بچووکترین ئەندامی جەستە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-14-16:11:00 - کۆدی بابەت: 12503
بچووکترین ئەندامی جەستە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بچووکترین ئەندامی جەستە (بە ئینگلیزی: smallest organ in the body، بە عەرەبی: أصغر عضو في الجسم) پینیەڵ گڵاند Pineal gland پێشی دەوترێت ڕژێنی کاژی بچووکترین ئەندامی جەستەی بڕبڕەدارەکانە، سەرچاوەی هۆڕمۆنی میلاتۆنینە. ماوەیەکی زۆر ئەم ئەندامە پێکهاتەیەکی نادیاری هەبووە، تەنانەت لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ دا، کاتێک تەکنیکە گەردیلەییە پێشکەوتووەکان بۆ لێکۆڵینەوەی زیندەزانی بەردەست بوون، تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی ئەم ئەندامە هەر بە نادیاری ماوەتەوە. ئەم ئەندامە دەکەوێتە قووڵایی هێڵی ناوەڕاستی مێشک لە دەرەوەی پەردەی خوێن - مێشک. لە بەشەکانی دەمارەخانەکان و خانە تایبەتمەندەکان بە دەردانی هۆڕۆمۆنەکان کە پێیان دەوترێت خانەکانی پینیەڵ پێکهاتووە، ئەم خانانە هۆڕمۆنی میلاتۆنین بەرهەم دەهێنن و پاشان بۆ ناو شلەی مێشک و دڕکەپەتک دەری دەدەن. ئەم شلەیە بەناو بۆشایی مێشک و دڕکەپەتک تێپەڕدەبێت و دواتر دەچێتە ناو خوێنەوە.

فرمانی سەرەکی بریتییە لە وەرگرتنی زانیارییەکان دەربارەی سوڕی ڕووناکی - تاریکی لە ڕۆژدا و پاشان گۆڕینی ئەم زانیارییانە، دواتر بەرهەمهێنان و دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە ڕێژەکەی لە ڕۆژدا کەم و لە شەودا زۆرە. ناوەکەی لە شێوەکەیەوە وەرگیراوە، لە کەسێکی پێگەیشتوودا بە نزیکەیی ٨,٠ سانتیمەتر لە درێژیدا و کێشی نزیکەی ١,٠ گرام دەبێت. بەبێ ئەم ڕژێنە ڕەنگە جەستە تووشی سەختی لە چۆنیەتی ڕێکخستنی نووستن و ئەو کردارە فیسیۆلۆجیانەی پەیوەندییان بە ڕیتمی شەووڕۆژییەوە هەیە ببێت. لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا ئەگەر کەسێک تووشی لووی ڕژێنی کاژی ببێت ئەوا ڕژێنەکە لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە لادەبرێت.  

ئەو هۆڕمۆنانەی تایبەتن بەم ڕژێنە

هەردوو هۆڕمۆنی میلاتۆنین (melatonin) و سیرۆتۆنین (serotonin) لەم ڕژێنەدا دروست دەکرێن. ئەو بارودۆخانەی کاریگەرییان لەسەر ئەم ئەندامە دەبێت، فرمان و توانای بەرهەمهێنانی میلاتۆنین لەلایەن ئەم ڕژێنەوە بەهۆی کۆمەڵێک بارودۆخ و کەموکوڕی کاریگەر دەبێت کە بریتین لە:

  • لووی ڕژێنی کاژی
  • برینداربوون کە کاریگەری لەسەر ئەم ڕژێنە هەبێت
  • ڕەقبوونی ڕژێنەکە، بەهۆی کۆبوونەوەی کالیسیۆمەوە ڕوودەدات.

نیشانەکانی هەبوونی کێشە لەم ڕژێنەدا

  • فێ یاخود نۆرە فێ
  • کێشە لە توانای بیرهاتنەوەی شتەکاندا
  • سەرئێشە
  • سەرگێژخواردن و ڕشانەوە
  • گۆڕانی توانای بینین

 چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕژێنی کاژی

دروستبوونی لوو لە ڕژێنەکەدا ڕەنگە بەیەکێک لەم ڕێگایانە لاببرێت:

  • نەشتەرکاری: لابردنی لووی ڕژێنی کاژی بەهۆی شوێنەکەی کە دەکەوێتە ناوەڕاستی مێشک کارێکی گرانە. بەهۆی ئەمەوە نەشتەرکاری چارەسەرێکی باو نییە. لە هەندێک حاڵەتە پزیشکەکان بەتەواوی ڕژێنەکە لادەبەن.
  • چارەسەر لەڕێ تیشکەوە: ئەم چارەسەرە سەرنج دەخاتە سەر بەکارهێنانی تیشک بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان و ڕێگریکردن لە گەشەکردنیان.
  • چارەسەری کیمیایی: بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمان بۆ لەناوبردن و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان.

ئەگەر نەخۆشەکە دووچاری بارودۆخێک هاتبوو کە ڕێژەی دەردانی هۆڕۆمۆنی میلاتۆنین کەم بوو، ئەو کاتە پزیشک چارەسەری ئەم بارودۆخە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمان کە کاریگەری لەسەر ڕێژەی میلاتۆنین هەبێت دەکات. زانایان و توێژەرەوان نەیان توانیوە دەربارەی ئەم ڕژێنە، هۆڕمۆنی میلاتۆنین و فرمانەکانیان بەتەواوی بزانن. بەهۆی ئەمەش ڕێگایەکی گونجاو تاکوو کەسێک بتوانێت پارێزگاری لەم ڕژێنە بکات و بە تەندروستی بیهێڵێتەوە نەدۆزراوەتەوە. 


سەرچاوەکان



65 بینین