قورئانخوێنە بەناوبانگەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-03-22-15:05:00 - کۆدی بابەت: 12220
قورئانخوێنە بەناوبانگەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

قورئانخوێنە بەناوبانگەکانی جیهان (بە ئینگلیزی: The famous Quran Reciters in the world، بە عەرەبی: أشهر قراء القرآن في العالم). قورئانی پیرۆز بۆ چەندین سەدە ماوەتەوە وەک تاکە کتێبی ئایینیی نەگۆڕاوە، خاوەنی زۆرترین ژمارەی خوێنەر و لەبەرکاری جیهانییە. زانینی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز زۆر جیاوازە لە خوێندنەوە بە تەجوید و شارەزاییەوە. 
 

دە لە بەناوبانگترین قورئانخوێنەکان

مشاری کوڕی ڕاشد ئەلعەفاسی  
لەدایکبووی کوەیتە 
مشاری کوڕی ڕاشد کوڕی غەریب کوڕی محەمەد کوڕی ڕاشد ئەلعەفاسی ئەلموتەیری، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەیە لە وڵاتی کوەیت و وتارخوێنە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی کوەیت. بەهێزی و شیرینی دەنگی هەروەها کۆنترۆڵکردنی چینەکانی دەنگ تایبەتمەندییەکانی ئەم قورئانخوێنەن. 
 
عەبدولڕەحمان بن عەبدولعەزیز سودەیس  
لەدایکبووی سعودیەیە 
شێخ عەبدوڕەحمان پێشڕەوی پێشنوێژانی مزگەوتی حەڕامە لە مەککە. بە توانای کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ، وردی و بەسۆزی لە خوێندنەوەکەیدا ناسراوە. 
 
عەبدولباست محەمەد عەبدولسەمەد  
لەدایکبووی میسڕە و عەبدولباسیت عەبدوسەمەد لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردوە، بەهۆی شێوازی ئاوازدار و کۆنترۆڵکردنی هەناسە و تۆنی سۆزدارییەکەیەوە جێی سەرنج بووە و نازناوی "قوڕگی زێڕین" و "دەنگی بەهەشت"ـی لێنراوە، کە گوێگر والێدەکات هەست بە تەواوی وشەکان بکات.

سەعد غامدی 
لەدایکبووی سعودیەیە 
سەعد غامدی پێشنوێژ و قورئانخوێن شێوازەکەی زیاتر لە شێخ مشارییەوە نزیکە. 

ماهر ئەلموعەیقیلی  
لەدایکبووی سعودیەیە 
شێخ ماهر پێشنوێژی مزگەوتی حەڕامە لە مەککە. لەرێی تایبەتمەندی دەنگییەوە وا لە نوێژخوێنان دەکات لە نوێژەکانیاندا زیاتر بەرەو ملکەچی و بیرکردنەوە برۆن. 
 
محەمەد سدیق مەنشاوی 
لەدایکبووی میسڕە 
هەر بە شێخ مەنشاوی ناسراوە. لە بنەماڵەکەیاندا خۆی و باوک و برا و باپیری قورئانخوێن بوون. شێوازێکی ڕۆحییانەی هەیە کە بەهۆیەوە بە دەنگە گریاوەکە (الصوت الباكي) دەناسرێت. 
 
ئەبوبەکر ئەلشاطری 
لەدایکبووی سعودیەیە 
ناوی تەواوی ئەبوبەکر کوڕی محەمەد ئەلشاترییە. پێشنوێژی لە چەندین مزگەوتی گەورەی سعودیەدا کردووە. 
 
ئەحمەد ئەلعەجمی 
لەدایکبووی سعودیەیە 
ناوی تەواوی ئەحمەد کوڕی عەلی عەجمییە. خاوەن دەنگێکی بەسۆز و شێوازێک لە ئاوازی تایبەتە. جگە لە خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز شێخ ئەحمەد پێشنوێژ و وتارخوێن بووە لە مزگەوتەکانی سعودیە و چەند وڵاتێکی تریش. 
 
ڕەعد کوردی 
لەدایکبووی شاری کەرکوکە 
ناوی تەواوی ڕعد محەمەد عەبدولڕەحمانە. کاری پێشنوێژی لە چەندین مزگەوت ئەنجام دەدات لە کوردستان و کوەیت و دوبەی. بە دەنگە جیاکەرەوەکەی و شێوازی خوێندنەوەکەی کە خۆی دەڵێت تێکەڵەی شێخ عەبدولباست و شێخ مەنشاوییە دەرکەوتووە و لە سەرانسەری جیهاندا ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێ.  
 
عەلی جابر 
لەدایکبووی سعودیەیە 
شێخ عەلی کوڕی عەبدوڵا کوڕی عەلی جابر لە تەمەنی ١٥ ساڵی هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە. لە ماوەی ژیانیدا پێشنوێژی مزگەوتی حەڕام بووە لە مەککە. خوێندنەوە بە ئاوازەوە لەلایەن شێخ جابرەوە جیاوازبووە، گوێگر دوای تەنها یەکجار گوێلێبوون دەتوانێت جیایبکاتەوە لە ناو چەندین دەنگی دیکەدا. 


سەرچاوەکان



53 بینین