نەمسا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-03-19:46:00 - کۆدی بابەت: 6780
نەمسا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی نەمسا

وڵاتی نەمسا (بە ئینگلیزی: Austria) بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت کۆماری نەمسا و بە شێوەیەکی باو بە ئوستریا یان ئوتریش بەناوبانگە، وڵاتێکی هەڵکەوتەی باشووری ناوەڕاستی ئەورووپایە و وڵاتێکی داخراوە کە سنووری نییە لەگەڵ دەریا و زەریاکاندا، لە باکوورەوە سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتی چیکدا و لە باکووری ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیادا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سلۆڤاکیادا، لە ڕۆژهەڵاتەوە سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی هەنگاریادا هاوبەشی پێکردووە وە وڵاتانی ئیتاڵیا و سلۆڤینیا لە باشوورین، وڵاتانی سویسرا و لیخنشتاین دەکەونە ڕۆژئاوای ئەم نیشتیمانەوە، شاری ڤییەنا گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتە ڕەنگینەکەی نەمسایە، ڕووبەری خاکەکەی ٨٣ هەزار و ٨٧٩ کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی ٩ میلیۆن کەسی لێ دەژی.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات کۆماری نەمسا
پایتەخت ڤییەنا
زمانی فەرمی نەمسایی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨١ نەمسایی
  • ٪٦ یوگسلاڤی کۆن
  • ٪٣ ئەڵمانی
  • ٪٢ تورک
  • ٪٨ نەتەوەکانی تر
ئایین
  • ٪٦٩ مەسیحی
  • ٪٢٢ بێ ئایین
  • ٪٨ ئیسلام
  • ٪١ ئایینی تر
درووستبوونی نەمسا ٨٧٩ـی زایینی
ئیمپڕاتۆرییەتی نەمسا-هەنگاریا ١٨٦٧
ڕووبەر ٨٣,٨٧٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٨,٩٣٥,١١٢
چڕی دانیشتووان ١٠٦ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٤٤٦.٣١٥ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٥٠,٢٧٧
دراو یۆرۆ
کات UTC +1 
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٣

جوگرافیا

جوگرافیای وڵاتی نەمسا هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا، هەنگاریا، سلۆڤاکیا، ئیتاڵیا، چیک، سویسرا، سلۆڤینیا و لێخنشتاین، زمانی فەرمی وڵاتەکە نەمساییە و نزیکەی ٩ میلیۆن کەس لە وڵاتەکەدا دەژین و ڕووبەرەکەی ٨٤ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، بەهۆی هەڵکەوتەی وڵاتی نەمساوە لەناو زنجیرە چیاکانی “ئەڵپ” دا، زۆربەی خاکی وڵاتەکە شاخاویی و سەختە، وە ناوچەکانی نزیک چیاکە دابەشکراون بە هەرێمەکانی باکوور و ناوەڕاست و باشووری ئەڵپ، چارەکێکی خاکی وڵاتەکە ناوچەی نزمی شیاوی نیشتەجێبوونە و تەنها لە ٪٣٢ ی ڕووبەرەکەی لە خوار ٥٠٠ مەترەوە لە ئاستی دەریاوە، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی هێڵی درێژی ٤٩ بۆ ٤٩ ی باکوور و بازنەی پانی ٩ بۆ ١٨ ی ڕۆژهەڵاتە.

پێنج ناوچەی هەرێمی سەرەکی هەیە، یەکەمیان و گەورەترین ناوچەی “ڕۆژهەڵاتی ئەڵپ”ـە کە خاکەکەی نزیکەی ٪٦٢ ی خاکی وڵاتەکە دەگرێتەوە لە نزیکی زنجیرە چیاکانی ئەڵپدا، چیا و دارستانەکان سیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێشیان داوە بە وڵاتەکە، ڕووباری بەناوبانگی “دانووب” دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی نەمساوە، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە “گرۆسلۆکنەر”ـە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی چیای ئەڵپ و بەرزییەکەی ٣ هەزار و ٧٩٨ مەترە لە ئاستی دەریاوە، کۆمەڵێک دەریاچەی تێدایە لە نێویاندا دوو گەورەترین دەریاچە “کۆنستانس” لە ڕۆژئاوا و “نیوسیدلەر” ـە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا.

وڵاتی نەمسا یەکێک بوو لە وڵاتانی “هێزەکانی ناوەند” لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا لەپاڵ وڵاتانی (ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی و هەنگاریا) دا و یەکێک بوو لە هاوبەشانی “هێزەکانی تەوەر” لەمیانەی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەگەڵ وڵاتانی (ئەڵمانیای نازی و ژاپۆن و هەنگاریا) دا و لە هەردوو جەنگەکەدا بەرەی دۆڕاوی شەڕەکە بوون دژی “هێزەکانی هاوپەیمان” وە ئەو زۆرینەی خاک و دانیشتووانێکی زۆری بوونە قوربانی ئەو دوو جەنگە و لەپاش یەکەم جەنگ ئیپڕاتۆرییەتە هاوبەشەکەی لەگەڵ هەنگاریادا هەڵوەشایەوە و هەریەکەیان خاکێکی بچووکتریان بۆ سنووردارکرا، لەو دووەمیشدا کۆمەڵێک باجی قوورسیدا و قووربانیانی زۆربوون.

کەشوهەوا

کەشوهەوای نەمسا بە شێوەیەکی گشتی فێنک و ساردە بەڵام هەرچوار وەرزەکە بوونی هەیە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، ڕێژەی شێ لە وڵاتدا هەیە بەهۆی کاریگەری زەریای ئەتڵەسی و دەریای سپی ناوەڕاستەوە، یەکێک لە کەشەکانی ناسراوە بە “کەشوهەوای ئەڵپ” کە بەناوی چیاکەوە ناونراوە و نزیکەی سێ چارەکی وڵاتەکە دەگرێتەوە، ئەم جۆرەی بە کەشوهەوای شاخاویی یان بەرزاییش ناسراوە و ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەشەوە بە شێوەیەکی گشتی ساردن، لە ڕۆژهەڵاتی نەمسا و تەختاییەکانی پانۆنیان و نزیک ڕووباری دانووب کەشێکی جیاوازتر هەیە وەک لە کەشی ئەڵپ و ناوچەکە کەمتر بارانی لێ دەبارێت و گەرمترە بە بەراورد بە ڕۆژئاوای، لە زستاندا بە تێکڕا پلەی گەرمی لە سفر بۆ -١٠ پلەی سیلیزییە، لە وەرزی هاویندا بە تێکڕا پلەکانی گەرمی دەچنە ٢٥ پلەی سیلیزی، بەرزترین پلە کە لە مێژوودا تۆمارکرابێ لە ساڵی ٢٠١٣ دا بووە کە چووەتە ٤٠.٣ پلەی سیلیزی.


سەرچاوەکان



2614 بینین