ڤایرۆسی ئیپستن باڕ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-20-22:46:00 - کۆدی بابەت: 11998
ڤایرۆسی ئیپستن باڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤایرۆسی ئێپستن باڕ (بە ئینگلیزی: Epstein-Barr virus or EBV، بە عەرەبی: فيروس إبشتاين بار) ڤایرۆسێکی هۆکاری نەخۆشی باوە و زۆر بڵاوە. ڤایرۆسی ئیپستن باڕ جۆرێکە لە ڤایرۆسی هێرپس بە ناوی Herpesvirus 4. هەرورها ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی شلەی جەستەوە بڵاودەبێتەوە، بەتایبەتی لە  ڕێگەی لیکەوە. هەندێک جار هەوکردنەکانی ڤایرۆسەکە دەبنە هۆی نەخۆشی مۆنۆنیوکلیۆسس (زیادبوونی خڕۆکە سپییە نادەنکۆڵەییە تاکخانەکان لە خوێندا) و حاڵەتە دەگمەنەکان دەبنە هۆی شێرپەنجە. چارەسەر بۆ ڤایرۆسەکە بریتییە لە چارەسەرکردنی نیشانەکانی.

تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیپستن باڕ چۆنە؟

زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردن بە ڤایرۆسی ئیپستن بار هیچ نیشانەیەکیان نییە. حاڵەتەکانی تر، بەتایبەتی لە هەرزەکاران و گەنجاندا، دەتوانن ببنە هۆی تووشبوون بە مۆنۆنیوکڵیۆسس.

کاتێک تووشی ڤایرۆسی ئێپستاین بار دەبیت، ڤایرۆسەکە لەناو جەستەدا دەمێنێتەوە بۆ هەموو ژیان لە دۆخێکی خەوتوودا یان ناچالاک دەبێت. دەکرێت ڤایرۆسەکە چالاک ببێت و دووبارە نیشانەکانی ئەزموون بکەیت، بێ گوێدانە ئەوەی کەی یەکەم جار ڤایرۆسەکەت تووشبووە.

ڤایرۆسی ئێپستن باڕ کاریگەری لەسەر کێ هەیە؟

زۆربەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی ئێپستن باڕ کاریگەری لەسەر منداڵان و هەرزەکاران و گەنجان هەیە، بەڵام هێشتا هەموو کەسێک دەکرێت تووشی ڤایرۆسەکە ببێت.

ڤایرۆسی ئێپستن باڕ تا چەند باوە؟

ڤایرۆسی ئێپستن باڕ زۆر باوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نزیکەی ٥٠٪ی هەموو منداڵانی سەروو تەمەنی پێنج ساڵان و نزیکەی ٩٥٪ی گەورەکان لە ژیانیاندا تووشی هەوکردن بە ڤایرۆسی ئیپستن باڕ دەبن.

چۆن تووشی ڤایرۆسی ئیپستن باڕ دەبیت؟

تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیپستن باڕ گوازراوەیە و بە ئاسانی لە ڕێگەی لیکەوە بڵاودەبێتەوە. دەکرێت ڤایرۆسەکە بەدەست بهێنیت بە هاوبەشکردنی ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە لیکی کەسی تووشبووەوە هەیە. زۆربەی خەڵک بە خواردن و خواردنەوە لە هەمان کەلوپەل یان ماچکردن لەگەڵ کەسی تووشبوویی ڤایرۆسەکە تووشدەبن.

ڤایرۆسی ئیپستن باڕ ئەبێتە هۆی شێرپەنجە؟

هەرچەندە ئەمە دەگمەنە، بەڵام ڤایرۆسی ئێپستن باڕ دەتوانێت ببێتە هۆی هەندێک جۆری شێرپەنجە لەوانە:

شێرپەنجەی خڕۆکەی خوێنی سپی (Burkitt lymphoma).

شێرپەنجەی لووت و قوڕگ

شێرپەنجەی ئیپستن باڕ لە ئەنجامی بۆهێڵەکانی ڤایرۆسەکەوەیە کە سووڕی گەشەی خانە تووشبووەکان دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی شێرپەنجە.


سەرچاوەکان



183 بینین