شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-21-21:34:00 - کۆدی بابەت: 12194
شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک (بە عەرەبی: الٲماكن السياحية في دهوك یان معالم دهوك، بە ئینگلیزی: Sights in Duhok) دهۆک شارێکی گرنگی کوردستانی باشوورە و دەکەوێتە باکووری وڵاتی عێراقەوە و لە ناوچەی بادینان هەڵکەوتووە. بەهۆی هەڵکەوتە و لەباری شوێنی جوگرافی کە لە هەر سێ لایەوە بە شاخی بەرز دەوردراوە و کەشوهەوایەکی لەباری هەیە، بۆیە دهۆک بووەتە شێوینێکی گرنگی گەشتیاری بو هەرێمی کوردستان و عێراق. ساڵانە بە سەدان گەشتیار لە بۆنە و ئاهەنگ و جەژنەکان و لە وەرزی هاوین سەردانی دهۆک دەکەن، گەشتیاران لە دەرەوەی عێراق و لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی شوێنە گرنگ و گەشتیارییەکانی دهۆک دەکەن. 

ڕووبەرە سەوزاییەکانی دهۆک

پارکی ئازادی

ڕووبەرێکی سەوزایی فراوانە و دەکەوێتە ناوەندیی شاری دهۆکەوە و نزیک شوێنی یانەی وەرزشی دهۆکە، بە گەورەترین پارکی شارەکە دادەنرێت و زۆرترین شوێنی سەوزایی تێدایە، خواردنگە و شوێنی پشوودان و شوێنی یاریکردن لە پارکەکە بوونی هەیە و شوێنەکە بە خۆڕاییە و تایبەتە بەخێزان. 

باخچەی ئاژەڵانی دهۆک

باخچەیەکی ئاژەڵانی ناودارە لە دهۆک و شوێنەکەی دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی زاخۆ لە ناوچەی ماڵتا، باخچەکە چەندان جۆر ئاژەڵی لەخۆگرتووە و شوێنی یاریکردنی منداڵانی تێدایە و خاوەن ڕووبەرێکی سەوزایی فراوانە، نرخی چوونەژوورەوەی خۆڕایی نییە و نرخێکی کەمی دیاریکراوی لەسەرە. 

پارکی بارزانی

پارکێکی فراوانە و پەیکەری مەلا موستەفای بارزانی لە ناوەڕاستی پارکەکە دروست کراوە و بۆیە هەر بەو ناوەشەوە ناوناراوە، پارکەکە لەسەر ڕووبەری سەوزاییەکی زۆر دروستکراوە، شوێنەکەی دەکەوێتە بەرانبەر بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک نزیک شوقەکانی زری لاند، پارکەکە شوێنی یاریکردنی منداڵان و شوێنی پشوودان و خواردنگە و کافێ لەخۆدەگرێت. 

شوێنەوارە ئایینییەکانی دهۆک

مزارگەی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی

مەزارگەیەکی ئایینییە و دەکەوێتە ڕۆژاوای ئاکرێ، گۆڕی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لەخۆدەکرێت کە دەگوترێت لە فتوحاتی قودس و جەنگی حەتین لەگەڵ سەرکردە سەڵاحەدینی ئەیوبی بەشداری کردووە، بۆیە مەزارەکە لەلایەن موسوڵمانانی بەشێک لە ناوچەکە بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرێت و موسوڵمانانی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە سەردانی دەکەن. 

کڵێسای مارت ئیث ئالاها

کڵێسایەکی کلدانییە و تایبەتە بە پەیڕەوکارانی ئایینی مەسیحی ناوچەکە، کڵێساکە دەکەوێتە نزیک ڕێگای سەرەکی دهۆک و زاخۆ، تەلارێکی گەورەیە، دیزاین و شێوازی تەلارسازییەکەی کلاسیکییە و لەسەر دیزاینی بابلی کۆن بنیاتنراوە، کۆتایی بنمیچەکەی بە گومەزێک کۆتایی هاتووە کە خاچێکی مەزنی لەسەرە و بەشی ناوەوەی کڵێساکە بە چەندان وێنە و نەخشی جۆراوجۆر نەخشێنراوە. 

سەیرانگا و هاوینەهەوارەکانی دەوروبەری  دهۆک

هاوینەهەواری ئاشاوا

سەیرانگای ئاشاوا بە دووریی ٤٤٫٦ کیلۆمەتر لە ناوەندی دهۆکەوە دوورە و بە ٥ کیلۆمەتر لە ناحیەی سەرسەنگ دوورە و لە باکوورەوە دەکەوێتە سەر چیای گارە. لە سەدەکانی ڕابردوو ناوچەکە لەنێو عێراقییەکان بە دەریاچەی ساجیدە ناسراو بوو، بەڵام بە زمانی کوردی هەر بە تاڤگەی ئاشاوا ناسراوە کە وشەکە لە ئاشی ئاوا وەرگیراوە و واتای دەستاڕی ئاو دەبەخشێت. سەیرانگای ئاشاوا شوێنێکی دڵگیرە و بە باخ و دار و بێستانی هەمەجۆر ناسراوە بە تایبەتی بە دار چنار ناودارە. کەشوهەوای شوێنەکە لە هاویناندا زۆر فێنکە و گەرمییەکی مامناوەندی هەیە، هەروەها چەندان تاڤگەی هەیە بۆیە شوێنێکی پەسەندە لای گەشتیاران. 

ئامێدی

قەڵای ئامێدی یان قەڵای عەمادییە کە قەزای ئامێدییە لە دهۆک و لەسەر بەرزی ١٤٠٠ مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە لەسەر تاشە بەردێکی بەرز دروستکراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، چەندان شوێنەواری دێرین و کۆنی لەخۆگرتووە نموونەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی، قوتابخانەی قوبەهان، شوێنەواری دەروازەکانی ئامێدی. کەشوهەوایەکی دڵگیری هەیە و شوێنی جوگرافییەکەی زۆر لەبارە بۆ گەشت و سەیران. 

سەرسەنگ

سەرسەنگ ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆکە و بە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی چیای گارە. هاوینەهەواری سەرسەنگ بە یەکێک لە گەورەترین هاوینەهەوارەکانی عێراق دادەنرێت کە بەرزی لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ١٠٤٦ مەترە. ناوچەکە دارستان و بێستانی زۆری هەیە و کەشێکی لەبار و گونجاوی هەیە کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەرزترین پلەی گەرمی ناوچەکە دەگاتە ٣٤ پلە سەدی. 

هاوینەهەواری زاوێتە

هاوینەهەواری زاوێتە بە دووریی ١٦ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و بە بەرزی ٨٨٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. هاوینەهەواری زاوێتە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان هاوینەهەواری سەرسەنگ و سوارەتووکە، ناوچەکە بە داری سنەوبەر ناودارە و کەشوهەوای ناوچەکە فێنک و دڵگیرە، شوێنی پشوودان و خواردنگە و خزمەتگوزاری هەمەجۆری بۆ دابین کراوە. 

هاوینەهەواری سۆلاڤ

هاوینەهەواری سۆلاڤ بە دووریی ٩٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای دهۆکەوە دوورە و نزیکە لە ئامێدییەوە. بەرزی ناوچەکە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ١١٥٠ مەترە، ناوەکەی بە شێوەزاری بادینی (سیلاڤە) کە بە واتای (سیل ـ ئاڤ) دێت واتا هەڵقوڵانی ئاو، سەرچاوەی ئاوەکەی بەرزییەکەی لە نێوان یەک بۆ دوو مەترە و دەڕژێتە شوێنەکە و ناوچەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، بۆیە چەندان شوێنی پشوودان و خواردنگەی تایبەت بە گەشتیارانی تێدا دابین کراوە. 

هاوینەهەواری سوارەتووکە

هاوینەهەواری سوارەتووکە نزیک هاوینەهەواری سەرسەنگە و دەکەوێتە دۆڵێکی قووڵ و چەند شاخێکی بەرز دەوریان داوە. ناوچەکە بە دار و بەری هەمەجۆر ناسراوە نموونەی دار گڵامێۆ، هەروەها داری میوەی هەمەجۆریش لەخۆدەگرێت.


سەرچاوەکان



141 بینین