چۆن بوومەلەرزە ڕوودەدات؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-04-23:08:00 - کۆدی بابەت: 12440
چۆن بوومەلەرزە ڕوودەدات؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بوومەلەرزە ڕوودەدات؟ (بە ئینگلیزی: how earthquake occurs، بە عەرەبی: كيف يحدث الزلزال) بوومەلەرزە دیاردەیەکی  سرووشتییە کە بەهۆی جوڵانی پلێتە تەکتۆنییکانی زەوی ڕوودەدات کاتێک لەناکاو دەخزێن. ئەو ڕووەی کە لێی دەکەوێتە خوارەوە پێی دەوترێت درز (fault) یان ڕووتەختی درز (fault plate). شوێنی ژێر ڕووی زەوی کە بوومەلەرزەکەی تێدا دەست پێدەکات پێی دەوترێت قووڵە ناوەندی بوومەلەرزە (hypocenter) و ئەو شوێنەی کە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕووی زەوییە پێی دەوترێت ناوەندی زەوی (epicenter) کە سەرچاوەی بوومەلەرزەکەیە.

بوومەلەرزەکان دەتوانن ببێتە هۆی لەرزینی زەوی، شلەی خاک، زەوییەکان، شکان، بەفربارین، ئاگر و تسۆنامی. ڕێژەی وێرانکاری و زیانەکان بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە پشت دەبەستێت بە ئاڕاستەکەی، بەهێزیەکەیی و ماوەکەی، هەندێکجار بوومەلەرزە هەستی پێ ناکرێت و هەنێک جاریش دەبێتە هۆی وێرانکردنی ناوچەیەک بە تەواوی.

بوومەلەرزە بەزۆری لەو شوێنانە ڕوودەدەن کە درزی چالاکیان تێدایە و بەردەوام جوڵەی پلێتی تەکتۆنییەکانی هەیە. گەورەترین پشتێنەی بوومەلەرزە لە جیهاندا، پشتێنەی بوومەلەرزەی زەریای هێمنە، بە درێژایی قەراغی زەریای هێمن دەدۆزرێتەوە، کە نزیکەی لە سەدا ٨١ی گەورەترین بوومەلەرزەکانی هەسارەکەمان تێیدا ڕوودەدات، کە نازناوی "ئەڵقەی ئاگر"ی هەیە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی Statista، چین زۆرترین بوومەلەرزەی لە جیهاندا هەیە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٢٢، چین ١٨٢ بوومەلەرزەی تۆمارکردووە.

چۆنیەتی دروستبوونی بوومەلەرزە

زەوی چوار چینە سەرەکییەکەی هەیە؛ ناوکی ناوەوە، ناوکی دەرەوە، پەردە و هەروەها توێکڵ. توێکڵەکە و بەشی سەرەوەی پەردەکە پێستێکی تەنک لەسەر ڕووی هەسارەکەمان دروست دەکەن.

بەڵام ئەم پێستە هەمووی لە یەک پارچەدا نییە، بەڵکو لە چەندین پارچە پێکهاتووە و پێکەوە بەستراون کە ڕووی زەوی دادەپۆشێت و پێیان دەوترێت پلێتی تەکتۆنی، ئەم پارچانە بەردەوام بە هێواشی دەجوڵێن و لەسەر یەکتر دەخزێن. لێوارەکانی پلێتەکان کە بەریەککەوتن تێیاندا ڕوودەدات پێیان دەوترێت سنووری پلێت، سنوورەکانی پلێتەکان لە چەندین درز (fault) پێکهاتووە و زۆربەی بوومەلەرزەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەسەر ئەم درزانە ڕوودەدەن. 

لە کاتێکدا لێوارەکانی درزەکان بەیەکەوە گیریان خواردووە و بەشەکانی تری بلۆکەکە دەجوڵێن بە بەردەەامیی، ئەو وزەیەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێتە هۆی ئەوەی بلۆکەکان لە یەکتر تێپەڕبن، کۆدەبێتەوە. کاتێک هێزی بلۆکە جووڵاوەکان لە کۆتاییدا زاڵ دەبێت بەسەر لێکخشاندنی لێوارە چەماوەکانی درزەکە، هەموو ئەو وزەیەی کۆکراوەتەوە ئازاد دەکرێت. وزەکە لە درزەکەوە بەرەو دەرەوە لە هەموو ئاڕاستەکاندا لە شێوەی شەپۆلی بوومەلەرزەیی بڵاودەبێتەوە وەک شەپۆلی ئاو. شەپۆلەکانی بوومەلەرزە زەوی دەهەژێنن کاتێک بەناودا دەجوڵێن، و کاتێک شەپۆلەکان دەگەنە سەر ڕووی زەوی بوومەلەرزە دروست دەکات.

کاتێک بوومەلەرزە ڕوودەدات چەند دانەیەکن بەسەریەکەوە، هەندێکجار پێش شۆکی سەرەکی بوومەلەرزەیەک ڕوودەدات لە هەمان شوێنی بوومەلەرزە گەورەکە کە پێی دەوترێت پێش شۆک، کە لە شۆکی گەورە بچووکترە. زاناکان ناتوانن بڵێن بوومەلەرزەیەک پێش شۆکە یاخود شۆکی گەورەیە هەتا ئەو کاتەی بوومەلەرزە گەورەکە ڕوودەدات. گەورەترین بوومەلەرزەی سەرەکی پێی دەوترێت شۆکی سەرەکی. هەمیشە دوای شۆکی سەرەکی بوومەلەرزەیەک یاخود چەند بوومەلەرزەیەکمان هەیە کە پێی دەوترێت دوایی شۆک، ئەمان بوومەلەرزەی بچووکترن کە دواتر لە هەمان شوێنی سەرەکی بوومەلەرزەکە ڕوودەدات. بە پشت بەستن بە قەبارەی بوومەلەرزە سەرەکییەکە، دوایی شۆک دەکرێت بۆ چەند هەفتەیەک و مانگ و تەنانەت چەند ساڵێک دوای بوومەلەرزەکە بەردەوام بێت.


سەرچاوەکان



83 بینین