کتێبی هێزی بڕیاردان لە مرۆڤدا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-15-20:32:00 - کۆدی بابەت: 11735
کتێبی هێزی بڕیاردان لە مرۆڤدا

ناوه‌ڕۆك

ناسانن

هێزی بڕیاردان لە مرۆڤدا (بە ئینگلیزی: The power of decision-making in humans، بە عەرەبی: قوة صنع القرار في البشر) کتێبێکە لە نووسینی نووسەری ناودار دکتۆر ئیبراهیم فەقێ. کتێبەکە بە شێوازێکی داڕێژراو و ورد باس لە بیڕوباوەڕ، هەستەکان، ڕەفتارەکان و دواجار بڕیاردانی مرۆڤ دەکات. لەسەر هەریەک لە بابەتەکان زۆر بەوردی دواوە و بە بەرنامەڕێژی و بە پیلانەوە باسی ڕێگاکانی کردووە.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب هێزی بڕیاردان لە مرۆڤدا
ناوی نووسەر ئیبراهیم فەقێ
ناوی وەرگێڕ هێمن جەلەولایی
بابەت گەشەپێدانی مرۆیی
دیزاینی بەرگ ئیبراهیم ساڵح
چاپخانە چوارچرا
ساڵی چاپ چاپی دووەمی لە ٢٠١٨ بووە
ژمارەی لاپەڕە ١٤٠ لاپەڕە

پێشەکی

لە سەرەتای کتێبەکەدا نووسەر ئاماژەی بە کۆمەڵێک پرسیار کردووە کە بریتین لە: چۆن سەرچاوەکانی بەرنامەڕێژی خود دەدۆزیتەوە و دەیگۆڕیت؟ چۆن بیروباوەڕە ئەرێنییەکانت دروست دەکەیت؟ چۆن سۆزەکانت دەکەیتە خاڵی سەرکەوتنت؟ چۆن ڕەفتارەکانت دەکەیتە پەیژەیەک بۆ بەرزی و بڵندیت؟ دواتریش دکتۆر بە چیرۆکێک دەستی بە پێشەکی کتێبەکە کردووە.

دەربارەی ئیبراهیم فەقێ

لە کتێبەکەدا ئاماژە بە چەندین ڕای جیاوازی خوێنەری دکتۆر ئیبراهیم فەقێ کراوە کە بە گشتی هەموویان سوپاس و پێزانینی خۆیان و کاریگەری وتەکانی دکتۆر ئیبراهیمیان بە دێڕێک یان زیاتر دەربڕیوە لە سەر کەسایەتی و ژیانیان. نموونەی چەند دانەیەکیان بریتین لە:

"کۆنگرەکانی دکتۆر ئیبراهیم فەقێ بریتین لە ئەزموونی ژیان و پێویستە دەرفەت بڕەخسێ هەموو تاکێک ئامادەی بێ."

" خۆش قسەیە و بەتوانایە و بەخێرایی و بەهێزەوە دەچێتە دڵی گوێگرەوە، لەمەوپێش کەسی وەهام نەدیووە."

"دکتۆر ئیبراهیم فەقێ هونەی ژیانی فێرکردم و ڕێگای بەختەوەری بۆ ڕۆشن کردمەوە."

"دکتۆر ئیبراهیم فەقێ شانازییە بۆ گەلی عەرەب و ئیسلام"

"زۆر نایابە، بڕوام نەدەکرد هێندە بێ فیز بێ و ئەم بایەخدانەی هەبێ بۆ فێرخوازان"

"کەسێکی دەگمەنە بە یەکێک لە بەهێزترین و باشترین وانەبێژانی جیهان دادەنرێت."

ناوەڕۆک

نووسەر بە پێنج بەشی سەرەکی باسی کۆمەڵێک وردەکاری زۆر گرنگی کردووە. لە کۆتایی هەر بەشێک کۆمەڵێک پرسیاری کردووە و داوای ئەوەی لە خوێنەر کردووە جێبەجێی کۆمەڵێک ڕێنمایی و خاڵبەندی بکات. پێنج بەشە سەرەکییەکەی بریتین لە:

  • هێزی خۆکۆنترۆڵکردن
  • بیروباوەڕ
  • شێوەی تێڕوانین بۆ ڕووداوەکان
  • هەست و سۆزەکان
  • ڕەفتار

بەشێک لە نووسینەکانی نێو ئەم کتێبە

بیر و بۆچوونەکانت تۆی گەیاندۆتە ئەمڕۆ هەر بیر و بۆچوونەکانیت دەتگەیەننە سبەینێ

ئاگاداری بیرکردنەوەکانت بە چونکە دەبنە کردار، ئاگاداری کردارەکانت بە چونکە دەبنە نەریت، ئاگاداری نەریتەکانت بە چونکە دەبنە خوو، ئاگاداری خووەکانت بە چونکە دەبنە چارەنووست.

ئەمە دوا وشەی منە بۆ تۆ، لە ژیان مەترسە، باوەربهێنە کە ژیان شایەنی ئەوەیە تێیدا بژی، ئەم باوەڕەش یارمەتیت دەدات لە هێنانەدی ڕاستییەکان.

ئەگەر لەگەڵ ڕابردووت بژیت ئەوە ژیانی ئێستا و ئایندەت وەکو ئەوی لێ دێت.

زەردەخەنە بۆ یەکتر بکەن، بۆ ژنەکەت، بۆ پیاوەکەت، بۆ منداڵەکانت، گرنگ نییە زەردەخەنە بۆ کێ دەکەیت بەڵام ئەوە گرنگە ئەم زەردەخەنەیە خۆشەویستی لە نێوانتانا بڵاودەکاتەوە.

هەندێ کەس پێی وایە کە هەستکردن بە بەختەوەری لە ئەنجامی سەرکەوتنەوە دێت، بەڵان پێچەوانەکەی ڕاستە سەرکەوتن لە ئەنجامی بەختەوەرییەوە  دێت.

هەرکەس لە خەڵکی تێبگات ئەوە دانایە و هەرکەس لە خۆی تێبگات ئەوە هۆشیارە.

هەمیشە لە یادت بێ، وا هەموو ساتێک بژی کە دوا ساتی ژیانتە، بە باوەڕەوە بژی، بە هیواوە بژی، بە خۆشەویستییەوە بژی، بە تێکۆشانەوە بژی، و نرخی ژیان بزانە.

ژیان هیچ نییە جگە لە هیوایەک، بۆیە بە هیواو خۆشەویستییەوە بژی. ئازار هاوەڵێتی، بۆیە بە تێکۆشان و خۆڕاگرتنەوە بژی. مەرگ کۆتایی پێدێنێت، بۆیە بە باوەڕ و تێکۆشان لە پێناوی خوا بژی.


سەرچاوەکان



508 بینین