کۆنیشانەی شۆگرین

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-23-00:40:00 - کۆدی بابەت: 12235
کۆنیشانەی شۆگرین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنیشانەی شۆگرین (بە ئینگلیزی; Sjögren syndrom، بە عەرەبی; متلازمة سجوجرننەخۆشییەکە لە ئەنجامی هێرشی بەرگرییە کۆئەندامەوەیە کە پەلاماری خانە تەندروستەکانی جەستە دەدات واتا نەخۆشییەکی دژە خۆییە. فرمێسکەڕژێن و لیکە ڕژێنەکان دووچاری زۆرترین هێرشی بەرگرییە کۆئەندام دەبنەوە. لەوانەیە کۆنیشانەی شۆگرین بەتەنها ڕووبدات، ئەمەش پێی دەوترێت کۆنیشانەی شۆگرینی سەرەتایی Primary sjögren syndrom. کۆنیشانەی شۆگرینی دووەمی Secondary sjögren syndrom واتای ئەوەیە لەگەڵیدا کەسەکە نەخۆشییەکی تری خۆییە بەرگری هەیە  وەک هەوکردنی جومگە یان سیلی پێست ناسراو بە گورگە سوورە.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە چین؟

  • وشکبوونی چاو، سووتانەوە و خورانی چاو
  • ڵێڵبینی، هەستیاری بۆ ڕووناکی
  • وشکبوونی دەم
  • پووکانەوەی ددانەکان
  • ناڕەحەتی لە قووتدانی خواردن، قسەکردن یان تامکردن
  • هەڵئاوسانی لیکە ڕژێنەکان
  • ئازاری ماسولکە و ئەژنۆ
  • سڕبوونی قۆڵەکان یان لاق
  • وشکبوونی پێست یان لیرک لەسەر قۆڵ یان لاق
  • وشکە کۆکە، هەستکردن بە ماندوویەتی یان سوکە تایەک
  • لە ئافرەتاندا وشکبوونی زێ دەکرێت نیشانەیەک بێت

کێن ئەوانەی تووشی کۆنیشانەی شۆگرینی سەرەتایی دەبن؟

کۆنیشانەی شۆگرینی سەرەتایی ٩ جار زیاتر لە مێیەدا ڕوودەدات وەک لە نێرە. هەر کەسێک ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە هەیە، بەڵام زیاتر لە ئافرەتانی تەمەن ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵان ڕوودەدات. ڕێژەی بڵاوبوونەوەی کۆنیشانەی شۆگرینی سەرەتایی لەناو دانیشتوواندا لە نێوان ٠.٠١ بۆ ٠.٠٩%ـیە

هۆکارەکانی نەخۆشییەکە چین؟

کۆنیشانەی شۆگرین هۆکارێکی زانراوی نییە، لەگەڵ ئەوەش وادانراوە کە بوونی ڤایرۆسی وەک ئیپستن بار Epstein barr virus ڕۆڵی هەیە لە تووشبوون بە کۆنیشانەی شۆگرین لەو کەسانەی پێشینەی بۆماوەییان هەیە بۆ نەخۆشییەکە. لەگەڵ ڕوودانی نەخۆشییەکە بەرگرییە خانەکان ڕادەکێشرێن بەرەو ڕژێنە دەردانییەکان. ئەمەش ئاستێکی لەسەرخۆ و نزمی روودانی هەوکردنە کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی خانەکانی ڕژێنەکان و تێکدانی فەرمانیان. چەند جۆرە بۆهێڵێکی دیاریکراو لەوانەیە هۆکاربن بۆ ناتەواوی لە بەرگرییە خانەیی و دەردانییەکان لەوانە IRF5-TNPO3, STAT4, و IL12A کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ تەشەنەسەندنی کۆنیشانەی شۆگرینی سەرەتایی

چۆن کۆنیشانەی شۆگرین دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشک چەند پشکنینێک دیاری دەکات بۆ نەخۆش هەروەها پرسیاری نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لێ دەکات بە مەبەستی دەستنیشان کردنی ئەم نەخۆشییە. پێویستە لەکاتی سەردانیکردنی پزیشک هەموو نیشانەکان بە وردی بە پزیشکەکەت بڵێیت، هەروەها لە دۆخی خراپتربوونی نیشانەکانت بە زوویی ئاگاداری بکەیتەوە. هەروەها لە بوونی هەر نەخۆشییەکی تری دژە خۆیی وەک هەوکردنی جومگە یانیش سیلی پێست (گوورگە سوورە) ئاگاداری بکەیتەوە. 

لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە پزیشکەکە پرسیاری بەکارهێنانی دەرمان بکات، چونکە هەندێک لە دەرمانەکان دەتوانن ببنە هۆکار بۆ وشکبوونی دەم. لە نموونەی دەرمانەکان، ئەو دەرمانانەی بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگرتن لە هەستیاری، نزمکردنەوەی پەستانی خوێن یان دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی. لەوانەیە پشکنینی تایبەت بکرێت بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی فرمێسک کە پێیدەوترێت schirmer tear test و لیک salivary flow کە ڕۆژانە بەرهەمدەهێنرێت لە لایەن ڕژێنە تایبەتەکانەوە.

هەروەها لەوانەیە پێویست بە پشکنینی خوێن بکات بۆ دیاری کردنی هەوکردن و دەستنیشانکردنی بڕی دژەتەنەکان کە لەکاتی ئەم نەخۆشییەدا دەردەکەون لە نموونەی دژە تەنەکان (Anti SS-A, Anti SS-B, Anti alpha fodrin and Rheumatoid factor). یەکێکی تر لە ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە وەرگرتنی نموونەی شانەیی (Biopsy) لە لیکە ڕژێنەکانی ناو دەم و دیاریکردنی ڕێژەی بەرگرییە خانەکان.

چۆن کۆنیشانەی شۆگرین چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر یەک لە نیشانەکانی دەبێت. کە دیارترینیان بریتییە لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی وشکی چاو و دەم.

چۆن گرفتی وشکی چاوەکان چارەسەر دەکرێت؟

  • چاوتروکاندنی بەردوام، لە کاتی چاوتروکاندا دەتوانیت چاوەکانت بە شێداری بهێڵیتەوە. بەتایبەت لەکاتی کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر دڵنیابەرەوە لە تروکاندنی بەردەوامی چاوەکانت.
  • پاراستنی چاوەکان، چاوەکانت دابپۆشە و بیپارێزە لە  کەشی سارد و با. لە هەرشتێک دووربکەوە کە دەبێتە هۆی هەستیاری و ورووژاندنی چاوەکانت.
  • لەکاتی پێویستدا فرمێسکی دەستکرد بەکاربهێنە. چەند دڵۆپەیەکن و دەتوانیت بیکەیتە چاوتەوە تا چاوەکانت بە شێداری بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



136 بینین