ڤلوڤیۆفایڵ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-01-02-19:29:00 - کۆدی بابەت: 11799
ڤلوڤیۆفایڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤلوڤیۆفایڵ (بە ئینگلیزی: pluviophile) ئەم وشەیە لە تێکەڵاوبوونی دوو وشەی لاتینی pluvia کە بە واتای باران و وشەی phile کە بە واتای خۆش ویستنی شتێک دێت، پێکهاتووە. بەم جۆرە وشەی pluviophile بەو کەسانە دەوترێت کە ئارەزووی باران بارین دەکەن یان دەکرێت بڵێین ئەو کەسانەی کە ئاشقی بارانن، ئەو کەسانەی بە درێژای ڕۆژانی باران بارین هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، ئەو کاتەی باران دەبارێت جیهان جوانتر دەبینن، ئاسمانی خۆڵەمێشییان لە ئاسمانی شین لا جوانترە، دەنگی دڵۆپەکانی باران لە گوێیاندا وەک مۆسیقایە، لە دەنگ و بۆنی باران خۆشیی دەبینن. هەندێک کەس حەزیان لە زستانە، هەندێکیان هاوینیان خۆش دەوێت و هەندێک بەدرێژایی ساڵ چاوەڕێی باران بارین دەکەن.

  • ئایا کەسێکیت بارانت خۆش دەوێت؟
  • هەست بە خۆشی و ئارامی دەکەیت کاتێک باران دەبارێت؟

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارانەت بەڵێ یە ئەوە دەکرێت تۆ پێت بگوترێت پلوڤیۆفایل.

بۆ ئەوەی ببیتە کەسێک کە بەڕاستی بارانی خۆش دەوێت، دەبێت ڕێگە بدەیت باران بەر پێستت بکەوێت و هەست بە هێزی پاککردنەوەکەی بکەیت، هیچ شتێک لەوە باشتر نییە لەم ڕێگەیەوە هەست بە سروشت بکەیت. جاری داهاتوو کە باران باری بچۆرە دەرەوە و خۆشیی لێ ببینە ڕەنگە ببیتە کەسێک کە دواتر چاوەڕێی ڕۆژانی باران دەکات.

ئەم جۆرە کەسانە لە ڕۆژانی باراندا هەست بە هەندێک شت دەکەن کە کەسانی تر ناتوانن هەستی پێ بکەن. ئەم کەسانە خۆشیی لە دەنگی باران و پیاسەکردن لەم کاتەدا دەبینن، ئارەزووی ڕۆژانی خۆرەتاو ناکەن کاتێک ئاسمان ڕەنگی شینە، بەڵکوو کاتێک باران دەبارێت و ئاسمان تاریک دەبێت ئەمەیان لا پەسەندە.

ئەو کارانەی ئەم کەسانە لە کاتی باران بارین ئەنجامی دەدەن

  • وەستان لەبەردەم پەنجەرە و سەیرکردنی باران بەدرێژایی ماوەی باران بارینەکە، سەیرکردنی دڵۆپەکانی باران کە چۆن بەر زەوی دەکەون، ژماردنی دڵۆپەکانی باران لەسەر پەنجەرەکەیان، ئارەزووی بینینی پێشبڕکێی دڵۆپە بارانەکان دەکەن بۆ خوارەوە، بینینی خەڵکی تر لە دەرەوە و دەیانەوێت ئەو لایەنە جیاوازەی جیهان ببینن.
  • پیاسەکردن لە کاتی باراندا، چێژوەرگرتن لە بەرکەوتنی باران بە جەستەیان لە کاتێکدا کەسانی تر بەخێرایی دووردەکەونەوە و نایانەوێت تەڕ ببن، ئەم کەسانە ئارەزووی پیاسەکردن لەژێر باران دەکەن. لە ڕۆژانی باراندا بەبێ گوێدانە باران بارین دەیانەوێت بچنە دەرەوە وەک هەموو ڕۆژێکی ئاسایی تر و نایانەوێت لە ماڵەوە بمێننەوە. ڕەنگە ڕۆژانی دواتر تووشی سەرما و نەخۆشیی ببن، بەڵام ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە پیاسەکردنە لە ژێر باران.
  • ئەو خاکە شێدارەی بەهۆی بارانەوە تەڕ بووە هەڵدەگرن و دواتر بۆنی دەکەن. هەندێک کەس ئەو بۆنانەی دەیکڕن بۆ جەستەیان دەیانەوێت لە بۆنی خاکی شێداری دوای باران بارین نزیک بێت و بەدوای ئەو جۆرە بۆنانەدا دەگەڕێن. بەدرێژایی کاتی باران بارین دادەنیش و بەدەم خواردنەوەی گەرمەوە گوێ لە دەنگی بارانەکە دەگرن، تاکوو دەنگی باران و هەورەبروسکە زیاتر بێت ئەوان زیاتر دڵخۆش دەبن. 


سەرچاوەکان



206 بینین