سوپەرئیگۆ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-01-19-20:22:00 - کۆدی بابەت: 11872
سوپەرئیگۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوپەرئیگۆ یان منی باڵا (بە عەرەبی: الانا الاعلى، بە ئینگلیزی: Superegoفرۆید ئەو پێکهاتەیەی کەسایەتییە کە سزا و پاداشت دەبەخشێت بە دەروونیی کەسێک لە بەرانبەر کردارەکانیدا. پێکدێت لە ئایدیایییە (نموونەییە) ناوەکییەکان کە لە دایباب و کۆمەڵگەوە وەرمان گرتووە و بەرپرسە لە دروستکردنی هەستی شانازی و ڕازیبوون، لە پاڵیشیدا هەستی شەرمنی  و هەستکردن بە تاوان.

لە سایکۆلۆجیدا، سوپەرئیگۆ یەکێکە لە سێ پێکهاتەکەی بیردۆزەکەی فرۆید بۆ کەسایەتی. دوو پێکهاتەکەی تر یەکێکیان ئیدە، کە بەرپرسە لە هاندەرە بنچینەییەکان، و ئەوەی تریش ئیگۆیە، کە بەرپرسە لە ئەو بەشەی ئاگایی کە بڕیار دەدات. سوپەرئیگۆ کاردەکات بۆ چەپاندنی ویستەکانی ئید و هەوڵ دەدات ئیگۆ بە شێوەیەکی ئاکارییانە مامەڵە بکات لەجیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی واقیعیانە مامەڵە بکات.

سوپەرئیگۆ

سوپەرئیگۆ لە بیردۆزی شیکردنەوەی دەروونیی سیگمند فرۆیددا، کۆتا بەشی کەسایەتیی مرۆڤە کە پەرەدەسێنێت. سوپەرئیگۆ پێکهاتە ئەخلاقییەکەی کەسایەتییە و پێوەرەکانی ئەخلاقیی دابین دەکات کە ئیگۆ بەڕێوەی دەبات. ڕەخنەگری، قەدەغەکردن و کپکردنەکانی سوپەرئیگۆ لە ئاگاییی مرۆڤێکدا، و خواستن و ئایدیایییە ئەرێنییەکانی ئیگۆی ئایدیایی پێکدەهێنێت.

سوپەرئیگۆ لە ماوەی پێنج ساڵی سەرەتای ژیاندا گەشە دەسەنێت وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ قبووڵکردن و سزای دایبابانە. ئەم گەشەسەندنە لە ئەنجامی لێکدانەوە ناوەکییەکانی پێوەرە ئەخلاقییەکانی دایک و باوکییەوە ڕوودەدات، ئەم پرۆسەیە بەزۆری بە ویستی ناساندن بە دایک و باوکەکە ئاڕاستە دەکرێت. سوپەرئیگۆ گەشەسەندووەکە نەریتەکانی خێزانەکە و کۆمەڵگەکەی چواردەوری وەردەگرێت وە هەوڵ دەدات کە جڵەوی هاندەرە تووند و ناقبووڵکراوەکان لە لایەن کۆمەڵگەوە بکات. پێشێلکردنی پێوەرەکانی سوپەرئیگۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە تاوان و پێویستی سزادان. سوپەرئیگۆ بەردەوامە لە گەشەسەندن لە تەمەنی پێگەیشتندا بەو پێیەی کەسەکە ڕووبەڕووی چەند کەسایەتییەک دەبێتەوە کە بەلایەوە پەسەندە و ئاشنای یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگە گەورەترەکان دەبێت.

بەشەکانی سوپەرئیگۆ

سوپەرئیگۆ دەکرێت دابەش بکرێت بەسەر دوو پێکهاتەدا: ئیگۆی نمونەیی و ئاگایی.

ئیگۆی نموونەیی

ئیگۆی نموونەیی (منی نموونەیی) ئەو بەشەی سوپەرئیگۆیە کە یاسا و پێوەرەکانی ڕەفتاری باش دەگرێتە خۆی. ئەو ڕەفتارانە ئەوانە دەگرێتەوە کە لە لایەن دایباب و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی ترەوە پەسەندن. بەگوێکردنی ئەم یاسایانە سەردەکێشێت بەرەو هەستکردن بە شانازی، پێزانین و بەدەستهێنان. شکاندنی ئەم یاسایانە هەستکردن بە تاوانی لێدەکەوێتەوە.

ئیگۆی نموونەیی زۆرجار بەو وێنەیە لێی دەڕوانرێت کە ئێمە بۆ خودی نموونەیی خۆمان هەمانە؛ ئەو کەسەی لە خەیاڵماندایە پێی بگەین. ئەم وێنەی تاکی نموونەیییە کە زۆر جار لەو کەسانەوە وەری دەگرین کە دەیانناسین، دواتر دەیانکەین بە پێوەری ئەو کەسەی لە خەیاڵماندایە ببین پێی و پێی بگەین.

ئاگایی

ئاگایی پێکهاتووە لەو ڕێسایانەی کە تێیدا ڕەفتارەکان بە خراپ دادەنرێن. کاتێک کردارێک ئەنجام دەدەین کە لەگەڵ ئیگۆی نموونەییدا دەگونجێت، هەست بە باشی دەکەین لەبارەی خۆمانەوە و شانازی بە دەستکەوتەکانمانەوە دەکەین. کاتێک شتانێک دەکەین کە ئاگاییمان بە خراپی دادەنێت، هەست بە هەستکردن بە تاوان دەکەین.

ئامانجەکانی سوپەرئیگۆ

ئەرکی سەرەکی سوپەرئیگۆ کپکردنی تەواوی ویست و ئارەزووەکانی ئیدە کە وا دادەنرێن هەڵەن و لە لایەن کۆمەڵگاوە قبووڵنەکراوە. هەروەها زۆریش لە ئیگۆ دەکات کە بە شێوەیەکی ئاکارییانە ڕەفتار بکات. لە کۆتاییدا سوپەرئیگۆ هەوڵ دەدات بگات بە ئەخلاقی کامڵ، بە بێ ڕەچاوکردنی واقیع.

سوپەرئیگۆ لە هەر سێ ئاستەکەی هۆشدا بوونی هەیە. بەهۆی ئەمەوە هەندێکجار دەتوانین ئەزموونی هەستکردن بە تاوان بکەین بە بێ ئەوەی بە دیاریکراوی تێبگەین بۆچی بەو شێوەیە هەست دەکەین. کاتێک سوپەرئیگۆ لە ئاگاییدا کاردەکات، ئێمە ئاگاداری ئەوەین لە ئەنجامدا هەست بە چی دەکەین. ئەگەر، سوپەرئیگۆ لە نائاگاییدا کاربکات بۆ سزادان یان کپکردنی ئید، لەوانەیە هەست بە تاوان بکەین و بە تەواوەتیش تێنەگەین بۆچی بەو شێوەیە هەست دەکەین.

سوپەرئیگۆ و ئیگۆ

ئانا فرۆیدی کچی سیگمند فرۆید لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە، کاتێک سوپەرئیگۆ و ئیگۆ دەکەونە ناکۆکییەوە، جیاکردنەوەیان لە یەکتری زەحمەت دەبێت.

لە ساڵی ١٩٣٦دا لە کتێبی "ئیگۆ و میکانیزمی بەرگری"دا ئاماژەی بەوەداوە کە: "پێکهاتەکانی [سوپەرئیگۆ] زۆربەی کاتەکان لە ئاگاییدان و دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بە تێڕوانینی ئیندۆسایکیک پێی بگەین. سەرەڕای ئەوەش، وێناکردنی ئێمە بۆ سوپەرئیگۆ هەمیشە لێڵە کاتێک پەیوەندی هاوسەنگ لەنێوان و ئەو و ئیگۆدا هەیە.

پاشان دەڵێین کە ئیگۆ و سوپەرئیگۆ هاوکاتن، بۆ نموونە لەم کاتانەدا، سوپەرئیگۆ وەکوو بەشێكی جیاواز لێی ناڕوانرێت لە ڕوانگەی کەسەکە خۆیەوە یانیش ئەو کەسەی کە لە دەرەوە تێڕوانینی بۆ دەکات. هەبوونی سوپەرئیگۆ کاتێک ڕوون دەبێت کە ڕووبەڕووی ئیگۆ ببێتەوە یان لانیکەم ڕەخنەی لێبگرێت.

سوپەرئیگۆ، وەکوو ئید، لە دۆخێکدا کاتێک لەناو ئیگۆدا دروست دەبێت هەست بە بوونی ناکرێت، بۆ نموونە کاتێک ڕەخنەگرییەکەی هەستی تاوان دروست دەکات. ئەمە واتای ئەوەیە کە کەسەکە تەنها کاتێک هەست بە بوونی سوپەرئیگۆ دەکات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی سزا و پاداشت".

سوپەرئیگۆ لە سایکۆلۆجیدا

فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە نیورۆسسەکان بەهۆی زاڵبوونی زۆری سوپەرئیگۆوە ڕوودەدەن، لە کاتێکدا سایکۆسسەکان بەهۆی زاڵبوونی زۆری ئیدەوە ڕوودەدەن. نیشانەکان ئەو کاتە دەردەکەون کە ئیگۆ هەوڵ دەدات جڵەو لە دەستی سوپەرئیگۆ یان ئیدەوە وەربگرێتەوە.

بەرەوپێشچوونە چارەسەرکارییەکەی فرۆید، پێی دەوترێت سایکۆئەنەڵایسس، لە هەوڵدا بوو بۆ دەرخستنی هەست و یادەوەرییە چەپێنراوەکان لە پەراوێزی هەستدا. لەو بڕوایەدا بوو کە تەکنیکەکانی وەکوو شیکردنەوەی خەون دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی ڕەگی پەراوێزی هەستی ناکۆکی نێوان سوپەرئیگۆ، ئیگۆ و ئیددا. لەو بڕوایەدا بوو، هێنانی ئەم یادەوەری و هەستانە بۆ مێشكی ئاگایی، یارمەتی کەسە دەدات ناکۆکییەکە چارەسەر بکات.

هەندێک لە کەرەستەکانی سایکۆئەنەڵایسس هێشتا لە لایەن چارەسەرکارە دەروونییەکانەوە بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە بیرۆکەکانی سەبارەت بە سوپەرئیگۆ، ئیگۆ و ئید لە لایەن زۆرینەوە بە شتێکی بەسەرچوو دادەنرێت و سوودی نییە لە ڕاهێنانە چارەسەرکارییە دەروونییە نوێیەکاندا.


سەرچاوەکان



210 بینین