

٥- گۆڕانی ئاو و هەوا گرنگترینیشیان کەم بارانی و نەباراینی باران لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، وشکە ساڵی و بەبیابانبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی بە گشتی لە جیهاندا.

٦- بە فیڕۆدانی خۆراک بە تایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بە گوێرەی داتای ڕێکخراوی فاو ساڵانە ١.٣ ملیار تۆن خۆراکی گونجاو بۆ خواردن بە فیڕۆدەدرێت، لە کاتێکدا لە هەندێک لە وڵاتانی دوواکەوتوو خەڵک لە برسان دەمرن.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەدینەهێنانی ئاسایشی خۆراک

١- بواری ژینگە
فشاری زیاتر دەخرێتە سەر توخمە ژینگەییەکان بە ئامانجی دابینکردنی خۆراکی زیاتر، بەتایبەتیش ئەو توخمانەی جارێکی تر توانای نوێبوونەوەیان نیە، بەم جۆرەش بەشێک لەو توخمانە دووچاری لە ناوچوون دەبن، لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵی چاندنی ڕووەکی زیاتر دەدرێت کە بەشێک لەو ڕووەکانە بەرپرسن لە زیادبوونی گازی (گوڵخانەیی) کە بڕێکی زۆر لەو گازانە دەردەپەڕێننە ناو هەوا.

٢- بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەدخۆراکی
لە ئەنجامی نەبوونی خۆراکی پێویست هاوڵاتیان پەنا بۆ ئەو خۆراکانە دەبەن کە کواڵتیان نزمە و بەهای خۆراکیان کەمە، بەم جۆرەش دیاردەی بەدخۆراکی بە تایبەتی لای منداڵان دروست دەبێت.

٣- بەرزبوونەوەی نرخ
نەبوونی ئاسایشی خۆراک واتە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، لە ئەنجامی نەبوونی خۆراکی پێویست بۆ هاوڵاتیان، بەم جۆرەش بارودۆخی ئابووری وڵات نا سەقامگیر دەبێت.

٤- نەمانی سەقامگیری و سەروەری وڵات
فەراهەم نەبوونی ئاسایشی خۆراک هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سازشکردن لەسەر سەروەرییەکەی و سەقامگیرییەکەی لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی خۆراکی بۆ دابین دەکەن، بەم جۆرەش وڵات دەکەوێتە ژێر دەستەی و بەزەیی وڵاتانی تر.

٥- بێکاری
لە ئەنجامی خراپبوونی دۆخی ئابووری هەندێک لە وڵاتان فەرمانبەرەکانیان دەنێرنەوە ماڵەوە و لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە، بەم جۆرەش ناتوانن موچەکانیان وەربگرن و پێداویستییەکانیان پێ دابین بکەن سەرەنجام ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە وڵات دا پەرەدەسەنێت.

٦- بەرزبوونەوەی نرخی چاودێری تەندروستی
لە ئەنجامی نەبوونی خۆراکی پێویست دانیشتوان پەنا دەبەنە بەر ئەو خۆراکانەی کە تەندروست نین بۆ بەکارهێنان، بەم جۆرەش تووشبوونی دانیشتوان بە نەخۆشییەکان زیاتر دەبێت و بەم هۆیەش نرخی چاودێریکردنی تەندروستی لەسەر وڵاتان زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



510 بینین