جیاوازییەکانی نێوان هەردوو مەزهەبی مەسیحی کاسۆلیک و پرۆتێستانت چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-22-23:20:00 - کۆدی بابەت: 12655
جیاوازییەکانی نێوان هەردوو مەزهەبی مەسیحی کاسۆلیک و پرۆتێستانت چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازییەکانی نێوان هەردوو مەزهەبی مەسیحی کاسۆلیک و پرۆتێستانت چییە؟ (بە عەرەبی: ما هي الاختلافات بين الكاثوليك والبروتستانت؟، بە ئینگلیزی؛ What are the differences between Catholics and Protestants?) پرۆتێستانتەکان و کاسۆلیکەکان دوو مەزهەبی جیاوازی هەمان ئایینن کە مەسیحیەتە. هەردوو مەزهەب یەک خودا دەپەرستن، بەڵام باوەڕیان و شێوازی خوا پەرستیان جیاوازە لێرەدا هەوڵدەدەین جیاوازیە گەورەکانیان باس بکەین. 

گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان کاسۆلیک و پرۆستانت

یەکەم: جیاوازیان لە شێوازی ئەنجامدانی جەژنی کریسمس، هەرچەندە هەردوو لا لەوەدا هاوبەشن کە دەبێت داری کریسمس ئامادەبکرێت و بچنە پەرستگا و دیاری بۆ کریسمس ئیڤ (ئێوارەی کریسمس) ئامادەبکەن جیاوازییەکی وا گەورەیان نییە لە نەریەتەکە. بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەوەیە کاسۆلیکەکان لە نیوەشەوی ٢٤ی مانگی ١٢ نەریتەکە ئەنجام دەدەن، بەڵام پرۆتێستانتەکان لە دوای نیوەڕۆ ئەنجامی دەدەن. و جیاوازییەکی تر ئەوەیە لەلای پرۆتێستانتەکان  ٢٦ی مانگی ١٢ دووەم رۆژی کریسمس ئیڤە، بەڵام لای کاسۆلیکەکان ئەمە رۆژی (سەینت ستیڤان)ە. 

دووەم: هەردوو مەزهەب تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە بۆ ئینجیل، واتا هەر یەکە و لێکدانەوەی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ پرۆتێستانتەکان کە مارتن لوسەر ڕابەریانە وتی کە ئینجیل تاکە کتێبی خودایە کە لە ڕێیەوە سروشی خۆی بۆ خەڵک نارد، تاوەکو لە ڕێگایەوە لەگەڵی بدوێن. بۆ کاسۆلیکەکان ئەمە جیاوازە پێیان وایە جگە لە ئینجیل، کتێبی پیرۆزیش دەبێت بەکاربهێنرێت، ئەوە جگە لەوەی دەبێت نەریتەکانی کڵێساکانی سەردەمی ڕۆمەکان لەبەر چاو بگیرێت وەک رێگایەک بۆ پەرستنی خودا و زانینی سروشەکەی. 

سێیەم: تێگەیشتنی کاسۆلیکەکان و پرۆتێستانتەکان بۆ کلێسا جیاوازە. وشەی کاسۆلیک بە واتای لە خۆگری گەورە کە هەموو شتێک لە خۆ دەگرێت دێت. بۆیە لەلای ئەوان کڵێسای کاسۆلیک واتە کۆکەرەوەی لە خۆگری هەموو کلێسەکانی تر، بۆیە کڵێسای کاسۆلیک زۆر گرنگە لایان کە راستەوخۆ لەلایەن (پاپا)وە بەرێوەدەبدرێت و کلێسایەکی گشتییە هەموو کڵێساکانی تر لە ژێر چەتری ئەم کڵێسایەن. پرۆتێستانتەکان بۆچوونیان جیاوازە کە لە سەردەمی نوێبوونەوەی ئایینی مەسیح دروست بوون کە پێی دەوترێت (ئیڤانجێلیک) کە بە واتای (بەپێی ئینجیلی گۆسپێل) دژی ئەوەن کە دەبێت هەموو کڵێسەکان لە ژێر چەتری یەک کلێسا کۆبکەنەوە. پێیان وایە بە دەیان هەزار کلێسا هەیە لە سەرانسەری جیهان و هەموویان یەکسانن و هیچ جیاوازییەکیان نییە گرنگ خوداپەرستیە. 

چوارەم:  جیاوازیان لە بوونی پاپا، لەلای پرۆتێستانتەکان پاپا هیچ گرینگ نییە و پێیان وایە ئەمە دژی ئینجیلە و لەگەڵ ئینجیل یەک ناگرێتەوە کە کەسێک وەک پاپا سەیر بکرێت و هەموو شتێکی بەدەستەوە بێت. لەلای کاسۆلیکەکان پاپا وەک جێگرەوەی (پیتەری قەشە) سەیر دەکرێت کە یەکەم کەس بوو لەگەڵ براکەی باوەڕیان بە عیسا هێنا وە یەکەم کەس بوو کرا بە قەشەی کڵێسا لەلایەن خودی عیسا. پاپا لەوەتەی سەدەی یەکەم تاوەکو ئێستا لە زنجیرەکی نەبڕاوە بەردەوامە. 

پێنجەم: دانانی پاپا کە بە جێگرەوەی (قەشە پیتەر) دادەندرێت لەلایەن کاسۆلیکەکانەوە زۆر گرنگە، و ئەو کەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت دەسەڵاتی ڕەهای دەبێت بەسەر کاسۆلیکەکان، چونکە پەیوەندییەکی گرێدراوی هەیە لەگەڵ خودا. دەبێت تەنها پیاو بێت ئەو کەسەی بۆ ئەم پۆستە هەڵدەبژێردرێت. لەلای پرۆتێستانتەکان پاپا هیچ گرینگ نییە و ئەوەی پێویستە تەنها قەشەیە کە دەبێت هەبێت و گرنگ لە چ ڕەگەزێک بێت ئافرەتیش بێت ئاساییە. 

شەشەم: نەریتی جەژنی (thanksgiving) کە هەندێک ناوی تریشی هەیە وەک (Eucharist) بە کوردی دەتوانین بڵێین (خوانی پیرۆز یان ژەمی پیرۆز) لەلای کاسۆلیکەکان دەبێت پاپا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوەببات کە تێیدا دوایین گفتوگۆی عیسا لەگەڵ شوێنکەوتووەکانی دەخوێننەوە پێش ئەوەی لە خاچبدرێت، ئەم نەریتە بە دڵی باوەڕ دادەندرێت لای مەسیحییەکان، نابێت کەسانی نا کاسۆلیکی بەژداربن لەم نەریتە. لەلای پرۆتێستانتەکان ئەمە جیاوازە هەموو قەشەیەک یاخود کەسێک دەتوانێت نەریتەکە ئەنجام بدات و هەر کەسێکیش مەسیحی بێت دەتوانێت بەژداری بکات گرینگ نییە کاسۆلیک بێت پرۆتێستانت. جیاوازیەکی تری ئەم نەریتە لە نێوانیان جیاوازی واتای شتەکانە کە تێیدا بەکاردێت. هەردوو لەوە هاوبەشن کە نان و شەراب لاشە و خوێنی عیسا پێکدێنن، بەڵام لای کاسۆلیکەکان نانەکە بە واتای ئەوەش دێت کە میواندارێکە واتا عیسایە و نزای بۆ دەکەن. بەڵام لای پرۆتێستانتەکان ئەمە هەر نەریتەکە بۆ یادی لە خاچدانی عیسای مەسیح و گەڕانەوەی لە مردن و هیچی تر.

حەوتەم: لەلایەن کاسۆلیکەکانەوە حەوت مەرج یاخود ئادابی ئایینی هەیە کە دەبێت کەسێکی کاسۆلیک ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی خوا لە خۆی ڕازی بکات ئەوانیش ( ڕێوڕەسمی بە دیان کردن، پەسندکردن، خوانی پیرۆز، هاوسەرگیری کردن، دانان بە تاوانەکانت لای قەشە، راسپاردن بۆ ئەرکەکان، پێداکردنی ئاو و ڕوونی پیرۆز). کاسۆلیکەکان پێیان وایە ئەگەر ئەوانە هەموو ئەنجام بدەن ئەوە خودا لە خۆیان ڕازی دەکەن. 
پرۆتێستانتەکان باوەڕیان جیاوازە تەنها دوو دانە لەمانە بە ئادابی ئایینی دادەنێن ئەوانیش (ڕێوڕەسمی بە دیانکردن، خوانی پیرۆز)ە.

هەشتەم: لەلای کاسۆلیکەکان مەریەم دایکی عیسا، شاژنی بەهەشتە. هەرچەندە بەڵگە لەسەر ئەمە زۆر کەمە تەنها چەند بەڵگەیەک هەیە لەسەر ئەوە ئەوانیش پاکیزەیی مەریەم و بەڵێنی ئەوەی کە راستەوخۆ دەچێتە بەهەشتەوە، بۆیە پرۆتێستانتەکان ئەوە رەتدەکەنەوە، چونکە پێیان وایە بەڵگەکان زۆر بەهێزنین. لەلای کاسۆلیکەکان ٤ هەزار پیاوچاک هەیە کە دەتوانی نزایان بۆ بکەی تا لە رێگای ئەوانەوە خودا نزاکانت پەسند بکات. پرۆتێستانتەکان ئەمە رەتدەکەنەوە پێیان وایە بەتەواوی دژی ئینجیلە و دەبێت نزا راستەوخۆ بۆ خودا بکرێت. 

نۆیەم: هێشتنەوەی پاکیزەیت و نەکردنی هیچ هاوسەرگیری و نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لەلایەن قەشە کاسۆلیکەکان ناچارییە، چونکە پێیان وایە ئەمانە جێگرەوەی عیسان دەبێت وەک ئەو بژین لەم ژیانە و بەوەفابن بۆ رێبازەکەی. هەر لەگەڵ دروستبوونی پرۆتێستانتنیزم لەلایەن مارتن لوسەر ئەمەی رەتکردەوە. مارتن لوسەر پێی وابوو ئەمە بە تەواوی هەڵەیە لە ساڵی ١٥٢٠ بە تەواوی ئەمەی لە مەزهەبەکەی لابرد کە دەبێت قەشەکان بە پاکیزەی بمێنەوە. و وتی هاوسەرگیری (ئەو باوکە دڵخۆش دەکات، پاپا تووڕە دەکات، فریشتەکان دڵخۆش دەکات، شەیتانەکان دڵتەنگ دەکات).


سەرچاوەکان



363 بینین