زیندەڕووناکی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-04-17-14:48:00 - کۆدی بابەت: 12555
زیندەڕووناکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیندەڕوناکی، زیندەڕۆشنایی, بایۆلۆمینسێنس یان زیندەدرەوشانەوە (بە ئینگلیزی: Bioluminescence، بە عەرەبی: التلألؤ البيولوجي) بریتییە لە ڕووناکییەک کە بەهۆی کارلێکی کیمیایی زیندەوەرە وردەکانەوە بەرهەم دێت. زیندەڕووناکی جۆرێکە لە کیمیای ڕووناکی کە بە سادەیی بریتییە لە کارلێکی کیمیایی کە تێیدا ڕووناکی بەرهەم دێت. زیندەڕووناکی بە شێوەیەکی فراوان لە کڕکڕاگە ئاوییەکان و بێ کڕکڕاگەکاندا ڕوودەدات، وەکوو ماسی و بەکتریا و جێلی، هەروەها لە هەندێک زیندەوەری سەر وشکانی وەکوو ئەستێرۆک (مێشوولەی ئاگرین)، قارچک و زیندەوەرە وردەکان ڕوودەدات. زیندەڕووناکی ڕووناکییەکی سارد (واتە کەمتر لە ٢٠٪ـی ڕووناکی تیشکی گەرمی، ڕووناکییەک کە لە پلەی گەرمی نزمدا لە سەرچاوەیەکەوە دەردەچێت کە گەرم نییە.) دروست دەکەن. هەروەها نزیکەی هیچ زیندەوەرێکی خاوەن زیندەڕووناکی نییە کە شوێنی ژیانی ئاوی شیرین بێت.

کیمیا

ئەو کارلێکە کیمیاییەی کە زیندەڕووناکی لێ دروست دەبێت پێویستی بە دوو مادەی کیمیایی بێهاوتا هەیە، وەکوو لوسیفێرین و یان لوسیفێراز یان فۆتۆپڕۆتین. لوسیفێرین ئەو پێکهاتەیەیە کە لە ڕووناکی بەرهەم دەهێنێت. ڕەنگی زیندەڕووناکی زەرد لە ئەستێرۆک و سەوز لە چراماسی (لەنتەرماسی) لە ئەنجامی ڕێکخستنی گەردی لوسیفێرینە.

هەندێک زیندەوەرە زیندەڕووناکییەکان خۆیان لوسیفێرین بەرهەم دەهێنن. بۆ نموونە زیندەوەرە دووشێلاقەکان بە ڕەنگێکی پیرۆزەیی زیندەڕووناکی دەردەکەن. دووشێلاقە خاوەن زیندەڕووناکییەکان جۆرێکن لە زیندەوەری سەرئاوەکی بچووک کە هەندێک جار دەتوانن لە شەودا ببنە هۆی درەوشانەوەی ڕووی زەریاکە. هەندێک لە زیندەوەرە ڕووناکی دەرەکان لوسیفێرین دروست ناکەن. بەڵکوو لە ڕێگەی زیندەوەرانی ترەوە هەڵیدەمژن، یان وەک خۆراک یان لە پەیوەندییەکی سوودگۆڕکێدا دەدرەوشێنەوە. بۆ نموونە هەندێک جۆری ماسی میدشیپمان، لە ڕێگەی ئەو تۆوە بچووکانەوە کە دەیخۆن لوسیفێرین بەدەست دەهێنن. بەکتریا و سکوید پەیوەندییەکی سوودگۆڕکێیان هەیە.

هەروەها لوسیفێراس ئەنزیمێکە، لە کاتی کارلێکی لەگەڵ لوسیفێرین بەرهەمێکی لاوەکی دروست دەکات، کە پێی دەوترێت ئۆکسیلوسیفێرین. لەوەش گرنگتر کارلێکی کیمیایییان ڕووناکی دروست دەکات. دووشێلاقەکان ڕووناکی بە کارلێکی لوسیفێراس و لوسیفێرین بەرهەم دەهێنن. زۆربەی کارلێکەکانی زیندەڕووناکی لوسیفێراس و لوسیفێرین لەخۆ دەگرن، بەڵام هەندێک لە کارلێکەکان لوسیفێراسیان تێدا نییە. ئەم کارلێکانە بریتین لە ماددەیەکی کیمیایی تر کە پێی دەوترێت فۆتۆپڕۆتین. فۆتۆپڕۆتینەکان لەگەڵ لوسیفێرین و ئۆکسجین یەکدەگرن، بەڵام پێویستیان بە ماددەیەکی تر هەیە کە زۆرجار ئایۆنێکی توخمە کالیسیۆمە بۆ بەرهەمهێنانی ڕووناکی.

ڕەنگی زیندەڕووناکییەکان

دەرکەوتنی ڕەنگی زیندەڕووناکییەکان زۆر جیاوازە، ئەمەش بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و ئەو زیندەوەری کە تێیدا دەدۆزرێتەوە دەردەکەوێت. بۆ نموونە زۆربەی زیندەڕووناکی دەریایی ڕووناکییەکەی ڕەنگی پیرۆزەییە. ئەم ڕەنگانە لە قووڵایی زەریادا بە ئاسانی دەردەکەون. هەروەها زۆربەی زیندەوەرە دەریاییەکان تەنها توانای دەردانی ڕەنگی پیرۆزەییان هەیە، لە ڕووی جەستەییەوە ناتوانن ڕەنگی زەرد، سوور، یان وەنەوشەیی دروست بکەن. هەروەها زۆربەی زیندەوەرە وشکانییەکانیش ڕەنگی پیرۆزەیی پیشان دەدەن. بەڵام زۆربەیان لە شەبەنگی ڕووناکی زەرددا دەدرەوشێنەوە، لەوانە ئەستێرۆک (مێشوولەی ئاگرین) و جۆرێک لە شەیتانۆکە.

کەم زیندەوەر هەیە بتوانێت بە زیاتر لە ڕەنگێک بدرەوشێتەوە, کرمۆکەی لارڤا ئاشناترینیانە. سەری کرمۆکەکە بە ڕەنگی سوور دەدرەوشێتەوە، لە کاتێکدا جەستەی ڕووناکی سەوز دەردەکات. لوسیفێراسە جیاوازەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە زیندەڕووناکییەکان بە شێوەیەکی جیاواز دەربکەون. هەروەها هەندێک لە زیندەوەران بە بەردەوامی ڕووناکی دەردەکەن. بۆ نموونە هەندێک جۆری قارچک کە لە دارە خراپبووەکاندا هەن، درەوشاوەیییەکی تاڕادەیەک بەردەوام دەردەدەن، کە پێی دەوترێت فۆکسفایە.

ئایا مەلەکردن لە ئاویێکدا سەلامەتە زیندەڕووناکی تێدابێت؟

لە هەندێک حاڵەتدا زیندەڕووناکی زیانبەخش نییە، چونکە تەنها میکانیزمێکی بەرگری سروشتییە لە بوونەوەرە دەریاییەکانی وەک فیتۆپلانکتۆن (گیاسەراوەکی)، ڕۆبیان و سکوید. لە حاڵەتەکانی تردا بوونەوەرە زیندەڕووناکییەکان دەتوانن ژەهر بەرهەم بهێنن کە زیان بە ماسی و مرۆڤ و ئەو بوونەوەرانەی تر کە بەرکەوتەیان لەگەڵیدا دەبێت بگەیەنن، بۆیە ڕەنگە باشتر بێت ئەگەر خۆت لە مەلەکردن لەو ئاوانە بەدوور بگرێت کە زیندەڕووناکییان تێدایە. هەرچەندە ئەم دیاردەیە سەرسوڕهێنەرە و دیمەنێکە بۆ بینین، بەڵام باشتر وایە لە دوورەوە سەیر بکرێت لە ئەگەری بەرکەوتن و ژەهراوی بوون.

ئایا زیندەڕووناکی ئاماژەیەکی خراپە؟

لە کاتێکدا کە بینینی زیندەڕووناکی دەکرێت دیمەنێکی جوان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە ئاماژەیەکی خراپ بێت. بۆ نموونە دووشێلاقە زیندەڕووناکییەکان دەتوانن ئاماژەی مەترسی بن، چونکە زۆرێک لە جۆرەکانی ئەم گرووپە بە ژەهراوی دادەنرێت. دەتوانن زیان بە ماسییەکانی دەوروبەریان بگەیەنن، بۆ مرۆڤیش ژەهراوی بن لە کاتی بەرکەوتندا. جۆرەکانی تر وەکوو ڕووناکیدەرە وردەکانی دەریا، بەو جۆرە ژەهراوی نین، بەڵام هێشتا دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان هەبێت. توێژینەوەکانی تر دەریانخستووە کە زیندەڕووناکی دەتوانێت نیشانەی زەریایەکی ناتەندروست بێت، لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهان بێت. هەروەها لە کاتێکدا لە هەندێک ناوچەدا، زیندەڕووناکی دەتوانێت لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا بێت، لە شوێنەکانی تردا بە شێوەیەکی سروشتی بەهۆی گیانلەبەرە کێوییەکان و زیندەوەرانی ناوچەکەوە ڕوودەدات.

ئایا زیندەڕووناکییەکان گەرمن یان سارد؟

زیندەڕووناکی بە ڕووناکی سارد دادەنرێت. ئەو کارلێکە کیمیاییەی کە دەبێتە هۆی زیندەڕووناکی، بڕێکی کەم گەرمی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها هەر لەبەر ئەمەشە کە زیندەڕووناکییەکان لە ڕووکەشدا شین، سپی، یان سەوزن، چونکە ئەمانە ڕەنگی فێنکترن لەسەر شەبەنگی بینراو.

زیندەڕووکییەکان لە چی کاتێکی ساڵدا دەردەکەون؟

بە گشتی زیندەڕووناکی لە مانگەکانی وەرزی هاویندا دەردەکەون. زۆربەی ئەو شوێنانەی کە زۆرجار ئەم کارلێکە کیمیاییەی تێدا ڕوودەدات، زۆربەی کاتەکان لە ناوەڕاست تا کۆتایی هاویندایە.

ئەرکی زیندەڕووناکییەکان چییە؟

ئەرکەکانی بایۆلۆمینەسەنس بەپێی زیندەوەران دەگۆڕێت، بەڵام چەند ئەرکێکی باو بریتین لە:

پەیوەندیکردن: زیندەوەران زیندەڕووناکییەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن، بۆ نموونە دەتوانرێت بۆ ڕاکێشانی هاوسەرەکان یان ئاماژەدان بە ئامادەیی بۆ زاوزێکردن بەکاربهێنرێت.

ڕاوکردن: هەندێک لە زیندەوەران ڕووناکییەکانیان بۆ ڕاوکردن یان ڕاکێشانی نێچیربەکاردەهێنن.

بەرگری: زیندەوەران دەتوانن ڕووناکییەکانیان وەک میکانیزمێکی بەرگری بەکاربهێنن. هەندێک لە زیندەوەران لەکاتی هەڕەشەکردندا تیشکی ڕووناکی دەردەکەن، ئەمەش نێچیرەکان تووشی سەرسوڕمان یان شڵەژان دەکات.

خۆماتدان: هەندێک لە زیندەوەران دەتوانن ڕووناکییەکانیان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دەوروبەریان یان لاسایی کردنەوەی ڕووناکی دەوروبەریان بەکاربهێنن، بەم جۆرە دەتوانن خۆیان لە نێچیر یان ڕاوکەر بشارنەوە.

پەیوەندی سوودگۆڕکێ: زیندەوەرانی خاوەن ڕووناکی دەتوانن ڕۆڵیان لە پەیوەندییە سوودگۆڕکێکاندا هەبێت، بۆ نموونە هەندێک بەکتریا دەریاییەکان لەگەڵ ئاژەڵە دەریاییەکان دەژین و دەتوانن ڕووناکی زیندەیییان بۆ دابین بکەن.


سەرچاوەکان



55 بینین