خۆکوشتنی بەکۆمەڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-12-31-22:29:00 - کۆدی بابەت: 11797
خۆکوشتنی بەکۆمەڵ

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

خۆکوشتنی بەکۆمەڵ یان خۆکوژی بەکۆمەڵ یان مەرگویستی بەکۆمەڵ (بە عەرەبی : الانتحار الجماعي، بە ئینگلیزی: Mass suicide) مردنێکە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵێک کەس لە یەک کاتدا بەیەکەوە خۆیان بکوژن و کۆتایی بە ژیانیان بێنن و خۆیان بڕیاری خۆکوشتنیان بدەن، بڕیارەکە دەکرێت بەهۆی پاڵنەری ئایینی یان سیاسی یاخود دەروونی بدرێت.

لە حاڵەتی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ کەسەکان گرووپ یان کۆمەڵە و دەستەیەک پێکدەهێنن و هۆکاری هاوبەش کۆیاندەکاتەوە بڕیاری مەرگویستییەکەیان هاوبەشە، نموونەی هۆکارە سیاسییەکان کە پاڵنەرن بۆ ئەم دۆخە کە کۆمەڵێک یاخی یان شۆڕشگێڕ لە وڵاتێک یان لە سایەی دەسەڵاتێک لە ترسی ئەوەی نەبن بە دیل یان بەدەستی دژمن نەکوژرێن پێکەوە بڕیاری خۆکوشتن دەدەن.

لە هەندێک حاڵەتی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ کەسەکان لەلایەن تاکێکەوە هاندەدرێن و کەسێک پێشڕەوەییان دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەریان هەیە، واتا تاکەکان مێشکیان دەشۆردرێتەوە و کەسێک هانیان دەدات، ئەم دۆخە هۆکاری دەروونی پاڵنەرێتی، کەسی پێشڕەوکار یان کەسی هاندەر نەخۆشی یان گرفتێکی دەروونی هەیە و کاریگەری دەکاتە سەر کەسەکانی تر و بەهۆی ئەوەوە کەسەکانی تر بڕیاری خۆکوشتن دەدەن.

هۆکارەکانی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ

  • هۆکاری ئایینی: ئەم جۆرە خۆکوژییە لەنێو دەستە و کۆمەڵەی شوێنەکەوتووی چەند  ئایینێک یان چەند ڕەوتێک بوونی هەیە یان بوونی هەبووە و بانگەشەی بۆ کراوە، هەندێک شوێنکەوتوو خۆیان بە کۆمەڵ وەکوو قوربانی پێشکەش خواوەندەکەیان دەکەن و کارەکە ئەنجام دەدەن.
  • هۆکاری سیاسی: کۆمەڵە یاخییەکان یان کۆمەڵە شۆڕشگێڕەکان لە ساتی دۆڕان و شکستهێنان لە دژی ئەوەی بخرێنە زیندانەوە یان لە ترسی ئەوەی ئەشکەنجە بدرێن و سزا بدرێن یان بکوژرێن لەلایەن دەسەڵاتدار یان لایەنی بەرانبە، بە کۆمەڵ پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتنی بەکۆمەڵ. لە هەندێک بارودۆخی سیاسیدا خۆکوشتنی بەکۆمەڵ وەکوو ڕێگایەکی مانگرتن و دژایەتیکردنی حکوومەت و دەسەڵاتدارەکان بەکاردێت.
  • هۆکاری دەروونی: لەو حاڵەتانە ڕوودەدەن کە خۆکوشتنی بە کۆمەڵی کەسەکان لەلایەن کەسێکەوە هان بدرێت یان پێشڕەوی بکرێت، واتا کۆمەڵ و دەستەیەک کاریگەرن بە تاکێک کە گرفت و نەخۆشی دەروونی و ناتەواوی دەروونی هەیە. دەکرێت کۆمەڵێک کەسی نەخۆش یان ئەو کەسانەی کە لە ژیان بێئومێدبوون و دووچاری نەخۆشییەکی بێچارەسەری درێژخایەنی سەخت بوونتەوە پێکەوە بڕیاری خۆکوشتنی بەکۆمەڵ بدەن.

مێژووی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ

لە سەردەمە کۆنەکانی مێژووی کۆنەوە خۆکوشتنی بەکۆمەڵ بوونی هەبووە، واتا مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرنییەت بەرهەمی ئەم چەمکە نەبووە. زۆرێک لە هۆز و گەلە کۆنەکان لە ڕابردوودا و لە سەردەمە کۆنەکان کاتێک لە جەنگەکانیان دۆڕاون لە جیاتی خۆبەدەستەوەدان خۆکوشتنی بەکۆمەڵیان هەڵبژاردووە.

نموونەی ڕووداوی خۆکوشتنی ژنانی سۆلیتی یۆنانی کاتێک مێردەکانیان لە جەنگی دژی تورکەکان کوژران، ئەوانیش لەسەر شاخێک یەک لەدوای یەک خۆیان خستەخوارەوە و خۆیان کوشت. لە ڕابردوودا چەمکی "مەرگی هەڵبژێردراو" نەریتێکی ئایینی چەند ڕەوتێکی ئایینی هیندستان بووە، ئەوان قوربانیان بۆ خواوەندەکانیان کردووە بە بڕیاردان بە مەرگی بە کۆمەڵی چەند دەستەیەکیان. 

دیارترین نموونەكانی مێژوو لەسەر ئەم چەمکە

خۆکوشتنی شوێنکەوتووانی جۆنز تاونس

لە ڕۆژی ١٨ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ گەورەترین خوکوشتنی بەکۆمەڵ لە مێژووی هاوچەرخ ڕوویدا، زیاتر لە ٩٠٠ کەس کە ٢٧٦ کەسیان منداڵ بوون شوێنکەوتووی کڵێسای (پەرستگای گەل) کە لەلایەن قەشە جێم جۆنز لە شاری جۆنستاون لە ئەمریکای باشوور هاندران و بەیەکەوە خۆیان کوشت، ئەویش دوای خواردنەوەی شەربەتی میوەی تێکەڵکراو بە ماددەی سیانیدی ژەهراوی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا.

سەرەتای ڕووداوەکە لەوکاتەوە دەستی پێکرد کە قەشە جێم جۆنز کە بە "باوکە جۆنز" ناسرا کە کەسایەتییەکی سەیر و نامۆ و ڕاڕای هەبوو، لەژێر سێبەری ئاییینی لاهووتی مەسیحی ڕەوتێکی ئایینی نوێی لە نێو کڵێساکەی دامەزراند کە بە شێوەیەک بانگەشەی بۆ دەکرد دژی سەرمایەدارییە و هاوبۆچوون و پاڵپشتیکاری یەکسانی و دادپەروەری و بنەماکانی سۆسیالیستە.

دوای بانگەشەکردن پەرستگایەکی نوێی تایبەت بە ڕەوتەکەی دامەزراند و داوای لە لایەنگرانی کرد لە سانفرانسیسکۆوە کۆچ بکەن بۆ گیانا، تاکوو بتوانن کۆمەڵگایەکی دوور لە خراپەکاری و ڕەگەزپەرستی دابمەزرێنن. ئەو ڕەوتە نوێیەی باوکە جۆنز کە تێکەڵەیەک بوو لە باڵەکانی ئایینی مەسیحی و نوێکاری تێدا کردبوو، لەژێر درووشمی دادپەروەری و ڕاستگۆیی سەدان لایەنگری بەلای خۆیدا ڕاکێشا، باوکە جۆنز خودی خۆی وەکوو مەسیح و بوودا وێنا دەکرد و ڕەوتەکەی تێکەڵەیەک بوو لە ئایینەکانی تر.

ڕەوتەکە بە "شوێنکەوتوانی جۆنز تاون ناسران"، کڵێسا یان پەرستگاکەشیان ناوی "پەرستگای گەل" بوو و شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتییان لە گیانای بوو بە "جۆنز تاون" ناسرا. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڕەوتەکە واباوەڕ دەکرا کە شوێنکەوتوان لە ناوچەکە ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت، بەڵام دواتر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و لە نێو خەڵکیش هەواڵ بڵاوبووەوە لەسەر بوونی ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن و لێدانی دڕندانە و پلانی خۆکوژی و دەستدرێژی سێکسی لە نێو ڕەوتەکە.
دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکادا بڵاوکرایەوە، بۆ مەبەستی گەیاندنی وێنەی ڕاستەقینەی ڕەوتەکە و لێکۆڵینەوە

ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریۆی "لیۆ ڕایان" لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و فۆتۆگرافەران سەردانی جۆنز تاونیان کرد. لیۆ ڕایان سێ ڕۆژی بەسەربرد بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵ شوێنکەوتوانی نێو ڕەوتەکە، بۆی دەرکەوت کە جۆنز  بەشێک لە شوێنکەوتوانی ملکەچ کردووە، چەکداری قورسی دامەزراندووە بۆ پاسەوانیکردنی پەرستگاکەی و دانیشتووانەکەی ناچار دەکات فەرمانە سەیرەکانی جێبەجێ بکەن.

ئەندامەکەی کۆنگرێس لەگەڵ نزیکەی بیست ئەندامی پەرستگای گەل کە ویستی پەشیمانبوونەوەیان هەبوو لە باوەڕهێنانیان بە ڕەوتەکە ویستیان شوێنەکە بەجێبهێڵن و ئەندامانی شاندەکەش بە پۆلیسیان ڕاگەیاند کە ئەوان لە شوێێنی نیشتنەوەی فڕۆکەن و ئامادەن بۆ ڕۆشتن، بەڵام پێش ئەوەی سواری فڕۆکەکە بن، بارهەڵگرێک کە ژمارەیەک پاسەوانی جۆنزی هەڵگرتبوو گەیشتە شوێنەکە و دەستیان کرد بە تەقەکردن.

پێنج کەس کوژران کە پێکهاتبوون لە ئەندامی کۆنگرێس لیۆ ڕایان و پەیامنێرێک و فۆتۆگرافەرێکی تۆڕی میدیایی بی بی سی و شوێنکەوتوویەکی ڕەوتەکە.پەرستگاکەشیان دوای ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ جۆنز داوای لە شوێنکەوتوانی کرد بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە خۆیان بکوژن بۆ ئەوەی لە خراپییەکانی جیهانی دەرەوە ڕزگاریان بێت، بۆیە منداڵەکان دەرزی ژەهریان لێدرا و هەموان بە خواردنەوەی شەربەتی میوەی ژەهراوی کە لەگەڵ ماددەی سیانید تێکەڵ کرابوو بێ بەرگری وەڵامیان دایەوە و نزیکەی ٩٠٠ کەس خۆیان کوشت، لە کاتێکدا جۆنز بە فیشەکێک کە بە سەری خۆیەوە ناو خۆی کوشتووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەم ڕووداوە بە گەورەترین و دیارترین خۆکوشتنی بە کۆمەڵی مێژووی هاوچەرخ دانراوە.

خۆکوشتنی بەکۆمەڵی نازییەکان

لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم دوای داگیرکردنی ئەڵمانیا لەلایەن سوپای سۆڤێتەوە، زۆرێک لە ئەڵمانییەکانی شوێنکەوتوانی هیتلەر و نازییەکان مەرگیان پێ باشتر بوو لە کەوتنەدەست سوپای سۆڤێت. لە ساڵی ١٩٤٥ زۆرێک لە شارەکانی ئەڵمانیا  خۆکوشتنی بەکۆمەڵی بەهۆی پاڵنەرە سیاسییەکان تێیدا ڕوویدا، هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی خۆیان کوشت بەجیاجیا یان بە دەستە و کۆمەڵ پێکەوە زیاتر لە حەوت هەزار کەس بوون، لەنێویاندا فەرماندە سەربازییەکان هەبوون کە دوای درککردن بە شکستەکەیان بڕیاریانداوە لە بەرەکانی شەڕدا لەگەڵ سەربازەکانیان خۆیان بکوژن.

تەنانەت کردەوەی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ لەنێو خەڵکی ئاسایی ئەڵمانیشا بڵاوبووەوە، نموونەی ڕووداوی شارۆچکەی دێمینی ئەڵمانی کە نزیکەی ٩٠٠ کەس لە شارۆچکەکە خۆیان کوشت، بە بەکارهێنانی ژەهر و چەقۆ و خۆهەڵواسین و چەکی ئاگریین، دایکان و ژنان و منداڵەکانیان لە ترسی دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان خۆیان دەخستە نێو ڕووبارەکانی "بێنێ" و "تۆلێنس" و خۆیان دەخنکاند، کاتێک هێزەکانی سۆڤێت چوونە شارۆچکەکەوە زۆربەی تەرمە مردووەکانیان سووتاند و  ٥۰۰ کەس کە خۆیان کوشتبوو دیاری کران، بەڵام هەندێک خەمڵاندن پشتڕاستیان کردەوە کە ژمارەیان لە هەزار کەس زیاتر بووە.

خۆکوشتنی بەکۆمەڵی بتپەرستان لە دژی خاچپەرستان

لە ساڵی ١٣٣٦ جیهان گەورەترین ڕووداوی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ ڕوویداوە، نزیکەی چوار هەزار کەس شوێنی نیشتەجێبوونیان سووتاندووە و خۆیان کوشتووە.

ڕووداوەکان کاتێک دەستی پێکرد کە هێزێکی سەربازانی خاچپەرستانی پەیڕەوکاری ڕێباز مەسیحی تیۆتۆنی لە شوێنێک کە بە شەڕە خاچپەرستەکانی باکوور (جەنگەکانی خاچپەرستان لە شەڕەکانی باڵتیکدا) ناسراوە، بەرەو قەڵای "تاغوت"ـی بێلێنا لە ناوەڕاستی لیتوانیا پێشڕەوییان کرد بۆ ئەوەی داگیری بکەن، کاتێک دانیشتووانی شارەکە کە بتپەرست بوون زانیان کە ناتوانن بەرگری لە ماڵەکانیان بکەن و ڕزگاریان بێت، لەبری ئەوەی خۆیان بەدەستی دژمنەوە بدەن بڕیاری سووتاندنی موڵک و ماڵی خۆیان و قەڵاکەیان دا و بەکۆمەڵ خۆیان کوشت و کۆتاییان بە ژیانیان هێنا. 

خۆکوشتنی ژاپۆنییەکانی دوورگەی سایپان

لە ساڵی ١٩٤٤ لە جەنگی جیهانیی دووەم بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی ستراتیژی سایپانی ژاپۆنی هێزەکانی ئەمریکا شەڕی توندیان لە دژی هێزەکانی سوپای ژاپۆن ئەنجامدا، لەو شەڕانەدا پەنجا هەزار سەربازی هەردوولا لە ماوەی سێ هەفتەدا گیانیان لەدەستدا.

کاتێک فەرماندەی گشتی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن زانی کە لە جەنگەکە دەدۆڕێت و شکست دەهێنێت، بڕیاری دەرکرد کە هەموو دانیشتوانی ئەو دوورگەیە خۆیان ڕادەستی هێزی ئەمریکا نەکەن، بەڵکو لەبری ئەوە بە دەستی خۆیان و بە دەستە و کۆمەڵ خۆیان بکوژن، بۆیە کاتێک شەڕەکە کۆتایی هات نزیکەی ٢٢ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژرابوون، بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە بە کۆمەڵ خۆیان کوشتبوو نزیکەی پێنج هەزار کەس بوون.


سەرچاوەکان



212 بینین