نیوارک (نیوجێرسی)

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-22-17:34:00 - کۆدی بابەت: 12637
نیوارک (نیوجێرسی)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیوارک (بە ئینگلیزی: Newark، بە عەرەبی: نيوآرك)، قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا و ناوەندی کارگێڕی ئێسێکس کاونتیە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 311,549 کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2010، کە 277,140 کەس بوو، بە ڕێژەی +12.4% زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی دانیشتوونی نیوارک لە ساڵی 2021ـدا بە 307,220 کەس خەمڵێندرا، بەمەش بوو بە 66ـەم قەرەباڵغترین شاری وڵات.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری نیوارک 67.04 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 62.53 کیلۆمەتری وشکانی و 4.51 کیلۆمەتر، کە دەکاتە 6.72%ـی ڕووبەری گشتی، ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 4,982.2 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

نیوارک یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی ئەمریکا و لە ساڵی 1666 پیوریتانییەکانی کۆڵۆنی نیو هاڤن لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. شوێنی جوگرافی شارەکە لە ڕێژگەی ڕووباری پاسایک کەناری شارەکەی کردووە بە بەشێکی تەواوکەری بەندەری نیویۆرک و نیوجێرسی. هەروەها، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نیوارک لیبەرتی یەکەم فڕۆکەخانەی بازرگانی شارەوانی بوو لە ئەمریکا و ئەمڕۆش یەکێکە لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی وڵات. جگە لەوەش، ژمارەیەکی بەرچاو دامەزراوەی خوێندنی باڵا و چەندین کۆمپانیا بارەگای سەرەکییان لە شارەکەدا هەیە، لەوانە، کۆمپانیای IDT، پرودێنشڵ و PSEG.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی نیوارک لە ساڵی 2020ـدا 311,549 کەس بوو و 66ـەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکا بوو، ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2010ـدا 67ـەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکا و لە ساڵی 2000ـدا 63ـەیەم قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکەی بوو. هەروەها، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی نیوارک 34.5 ساڵییە، نێرەکان 33.3 ساڵی و مێیەکان 35.8 ساڵی. جگە لەوەش، ڕێژەی مێیەکانی دانیشتووانی شارەکە کەمێک زیاترە لە نێرەکان، مێیەکان 51.11%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا نێرەکان 48.89%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. سەرەڕای ئەوەی شارەکە بووژاوەتەوە، بەڵام هێشتاش هەژاری کێشەیەکی دیارە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان.

لە ساڵی 2000 تا 2010، ژمارەی دانیشتووانی نیوارک بە ڕێژەی %1.3+ زیادیکرد، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بەردەوام بوو لە گەشەسەند و لە ساڵی 2020 ڕێژەی گەشەی دانیشتووان 12.4% بوو، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی گەشە بوو لە ماوەی 100 ساڵدا.

دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی شاری نیوارک لە سەرژمێری ساڵی 1930ـدا گەیشتە لووتکە و بە 442,337 دانیشتوو لە قەڵەم درا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دوای جەنگ لە ساڵی 1950ـدا بۆ 438,776 دانیشتوو دابەزی، ژمارەی دانیشتووانی نیوارک بە ڕێژەی نزیکەی 40% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی گواستنەوەی دانیشتووان بۆ ناوچە قەراغییەکانی دەوروبەری شارەوە بوو. کۆچی سپی لە نیوارکەوە بۆ ناوچە قەراغییەکانی شار لە ساڵانی 1940ـەوە دەستی پێکرد و لە ساڵانی شەستەکاندا خێراتر بوو، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی سیستمی ڕێگاوبانی نێوان ویلایەتەکان. جگە لەوەش، پشێوییەکانی ساڵی 1967ـی نیوارک لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو دانیشتووانی چینی ناوەندی شارەکەی لێ کەوتەوە، کە زۆربەیان پەیڕەوکەرانی ئایینی جوولەکە بوون، تا ساڵانی نەوەدەکان بەردەوام بوو. شارەکە لە نێوان ساڵانی 1960 بۆ 1990 نزیکەی 130 هەزار دانیشتووی لەدەستدا.

لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 91,414 خێزان و 62,239 خانەوادە لە نیوارک نیشتەجێ بوون. هەروەها 108,907 یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا هەبوون بە چڕی 1,757 یەکە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. لە ساڵی 2000ـدا 273,546 کەس، 91,382 خێزان و 61,956 خانەوادە لە نیوارک نیشتەجێ بوون. چڕی دانیشتووانی شارەکه 4,437.7 کەس بووە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و 100,141 یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا هەبوون بە چڕی 1,624.6 یەکە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا.

داهات

لە ساڵی 2000ـدا، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە نیوارک 26,913 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 30,781 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 29,748 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 25,734 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 13,009 دۆلار بوو. نزیکەی 25.5%ـی خانەوادەکان و 28.4%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 36.6%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 24.1%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون. جگە لەوەش، ڕێژەی بێکاری 8.5% بوو.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵانی 1950 تا 1967، ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانیی شاری نیوارک لە 363,000 بۆ 158,000 کەس کەمبوویەوە؛ ژمارەی دانیشتووانی ڕەش پێستیش لە 70,000 بۆ 220,000 کەس زیادی کرد. ڕێژەی سپی پێستە ناهیسپانییەکانی شارەکە لە 82.8% لە ساڵی 1950 بۆ 11.6% هەتا ساڵی 2010 دابەزیوە. ڕێژەی دانیشتووانی لاتینی و هیسپانییەکانی نیوارک لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2010 گەشەی کردووە، لە 18.6% بۆ 33.8% لە کاتێکدا ڕێژەی ڕەش پێستەکان و ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە 58.2% بۆ 52.4% دابەزیووە.

بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتی بوون لە:

  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 49.54%
  • سپی پێست: 26.81%
  • ڕەگەزەکانی تر: 14.82%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 6.59%
  • ئاسیایی: 1.77%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.39%
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.08%

زمان

50.49%ـی دانیشتووانی نیوارک تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 49.51%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن 32.45%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

شوێنی لەدایکبوون

61.3%ـی دانیشتووانی شاری نیوارک لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 44.14%ـیان لە ویلایەتی نیوجێرسی لەدایکبوون. هەروەها 16.53%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ئایین

لە ساڵی 2020ـدا نزیکەی 60%ـی دانیشتووانی شاری نیوارک خۆیان بە خاوەن ئایین ناساند. گەورەترین گرووپی مەسیحی لە شارەکەدا کاسۆلیکییەکانن که 34.3%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، بە دوای ئەویشدا باپتیستەکان دێت کە 5.2%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها، 2.4%ـی دانیشتووانی شارەکە خۆیان بە میتۆدیست و ئەندامی کڵێسای یونایتد میتۆدیست و کڵێساکانی سەرقەشە میتۆدیستە ئەفریقییەکان و زیۆنەکانی AME ناساند. 1.6%ـی مەسیحییەکانی شاری نیوارک بە ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری و 1.3% بە پێنتاکۆستال ناسێندران. جگە لەوانەش، 0.9%ـی مەسیحییەکانی ناو شار و ناوچە قەراغییەکانی نزیک نیوارک خۆیان بە ئەنگليكانی یان ئەندامی کڵێسای مەتران دەناسێنن. 0.6%ـی مەسیحییەکان ئەندامی بزووتنەوەی LDSـن، بە دوای ئەویشدا پەیڕەوکەرانی لۆسەری دێت کە 0.2%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. 3.0%ـی دانیشتووانی مەسیحی شارەکە لە ئایینەکانی دیکەی مەسیحی بوون لەوانە کڵێساکانی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، کڵێسا پیرۆزە سەربەخۆکان، گەواهی یهوا، پرۆتستانتی نائایینی و کڵێسای یەکگرتووی مەسیح. ئایینەکانی جوولەکە و ئیسلام پێکەوە دووەم گەورەترین کۆمەڵگەی ئایینیین و 3.0%ـی دانیشووان نیوارک پێک دەهێنن. کەمێک زیاتر لە 1.2%ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی بوون کە سیخی و ئایینی هیندۆسی و بوودی لەخۆ دەگرێت.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، نیوارک دەکەوێتە ناوچەی گواستنەوەیی نێوان کەشوهەوای نیمچە خولگەیی شێدار و کەشوهەوای کیشوەری شێدار، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و هاوینی شێدار و گەرمە. پلەی گەرمیی مامناوەندی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 0.4 پلەی سەدیە و لە زۆربەی ساڵەکاندا پلەی گەرمی بۆ خوار 12- پلەی سەدی دادەبەزێت بەڵام بە دەگمەن دەگاتە 18- پلەی سەدی؛ بە پێچەوانەوە، لەوانەیە پلەی گەرمی لە هەندێک ڕۆژدا تا 10 پلەی سەدی بەرز بێتەوە. هەروەها، تێکڕای بەفربارینی وەرزی 80 سانتیمەترە، بەڵام دەشێت گۆڕانکاری لە زۆر و کەمی بەفربارین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر هەبێت، بۆ نموونە، لە 26ـی کانوونی یەکەمی 1947ـدا لە ماوەی 24 سەعاتدا 66 سانتیمەتر بەفر باری. سەرەڕای ئەوانەش، کەشی شارەکە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا بەگشتی ناجێگیرە و لە هەمان کاتیشدا مامناوەندە. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی تەممووزدا 25.7 پلەی سەدیە و بە تێکڕایی 28.3 ڕۆژ لە ساڵێکدا پلەی گەرمی دەگاتە 32 پلەی سەدی. بارانبارین بە شێوەیەکی یەکسان بەدرێژایی ساڵ بەسەر وەرزەکاندا دابەشکراوە، بەڵام مانگەکانی وەرزی هاوین باراناویترین مانگی ساڵن و مانگەکانی وەرزی پایز وشکترین مانگی ساڵن، مانگانە 74 بۆ 117 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 14- پلەی سەدیە کە لە نۆی شوباتی 1934ـدا تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 42 پلەی سەدیە کە لە 22ـی تەممووزی 2011ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



45 بینین