شەقامی موتەنەبی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-09-17:41:00 - کۆدی بابەت: 12479
شەقامی موتەنەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەقامی موتەنەبی یان شەقامی ڕۆشنبیری بەغداد (بە عەرەبی: شارع المتنبي، بە ئینگلیزی: Mutanabbi Street) شەقامێکی سەرەکی و ناوداری شاری بەغدادی پایتەختی عێراقە، دەکەوێتە نزیک ناوچەی مەیدان و شەقامی ڕەشید، شەقامی موتەنەبی بە کۆکەرەوەی ڕۆشنبیران و خوێنەران و نووسەرانی بەغداد بە تایبەتی و عێراق بە گشتی دادەنرێت، بازرگانانی کتێب، کتێبخانە و کتێب‌فرۆشان، چاپخانە و شوێنی حەوانەوەی لەخۆگرتووە، چەند چاپخانەیەکی ناودار و دێرینی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم، شەقامێکی درێژە کە درێژییەکەی نزیکەی ٧٠٠ مەترە و دەوروبەری شەقامەکە بە کتێب و شوێن و کۆشکی کتێب فرۆشان دەوردراوە، بیناکانی شەقامەکە بە شوێنە کۆن و دێرینەکانی بەغداد دادەنرێن و چەند جارێک نۆژەن کراوەنەتەوە.

شەقامەکە لە ڕۆژانی هەینی و لە ڕۆژانی پشووەکاندا چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری جۆاوجۆری تێدا ئەنجام دەدرێت، نووسەران و ڕۆشنبیرانی بەغداد و عێراق لە شوێنەکە کۆدەبنەوە، هاوکات هەوارادانی کتێبیش ڕوودەکەنە شوێنەکە. شەقامەکە بووەتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی بەغداد و بە شەو و بە ڕۆژ بەڕووی سەردانیکەرانی کراویە.

مێژووی شەقامەکە

مێژووی دروستبوونی شەقامەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم و بە دیاریکراوی بۆ سەردەمی ماوەی کۆتایی دەسەڵاتی عەباسییەکان، شەقامەکە لە سەردەمی عەباسییەکان بە "ڕیگای زاخی/درب زاخي" ناسراو بوو کە ناوێکی ئارامییە. لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان شەقامەکە بە شەقامی "وەڕاقین" ناونرا و ئەوان شوێنەکەیان کردە سەربازگە و ناوەند و خوێندنگەیەکی سەربازییان تێدا کردەوە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەم چەند چاپخانەیەک لەسەر شەقامەکە دامەزراون و تایبەت بوون بە چاپکردنی کتێب گۆڤار و ڕۆژنامە، مێژووی کۆنترین چاپخانەی شەقامەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٨ کە بە کتێبخانەی عەسڕییە ناسراوە. دوای دامەزراندنی چاپخانەی شابەندەر لە ساڵی ١٩١٧ شەقامەکە و دواتر کە کرا بە چایخانە زیاتر ناسرا و هەر بە شەقامی "وەڕاقین" ناسراو بوو.

لە سەردەمی داگیرکردنی ئینگلیز و دەسەڵاتی پاشایەتی عێراق شەقامەکە بۆ شوێنی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بەکاردەهێنرا و شەقامێکی فەرمی بوو، بە بڕیارێکی فەرمی لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو شەقامەکە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ شەقامی موتەنەبی.

واتای ناوەکەی

شەقامی موتەنەبی ناوەکەی لە ناوی ئەبووتەیب موتەنەبی هۆزانڤانی عێراقی و عەرەبی وەرگیراوە کە شاعیرێکی سەردەمی عەباسییەکان بوو، لە ڕابردوودا شەقامەکە بە شەقامی وەڕاقین (الوراقين) ناسراو بووە بەهۆی ئەوەی کتێب و دەستنووس و ڕۆژنامەی زۆری لێ بووە بەو ناوە ناسراوە. دواتر لە سەردەمی پاشایەتی و لە سەرەتای ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو ناوی شەقامەکە بە فەرمی کراوە بە شەقامی موتەنەبی و شەقامەکە بە ناوی شاعیر ئەبووتەیب موتەنەبی ناونراوە و ناسراوە.

شوێنەوارەکانی شەقامەکە

بینای دادگای کاروباری شارستانی کۆن: بینایەکی کۆنە و بە (بینای قشڵە) یان (قوتابخانەی موەفەقیە) ناسراوە، شوێنەکە شوێنەوارێکی مێژووییە و لە سەردەمی پاشایەتی عێراق وەکوو وەزارەتی بەرگری بەکارهێنراوە.

ناوەندی ڕۆشنبیری بەغداد: ئەم ناوەندە دەکەوێتە کۆتایی شەقامی موتەنەبی و لە ساڵی ٢٠١١ نۆژەن کراوەتەوە و دووبارە کراوەتەوە، پاشان بووە بە ناوەندێکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی گرنگ لە بەغداد و چالاکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری تێدا ئەنجام دەدرێت، مێژووی دروستبوونی ئەم ناوەندە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان، ئەوان وەکوو کۆلێج و خوێندنگەیەکی سەربازی سوودیان لە شوێنەکە وەرگرتبوو، زۆرێک لە سیاسەتوانەکانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق لەو ناوەندە سەربازییە دەرچووبوون، نموونەی یاسین هاشمی، نووری سەعید، جەعفەر عەسکەری، جەمیل مدفەعی و ڕەشید خۆجە.

چایخانەی شابەندەر: لە چایخانە کۆن و دێرینەکانی بەغدادە و دەکەوێتە کۆتایی شەقامی موتەنەبی، لە ڕابردوودا ئەم چایخانەیە چاپخانە بووە و لە ساڵی ١٩٠٧ لەلایەن موسا شابەندەرەوە کە بازرگانێکی دەوڵەمەندی بەغداد بووە دامەزراوە، خاوەن چاپخانەکە لە سەردەمی پاشایەتی بووە بە وەزیری دەرەوەی شانشینی عێراق. دوای ماوەیەک و لە ساڵی ١٩١٧ چاپخانەکە کرا بە چایخانەیەکی میللی و بووە ناوەندێکی کولتووری و ڕۆشنبیری بەغداد، زۆر کەس ئەگەر سەردانی شەقامی موتەنبی بکەن سەردانی ئەم چایخانەیەش دەکەن.

هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠٠٧  بۆ سەر شەقامەکە 

لە ڕۆژی پێنجی ئایاری ساڵی ٢٠٠٧ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوەڕاستی شەقامەکە دانرا و تەقییەوە، لە ئەنجامدا ٣٠ کەسی کردە قوربانی و ٦٠ کەسیش بریندار بوون و شوێنەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، (کتێبخانەی عەسڕییە) کە بەکۆنترین کتێبخانەی شەقامەکە دانرا بوو و لە ساڵی ١٩٠٨ دروستکرابوو، لەم تەقینەووەیە بە تەواوی ڕووخا، نزیکەی ٧٠٪ـی چایخانەی شابەندەر خاپوور بوو، زۆرێک لە کتێبخانە و چاپخانەکان سووتان و زیانیان بەرکەوت، بەشێک لە دەستنووس و کتێبی زۆر کۆن لەناوچوون و سووتان.

نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە

دوای ئەوەی لە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٧ زیانێکی زۆر بەر شەقامەکە کەوت، بڕیاری نۆژەنکردنەوی شەقامەکە درا، کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی بەرپرس لە کاروباری ڕۆشنبیری ناوچەکە سەد هەزار دۆلاری تەرخانکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامی موتەنەبی لە بەغدادی پایتەخت.

لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ شەقامەکە بە فەرمی کرایەوە.

لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ دووبارە شەقامەکە نۆژەن کرایەوە و ٣٥ باڵەخانە و بینای ناوداری شەقامەکە نۆژەن کرانەوە و بە شێوەیەک نۆژەن کرانەوە کە شوناس و کولتووری شەقامەکە نەشێوێت و شوێنەوارە دێرینەکان هەر وەکوو خۆی مانەوە، بەڵام شەقامەکە سەردەمیانەتر دەرکەوت و فراوانتر ڕێکخراوتر بووەوه.

پەیکەری موتەنەبی

لە کۆتایی شەقامی موتەنەبی نزیک ڕووباری دیجلە پەیکەرێک بۆ شاعیر ئەبووتەیب موتەنەبی دروستکراوە، نزیک پەیکەرەکە وەکوو مۆنومێنتێکی لێهاتووە کە زۆرجار شاعیران لەو شوێنه کۆدەبنەوە و شیعر پێشکەش دەکەن، سەردانیکەرانی شوێنەکە وێنە لەگەڵ پەیکەرەکە دەگرن کە لە نزیک کەناراوەکانی ڕووباری دیجلە دروستکراوە و دیمەنێکی سەرەنجڕاکێشی هەیە.

هاوکات دێڕە بەناوبانگەکەی موتەنەبی لەسەر پەیکەرەکەی نووسراوە کە بریتییە لە: "أنا الذي نظر الأعمى الى أدبي وأسمعت كلماتي من به صمم"، واتا: "من ئەو کەسەم کە تەنانەت نابینایش شێوازی نووسین و ئەدەبەکەمی بینیوە، تەنانەت وتە و وشەکانم نابیستانیش گوێ بیستی بوونە"، چەند جارێک لەلایەن چەند کەس و لایەنێکەوە بەهۆکاری نادیار پەیکەرەکە شکێنراوە و تێکدراوە و شێوێندراوە، بەڵام دووبارە چاککراوەتەوە و نۆژەن کراوەتەوە.


سەرچاوەکان



73 بینین