بارانی تایتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-03-22:15:00 - کۆدی بابەت: 6160
بارانی تایتن

ناوه‌ڕۆك

بارانی تایتن چییە؟

بارانی تایتن (بە ئینگلیزی: Titan Rain) زنجیرە هێرشێکی ڕێکخراوبوو بۆ سەر سیستمی کۆمپیوتەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003ـدا، ئەم زنجیرە هێرشە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوامبوو، سەرچاوەی هێرشەکە لە شاری گوانگدانگ لە وڵاتی چینەوەبوو، باوەڕ وایە کە هێرشەکە لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی کرابێت و ئەم هێرشە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکاوە ناوی بارانی تایتنی لێنرا.

هاککەرانی هێرشی بارانی تایتن توانیان بڕۆنە ناو نێتۆرک و کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کە چەندین زانیاری هەستیاری تێدابووە، وەک زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی لۆکهێد مارتن (Lockheed Martin) و ناسا (NASA).

هێرشبەرەکان

وا دادەنرێت کە هێرشبەرەکان یەکەی 61398ـی سووپای ئازادی میللی چین بن، ئەم هاککەرانە هەستاون بە هاککردنی هەر یەکە لە دەزگای هەوڵگری بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری شانشینی یەکگرتوو، لە ساڵی 2006ـدا کۆمەڵەیەکی ڕێخراوی هاککردنی چین هەستان بە کوژاندنەوەی بەشێک لە کۆمپیوتەرەکانی ئەنجوومەنی گشتی شانشینی یەکگرتوو، بەڵام حکومەتی چین ڕەتیکردەوە کە هێرشەکانی ئەنجامدابێت.

دەرئەنجامەکان

حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا حکومەتی چینی تۆمەتبارکرد بە ئانجامدانی هێرشەکانی ساڵی 2004، ئالان پاڵەر (Alan Paller) بەڕێوبەری توێژینەوەکانی دامەزراوەی سانسە (SANS Institute) ڕایگەیاند کە هێرشەکان لەلایەن کەسانێکەوە کراون کە پابەندی بەهێزیان هەبووە و هیچ ڕێخراوێکی تر بێجگە لە دامەزراوەی سەربازی ناتوانێت ئەم کارە ئەنجامبدات، بۆیە نیشانەکان ئاماژەیان بە سووپای ئازادی میللی چین دەکرد.

بارانی تایتن بە بەردەوامی چەندین دامودەزگای هاککرد وەک ناسا و ئێف بی ئای، هەرچەند بڵاوکراوەتەوە کە هیچ زانیارییەکەی نهێنی و هەستیار نەبراوە بەڵکو ئەو زانیارییانەی کە برابوون تەنها زانیاری گشتی بوون، بەڵام دەیانتوانی لایەنە بەهێز و لاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربخەن.

هەروەها بارانی تایتن بوویە هۆی دروستبوونی گوومان و بێباوەڕی لەنێوان وڵاتەکاندا، وەک شانشینی یەکگرتوو و ڕووسیا لەگەڵ چیندا، شانشینی یەکگرتوو بە فەرمی بڵاویکردەوە کە هاککەرانی چین هەستاون بە هێرشکردنە سەر ئۆفیسەکانی حکومەتەکەیان، بەبۆنەی بارانی تایتنەوە هەموو جیهان زیاتر وریابوویەوە بەرامبەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکان نەک تەنها لە چینەوە بەڵکو لە سەرانسەری جیهانەوە.


سەرچاوەکان



876 بینین