ئید

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-01-19-19:54:00 - کۆدی بابەت: 11870
ئید

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئید یان ئەو (بە عەرەبی: الهو، الهي، بە ئینگلیزی: Id) پێکهاتەی بنچینەیی و غەریزەییی کەسایەتییە. ئید بەشە هەڵپەکەر و نائاگایییەکەی دەروونمانە کە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ وەڵامی حەز و ویستەکانمان دەداتەوە. کەسایەتیی منداڵی تازە لەدایکبوو تەنها لە ئید پێکدێت، و دواتر ئیگۆ و سوپەرئیگۆ پەرەدەسەنێت.

ئید بەشدارە لە پڕۆسەی بیرکردنەوەی سەرەتایی، کە بنچینەیی، نالۆجیکییە و بە دەوری خەیاڵدا دەسوڕێتەوە. ئەم جۆرە پرۆسەی بیرکردنەوەیە  هیچ تێگەیشتنێکی نییە بۆ واقعی ئۆبجێکتڤ، بە سروشتی خۆیشی خۆپەرستە. ئید لەسەر بنەمای چێژ کاردەکات، بەوەی هەموو حەزێکی نائاگا دەبێت دەستبەجێ تێر بکرێت، بە بێ گوێدانە دەرئەنجامەکەی، فرۆید لە بارەی ئیدەوە دەڵێت: "بە شێوەیەکی سروشتی، ئید ئاشنایی نییە بە هیچ بەهایەک، ئاشنا نییە بە چاکە، خراپە و ئاکار."

لە سایکۆلۆجیدا ئید بە واتای چی دێت؟

ئید بنەڕەتترین و غەریزەییترین بەشی کەسایەتییە. بەشێکە لە نائاگایی کە هەموو ویست و پاڵنەرەکانی تێدایە، بە لەبیدۆشەوە. لەبیدۆ جۆرێکە لە وزەی سێکسی، بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو شتێک بەکاردێت لە غەریزەی ڕزگاربوونەوە بۆ بەرزنرخاندنی هونەر. ئید سەرچاوەی هەموو ویست و ئارەزووە بنچینەیییەکانمانە، وە هەر ئەویش بەرەو تێرکردنی ئەو ویست و ئارەزووانەمان دەبات.

ئید بە پێی بنەمای چێژ کاردەکات، کە لە پێناو تێرکردنی دەستەبەجێی ویست، پێویستی و ئارەزووەکاندا کاردەکات. ئەگەر ئەو ویستانە دەستبەجێ تێر نەکران، ئەنجامەکەی گرژی و دڵەڕاوکێیە. بۆ نموونە، زیادبوونی هەستی برسێتی یان تینوویەتی هەوڵێکی دەستبەجێ دروست دەکات بۆ خواردن و خواردنەوە.

 کەی ئید دەردەکەوێت؟

فرۆید کەسایەتیی بە شاخێکی سەهۆڵین دەچوێنێت. ئەوەی تۆ لەسەر ڕووی ئاوەکە دەیبینیت لە ڕاستیدا تەنها بەشێکی زۆر بچووکی تەواوی شاخە سەهۆڵینەکەیە، بەشی زۆری لەژێر ئاوەکەدایە. سەری شاخەکە لەسەر ئاوەکەوە هاوشێوەی بیری ئاگایە. بەشەکەی ژێرەوەی شاخە سەهۆڵینەکە بیری نائاگایە کە هەموو ئارەزووە شاراوەکان، هزرەکان، و یادەوەرییەکانی تێدایە. ئید لە نائاگایی مێشکدایە.

بە پێی بیروڕای فرۆید، ئید تاکە بەشی کەسایەتییە کە لە لەدایکبوونداوە بوونی هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم پێکهاتە غەریزەیییەی کەسایەتییە بە تەواوی لەناو نائاگاییدا بوونی هەبووە. فرۆید لەو بڕوایەدایە کە ئید بە درێژایی ژیانی لەگەڵ مرۆدایە، هەتا لەکاتی پێگەیشتوویشدا ئید هەر بوونی هەیە. لەوانەیە بەرپرسیار بێت لە هەڵچوون و ئارەزووە خۆپەرستانەیییەکان. ئید وەکوو هێزی بەڕێوەبەری کەسایەتی کاردەکات. تەنها لە هەوڵدا نییە بۆ تێرکردنی ویستە بنچینەیییەکانی مرۆڤ کە پەیوەندییان بە زیندوومانەوەوە هەیە، بەڵكوو هەموو ووزەیەش دابین دەکات کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی کەسایەتی.

ئید لە ڕەفتاری مرۆڤدا چییە؟

ئید بەشێکی گرنگی کەسایەتیمانە کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پێویستیەکانمان بەدەستبهێنین لە خواردن، ئاو، پەناگە، سێکس. لە کاتی لەدایکبوونەوە بوونی هەیە و سەرچاوەی پاڵنەر و ئارەزووە بنەڕەتییەکانە. ئید ئەوەیە کە هانمان دەدات بۆ تێرکردنی پێداویستی و ویستەکانمان و هەر ئەویشە یارمەتیمان دەدات لە ڕێکخستنی هەستەکانماندا.

ناسنامە بەشێکی گرنگی ئەوەیە کە ئێمە کێین و تێڕوانینمان بۆ خۆمان چییە. کار دەکاتە سەر هەڵسوکەوت و بیروباوەڕمان، هەروەها دەتوانێت کار بکاتە سەر هەڵسوکەوتمان. ئەو کەسانەی کە بە باشی ئاشنای ناسنامەی خۆیانن دەتوانن هەڵسوکەتی ئەرێنیانەیان هەبێت و بیروباوەڕی تایبەت پەرەپێبدەن بۆ جڵەوکردنی ڕەفتارەکانی خۆیان. ئەمەش دەکرێت دەرئەنجامی باشتری هەبێت لە ژیاندا و لە بەدیهێنانی ئامانجەکاندا سەرکەوتووتری بکات.

ئید چۆن کاردەکات؟

ئید بە پێی بنەمای چێژ کاردەکات، بەو واتایەی کە ویستەکان دەبێت دەستبەجێ بهێنرێنە دی. کاتێک برسیتە، بنەمای چێژ ڕابەریت دەکات بەوەی نان بخۆیت. کاتێک تینووتە، هانت دەدات تا شتێک بخۆیتەوە. بەڵام بێگومان هەموو کات ناتوانیت دەستبەجێ ویستەکانت تێربکەیت. هەندێکجار دەبێت چاوەڕێ بکەیت تا کاتە ڕاستەکە دێتە پێشەوە یان دەستت دەگات بەو شتەی ویستەکانت دێنێتە دی. کاتێک نەتوانیت دەستبەجێ ویستەکانت بێنیتە دی،  گرژی لێدەکەوێتەوە. ئید پشت بە پڕۆسەی بنەڕەتی دەبەستێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی گرژییەکە ئارام بکاتەوە. پڕۆسەی بنەڕەتی دروستکردنی وێنەی خەیاڵی دەگرێتە خۆی لە ڕێگەی خەونی بێداری، خەیاڵکردن، هەلوەسە و هەندێک پرۆسەی تر. بۆ نموونە کاتێک تینووتە، لەوانەیە دەست بکەیت بە خەیاڵکردن بە پەرداخێکی ساردی، گەورەی ئاوەوە.

بنەڕەتترین پێداویستییەکانی مرۆڤ خواردن، ئاو و پەناگەیە. ئەگەر ئەم پێداویستییانە پڕ نەکرانەوە، سەر بەرەو کێشەی ڕوژدی تەندروستی دەکێشێت. لەبەرئەوە پێویستە هەموو کەسێک دەستی بگات بەم پێداویستییە بنەڕەتییانە. ئەگەر ویست و پێداویستییە بنەڕەتییەکان پڕ نەکرانەوە، مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ، تووڕەیی و گرژی دەبێت. ئید بەرپرسە لە غەریزەی بنچینەییی بۆ زیندوو مانەوە و بەشێکە لە کەسایەتی کە زۆرترین بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ ویستە بنچینەیییەکاندا.

جیاوازی نێوان ئید و ئیگۆ

ئید بەشە بنچینەیی و غەریزەییەکەی کەسایەتییە کە بە ویستی زیندوو مانەوە و زۆربوون هان دەدرێت. ئیگۆ ئەو بەشەی کەسایەتییە کە لە هەوڵدایە ویستەکانی ئید بە شێوازێکی قبووڵکراو لە لایەن کۆمەڵەوە ڕازی بکات.

سیگمند فرۆید، لە بیردۆزی شیکردنەوەی دەروونیدا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە کەسایەتیی مرۆڤ لە سێ توخمی سەرەکی پێکهاتووە: ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆ. بە پێی قسەی فرۆید، کارلێکی ئەم سێ بەشەی کەسایەتی کاردەکاتە سەر ئەوەی خەڵک چۆن بیربکەنەوە و ڕەفتار بکەن.

ئید ئەو بەشەیە ئەوەی دەوێت کە ئێمە دەمانەوێت، ئەو کاتەی دەمانەوێت. ئیگۆ ئەو بەشەیە کە زیادتر واقعبینە. ئەو بەشەی ئێمەیە کە بژاردەکانی لەسەر شانە و بڕیار دەدات لەسەر ئەو بنەمایەی چی باشترینی تێدایە بۆ ئێمە. ئید "ئەسپ"ـە و ئیگۆ "شۆفێر"ی گالیسکەکەیە. ئید بەشە پەرەنەسەندووە غەریزەیییەکەی مێشکە، بەرپرسە لەو ویست و ئارەزووانەی ئێمە دەمانەوێت بیچەپێنین. ئیگۆش بەشە واقعبینەکەی مێشکە. سوپەرئیگۆ ئەو بەشەیە کە خەمی ئاکار و ژیانکردنییەتی بە شێوەیەک لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵدا بێت. ئەو بەشەیە کە پێمان دەڵێت پێویستە چی بکەین و چی نەکەین.

فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆ بەردەوام لە ناکۆکیدان لەگەڵ یەکتر. ئەم ناکۆکییە لە هزر و ڕەفتارەکانی مرۆڤەکەدا دەردەکەوێت. بۆ نموونە، لەوانەیە حەزت لەوە بێت پارچەیەک کێکی گەورە بخۆیت، بەڵام ئیگۆکەت پێت دەڵێت کە نابێت بیخۆیت چونکە دەتەوێت کێشت کەم بکەیتەوە.

بیردۆزی کەسایەتی و نەخۆشیی دەروونی

بەو پێیەی کەسایەتی لە ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆ پێکدێت، فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە ناهاوسەنگی لە نێوان ئەو سێ بەشەدا دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ پەرەسەندنی نەخۆشیی دەروونی. بە پێی بیردۆزەکەی فرۆید بۆ سایکۆلۆجیای ئید، ڕەفتارە هەڵپەیییەکان لەوانەیە نیشانە بن بۆ ئەوەی ئید زاڵە، بە شێوەیەک تێیدا بنەمای چێژ ڕابەرایەتیمان دەکات. لە لایەکی ترەوە کەسێکیش کە ئیگۆکەی زاڵ بێت بەسەریدا لەوانەیە لەناو ڕۆتینێکدا گیربێت و قورس بێت بۆی تا بتوانێت شتی نوێ تاقی بکاتەوە، دەبێتە هۆی ڕێگری لە گەشەسەندنی کەسایەتیی. سوپەرئیگۆیەکی بەهێز و زاڵیش دەکرێت کەسەکە بگەیەنێتە خاڵی گزۆری و ببێت بە کەسێکی حوکمدەر.

فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە جیهانی مۆدێرن غەریزە و ویستە بنچینەیییەکانمان سنووردار دەکات. لەو بڕوایەدا بوو کە قانوون و یاسا کولتوورییەکان نکۆڵی لەو چێژە دەکەن کە ئید پێویستی پێیەتی، تێرکردنی حەزە بنەڕەتییەکانی لەسەر قورس دەکات. لە چوارچێوەی ئەوەی فرۆید پێی دەڵێت پێکدادانی بەردەوامی نێوان ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆدا، ترسی لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و نەفیکردن، لە پاڵ سوپەرئیگۆی گەشەسەندوودا، لەوانەیە بەرەو ژیانێکی سنووردار و جێگیرمان ببات بە بێ گوێدانە حەزەکانی خۆمان. ئەم ناهاوسەنگییە دەکرێت سەربکێشێت بەرەو نارەحەتی دەروونی و دەرکەوتنی نەخۆشییە سایکۆلۆجییەکان.


سەرچاوەکان



218 بینین