جوگرافیای خزمەتگوزاری

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-02-17-16:43:00 - کۆدی بابەت: 11972
جوگرافیای خزمەتگوزاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جوگرافیای خزمەتگوزاری (بە عەرەبی: جغرافية الخدمة، بە ئینگلیزی: Service geographyجوگرافیای خزمەتگوزاری بە یەکێک لە لقەکانی جوگرافیای پراکتیکی نوێ دادەنرێت، وەکوو بایەخی فکری و پراکتیکی بۆ ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەوخۆکانی کۆمەڵگا لە گوند و شاردا. جوگرافیای خزمەتگوزاری لقێکە لە لقەکانی جوگرافیای ئابووری مرۆیی کە تایبەتە و جیادەکرێتەوە بە لێکۆڵینەوە لە جیاوازی شوێنی لە قەبارەی پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری و خواست لەسەریان لە ژینگە شارنشینییەکان و لادێ نشینییەکان.

مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی جوگرافیای خزمەتگوزاری

ئەم زانستە لە سەرەتادا لەسەر دەستی جوگرافیناسە ڕووسییەکان سەریھەڵداوە و پێشکەوتووە بە تایبەتی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە تایبەتی لە دووای ئەو گۆنگرەی کە لەلایەن ڕێکخراوی جوگرافیای سۆڤیێتی ئەوکات ڕێکخرا. ھۆکاری سەرەکی بۆ گەشەکردنی جوگرافیای خزمەتگوزاری بریتیبوو لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی خواست بوو لەسەر خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا.

ئەم زانستە لە ماوەیەکی کەمدا زۆر بەخێرایی گەشەیکرد، جگە لەوەی لە پەیوەندی دایە لەگەڵ جوگرافیای ئاواکاری (جوگرافیای شارنشینی و لادێ نشینی) و لقەکانی تری زانستی جوگرافیا لە ڕۆژگارێکی وەکوو ئەمڕۆ دانیشتووانی شارەکان گرنگی زۆر بە خزمەتگوزارییەکان دەدەن، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ: 

١- زیادبوونی پێداویستییەکان و خواستی مرۆڤ بە بەردەوامی لەسەر خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەتیش دوای ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆمەڵگا شارنشینییەکان ڕوویانداوە و بە ھۆکاری پێشکەوتنی ئامرازەکان و شێوازەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

٢- بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان گەشەکردن و گەورەبوونی قەبارەی شارەکان بە شێوەیەکی ناسروشتی ئەمەش وایکردووە خزمەتگوزاییەکان بە شێوەیەکی یەکسان بە ھەموو بەشەکانی شارەکان نەگەن، دەرئەنجام بۆتە ھۆی ئەوەی بە بەردەوامی خواستی دانیشتووان لەسەر خزمەتگوزارییەکان زیاد ببێت.

٣- کەمی خزمەتگوزارییەکان و نەگەیشتنیان بە دەرەوەی شارەکان، ئەمەش بە ھۆکارێکی تر دادەنرێت کە پەستانێکی زۆر لەسەر خزمەتگوزارییەکان دروست دەبێت و خواستی دانیشتووان بە تەواوەتی پڕناکاتەوە.

٤- نزمی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەش دەکرێن لە ژینگە شارنشینییەکان و لادێ نشینییەکان بەھۆی خراپی و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە تەمەنی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن کوورت بن و زوو لەکار بکەون.

پۆلێنکردنی خزمەتگوزارییەکان

١- گروپی یەکەم - خزمەتگوزاری تۆڕی ھاتوو بۆ ناو شار کە ئاڕاستەیان بەرەو ناوەوەی شارەکانە: ئەم جۆرە خزمەتگوزاریانە پشت بە خزمەتگوزارییەکانی (بەرھەمھێنان و گواستنەوە و دابەشکردن) دەبەستێت نموونە وەکوو خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و غاز. ئەم خزمەتگوزاریانە بە چەند وێستگەیەکی تر بەستراونەتەوە بە شێوەی ھێڵی بە ئامانجی بەردەوام بوونیان لە پێشکەشکردن.
گروپی دووەم - خزمەتگوزارییە تۆڕییەکان کە بەرەو دەرەوەی شار دەچن: وەکوو خزمەتگوزاری زێرابەکان و ئاوی ڕۆیشتۆی باران و پاشماوە پیشەسازی و بنکە تەندروستییەکان و بیناسازییەکان. ئەم خزمەتگوزاریانە وێستگەکانی کۆکردنەوە و پاکردنەوە و چارەسەرکردنیان دەکەونە دەرەوەی شارەکان.

خزمەتگوزارییە خاڵییەکان

بریتین لەو خزمەتگوزاریانەی کە بە شێوەی خاڵی جێگیرن و لە شوێنێکی دیاریکراو جێگیر دەکرێن و دەبێت مرۆڤ خۆی بەدەم ئەم خزمەتگوزاریانەوە بچێت نموونە وەکوو:

  • خزمەتگوزاری تەندروستی: نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و نۆرینگە پزیشکییەکان دەگرێتەوە.
  • خزمەتگوزاری پەروەردە و فێرکردن: باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان دەگرێتەوە.
  • خزمەتگوزاری خۆشگوزەرانی یان کات بەسەر بردن (تەرفیھی): سینەما، شانۆ، پاڕک و شاری یاری و یاریگاکانی تۆپی پێ و سەلە دەگرێتەوە.
  • خزمەتگوزاری زانیاری و پەیوەندی: بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆستە و گەیاندن و زانیاری و بەڕێوبەراییەتی ئاگر کوژێنەوە و پۆلیس و ئاسایش دەگرێتەوە.

خزمەتگوزارییە ھێڵییەکان

بریتین لەو خزمەتگوزاریانەی بە شێوەی ھێڵی پێشکەش دەکرێن بە بەر دەرگای ھەموو دانیشتووان تێدەپەڕن، نموونە وەکوو: 

  • خزمەتگوزاری ژێرخانی بنەڕەتی: تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و ڕێگا و بان، ئینتەرنێت دەگرێتەوە. جگە لە ھەموو ئەو خزمەتگوزایانەش چەندین جۆری تری خزمەتگوزاری ھەن وەکوو (خزمەتگوزاری بازرگانی، خزمەتگوزاری کارگێڕی، خزمەتگوزاری پیشەسازی).

ھۆکارەکانی گرنگیدانی جوگرافیناسەکان بە خزمەتگوزارییەکان

١- بوونی کێشە لە ناساندنی خزمەتگوزارییەکان و پۆلێنکردنیان.
٢- ئەو کێشە سەرەکیانەی ڕووبەڕووی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتای خزمەتگوزارییەکان دەبنەوە و تێکھەڵکێشی و دەرھاوێشتەکانی.
٣- تیشک خستنە سەر کاڵا بەرجەستەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ئابووری جیھاندا.

لەبەر ئەم ھۆکارانە توێژەران لە بواری جوگرافیای شار و جوگرافیای ئابووری چالاکییە خزمەتگوزارییەکانیان پشت گوێ خستووە، جگە لە چالاکی (بازرگانی و گواستنەوە) کە وەکوو شادەماری ژیانی ئابووری لێیان ڕووانیوە. سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان ھیچ کەس درکی بە گرنگی خزمەتگوزارییەکان نەکردووە ھەروەھا جوگرافیناسەکانیش بایەخیان بە خزمەتگوزارییەکا نەدابوو تاکوو (کلارک - Clark) ھات لەساڵی ١٩٤٠ جەختی لە گرنگی ئەو سێکتەرە نوێییە کردووە و ناوی نا (سێکتەری سێیەمی نوێ) کە مەبەست لێ خزمەتگوزارییەکانە. ھەر لەو کاتەوە بایەخدان بە جوگرافیای خزمەتگوزاری دەستی پێکرد.

ئاڕاستە نوێیەکان لە لێکۆڵینەوەی خزمەتگوزارییەکان 

١- مەبەست (Purpose): ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە بۆچی خزمەتگوزارییەکان دەکەونە شوێنێکی دیاریکراو، لەگەڵ بایەخدان بە پەیوەندی بنەڕەتی نیوان خزمەتگوزارییەکان و کۆمەڵگا.
٢- پێکھاتە (Structure): مەبەست لێی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان و سیستم و پڕۆگرامە خزمەتگوزارییەکانە، شێوەی نامەرکەزی لە دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان.
٣- ھەڵسەنگاندن (Evaluation): تیشک دەخاتە سەر کاریگەری خزمەتگوزارییەکان لەسەر تاک، چاککردن و دووبارە بنیات نانەوەی خزمەتگوزارییەکان.
٤- دەستنیشانکردنی شوێنەکان (Allocation): ئامانجی سەرەکی بەستنەوەی نێوان بەکاربردنی خزمەتگوزارییەکان و تایبەتمەندی بەکاربەرانە، وە ئامانجی دەستنیشانکردنی شوێنە بۆ دۆزینەوەی خزمەتگوزارییەکی ناوەزە وەکوو ھێزی ڕاکێشان و توانای پێگەیشتن.

گرنگترین ئەو بابەتانەی کە جوگرافیای خزمەتگوزاری لێیان دەکۆڵێتەوە

١- میتۆلۆژیای توێژینەوە لە جوگرافیای خزمەتگوزارییەکان و شێوازە تەکنیکییەکانی بەکارھێنراو. 
٢- لێکۆڵینەوە لە سروشتی خزمەتگوزارییەکان و دەستنیشانکردنی کەرتی خزمەتگوزاری و لقەکانی.
٣- پەرەپێدانی چالاکییە خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندییان بە دابەشبوونی دانیشتووان.
٤- ڕێکخستنی پلە بەندی (ھیرارکی) خزمەتگوزارییەکان.
٥- دابەشکردن و پۆلێنکردنی خزمەتگوزارییەکان.
٦- خۆجێیکردنی چالاکییە خزمەتگوزارییەکان و پێکھاتەکان و فۆڕمەکانی خۆجێیکردن.

گرنگترین بابەتەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای خزمەتگوزاری

١- ڕێبازی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای خزمەتگوزاری.
٢- لێکۆڵینەوە لەوەی کە خزمەتگوزاری چییە. 
٣- دابەشبوون و پۆلێنکردنی خزمەتگوزارییەکان.
٤- ڕێکخستنی ھەڕەمی (Hierarchy) بۆ خزمەتگوزارییەکان.
٥- سەرھەڵدانی خزمەتگوزارییەکان و بنەماکانی سەرھەڵدانی و شێوەکانی.
٦- بەرەوپێشچوونی چالاکییە خزمەتگوزارییەکان و پەیوەندیان بە نەخشەی گەشەی دانیشتووان و ئاواکاری.
٧- گەڕان لە ژینگەی دەرەکی و ناوەکی خزمەتگوزارییەکان.
٨- تەرزی دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان لە ژینگە شارنشینییەکان و ژینگە لادێ نشینییەکان.
٩- تیۆر و مۆدێڵە پەیوەندیدارەکان بە ڕوونکردنەوەی ڕێکخستنە شوێنییەکان بۆ چالاکییە خزمەتگوزارییەکان.
١٠- ئابوورییەکانی چالاکی خزمەتگوزارییەکان.


سەرچاوەکان



326 بینین