گرفتە ڕەفتارییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-27-21:20:00 - کۆدی بابەت: 11380
گرفتە ڕەفتارییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرفتە رەفتارییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت (بە ئینگلیزی: Behavioral problems of children with special needs، بە عەرەبی: المشكلات السلوكیه‌ للأطفال ذوي الاحتياجات الخاصة)، ڕەفتار بریتییە لە هەموو ئەو کردارانەی بوونەوەر ئەنجامی دەدات، لە وتن و لە کردار و لە پشت هەر ڕەفتارێکەوە پاڵنەرێک هەیە، هیچ ڕەفتارێک نییە بەبێ پاڵنەر و وروژێنەر، هیچ کارێک ئەنجام نادرێت ئەگەر شتێک نەبێت خاوەن ڕەفتار بجوڵێنێت، پێی وایە لە ڕێی ئەو ڕەفتارەوە دەگات بە ئامانج.

ڕەفتار کردن لەگەڵ منداڵدا

  • پێویستە لە هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی مندالەکان تێبگەین و هۆکارەکانی بزانین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕەفتاردا بکەین.
  • ئەگەر زانیت منداڵەکە بۆ ئاوها هەڵسوکەوت یان ڕەفتار دەکات، دەزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.

ئەو هۆکارانە چین کە دەبنە هۆی ئەوەی کە منداڵ ڕەفتاری خراپ ئەنجام بدات

  • ئاستەنگی پەیوەندی کردنی لەگەڵ دەورووبەر.
  • بوونی لە جێگەیەکدا کە پێویستە بێدەنگ بێت.
  • هەستکردن بە بێزاری و بێتاقەتی.
  • هەستکردن بە برسێتی و ترس.
  • سنووردارکردنی چالاکییەکانی یان دانانی لە شوێنێکی قورس یان شوێنێکی قەرەباڵغ، لێرە ئاگای تێک دەچێت و ناتوانێت هیچ کارێک ئەنجام بدات، تەنانەت یاریکردنیش، ئەمانەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە بێزاری بکات.
  • ڕەفتارە خراپەکە ڕەنگە ئەوە بێت کە دەسەڵاتی بەسەر کەساکاندا هەبێت.
  • گۆڕینی چالاکییەک کە لەسەری ڕاهاتووە، وەک گواستنەوەی ماڵ لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر، یان گۆڕینی نانخواردن.

ڕێککردنەوەی ڕەفتار

ڕێککردنەوەی ڕەفتار بریتییە لە فێرکردنی تاک هەندێ توانا و ڕەفتاری نوێ، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نەگونجاو و خۆشەویست کردنی رەفتارە نوێیەکە. ژینگە هۆکاری سەرەکییە لە پشتی هەموو ڕەفتارێکی مرۆڤەوە، بریتییە لە کۆمەڵێک بارودۆخی دەورووبەری مرۆڤ کە کار لە یەکتر دەکەن، ژینگەش دەکرێتە چەند ورووژێنەرێک ئەوانەش ورووژێنەری دەرەکین.

ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەی باشتر وایە پشتگوێ بخرێن 

١- گریانی بەردەوام بۆ هەموو شتێک.

٢- هۆگربوونی بێ سنوور.

٣- گلەییکردنی بەردەوام.

٤- یاری و بەردەوام بوون لەسەر یەک چالاکی.

٥- دوورکەوتنەوە و یاری نەکردن لەگەڵ منداڵانی دیکە.

٦- هەموو ئەو رەفتارانەی کە ئامانج لێیانەوە ڕاکێشانی سەرنجی بەرانبەرە. ئەگەر رەفتارەکە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەرانبەر نەبوو، خۆ دزینەوە بوو لە ئەنجامدانی کارێک، یاخود جاری وا هەیە منداڵەکە ئاسوودە نیە و کێشەیەکی هەیە، ئەگەر کێشەی هەبوو ئەوە دەبێت بزانرێت کێشەی چییە و هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت، ئەگەر خۆ دزینەوەش بوو دەبێت دوای کپکردنەوەی ڕەفتارەکە یان کارەکە ئەنجام بدات وەک سزایەک، بۆ ئەوەی فێر نەبێت بە ئەنجامدانی رەفتارێکی لەو شێوەیە خۆی لە کارێک بدزێتەوە.

٧- زۆرجار ئەمانە دەبنە هۆی ڕەفتاری نا دروست و خراپ، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی، چوون بۆ لای و یاریکردن یان دەربڕینی سۆز بۆی، سەیرکردنی بە چاو و تووڕەبوون.

٨- دەبێت ئەو رەفتارە یان ئەو هەڵسوکەوتە دیاری بکەین کە دەمانەوێت بیسڕینەوە یان کەمی بکەینەوە یان پشتگوێبخەین.

٩- ئارام بوون و خەیاڵ کردن لە کاتی پشتگوێخستندا.

١٠- نابێت هیچ کەسێک لە ئەندامانی خێزان وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ تووڕەبوون و هەڵچوون و ڕەفتارە نادروستەکانی منداڵەکە، واتا ئەگەر یەکێک منداڵەکەی پشتگوێخست بەهۆی ڕەفتارێکەوە، دەبێت هەمووان وەک یەک پشتگوێی بخەن و وەڵامدانەوەیان نەبێت.

١١- لە سەرەتای جێبەجێکردنی هونەری پشتگوێخستندا چاوەڕوانی تووڕەبوون و توندوتیژی و بەرگرییەکی توند بکە لە لایەن منداڵەکەوە، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەو ڕەفتارە دەکوژێتەوە و نامێنێت.

١٢- هەر کاتێک ئەو ڕەفتارە گەڕایەوە، جارێکی تر پشتگوێی دەخەن، ڕەنگە زۆر بەردەوام نەبێت.

١٣- پشتگوێخستن هونەرێکی چالاک و سەرکەوتووە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ڕەفتاری خراپ، بەڵام جێبەجێکردنی قورسە و پێویستی بە ویست و ئیرادە و ئارام بوون هەیە، بەڵام دوای سەرکەوتنتان دڵخۆش دەبن.

١٤- کێشان بە دەموچاوی خۆی، جۆرێکە لە گوزارشتکردن یان بێزاربوون یاخود تووڕەبوون و ناڕازی، بۆیە پێویستە دەست بەجێ دەستەکانی بگرن و ئارامی بکەنەوە و دواتر بزانن هۆکارەکەی چی بووە.

١٥- دەبێت بەردەوام لە ئامادە باشیدا بن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگری بکەن لە ڕوودانی ڕەفتارەکان.

١٦- کاتێک منداڵەکە لە کەسانی تر دەدات، ڕەنگە ئەمە جۆرێک بێت لە دروستکردنی پەیوەندی، یاخود گوزارشتکردن لە شتێک کە بێتاقەتی کردووە، یان لە شتێک کە تێنەگەیشتووە، بۆیە کە زانیت هۆکارەکەی چییە، دەبێت هاوکاری بکەیت و فێر بکرێت بە شێوازێکی گونجاو پەیوەندی بکات، دەکرێت لەم حاڵەتەدا دەستەکانی توند بگوشێت و بڵێیت لێدان نابێت، پاشان بە چالاکییەک سەرقاڵ بکرێت کە ئارەزووی دەکات و لە تواناییدا هەبێت جێبەجێی بکات.


سەرچاوەکان



668 بینین