مەی زیادە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-17:38:00 - کۆدی بابەت: 12173
مەی زیادە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەی زیادە (بە عەرەبی: مي زيادة، بە ئینگلیزی: May Ziade) خانمە نووسەر و ڕۆماننووس و شاعیرێکی عەرەبی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە، بە ناودارترین کەسایەتی ژنە نووسەری ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت، لە بوارەکانی فەلسەفە، مێژوو، مافەکانی ژنان و ئەدەبی عەرەبی بە زمانی عەرەبی و فەڕەنسی و ئینگلیزی نووسییەتی و بەرهەمەکانی له سەردەمی هاوچەرخ ماونەتەوە، چەندان چاپ و لەبەرگیراوەی هەیە و بۆ چەندان زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون و لەلایەن نووسەری ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی هەڵسەنگاندن بۆ کار و بەرهەمەکانی کراون. مەی زیادە بە ئەوینداری جوبران خەلیل جوبران ناسراوە و سەرباری ئەوەی یەکتریان نەبینییە بەڵام نامەگۆڕینەوە لەنێوانیان هەبووە و پەیوەندی سۆزدارییان هەبوو.

زانیاری گشتی

ناو  ماری ئیلیاس زیادە
نازناوی ئەدەبی مەی زیادە، پەپۆلەی ئەدەبی عەرەبی
پیشە  ڕۆماننووس، هۆزانڤان، نووسەر، وەرگێڕ
بەرواری لەدایکبوون  ١١ـی ئایاری ساڵی ١٨٨٦
شوێنی لەدایکبوون ناسڕە، فەڵەستین
کۆچی دوایی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ لە قاهیرە

ژیاننامەی

مەی زیادە لە ١١ـی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ لە ناوچەی ناسڕە لە فەڵەستین لەدایکبووە،  باوکی بە ڕەچەڵەک لوبنانی بووە و دایکی سوورییەکی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی بووە و مەی تاقانە بووە هیچ خوشک و برایەکی تری نەبووە. باوکی کە ناوی ئیلیاس زیاد بوو کاری سەرنووسەری و ڕۆژنامەوانی دەکرد و هەر لە منداڵییەوە مەی بە کەسایەتی باوکی زۆر کاریگەر بووە.

خوێندنی سەرەتایی لە ناوچەی ناسڕە لە فەڵەستین خوێندووە، بەڵام لە ساڵی ١٨٩٩ دوای کۆچکردنی خێزانەکەی بۆ وڵاتی لوبنان بۆ خوێندنی ئامادەیی نێردرایە خوێندنگەیەکی فەڕەنسی و لە خوێندنگەکانی لوبنان ئاشنای ئەدەبی فەڕەنسی و لاتینی بووە و هەر لە تەمەنی لاوییەوە پێی کاریگەر بووە، کچێکی زیرەک بووە و گرنگی زۆری بە فێربوونی زمان و نووسین و زانست داوە، بۆیە کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە ١٣ ساڵ هەردوو زمانی فەڕەنسی و ئیتاڵی زانیووە. پیانۆژەنێکی لێهاتوو بووە و سەرسامی شاعیرانی فەڕەنسی و سۆفی و ئیتاڵی بووە و زۆرێک لە شیعرە سۆفییەکانی لەبەرکردووە.

لە ساڵی ١٩٠٥ دووبارە گەڕاوەتەوە ناسڕەی فەڵەستین و دوو ساڵ دواتر مەی لەگەڵ دایک و باوکی کۆچی وڵاتی میسریان کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون، باوکی مەی لە ساڵی ١٩٠٨ بووە خاوەن ڕۆژنامەی (مەحرووسە)، مەی هەر لە میسر مایەوە و وڵاتەکەی پێ خۆش بوو و لەوێ ئاشنای زۆرێک لە ئەدیب و شاعیرانی ئەو وڵاتە بوو، هەر لەوێوە وەکوو نووسەر و ئەدیبێک ناسرا و بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامەکەی باوکی بڵاودەکردەوە، دوای کۆچی دوایی باوکی مەی خۆی بووە سەرنووسەر و خاوەن ڕۆژنامەکە.
هەر لە میسر مەی لە زانکۆی قاهیرە بەشی فەلسەفە و ئادابی زمانی خوێند و توانی فێری زمانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئیتاڵی، سریانی، ئەڵمانی، ئیسپانی، یۆنانی، لاتینی و ئینگلیزی ببێت و بە فێرخوازێکی سەرسەختی زمان دادەنرا.

باری سۆزداری

مەی زیادە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و خاوەن هیچ منداڵێک نەبوو، زۆرێک لە نووسەران و ئەدیبانی ناسراوی سەردەمی خۆی عاشقی مەی بوون و خۆشەویستیان بۆ دەربڕیوە نموونەی عەباس مەحموود عەقاد، تەها حسێن، ئیسماعیل سەبری و عەبدولعەزیز فەهمی، ئەحمەد شەوقی و ئەحمەد حەسەن زەیات، بەڵام مەی خۆشەویستی و ئەوینی کەسیانی پەسەند نەکردووە و داوای هاوسەرگرییەکانی ڕەتکردووەتەوە.

مەی زیادە لە پەیوەندی خۆشەویستی ڕۆحیدا بوو لەگەڵ نووسەر و شاعیری لوبنانی ناودار جوبران خەلیل جوبران، مەی خۆشەویستی و ئەوینێکی زۆری بۆ جوبران هەبوو سەرباری ئەوەی هەرگیز یەکتریان نەبینی بوو چونکە ئەو سەردەمە جوبران لە نیویۆرک دەژیا، بۆیە تەنها نامە گۆڕینەوە لە نێوانیان هەبوو، گۆڕینەوەی نامەی ئەوینداری نێوانیان ١٩ ساڵی خایاند و هەمووان دەیانزانی کە مەی چەندە ئەوینداری جوبرانە، بەڵام خۆشەویستی مەی تا ڕادەیەک یەک لایەنە بووە و جوبران وەکوو ئەو ئەوینی بۆی نەبووە، نامەگۆڕینەوە و پەیوەندییان تا کۆچی دوایی جوبران لە ساڵی ١٩٣١ بەردەوامی هەبووە.

ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی

بەهۆی ئەوەی باوکی لە بواری نووسین و ڕۆژنامەنووسی کاری کردووە مەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی، لە تەمەنی ١٦ ساڵی یەکەم نووسینی خۆی لە ڕۆژنامەیەک بڵاودەکاتەوە. ناوی تەواوی (ماری) بوو بەڵام مەی چەندان نووسین و بەرهەمی لەژێر ناوی جیایا جگە لە ناوی خۆی بڵاودەکردەوە، تاکوو لە ساڵی ١٩١٢ـەوە ناوەکەی کورت کردەوە و لەژێر ناوی (مەی) نووسراوەکانی بڵاودەکردەوە، چونکە ئەو پێی وابوو ناوی (ماری) ناوێکی عەرەبی نییە و ناوێکی نامۆیە لە نێو عەرەبەکان.

کاتێک مەی گەیشتە وڵاتی میسر لە زۆرێک لە ڕۆژنامە ناودارەکانی ئەو کاتە نموونەی "ڕۆژنامەی ئەهرام"، "ڕۆژنامەی هیلال"، "ڕۆژنامەی موستەقبەل" نووسراوەکانی بڵاودەکردەوە. لە ساڵی ١٩١١ مەی یەکەمین دیوانی بە زمانی فەڕەنسی بڵاوکردەوە و لەڕێی ئەو دیوانەوە لە نێو ناوەندی ئەدەبی عەرەبی و جیهان ناسرا. سەرباری ئەوەی مەی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بووە، بەڵام هاوڕێ نووسەرەکانی داوایان لێکردووە بۆ باشتربوونی ئاستی زمانەوانی عەرەبی قورئان بخوێنێتەوە، بۆیە (ئەحمەد لوتفی) فەیلەسووفی ناوداری ئەوکاتە قورئانێکی بە دیاری پێشکەش دەکات.

لە ساڵی ١٩٢٠ مەی کتێبی (باحثة البادية)ـی نووسی و بڵاوکردەوە کە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لە ناوداربوونی مەی لە نێوان نووسەر و ڕووناکبیرە عەرەبییەکانی میسر و عەرەبی و زۆرێک لە نووسەرەکان دەستخۆشییان لە مەی دەکرد، جوبران خەلیل جوبران بەهۆی ئەو کتێبەوە ئاشنای ناوی مەی بوو و ناسی و سەرەنج و تێبینی و پاشان دەستخۆشی بۆ ناردبوو. مەی لە ماڵەکەی خۆی لە قاهیرە ئێوارانی سێ شەممەی هەموو هەفتەیەک کۆبوونەوەیەکی ئەدەبی بۆ نووسەر و ڕووناکبیرەکانی میسر ڕێکدەخست و ئەو کۆبوونەوەیە بە (صالون الثلاثاء) یان (دیوەخانی سێشەممان) ناسراو بوو، زۆرێک لە نووسەر و ئەدیبەکانی میسر ئامادەی کۆبوونەوە ئەدەبییەکەی ئێوارانی سێشەممان دەبوون و گفتوگۆی ئەدەبییان ئەنجام دەدا، نموونەی تەها حسێن، عەباس عەقاد، وەلییەدین یەکون، ئەمین ڕەیحانی و ئەحمەد شەوقی.

مەی زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، لاتینی و سریانی دەزانی و چەندان بەرهەمی لەو زمانانەوە وەردەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، لە بوارەکانی جیاوازی چینایەتی، سیستمی کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، دیموکراتی، یەکسانی و کۆیلایەتی، ئازادی ژنان دەینووسی. ساڵانی بیسەکانی سەدەی ڕابردوو مەی بڵاوکەرەوەکان و بەرهەمەکانی گەیشتنە لوتکە و چەندان بەرهەمی کتێبی هەمەچەشنی بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٢٢ کتێبی دووەمی بڵاوکردەوە بە ناوی (سوانح فتاة) کە کۆکراوەی بشێک لە وتارە ڕۆژنامەوانییەکانی بوون. هەر لە ساڵی ١٩٢٢ کتێبێکی بچووکی بڵاوکردەوە بە ناوی (كلمات و إشارات) لەگەڵ کتێبی (ظلمات وأشعة)، پاشان لە ساڵی ١٩٢٣ کتێبێکی تری بە ناوی (المساواة) بڵاوکردەوە، لە ساڵی ١٩٢٤ کتێبی (الصحائف) و (بين المد و الجزر)ـی بڵاوکردەوە، لە ساڵی ١٩٢٥ کتێبێکی لەسەر ژیاننامەی خانمە شاعیرێکی میسری نووسی بە ناوی (عائشة التيمورية).

کۆچی دوایی و نەهامەتییەکانی کۆتا ڕۆژەکانی

دوای تۆمارکردنی سەرکەوتنەکانی و ناودار بوونی مەی تووشی داڕووخانی دەروونی و خەمۆکییەکی زۆر قورس بوو، تاکوو ئێستاش هۆکار و بیانووی جیاجیا بۆ کەوتن و کۆتاییە تراژیدییەکەی مەی دەخرێتەڕوو، مەی دوای کوچی دوایی جوبران خەلیل جوبران پاشان کۆچی دوایی دایک و باوکی و مانەوەی بە تەنها تووشی خەمۆکی بوو، کەسە نزیکەکانی بۆ دەستگرتن  بەسەر میراتی خێزانەکەی تۆمەتی شێتییان بۆ مەی دروستکرد و لە میسرەوە گەڕاندیانەوە بۆ لوبنان، پاشان بە بەڵگەی ساختە بردیانە نەخۆشخانەی دەروونی و شێتخانەیەک کە بە عسفوورییە ناسرا بوو و هاوشێوەی زیندان بوو، مەی دووپاتی دەکردەوە کە ئاستی ژیری هیچ کێشەی نییە و بە چەندان شێوە دەیسەلماند کە تەنها خەمبارە و تووشی خەمۆکی بووە، بەڵام لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٧ لە لوبنان لە نەحۆشخانەی دەروونی زیندانی کرابوو و نەیدەتوانی نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵێت چونکە لەژێر چاودێری زۆرەملێدا بوو.

چەند هاوڕێیەکی لە میسر نموونەی ئەمین ڕەیحانی و شا عەبدوڵڵای یەکەمی ئوردن هەوڵیاندا کە مەی لە نەخۆشخانەکە ئازاد بکرێت و بۆ ماوەی سێ مانگ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆی ئەمریکی لە لوبنان، پاشان بە هەوڵی یاسای هەردوو وڵاتی میسر و لوبنان توانرا بەهۆی نووسینی نامەیەک کە مەی خۆی نووسی بووی و بە بەڵگەوە سەلماندی کە هیچ کات ژیری لەدەست نەداوە و مێشکی لەکارنەکەوتووە، بۆیە لە نەخۆشانە دەرکرا گەڕێنرایەوە بۆ میسر، لە میسر بۆ هەمووان دەرکەوت کە مەی هیچ کات تووشی شێتی نەبووە و تەنها تووشی خەمۆکییەکی قورس ببوو و بەدەست تەنیاییەوە دەیناڵاند، چونکە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا هیچ کەس لە هاوڕێ نووسەرەکانی سەردانیان نەدەکرد.

مەی زیادە لە ڕۆژی ١٧ـی ساڵی ١٩٤١ لە نەخۆشخانەی میعادی لە قاهیرەی پایتەخت لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. بەشێک لە سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە مەی دوای کۆچی دوایی جوبران خەلیل جوبران تووشی خەمۆکی بووە و جوبران بە هۆکاری لەدەستدانی ژیری مەی دادەنێن، بەڵام مەی هیچکات تووشی شێتی و لەدەستدانی ژیری نەبووە و ئەو دەنگۆیانە تەنیا زیادەڕەوییە و دوورە لە ڕاستییەوە، لە سەردەمی هاوچەرخ نەحۆشییەکەی مەی بە "خەمۆکی خۆنەویستانە" ناسراوە و نەحۆشییەکی دەروونی باوە و زۆرێک لە ژنان لە تەمەنی نائومێدی تووشی دەبن.


سەرچاوەکان



75 بینین