نووسراوە کارگێڕییەکان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-12-14:50:00 - کۆدی بابەت: 12488
نووسراوە کارگێڕییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نووسراوە کارگێڕییەکان (بە عەرەبی: الكتابات الإدارية، و بە ئینگلیزی: Administrative writings)، سەرجەم ئەو نووسراو و پەیامە ئامادەکراوانەیە کە لە نێوان بەشە جیاوازەکانی دامەزراوەیەک و فەرمانگە جیاوازەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی ڕوون و واتادار.

گرنگی نووسراوە کارگێڕییەکان

نووسراوە کارگێڕییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە لە پەرەپێدان و ڕێکخستنی کار و ئاسانکاری بۆ مامەڵەکان و شێوازی پەیوەندیکردن لە نێوان دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان، و گرنگی نووسراوەکان لەم چەند خاڵەدا باس دەکەین:
١- نووسراوێکی کارگێڕی توانای ئامادەکاری نووسەرەکە دەردەخات بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و پلانی بۆ داڕێژراوە.
٢- ئاسان بەکارهێنانی کاغەز و بەردەست بوونی بۆ هەموو کەسێک کە لە شێوە و ڕەنگ و قەبارەی جیاواز بەردەست دەبێت.
٣- توانای لەبەرگرتنەوە و کۆپیکردنی بە شێوەیەکی ئاسان.
٤- توانای پاراستنی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ.
٥- بە ئاسانی خوێندنەوەی لە لایەن هەموو کەسێکەوە بە بێ پێویست بوونی ئامێری تر.
٦- دەبێتە بەڵگەنامەیەکی فەرمی بۆ پاراستنی مافی خاوەن نووسراوەکە.
٧- سەرجەم ئەو زانیارییانەی کە پێویستە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە ناو نووسراوێکی کارگێڕیدا ئاماژەی پێدەدرێت.

لێهاتووی نووسراوە کارگێڕییەکان

١- لێهاتووی خوێندنەووە
٢- لێهاتووی نووسین

مەبەست لە لێهاتووی خوێندنەووە چییە؟

توانای ئەو کەسەیە بۆ خوێندنەووە و تێگەشتن لەو پەیامەی کە دەیەوێت ئامادەی بکات بە پێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- ئامادەکردنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ خوێندنەووە.
٢- خوێندنەووەی خێرا بۆ بابەتە نووسراوەکە.
٣- وردبوونەوە لە کاتی خوێندنەووە.
٤-کورتکردنەوە و نووسینی تێبینی.

تایبەتمەندییەکانی لێهاتووی نووسین

١- پێویستە ئەو پەیامەی کە دەنووسرێت ڕوون  بێت.
٢- کورتکراوەبێت بە شێوەیەک کە نوسەرەکە بە کەمترین وشە و ڕستە پەیامی خۆی بگەیەنێت.
٣- بەدەربێت لە هەڵە لە لایەن بابەتی، نووسین، زمانەوانی و ژمارەیی و یەک بگرێتەوە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی ئەو دامەزراوەیەی کە نووسراوەکەی لێوە ئامادەکراوە.
٤- دڵنیابوون لە داتا و زانیاری دروست و گونجاو کە لە نووسراوەکەدا گەبێت.
٥- نەرم نواندن لە دەربڕینی ئەو ڕستانە کە لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
٦- دوورکەوتنەوە لە زاراوەی ڕەخنە ئامێز و ڕەخنەی ڕوخێنەر.
٧- پابەندبوون بە لایەنی شێوازی ئامادەکردنی نووسراوەکە لە ڕووی تەکنیکەوە، بۆ نموونە: (نووسراوێکی ئاسای پێویستە لەسەر لاپەڕەیەکی A4 بە پێوانەی 2b ئاماژە بکرێت، و باشترین بەرنامە بۆ ئامادەکردنی نووسراوێکی کارگێڕی بەرنامەی Macrosoft Word)ە.

تایبەتمەندییەکانی نووسراوە کارگێڕییەکان

١- کورتکراوەبێت: پێویستە نووسراوە کارگێڕییەکان خۆیان بەدووربگرن لە دووبارەبوونەوە و ڕوونکردنەوەی بابەتی سەرەکی (پوختی بابەتەکە).
٢- بەهێزی زمان: ئەو زمانەی کە نوواراوەکەی تێدا نووسراوە دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت و ڕوونی یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان کە دەبێت لە نوواراوە کارگێڕییەکاندا بەردەست بێت.
٣- بەکارهێنانی ئەو وشانەی کە ئاماژە بە ڕێز و پێزانین دەکەن: هەموو دەستەواژە و ناونیشانەکان کە ئاماژە بە ڕێزگرتن و ڕێزگرتنی هاوبەش دەکەن لە نێوان نووسەر و وەرگر دەبێت بەکاربهێنرێت ووەک نووسینی هەریەک لەم وشانە (پرۆفیسۆر، دکتۆر، بەڕێز).
٤- پێویستە هەموو زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بنووسیت.

جۆرەکانی نووسراوی کارگێڕی

١- پەیامی کارگێڕی
٢- تێبینی کارگێڕی
٣- ڕاپۆرتی کارگێڕی
٤- نموونەی کارگێڕی

بەکارهێنانی نیشانەکان لە نووسراوێکی کارگێڕیدا 

١- فاریزە (،): کاتێک کە نووسەر بۆ ماوەیەکی کورت دەوەستێت و دواتر دەست دەکات بە نووسین واتە لە نێوان دوو ڕستەدا بەکاردێت و پەیوەندی بە یەکەوە هەیە. نموونە (لەنێوان هاوڕێیەتیدا، وەفاداری و ڕاستگۆی گرنگە).

٢- (؛): لێرە ماوەی وەستانی نووسەر درێژترە و کاتیک بەکاردێت کە ڕستەی دووەم هۆژاربێت بۆ ڕودانی ڕستەی یەکەم.

٣- خاڵ (.): مەبەست لێی وەستانی نووسەرە بە تەواوی و لە کۆتای ڕستەدا بەکاردێت کاتێک کە ڕستەکە واتای تەواو ببەخشێت.

٤- (:): کاتێک کە دوو نەقتە بەکاردێت وتەی کەسێک یان پێکهاتەی بابەتێک دابەش دەکەین. نموونە (بەڕێوبەرەکە دەڵێت: ڕێز لەکات بگرن).

٥-(...): کاتێک بەکاردێت کە پێویست نەکات وشەکانی کۆتای بنووسینەوە. نموونە (خوێندکار، مامۆستا،.....).

٦- (؟): کاتێک بەکاردێت ڕستەکە ڕستەیەکی پرسیاری بێت.

٧- (!): کاتێک بەکاردێت ڕستەکە شێوازێک لەسەر سوڕمانی تێدابێت. 

٨- (-): کاتێک بەکاردێت کە بمانەوێت بابەتێک بکەین بە چەند بەشێکەوە. نموونە (ئەم پێداویستیانەمان پێویستە: ١-  ٢-  ٣-  ٤-  ).

ئەو پرسیارانەی گرنگە بۆ ئەوەی نووسراوێکی کارگێڕی ئامادە بکەین

١- ئایا ئەو ئامانجانەی کە دەتەوێت نووسراوێکی کارگێڕی بۆ ئامادە بکەی ڕوونە لای ئەو کەسەی کە ئەیخوێنێتەوە؟

٢- ئایا ئەو بابەتەی کە نووسراوەکەی بۆ ئامادە دەکەی سەرجەم ئەو زانیاری و داتاکانی تێدایە بۆ ئەوەی ئامانجی نووسراوەکە بێتەدی؟

٣- ئایا نووسەر زانیاری و مەعریفەی پێویستی لەسەر ئەو کەسە هەیە کە نووسراوەکەی بۆ ئاڕاستە دەکات؟ بۆ ئەوەی بە پێی ئەو کەسە نووسراوەکە ئامادە بکات.

٤- ئایا نووسراوەکە لە کاتی خۆیدا دەگاتە ئەو شوێنەی کە نووسراوەکەی بۆ دەنێریت و ئایە پێویست دەکات نوسخەی تری لێ کۆپی بکات؟

٥- ئایە نووسەر زانیاری پێویستی خستۆتە ڕوو لەسەر ئەو بابەتەی کە ئامادەی کردووە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی لە بەردەستیایەتی؟

٦- ئایە نووسەر دڵنیایە کە سەرجەم لایەنە بابەتی و شکلییەکانی لەو نووسینەدا جێبەجێ کردووە؟


سەرچاوەکان



55 بینین