بۆچی زۆربەی فڕۆکەکان ڕەنگیان سپییە؟

له‌لایه‌ن: - هێدی إبراهیم هێدی إبراهیم - به‌روار: 2023-12-22-18:43:00 - کۆدی بابەت: 11749
بۆچی زۆربەی فڕۆکەکان ڕەنگیان سپییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی زۆربەی فڕۆکەکان ڕەنگیان سپییە؟ (بە ئینگلیزی: ?Why are most aircraft painted white، بە عەرەبی: لماذا معظم الطائرات بيضاء؟) فڕۆکەکان هەمیشە ڕەنگیان سپی نەبووە پێشتر، تەنانەت دەگمەن بووە کە فڕۆکەیەک ڕەنگی سپی بووبێت. کارگە دروستکەرەکانی فڕۆکە ماددەی کرۆم یان ئاسنی خاویان بەکاردەهێنا بۆ فڕۆکە لەگەڵ هەندێکی کەم ڕەنگ یان هەندێک جار ڕەنگیان هەر بەکار نەدەهێنا.

بەڵام دواتر پیشەسازی فڕۆکەوانی بۆی دەرکەوت کە بەکارهێنانی ئاسن و کرۆم پەڵەی پیس یان تۆزی زۆر دەگرێتە خۆی، هێڵە ئاسمانییەکانیش لەبەر سەلامەتی سەرنشینەکان دەبوایە ئەو پەڵە و تۆزە نیشتووەی سەر فڕۆکەکەیان پۆلیش بکردایە و پاکیان بکردایەتەوە، بۆیە بڕیاریان دا بە ڕەنگ کردنی سپی بۆ فڕۆکەکان.

هۆکارەکانی ڕەنگکردنی فڕۆکەکان بە ڕەنگی سپی

ڕەنگی سپی باشترین ڕەنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیشکی خۆر

ئەگەر هەموو فڕۆکەکان بە سپی ڕەنگ کراون، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سپی توانای زۆرترین بەرپەرچدانەوەی تیشکی خۆری هەیە بەراورد بە ڕەنگەکانی تر. بێگومان فڕۆکە بەرکەوتنی زۆری هەیە لەگەڵ تیشکی خۆردا چی لە کاتی فڕین یان لە کاتی وەستانی لە فڕۆکەخانە، بۆیە ڕەنگی سپی باشترین ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی کابینەی نێو فڕۆکەکە و پارێزگاری کردن لە زیانەکانی تیشکی خۆر.

بۆیەی سپی درەنگتر کاڵ دەبێتەوە

فڕۆکەکان تووشی جۆرەها بارودۆخی سەختی بەرگەهەوا و کەش و هەوا دەبنەوە وەکو باران و تەرزە و بەفر، بۆیە گۆڕانی پلەی گەرما ڕەنگی فڕۆکەکە دەشێوێنێت. بۆیە ڕەنگاوڕەنگەکانی تر خێراتر لە ڕەنگی سپی کاڵتر دەبنەوە، بۆیە سەرنجڕاکێشیان لە دەستدەدەن لە چاوی بینەرەوە. دواتر کۆمپانیاکانی هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی دەبێت سەرلەنوێ بە پارەیەکی زۆر بۆیاخی بکەنەوە، بۆیاخکردنەکەش هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی پێدەچێت و لەو ماوەیەدا فڕۆکەکە لە کار دەوەستێنرێت و هیچ داهاتێکیش پەیدا ناکات. تێچووی بۆیاخکردنەکەش لە نێوانی (١٥٠٠٠٠) دۆلار بۆ (٣٠٠٠٠٠) دەبێت. هەروەها ئەم کردەی بۆیاخکردنە کێشی فڕۆکەکە نزیکەی (٥٥٠کیلۆگرام) زیاد دەکات، کێشی زیادیش یەکسانە بە خەرجکردنی سووتەمەنی زیاد بەمەش کیرۆسین (بەنزین)ـی زیاتر دەسووتێت، بەمەش قازانجی ئابووری کەم دەبێتەوە.

ڕەنگی سپی ئاسانتر زیان و تێکشکاندنەکانی دەستنیشان دەکرێن

بێگومان فڕۆکەکان بە شێوەیەکی ئەندازیاری ئاڵۆز دروستکراون، بۆ هۆکاری سەلامەتی فڕۆکەکان بە بەردەوامی پشکنینیان بۆ دەکرێت، کە ئامانج لێی دەستنیشانکردنی تێکچوون و زیانەکانییەتی. ئەم کردارە پێش هەموو فڕینێک ئەنجام دەدرێت لەلایەن ئەندازیاری تایبەت بە خۆی.

زیانەکان زۆر ڕوون و ئاشکران لەسەر ڕەنگی سپێ، وەک درز و بەرکەوتنی باڵندە و تەنانەت دزەکردن و ڕژانی ڕۆنیش. ئەم زیانانە لە سەر ڕەنگی سپی زۆر بە ئاسانی جیا دەکرێنەوە. بۆیە بەم شێوە فڕۆکەوان و سەرنشینەکان سەلامەتر دەبن لەگەڵ ڕەنگی سپی.

سپی شیاوترین ڕەنگە تەنانەت لە بواری ئابووریش

بۆیەی فڕۆکە بۆیەیەکی تایبەتە کە پێکدێت لە تێکەڵەی (polyurethane) و کارلێکی یارمەتیدەر و چالاککەر، ئەمانە زۆر گرانترن لەو بۆیانەی کە لە بازاڕدا بەردەستن. هەروەها ڕووبەری ڕووی دەرەوەی فڕۆکە بۆ ئەوەی بۆیە بکرێت پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر بۆیاخ هەیە، لە کەمترین ڕێژەی بۆیاخ کە (٢٤٠لیتر) بۆ بۆیاخکردنی فڕۆکەی (Boeing 737) بەرزدەبێتەوە تا دەگات بە فڕۆکەی (Airbus380) کە (٣٦٠٠لیتر) پێویستە بۆ بۆیاخ کردن.

لەبەر ئەمە ڕەنگی سپی باوترینە لە فڕۆکەکاندا و هەرزانترین نرخ ڕادەوەستێت لەچاو ڕەنگەکانی تر. دوای ئەوەش ڕەنگی سپی ئەستوورییەکەی تەنکترە، بەمەش فڕۆکەکە کێشی سووکتر دەبێت بەمەش سووتەمەنی کەمتر خەرج دەکرێت.


سەرچاوەکان



1200 بینین