چۆن دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-21-14:29:00 - کۆدی بابەت: 12188
چۆن دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەڵەی پزیشکی (بە ئینگلیزی; Medical error, بە عەرەبی; خطأ طبي) بریتییە لەو هەڵانەی لە لایەن پزیشک یاخود کارمەند و تەکنیککاری تەندروستییە ڕوودەدەن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستی کەسەکە. چەندین هۆکار هەن بۆ ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان، بە هەمان شێوەش چەندین ڕێکار هەن بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی ئەو هەڵانە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانیان لەسەر نەخۆشەکان.

ڕێگریگرتن لە لایەن پزیشکانەوە

باوترین ڕێکارەکان لە لایەن پزیشکان و ستافی تەندروستییەوە بریتین لە:

  • نووسینی ئەلکترۆنی ڕەچەتە پزیشکییەکان بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی مەترسی ئەوەی بەهەڵە ڕەچەتە بە دەست نووسراوەکان بخوێندرێنەوە لەلایەن دەرمانسازانەوە.
  • دڵنیاکردنەوە لەوەی هەموو ئەو ستافەی بەشدارن لە چارەسەرکردنی نەخۆش ڕاهێنانی تەواویان وەرگرتبێت.
  • ئەنجامدانی  هەموو پشکنینە پێویستەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی بۆ ئەوەی بە وردی نەخۆشییەکە دەستنیشانکرێت.
  • دابینکردنی ستافی شارەزای پێویست بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەر نەخۆشێک بەزوویی چارەسەرییەکەی وەربگرێت و ستافێکی شارەزا گرنگی پێبدەن. چونکە ئەگەر ژمارەی ستافە پزیشکییەکە کەم بن دەبێتە هۆکارێک بۆ بەربڵاوی چارەسەر و نەبوونی ئاگای تەواو لە سەرجەم نەخۆشەکان و بەمەش ئەگەری ڕوودانی هەڵە لەکاتی چارەسەرکردنی نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.
  • ڕاهێنانی پاک و پوخت، پەیوەندی بەستنێکی باشی نێوان ئەندامانی ستافی تەندروستی و پزیشکی، هەروەها ڕێکخستنی لە پێشترینەکان، پاراستنی تۆمارەکان بەشێوازێکی گونجاو.
  • پاراستنی بەردەوامی تەندروستی و بوونی شێوازێکی ژیانی تەندروستی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، هۆکارێک دەبن تا مەترسییەکانی هەڵە پزیشکییەکان کەمتربن و لەکاتی ڕوودانیشیان ئاڵۆزی بۆ تەندروستی کەسەکە دروست نەکەن. ئەمە بەتایبەت جێبەجێدەکرێت لەلایەن ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی هەڵە پزیشکییەکان.

ئەگەر تەکنینکاری پزیشکی شکستی هێنا لە گرتنەبەری ئەم ڕێکارانە پێویستە پەیوەندی بە کەسی شارەزاتر لە خۆیەوە بکات و ئەوان هەوڵبدەن ڕێکاری تەواو و پێویست بگرنە بەر.

ڕێگرتن لە لەلایەن نەخۆشەکانەوە

هەرچەنە ڕێگرتن لە ڕوودانی ئەم هەڵانە بەزۆری دەوەستێتە سەر ستافی نەخۆشخانە و کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی، بەڵام هێشتا نەخۆشەکان دەتوانن چەندین هەنگاو بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ڕوودانی ئەو هەڵانەوە و ڕێگرتن لێیان، لەو ڕێکارانەی لەلایەن نەخۆشەوە دەگیرێنە بەر:

  • ئاگادارکردنەوەی پزیشکەکەت لەسەر ئەو دەرمانانەی بەکاریدەهێنیت و دڵنیابەرەوە لەوەی زانیاری تەواوی لەسەریان هەبێت، لە ڕووی نووسراوی ڕەچەتەی دەرمانەکان و بڕی بەکارهێنانیان، هەروەها ئەو ماددە خۆراکییە جێگرەوانەی لەگەڵ دەرمانەکاندا بەکاریان دەهێنیت.
  • دەرمانەکانت ببەرەوە بۆلای پزیشکەکەت و لەوێدا دەتوانن گفتوگۆ بکەن لەسەر بەکارهێنانی دەرمانەکان،  کاریگەرییەکانیان، هەروەها کارلێککردنیان لەگەڵ ئەو دەرمانانەی لەگەڵیدا بەکاریدەهێنیت، یاخود ئەو دەرمانانەی پزیشک دەیەوێت بۆت بنووسێت و بەکاریانبهێنیت. بەو جۆرە  پزیشکەکەت بەرچاو ڕوونتر دەبێت لەسەر ئەوەی ئایا دەرمانی باشتر هەن کە بتوانرێت بۆ دۆخی تەندروستی تۆ بەکاربهێنرێن یاخود نا ئەمانە باشترین دەرمانەکانن بۆ چارەسەرکردنەکەی تۆ.
  • دڵنیابەرەوە لەوەی پزیشکەکەت زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر ئەو دەرمانانەی هەستیاریت پێیان هەیە. داوا لە پزیشکەکەت بکە زانیارییەکانی ئەو دەرمانە پزیشکییانەت بۆ ڕوونبکاتەوە بە شێوازێک کە بتوانیت لێیان تێبگەیت. ئەو زانیارییانەی کە پێویستە بیانزانیت وەک ئەوەی ئەم دەرمانانە بۆ چارەسەری چ دۆخێکی تەندروستی بەکاردێن، پێویستە چەنێک و لە چ کاتێک بەکاربهێنرێت، هەروەها تا چ ماوەیەک ئەتوانیت بەردەوامبیت لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە.
  • دووربکەوە لە جوینی ئەو حەپانەی جوینیان ڕێگە پێدراو نییە، هەموو دەرمانێک ناتوانێت کاریگەربێت ئەگەر بێتو کەرت بکرێت یاخود ورد بکرێت یاخودیش بجووێت.
  • داوا لە دەرمانسازەکە بکە تا باشترین جۆری ئامرازی وەرگرتنی دەرمانە شلەکانت بۆ دابنات، لەوانەیە وەرگرتنی ئەو دەرمانانە لە ڕێی کەوچکی چا بڕی پێویستت بۆ دابین نەکات و بەمەش هەڵە لە وەرگرتنی دەرمانەکەدا ڕوودەدات.
  • بەردەوام دووجار سەیری ئەو ڕەچەتەیە بکە کە لەلایەن دەرمانسازەکەوە بۆت دانراوە و بەراوردی بکە بەوەی کە پزیشکەکە داوای کردبوو.
  • ئەگەر لە نەخۆشخانە دەمێنیتەوە دڵنیابەرەوە لەوەی ئەو کارمەندە تەندروستییانەی پشکنینت بۆ دەکەن دەستیان جوان شۆریبیت، ئەگەر چی لەوانەیە ئەمە بە شێوازێکی توند دابنرێت، بەڵام دواجار هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە و پێویستە بگیرێتەبەر. بۆ نمووبە نەشۆردنی دەستەکان لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکە دەکەن لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان.
  • دڵنیابەرەوە لەوەی زانیاری تەواو لە پزیشکەکەت وەرگریت بەو شێوازەکەی کە تۆ لێی تێبگەیت، لەسەر ئەوەی چۆن لەدوای دەرچوونت لە نەخۆشخانە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیت بیت و دەرمانەکان بەباشی و لەو کاتەی بۆت دیاریکراوە وەرگریت، هەروەها تا چەنێک دەتوانیت بەردەوامبیت لەوەرگرتنی دەرمانەکان. قسە بکە و پرسیاری خۆت بپرسە لە ستافی تەندروستی دەربارەی ئەو چارەسەرییانەی وەریاندەگریت. 
  • داوا لە ئەندامانی خێزانەکەت یان هاوڕێکانت بکە هاوڕێیەتیت بکەن لەکاتی چوونت بۆ لای پزیشک.
  • ئەگەر دوودڵ بوویت و گومانت هەبوو لەو چارەسەرییانەی بۆت دانرابوو هەروەها لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەت گومانت هەبوو لەوەی بە هەڵەدا چووبوون، سەردانی دووەم پزیشکی بژاردە بکە، ئەمە پێی ناوترێت نا دڵسۆزی بەرامبەر ئەو شوێن و کەسانەی یەکەم چارەسەرییان بۆ کردووی بەڵکو ئەمە دڵنیابوونەوەیە لە پاراستنی دۆخی تەندروستی و هەتا ژیانت.


سەرچاوەکان



66 بینین