تایتانیک و بریتانیک ئەو دوو کەشتییەی دانرابوو هەرگیز نقوم نابن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-23-06:56:00 - کۆدی بابەت: 12256
تایتانیک و بریتانیک ئەو دوو کەشتییەی دانرابوو هەرگیز نقوم نابن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تایتانیک و بریتانیک ئەو دوو کەشتییەی دانرابوو نقوم نابن (بە عەرەبی: تيتانيك وبريتانيك السفن التي اعتقد منتجوها أنهم لن تغرقو، بە ئینگلیزی: Titanic and britannic the ships that their producer thought they will not sink) تایتانیک و بریتانیک دوو کەشتی دروستکراوی کۆمپانیای White star line بوون کە بە بڕوای دروستکەرەکەیان هەرگیز نقوم نەدەبوون چونکە بە پلێتێکی تۆکمە دروست کرابوون، تایتانیک بە گەورەترین کەشتی سەدەی بیستەم دادەنرێت کە لە ١٩١٢ خرایە دەریاوە، بریتانیکیش لە ساڵی ١٩١٤ دروستکردنی تەواو بوو و لە هەمان ساڵدا خرایە دەریاوە. هەردوو کەشتی نقوم بوون.

مێژوو دروستکردنی تایتانیک 

لە سەرەتای سەدەی ٢٠ واتا سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ جۆرێک کەشتی دروست دەکرا لەلایەن وڵاتە سەرمایەدارەکان کە بە (Royal Mail Ship) کە بۆ بازرگانی و گواستنەوەی گەشتیار و کۆچبەران بەکاردەهاتن، کە بە کەشتی هەڵمی ناسراوبوون لە بری چارۆکە بزوێنەرەکەیان بە خەڵووزی بەردین کاری دەکرد. 

یەکێک لە کۆمپانیا ئینگلیزییەکانی وڵاتی بەڕیتانیا بەناوی White Star Line کە لە بواری دروست کردنی کەشتی هەڵمی کاری دەکرد مۆڵەتی هەبوو لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا تا جۆرێکی تایبەتی کەشتی دروست بکات بە ناوی (ئۆڵەمپیک کڵاس) کە بە شێوەیەکی تۆکمە دروست بکرێت بە جۆرێک هەرگیز نقوم نەبن. بۆ ئەمەش بیرۆکەی دوو کەشتی داڕشت بە ناوەکانی (تایتانیک) و (بریتانیک). 

تایتانیک بووە گەورەترین کەشتی گواستنەوە لە سەدەی بیستەمدا. دروستکردنی لە ٣١-٩-١٩٠٩ دەستی پێکرد و ساڵی ١٩١١ تەواو بوو. 

کەشتییەکە لە ناوەوە بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر دروستکرابوو کە بەرزکەرەوەی کارەبایی و ژمارەیەکی زۆر هۆڵی گەورەی کۆبوونەوە و دانیشتن هەبوون کە بە (ساڵوون) ناسراو بوون. لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر لە تایتانیکدا دەتوانرا ئاو عەمبار بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ وزە لە ڕێگەی تورباینەوە کە ١٦ ئامێری لەو جۆرە بوونی هەبوو. لە کاتێکدا ئەگەر بهاتایە کەشتییەکە ئاوی تێ بچێت ئەوا لە ڕێگەی دەزگایەکەوە ئاوەکە بەتاڵ دەکرایەوە و بەم جۆرە کەشتییەکەی دەپاراست لە نقوم بوون، کە ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ ئەو کاتە نوێ بوو. 

درێژی کەشتییەکە ٢٦٩ مەتر بوو و پانی ٢٨٫٢ مەتر. توانای هەڵگرتنی ٤٨٫٣٢٨ تۆنی هەبوو. لە هەمان کاتدا کێشی کەشتییەکە ٥٢ هەزار تۆن بوو، ئەمەش پێوانەیەکی مێژوویی و گرنگ بوو کە کەشتیەک بەم چەشنە دروست بکرێت. 

یەکەم گەشتی تایتانیک

لە بەرواری ١٠-٤-١٩١٢ کەشتییەکە گەشتی ئاسایی خۆی دەست پێ کرد کە لە ساوزهامپتۆن بۆ نیویۆرک لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسی بوو. لەم گەشتەدا چەندین سەرمایەدار و نووسەر و کەسایەتی ناوداری جیهان تیایدا سەرنشینی کەشتییەکە بوون. کە بە جۆش و خرۆشەوە گەشتەکەیان دەست پێ کرد. لەو کەسایەتیانەی لە کەشتییەکەدا بوون و ناوبانگیان هەبوو بریتی بوون لەمانە (Benjamin Guggenheim) کە سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو. لە کەشتییەکەدا ڕۆژنامەنووسێک هەبوو بەناوی (William Thomas Stead) و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای (ماکی) بەناوی (Isidor Straus) و هاوژینەکەی بەناوی (Ida)

کەشتییەکە چەند جارێک وەستا لە بەندەرەکانی وڵاتی ئێرلەندا و فەڕەنسا تا گەشتیاری تر هەڵبگرێت بەڵام لەبەر بچووکی بەندەرەکان دەبوو گەشتیارەکان بە بەلەم خۆیان بگەیەننە تایتانیک. بەم جۆرە کۆتا وەستانی کەشتییەکە لە کاتژمێر ١:٣٠ دوانیوەڕۆی ١١-٤-١٩١٢ بوو کە کۆی سەرنشینەکان ٢٫٢٠٠ کەس بوون و لەو ژمارەیەش ١٣٠٠ـیان گەشتیار بوون ئەوانی تر دەستەی کەشتییەکە بوون. کاپتنی کەشتییەکەش ناوی Edward J. Smith کە سەرمایەدار بوو و بە " کاپتن ملیۆنەر" ناسراوە. 

نقوم بوونی کەشتییەکە

بەرپرسانی شەپۆلی ڕادیۆیی کەشتییەکە هەریەک لە (جاک فلیپس و هارۆڵد براید) شەپۆلی شاخە سەهۆڵییەکەیان وەرگرتبوو و ئاگاداربوون لەوەی کە خۆیان دەکێشن پێیدا، ئەم دوو کەسە کاریان بۆ کۆمپانیای مارکۆنی دەکرد کە بیرۆکەکەی نیکۆلا تێسلا بۆ دروستکردنی ڕادیۆی بێ وایەر کردە ڕاستی و ڕادیۆیان دروستکرد.  ئەو شەوەی کەشتییەکە خۆی بە شاخەکەدا کێشا ئەم دوو کەسە پێشتر زانیارییان وەرگرتبوو، لە شەوی ١٤-٤  ئاگادارییان دا کەوا لە ناوچەی شاخە سەهۆڵییەکاندان کە پێویستە خێرایی کەشتییەکە کەم بکرێتەوە. لە کاتژمێر ٩:٤٠ـی شەودا (مێسابا) زەنگی مەترسی دا کە شاخە سەهۆڵییەکان دەرکەوتوون بەڵام ئەم نامەیە نەگەیشت بە کاپتن و دەستەی کەشتییەکە. 

دەستەی چاودێری کەشتییەکە کە دوو کەس بوون بەناوی (فرێدریک فلیت و ڕیجناڵد لی) لە ڕێگەی دووربینەوە تێبینی ئەوەیان کرد هیچ شاخە سەهۆڵێک نابینرێت و بارودۆخ ئارامە. لە کاتژمێر ١١:٤٠ شەودا چاودێرەکان تێبینی ئەوەیان نەکرد شاخێکی سەهۆڵی دەرکەوتووە، کە بەپێی شەپۆلەکە بووبێت لە دووری ٧٤٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی (نیوفاوند لاند - کەنەدا) وردە وردە دەردەکەوت.

کاتێک کەشتییەکە خۆی پیادا کێشا بەشی سەرەکی ئەو ئامێرەی لە کاتی تێچوونی ئاو بۆ ناو کەشتییەکە ئاوەکەی دەگۆڕی بۆ وزە و ڕێگری دەکرد لە نقوم بوون بە بەرکەوتنەکە لە کارکەوت کە بە دوایدا ئەوانی تریش لە کارکەوتن. بەمەش ئاو دزەی کردە ناو کەشییەکە. 

دەستەی کەشتییەکە لە ڕێگەی ڕادیۆ شەپۆلێکیان نارد تا بە هانایانەوە بچن کە نزیکترین کەشتی لێیانەوە ١٠٧ کیلۆمەتر دوور بوو شەپۆلەکە لە ١٢ـی شەو کە ڕێکەوتی ١٥-٤-١٩١٢ بوو گەیشت بە کەشتییەکە بەڵام کات زۆر درەنگی کردبوو تایتانیک نقوم بوو، کە لەو ژمارەیە ٧٠٠ کەس بە زیندوویی مانەوە بەڵام ئەوانیش مردن و تەنها نزیکەی ١٧٤ کەس ڕزگاریان بوو و توانیان چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. 

کارپاسا، ئەو کەشتییەی شەپۆلەکەی وەرگرت دوای سێ کاتژمێر و نیو گەیشت کە ئەو کاتە نیو کاتژمێر بوو تایتانیک نقوم ببوو. 

مێژووی کەشتی بریتانیک

کەشتی بریتانیک دووەم کەشتی کۆمپانیای White Star Line بوو کە لە چەشنی (ئۆڵەمپیک کڵاس) بوو هاوشانی تایتانیک، بریتانیک گەورەترین کەشتی بوو کە بۆ بواری پزیشکی بەکارهاتبێت واتا کەشتییەکە نەخۆشخانە بووە وەک لەوەی بۆ بازرگانی و گەشتیاری بەکاربێت. 

کەشتییەکە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا لەلایەن هێزی دەریایی بەڕیتانیا بەکارهێنراوە، ئەمیش لەلایەن دروستکەرەکەی وادانرابوو کە هەرگیز نقوم نابێت چونکە ئەو هەڵانەی لە تایتانیکدا کرا لەمەدا دووبارە نەکرایەوە و باشتر پەرەی پێدرا. 

تایبەتمەندی بریتانیک

به گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکان و ئنسایکلۆپیدیای بریتانیکا، دەڵێت: "دروستکەری کەشتییەکە زیاتر گرنگی بە ئاسوودەیی دابوو وەک لە خێرایی. تا ئەو بریندار و نەخۆشانەی دەخرێنە بریتانیک بەهۆی ئاسوودەییەوە خێراتر چاک ببنەوە وەک لە ڕێگەی دەرمان و چارەسەری تری پزیشکی."

دروستکردنی بریتانیک لە ٣٠-١١-١٩١١ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩١٤ تەواو بوو. کۆمپانیای دروستکەر زۆر گرنگی بەناوەوەی کەشتییەکە دابوو کە بە شێوەیەکی کەشخە دەردەکەوت. درێژی کەشتییەکە ٢٦٩ مەتر بوو، کێشی کەشتییەکە ٤٨٫١٥٨ تۆن بوو. کە لە درێژیدا هاوتای تایتانیک بوو بەڵام لە کێشدا کەمتر بوو. 

یەکەم گەشتی ئاسایی بریتانیک

کەشتییەکە بەر لەوەی تەواو بخرێتە کار دوو جار تاقیکردنەوەی پێکرا و سەرکەوتوو بوو، بەڵام وەک گەشتی ئاسایی ٢٣-١٢-١٩١٥ بەتەواوی خرایە دەریاوە، هۆکاری ئەو دواخستنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووداوەی بەسەر تایتانیک هات، کە دەیانویست تەواو دڵنیابنەوه لە سەلامەتی کەشتییەکە. بۆ ئەمەش دوو جار  تاقیکردنەوەی سەلامەتی و توندوتۆڵی بۆ کرا ئینجا گەشتی خۆی دەست پێ کرد. 

گەشتی یەکەمی کەشتییەکە لە شاری لیڤەرپوڵ بۆ دوورگەی لیمۆنس بوو لە یۆنان. کەشتییەکە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت پاش ئەوە لە ڕێگەی بەندەری ناپۆلی بەرەو دوورگەکە بەڕێ کەوت. تا گەیشت بە دوورگەکە شەش گەشتی ئەنجامدا و لە چەندین شوێن وەستا بۆ هاوکاری هێزی بەڕیتانی و هاوپەیمانان. 

نقوم بوونی کەشتییەکە

کۆمپانیای وایت ستار لاین، دڵنیایی دابوو جارێکی تر کە کەشتی بریتانیک هەرگیز نقوم نابێت چونکە باشترین تەکنەلۆجیا و مەرجی سەلامەتی تێدا بەکارهاتووە، بەڵام ئەمیش نقوم بوو، لە بەرواری ٢١-١١-١٩١٦ بە دووری سێ کیلۆمەتر لە دوورگەی (کێیا) کە دوورگەیەکی یۆنانییە مینی دەریا پێیدا تەقیەوە و لە ماوەی ٥٥ خولەکدا کەشتییەکە نقوم بوو، لەم ڕووداوەدا ٣٠ کەس مردن. بەڵام توانرا ١٠٣٠ کەس ڕزگار بکرێت. ئەو مینەی بە کەشتییەکەدا تەقیەوە دروستکراوی وڵاتی ئەڵمانیا بوو کە لە ڕووی قەبارەشەوە بچووک بوو کە هەرگیز باوەڕ بەوە نەدەکرا مینێکی لەو جۆرە کەشتییەکی گەورەی وەک بریتانیک بتەقێنێتەوه چونکە خۆی ئەو مینە بۆ کەشتی قەبارە بچووک دروستکرابوو. 


سەرچاوەکان



58 بینین