نێرگەله

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-19-23:52:00 - کۆدی بابەت: 12156
نێرگەله

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نێرگەلە یان نەرگیلە (بە عەرەبی: الشيشه یان النارجيله یاخود الأرجيله، بە ئینگلیزی: Hookah) ئامرازێکی گەرم کردن و هەڵمژینی تووتنی تێکەڵکراوە لەگەڵ تامی جیاواز و هەمەجۆر و هاوشێوەی جگەرەیە. نێرگەلەکێشان خوویەکی باوی نێو گەنجان و تازەپێگەیشتووانە و بووە بە دیاردە. نێرگەلە ئامرازێکی هەمەجۆرە و لە چەند بەشێک پێکهاتووە، ئامرازێکە کە بەگەرمکردن و بەهەڵمکردنی تووتن یان هەر ماددەیەکی تری نموونەی حەشیش یان تلیاک یاخوود ماریوانا لەگەڵ تێکەڵکردنیان لەگەڵ تامی هەمەجۆر هەستی جۆش و خرۆشی دەبەخشێتە کەسی بەکارهێنەر. نێرگەلە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، سەرەتاکەی بۆڕییەکی هەڵمژین پێکهاتووە کە هەڵمی خەڵووزی پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەو خەڵووزە بە ئاو و تامی جۆراوجۆر تێکەڵ کراوە. دووکەڵی نێرگەلە لە کۆگاکردنی ئاوی نێو بەشی شوشەی نێرگەلەکەوە بەرهەمدێت کە لە ڕێگەی بە هەڵمکردنی ئاوەکەوە دووکەڵەکە دروست دەبێت.

مێژووی دەرکەوتن و بەکارهێنانی نێرگەلە 

مێژووی بەکارهێنانی نێرگەلە دەگەڕێتەوە بۆ فارسە کۆنەکان و هیندییەکان، ناوی نارگیلە یان نەرگیلە لە جۆرە ڕووەکێکەوە وەرگیراوە کە بە گوێزی هیندی نارگیل ناسراوە (ناوی زانستی: Cocos nucifera)، کە جۆرە میوەیەکی ناودارە و لەسەر کەناراوەکان دەڕوێت، بۆ یەکەم جار ئەو میوەیە وەکوو ئامرازی هەڵمژینی ماددەی تووتن لەلایەن فارسە کۆنەکان و ەیندییەکانەوە بەکارهێنرا، ناوەکەی لە شیر و پێکهاتەکان پاک دەکرا و تووتنی فارسی کە لە ئاگر دەبرژێندرا تێیدەکرا، پاشان سەرەکەی دادەخرا و لە ڕێگەی دوو کونەکانی سەر توێکڵی گۆێزی هیندییەکە چەند دڵۆپێک ئاوی تێدەکرا و پاشان هەڵدەمژرا.

بەپێی تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری لە ئامرازی نێرگەلەکێشان کرا، فارسەکان گرنگییەکی زۆریان بەو بوارەدا و بە چەند شێوازێک و لە چەند ئامێرێکی جیاواز نێرگەلەیان دروست دەکرد نموونەی زیو و مس و دار. نێرگەلە لە سەردەمی ئێستادا لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی میسر بەربڵاوە، لە وڵاتانی ڕۆژاوا نموونەی بەریتانیا و فەرەنسا لەگەڵ ڕووسیا و ئەمریکا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و بە قەبارە و شێوە و تامی جیاواز بەردەستە.

تامەکانی نێرگەلە

تامەکانی نێرگەلە بە جیا تێکەڵی تووتنی سەر نێرگەلەکە دەکرێت، بە تامی هەمەجۆر و جیاواز بوونیان هەیە نموونەی تامی میوەکان، تامی شیرین و کەرامێل لەگەڵ تامی شوکۆلاتە و ڤانێلا، تامی نەعنا، تامی بنێشت، تامی مۆهیتۆ، تامی هەنگوین و چەندان تامی تر.

بەکارهێنەرانی نێرگەلە

گەنجان و لاوانی تازەپێگەیشتووان و خوێندکاران زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنەرانی نەرگیلەن لە جیهاندا، لە ڕابردوودا بە زۆری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی کێشانی نێرگەلە لە چایخانە و شوێنە کەلتوورییەکان زۆر بەبڵاو بوو، بەڵام لەم ساڵانەدا لە ڕۆژاوا و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاش نێرگەلەکێشان بووەتە نەریتی گەنجان و بڵاوبووەتەوە. هەردوو ڕەگەز کچان و کوڕانیش نێرگەلە دەکێشن، بەڵام ڕێژەی کوڕانی گەنج بەراورد بە کچان زیاترە. 

زیانە تەندروستییەکانی نێرگەلە

  • نێرگەلە بە هۆکاری سەرەکی گواستنەوە نەخۆشییەکان لە نێوان بەکارهێنەرانی دادەنرێت، چونکە دەکرێت چەند کەسێک یەک نێرگەلە بەکاربهێنن، یاخود هەندێک کەس بە کۆمەڵ یەک نێرگەلە دەکێشن، لەو بارودۆخانەدا ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی و ڤایرۆس و نەخۆشییە میکرۆبییەکان لە نێوان کەسەکان زیاترە، نموونەی پەتای ئەنفلەوەنزا، پەتای کۆرۆنا، نەخۆشی سیل، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دەم و ددان و چەندانی تر.
  • نێرگەلە دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی دەم و ددان، چونکە هۆکاری سەرەکییە بۆ کلۆربوونی ددان و دروستبوونی نەخۆشییەکانی پووک و هەوکردنی زمان و دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ناو دەم.
  • بەهۆی بوونی چەند ماددەیەک لە پێکهاتەی نێرگەلە و تامەکانی نموونەی تووتن، نیکۆتین، ماددەی پارێزراو، قوڕقشم و زرنیخ، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەگەری تووشبوونی کەسی نێرگەلەکێش بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت بە تایبەتی شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەی دەم و قوڕگ و شێرپەنجەی گەدە.
  • بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان دەرکەوتووە نێرگەلە هۆکاری سەرەکی تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی دڵ نموونەی گیران و داخرانی خوێنبەر یان خوێنهێنەرەکانی دڵ، ڕەقبوونی دەمارەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ، زیادبوون و ناڕێکی ترپەکانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و چەندان نەخۆشی تری پەیوەست بە دڵ.
  • نێرگەلە کەسی بەکارهێنەر ئالوودە دەکات و ناتوانێت بە ئاسانی وازی لێبهێنێت، بە تایبەتی هەندێک جۆری نێرگەلە لە پێکهاتەکەیدا ماددەی هۆشبەر نموونەی ماریوانا و حەشیش و تلیاک یان ماددەی سڕکەر بەکاردەهێنرێت.

جیاوازی نێوان نێرگیلە و جگەرە

  • پێکهاتەی سەرەکی جگەرە و نەرگیلە لە یەکەوە نزیکە، ماددەکانیان زۆر زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و تووشی ئالوودەبوونی دەکەن، زیانی جگەرە و نێرگەلە درێژخایەنە و لە داهاتوودا لەسەر کەسەکە زیان و کاریگەرییەکانیان دەردەکەوێت.
  • کێشانی یەک جگەرەیەکی ئاسایی بە هەشت بۆ دەجار کێشان و هەڵمژین تەواو دەبێت، بەڵام کێشانی نێرگەلە ماوەکەی درێژە دەکێشێت و لە یەک کاتژمێردا کێشانی یەک نێرگەلە بە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ جار کێشان و هەڵمژین تەواو دەبێت، ئەمەیش هۆکارێکی سەرەکییە کە بۆ ماوەیەکی زیاتر دووکەڵ هەڵدەمژرێت.
  • بڕی ماددەی نیکۆتین لە نێرگەلەدا دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە لە جگەرەدا بوونی هەیە، هاوکات بڕی ماددەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە نێرگەلەدا نۆ هێندەی ئەو بڕەیە کە لە جگەرەدا بوونی هەیە، بۆیە زیانەکانی نێرگەلە لە جگەرە زۆر زیاترە.


سەرچاوەکان



74 بینین