بەکارهێنانی لەیزەر بۆ لابردنی مووی لەش تەندروستە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-01-05-16:53:00 - کۆدی بابەت: 11813
بەکارهێنانی لەیزەر بۆ لابردنی مووی لەش تەندروستە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەکارهێنانی لەیزەر بۆ لابردنی مووی لەش تەندروستە؟ (بە عەرەبی: هل إزالة الشعر بالليزر صحي؟، بە ئینگلیزی: ?Is it healthy to use laser hair removal)، لە سەردەمی هاوچەرخدا ڕێگایەکی زۆر ئاسان هاتۆتە کاراوە کە ئەویش لابردنی مووە بە لەیزەر، زۆربەی خانمان و هەندێک پیاوانیش ئەو شوێنانەی مەبەستیانە بە لەیزەر مووەکەی لادەبەن.

لابردنی موو بە لەیزەر

لابردنی موو بە لەیزەر ڕێکارێکی جوانکارییە کە بریتییە لە بەکارهێنانی لەیزەرێکی بەهێز یان ڕووناکی پەلسی چڕ (IPL) بۆ لابردنی مووی نەخوازراو. ئەم سەرچاوە ڕووناکییە تاڵە مووەکانی ناو پێست گەرم دەکات و لەناویان دەبات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی گەشەی موو. شوێنە باوەکان بۆ چارەسەرکردن بریتین لە دەم و چاو، سنگ، قاچ، قۆڵ، ژێر باڵ و هێڵی بیکینی یاخود تەواوی جەستە. دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو خانمانەی کە مووی جەستەیان زۆرە.

پێش ئەوەی بە لەیزەر لابردنی موو بکەیت بیر لە چی بکەیتەوە؟

لابردنی موو بە لەیزەر ڕەنگە کاریگەری لاوەکی هەبێت، سنوورداربوونی هەیە و دەتوانێت گران بێت.

یەکەم/ سەلامەتی
لابردنی موو بە لەیزەر سەلامەتە، بەڵام ناوبەناو کاریگەری لاوەکی دروست دەکات، وەک ئازار و ناڕەحەتی و سووربوونەوەی پێست کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت. هەروەها لەوانەیە بۆ هەموو کەسێک نەگونجێت، بۆ ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە جۆری پێستیان هەستیارە. هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە لابردنی موو بە لەیزەر دەبێتە هۆی ژێرپەنجەی پێست. گرنگە دڵنیا بیت لەوەی کە ئەو کەسەی لەیزەر ئەنجام دەدات بۆت ئەزموونی هەیە و بە شێوەیەکی گونجاو بڕوانامەی هەیە. هەروەها دوور بکەوەرەوە لەو پزیشکانەی کە تەنها خولێکی ڕاهێنانی کورتیان تەواو کردووە و زیاتر بخوێنەوە دەربارەی هەڵبژاردنی ئەوەی کێ ڕێکاری جوانکاریت ئەنجام دەدات.

دووەم/ هەمیشەیی نییە
پێویستت بە ئەنجامدانی کۆرسی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی مووەکانت گەشە نەکاتەوە. چەند جار کۆرس پێویستە بۆ هەر کەسێک جیاوازە. بۆ نموونە ڕەنگە پێویستت بە کۆرسێک بێت بۆ لابردنی مووی دەموچاو هەر ٤ هەفتە جارێک، بۆ مووی جەستەش هەر ٦ بۆ ٨ هەفتە جارێک. هیچ گەرەنتییەک نییە کە لابردنی موو بە لەیزەر ڕزگارت دەبێت لە هەموو مووەکان.

سێیەم/ لەسەر پێستی ڕەش بە باشی کارناکات
لابردنی موو بە لەیزەر باشتر کاردەکات لەسەر ئەو کەسانەی پێستیان کاڵ و موویان ڕەشە. ئەوەندە کاریگەر نییە لەسەر پێستی ڕەش یان مووی ڕەنگی جیاواز. ئەگەر پێستت ڕەنگی ڕەش بووە پێویستە پێش ئەوەی چارەسەر بکەیت بۆ کاڵ بوونەوەی پێستت.

چوارەم/ تێچوو
تێچووی لابردنی موو بە لەیزەر پەیوەستە بەو ناوچەیەی لەش کە چارەسەری بۆ دەکرێت لەگەڵ ژمارەی چارەسەر و کۆرسە پێویستەکان. بۆ نموونە بۆ چارەسەرە تاکەکەسییەکان لەوانەیە لە تێچووی لە نێوان:

  • ١٥ هەزار دینار بۆ لێوی سەرەوە (سمێڵ)
  • ٥٠ هەزار دینار بۆ ژێر باڵ
  • ٧٥ هەزار دینار بۆ هێڵی بیکینی
  • ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەموو لەش

هەریەکە لەم نرخانە لە شوێنێک و سەنتەرێکی لەیزەر بۆ سەنتەرێکی دیکە جیاوازە، بەڵام دانانی ئەو نرخانە بە شێوەیەکی گشتییە.

لابردنی موو بە لەیزەر چی لەخۆدەگرێت؟

پێویستە ڕۆژێک پێش چاوپێکەوتنەکەت و ئەنجامدانی لەیزەر ئەو ناوچەیەی پێستت بتاشی کە لەیزەری بۆ ئەنجام دەدرێت. لە کاتی ئەنجامدانی لەیزەر چاویلکەی تایبەت لەچاو بکە بۆ پاراستنی چاوەکانت. بەزۆری پزیشک جێڵی فێنک یان سپرای هەوای ساردکەرەوە دەدات لەو ناوچەیەی پێست کە لەیزەرەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت. پاشان ئامێرێکی دەستی فشار دەخەنە سەر پێستت و لەیزەرەکە دەستپێدەکات. هەروەها هەر کۆرسێک لەوانەیە لە نێوان ١٥ خولەک تا زیاتر لە کاتژمێرێک بخایەنێت. ژمارەی کۆرسی پێویست بەندە بەو ناوچەیەی کە لەیزەری بۆ دەکرێت و ئەو سیستەمەی کە بەکاردەهێنرێت.

دوای ئەنجامدانی لەیزەر چی ڕوودەدات؟

لەوانەیە شوێنی تووشبوو سوور بێت لەگەڵ دروستبوونی پەڵە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ چەند کاتژمێرێک تا چەند ڕۆژێک. ڕەنگە پێویستت بە کیسێک سەهۆڵ بێت بۆ ئەوەی لە ناوچەی سوور بووەوە دایبنێت. پێستت زیاتر هەستیار دەبێت بە تیشکی خۆر دوای لابردنی موو بە لەیزەر. باشتر وایە دوور بکەویتەوە لە بەرکەوتنی ناوچەی چارەسەرکراوی پێست بە تیشکی خۆر تا دوای تەواوبوونی خولی چارەسەرکردن. بەبێ گوێدانە کەشوهەوا دژەخۆر بەکاربهێنە بۆ ماوەی لانیکەم ٤ هەفتە لەسەر ئەو شوێنە بەرکەوتووانەی کە چارەسەرکراون. بە دەگمەن، لابردنی موو بە لەیزەر دەتوانێت ببێتە هۆی:

  • ئازار و ناڕەحەتی یان ناسکی.
  • پێستی سوور کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت.
  • توێک هەڵدانی پێست و مانەوەی تاڵە مووی باریک یان ئاوسانی پێستت.
  • ڕووناکبوونەوە یان ڕەشبوونەوەی پێستت.
  • پەڵە دروستکردن.
  • سووتانی پێست کە بەهۆی گەرمی لەیزەرەوە دەسوتێت.
  • هەوکردنی بەکتریا.

ئەگەر کێشەت هەبوو چی بکەیت؟

ئەگەر لابردنی موو بە لەیزەر ئەنجامداوە و دڵخۆش نەبوویت بە ئەنجامەکان یان کاریگەری لاوەکیت هەیە کە کێشەت بۆ دروست دەکات، ئەوا لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکە لەو کلینیکەی کە چارەسەرت بۆ کراوە. ئەگەر هەر ئاڵۆزییەکت هەبوو کە پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەبێت، بڕۆ بۆ لای ئەو پزیشکەی کە چارەسەری کردوویت. ئەگەر ئەمە نەکرا سەردانی پزیشکی گشتی بکە یان بچۆ بۆ نزیکترین بنکەی فریاگوزاری (A&E).


سەرچاوەکان



1156 بینین