چۆن لە ڕەمەزاندا خۆم لەگەڵ کار بگونجێنم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-03-21:14:00 - کۆدی بابەت: 12431
چۆن لە ڕەمەزاندا خۆم لەگەڵ کار بگونجێنم؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن لە ڕەمەزاندا خۆم لەگەڵ کار بگونجێنم؟ (بە عەرەبی: كيف انظم عملي في رمضان، بە ئینگلیزی: How to I adapt to work in Ramadan) لە مانگی ڕەمەزاندا زۆرێک لە ڕۆتین و شێوازی کارکردنی ڕۆژانەی موسوڵمانان دەگۆڕێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کارکردن لە ڕەمەزاندا زۆرجار ڕۆژوانان ماندوو و بێزار دەکات و لە ڕۆژدا وزە و چالاکییان کەم دەبێتەوە، هەروەها مێشکیان سەرقاڵ دەبێت و تووشی تووڕەبوون و هەڵچوون دەبن تەنانەت بەشێکیان ناتوانن کارەکانیا بە باشی یان بە شێوەیەکی دروست ئەنجام بدەن.

چەند ڕێکارێک بۆ چالاکبوون و بەرهەمداری لە کاتی کارکردن لە ڕەمەزاندا

ڕێکخستنی کات

ڕێکخستنی کات و دابەشکردن و بەفیڕۆنەدانی کات گرنگترین و سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتن و ڕاهاتنە بۆ ڕۆژووانان لە کار و پیشەکانیان لە مانگی ڕەمەزاندا، دیاریکردنی کاتی خەوتن، دانانی کات بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە، دانانی خشتە و پەیوەستبوون پێوەی، تەرخانکردنی کات بۆ ئەنجامدانی پەرستش، هەموو ئەمانە هاوکارن کە کەسەکە لە کاتی ئەنجامدانی کار و پیشەکەی مێشکی ئارام بێت و سەرقاڵی شتی تر نەبێت، تەنیا بایەخ بە ئەنجامدانی کارەکەی بدات بە ڕێک و دروستی.

خواردنەوەی بڕی ئاوی پێویست

دوای ڕۆژوو شکاندن و بەربانگ کردنەوە پێویستە بایەخ بە خواردنەوەی بڕی ئاوی پێویست بدرێت، لە ماوەی نێوان دوای بەربانگ کردنەوە تاکوو ماوەی کاتی پارشێو پێویستە بڕی گونجاو لە ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە و گرنگی بەوە بدرێت کە لەش تووشی وشکبوونەوە نەبێت، چونکە وشکبوونەوەی لەش و کەمی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆکاری بوورانەوە و تێکچوونی باری تەندروستی کەسەکە لە ڕۆژدا.

خواردنی تەندروست و پارشێو کردن

جۆر و بڕی ئەو خواردنەی کە لە ڕەمەزاناندا دەخورێت کاریگەرییەکی بەچاوی لەسەر چالاکی و وزەی کەسەکە هەیە لە ڕۆژدا، بۆیە زۆرگرنگە لە کاتی پارشێو و بەربانگدا دوورکەوەنەوە لە خواردنی چەور و شیرینی و ناتەندروست لەگەڵ گرنگیدان بە خواردنی تەندروست نموونەی سەوزە و میوە و شلەمەنییەکان. هەروەها پارشێوکردنی تەندروست هۆکارێکی ترە کە وزە دەبەخشێتە ڕۆژوانان کە لە ڕۆژەکەدا کار دەکەن، خواردنی پارشێو پێویستە تەندروست و گونجاو بێت، خاڵی بێت لە بابەتە شۆرکراو و چەورەکان تاکوو نەبێتە هۆکاری تینوێتی و تێکچوونی تەندروستی، پێویستە گرنگی بدرێت بەو خواردنانەی کە وزەبەخش و تەندروستن.

ڕێکخستنی کاتی خەو

دیاریکردن و دانانی کاتێک بۆ خەوتن و هەستان لە خەو لەگەڵ ڕێکخستنی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە چالاکی کەسەکە لە ڕۆژەکەدا، بە دانانی خشتە و پەیوەستبوون به کاتەوە دەکرێت کاتی خەو ڕێک بخرێت، ئەو کەسەی کە بەیانیان کاری هەیە پێویستە شەوانە بۆ ماویەکی زۆر نەمێنێتەوە و زوو بخەوێت و خواردنەوەی کافایینیشی سنووردار بکات.

ئەنجامدانی وەرزش و جووڵەی تەندروست

ئەنجامدانی وەرزش و ڕاهێنانی سادە و ئاسان لە ڕەمەزاندا، نموونەی پیادەڕەوی و تێڕامانی قووڵ یان یۆگا دەروون ئارام دەکەنەوە و هاوکارن لە ڕێکخستنی باری دەروونی و بەدەستهێنانی خەوێکی ئارام، بۆیە کەسەکە دەتوانێت لە ڕۆژدا لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانیدا تاڕادەیەک چالاک بێت و دووربێت لە هەڵچوون و تووڕەبوون و تەمەڵی.

سەرخەوشکاندنی بۆ ماوەیەکی کورت

سەرخەوشکاندن یان خەوتن بۆ ماوەیەکی کەم و دیاریکراو بە تایبەتی لە دوای نیوەڕوان یان لە کاتێکدا کە هەست بە ماندووێتی بکرێت، ڕێگایەکی ترە بۆ چالاکبوون و دووبارە نوێکردنەوەی وزەی کەسەکە لە ڕۆژدا، بەڵام بە مەرجەێک کاتی سەرخەوشکاندنەکە لە سی خولەک تێنەپەڕێت، تەنانەت تەنها داخستنی چاوەکان بۆ ماویەکی کەم کاریگەر و یارمەتیدەرن کە مێشک ئارام بێتەوە و چالاکی و وزەی لەش نوێ ببنەوە.


سەرچاوەکان



60 بینین