پابەندبوون بە نوێژی بەیانی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-26-16:00:00 - کۆدی بابەت: 12030
پابەندبوون بە نوێژی بەیانی

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

پابەندبوون بە نوێژی بەیانی یان ئەنجامدانی نوێژی بەیانی (بە عەرەبی: التزام بصلاة الفجر، بە ئینگلیزی: Commitment to the ALfagr prayer) نوێژی بەیانی یەکەم نوێژە لە پێنج نوێژە فەرزکراوەکە لە ئیسلامدا، ئەنجامدانی واجب و پێویستە لەسەر هەموو موسڵمانێکی پێگەیشتووی خاوەن ژیری. نوێژی بەیانی لە دوو ڕکات پێکدێت و دوو ڕکات سوننەتیش لە پێشی دەکرێت کە بە سوننەتی نوێژی بەیانی ناسراوە و سوننەتێکی موئەکەدەیە، واتا پێغەمبەر بە بەردەوامی ئەنجامی داوە.

فەزڵ و گەورەیی نوێژی بەیانی لە ڕوانگەی فەرموودەکانی پێغەمبەر

  • پێغەمبەر فەرموویەتی: (من صلى صلاة الصبح فهو في ذمة الله)، واتا هەرکەسێک نوێژی بەیانی بکات ئەوە ئەو ڕۆژە لە پەنا و پارێزگاری خوا دەبێت و خوا پارێزگاری لێدەکات.
  • بەردەوامبوون لەسەر نوێژی بەیانی نیشانەی جیاکەرەوە و ناسەرەوەی باوەڕداران و دووڕووەکانە لە ئیسلامدا، پێغەمبەر فەرموویەتی: (أثقلُ الصلاةِ على المنافقينَ صلاةُ العشاءِ وصلاةُ الفجرِ ولو يعلمونَ ما فيهما لأَتَوْهُما ولو حَبْوًا).
    لەم فەرموودەیە پێغەمبەر ڕوونی کردووەتەوە کە قورسترین نوێژ لەسەر دووڕەکان ئەنجامدانی نوێژی بەیانی و نوێژی عیشایە.
  • لە فەرموودەیەکی تردا پێغەمبەر فەرموویەتی: (من صلى الفجر فكأنما قام الليل كله)، واتا هەر کەسێک پارێزگاری لە نوێژی بەیانیان بکات ئەوا پاداشتی شەونوێژی بۆ دەنوسرێت.
  • پێغەمبەر فەرموویەتی: (من صلى الغداة في جماعة، ثمّ قعد يذكر الله حتى تطلع الشمس ثم صلى ركعتين كانت له كأجر حجة وعمره)، واتا: هەر کەسێک نوێژی بەیانی بە جەماعەت لە مزگەوە ئەنجام بدات، پاشان دابنیشێت یادی خوای گەورە بکاتەوە تاوەکو کاتی خۆرهەڵاتن، وەک ئەوە وایە عومرەیەکی ئەنجام دابێت.

کاتی نوێژی بەیانی

کاتی نوێژی بەیانی بە دەرکەوتنی "فەجری ڕاستگۆ" (الفجر الصادق: بەرەبەیان ئەو کاتەیە کەتاریکی نامێنێت و ڕۆژ دەبێتەوە) کاتەکەی دەست پێدەکات تاکوو خۆرهەڵاتن و دەرکەوتنی خۆر بەردەوام دەبێت، واتا ماوەی نوێژی بەیانی نزیكەی یەك کاتژمێر و چارەگێک بۆ یەك کاتژمێر و نیو دەبێت. سوننەتە نوێژى بەیانى لە سەرەتاى كاتەكەى ئەنجام بدرێت، واتە بە دەركەوتنى فەجرى ڕاستگۆ و ڕەوانەوەی تاریکی ڕاستەوخۆ نوێژ ئەنجام بدرێت.

ئەگەر كەسێك دواكەوت و كاتى ئەنجامدانى نوێژەكەى بە شێوەیەك بوو کە ڕكاتێك لە نوێژەكەى بكەوێتە پێش خۆرهەڵاتن و ڕكاتەكەى تریشى بكەوێتە دواى خۆرهەڵاتن، ئەوا نوێژەكەى دروستە و گەشتووە بە كاتى نوێژ گەشتووە، ئیمامی بوخاری و موسلیم ئەم بۆچوونەیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەگەر كەسێك لەبەر هۆكارێكى شەرعى نەیتوانى لە كاتى نوێژى بەیانى بەخەبەر بێتەوە و نوێژەکەی لەدەست بچێت، كاتێک هەڵدەستێت کە خۆرى بەیانیان كەوتووە، ئەوا ئەو كاتەى كە هەڵدەستێت دەتوانێت نوێژەكەى ئەنجام دەدات بێ دواخستن و قەزای بکانەوە، بەڵام بە مەرجێک نابێت ئەم دیاردەیە بكات بە خوو هەموو کاتێک دووبارەى بكاتەوە.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ پابەندبوون بە نوێژی بەیانی

  • نییەتهێنان لە دڵەوە یەکەمین هەنگاوە بۆ پابەندبوون بە نوێژی بەیانی، واتا پێش خەوتن بە دڵ نییەت بهێنە کە دەتەوێت نوێژی بەیانی ئەنجام بدەیت، دڵنیابە خوا هاوکارت دەبێت.
  • زەنگی مۆبایلەکەت بنێرەوە بۆ کاتی نوێژی بەیانی و دڵنیابە لەوەی کاتێک زەنگەکە لێدەدات لە خەو هەڵدەستیت و بە ئاگا دێیتەوە.
  • بەدەستهێنانی کاتی خەوی پێویست پێش نوێژی بەیانی کاری بەئاگاهاتنەوەت ئاسانتر دەکات، بۆیە هەوڵبدە شەوانە زوو بخەویت.
  • پێشوەختە ئەو شوێنە ئامادە بکە کە نوێژی بەیانی تێدا دەکەیت یان دەستنوێژی تێدا دەگریت، هەروەها جلوبەرگ و پێداویستی نوێژ وەکوو بەرماڵ و جڵی نوێژ ئامادە بکە کە پێویستت پێیانە، هەموو ئەمانە بۆ ئاسانکاریکردنی ئەنجامدانی نوێژی بەیانییە.
  • دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوتن و زاڵبوون بەسەر تەمبەڵی و ئارەزووی خەوتن.
  • بیری خۆت بخەرەوە کە نوێژی بەیانی واجبە و یەکێکە لە نوێژە گرنگەکانی ئەو ڕۆژە، پابەندبوون پێیەوە خێر و بەرەکەت دەخاتە ڕۆژەکەتەوە و پاداشتی گەورەی لەسەرە.
  • هاوبەشی نوێژی بەیانیت بدۆزەرەوە، دەتوانیت کەسێکی ترت هەبێت کە هانت بدات و بیرت بخاتەوە بۆ پابەندبوون بە نوێژی بەیانی، دەکرێت پێکەوە بچنە مزگەوت یان لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە یەکتر ئاگادار بکەنەوە و یەکتر بەئاگا بهێننەوە.
  • دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی هەست بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی بکە و هەوڵبدە ئەو سوودە ڕۆحی و دەروونیانەی کە لە نوێژی بەیانیدا هیە بیدۆزیتەوە، بە خشووعەوە و لەسەرخۆ نوێژەکەت بکە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئارەزووی پابەندبوونت بە نوێژی بەیانی.
  • ئامانجی بچووک دابنێ و پاڵنەری خۆت بۆ پابەندبوون بە نوێژی بەیانییەوە بۆ چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک دیاری بکه، بۆت دەردەکەوێت کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم خووە دەبێتە سروشتی و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیانتدا دروست دەکات.
  • سوود لە تیشکی خۆری بەیانی وەربگرە و بیر لە سروشتی ئارام و هەوای پاک و ئاسوودەیی پێش نوێژی بەیانی بکەرەوە، ئەمەش دەتوانێت پاڵنەرێکی گرنگ بێت بۆ پابەندبوونت بە نوێژی بەیانی.
  • پابەندبوون بە نوێژی بەیانی دەربڕینی  ملکەچبوونە بۆ خوا و لەبیرت بێت کە خوا دەتبینێت و چاودێریت دەکات، بەوهۆیەشەوە پاداشتی گەورە بەدەست دەهێنیت لە دونیا و قیامەتدا.


سەرچاوەکان



239 بینین