باشترین خۆراکەکان بۆ بەهێزکردنی یادەوەری

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-12-16:12:00 - کۆدی بابەت: 6862
باشترین خۆراکەکان بۆ بەهێزکردنی یادەوەری

ناوه‌ڕۆك

بەهێزکردنی یادەوەری

لەبەرئەوەی مێشک وەک ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی جەستە کاردەکات بۆیە کەمێک ئەرک و چالاکییەکانی زیاترە بە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکەی جەستە، چونکە بەرپرسە لە هێشتنەوەی لێدانی دڵ و هەناسەی سییەکان و ڕێگەدان بە جووڵە و هەستکردن و بیرکردنەوە، بۆیە ئەوە هاندەرێکی باشە تاکوو مێشکت لە لووتکەی تەندروستیدا بهێڵیتەوە، هەروەها ئەو خواردنانەی کە دەیخۆین ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ هێشتنەوەی تەندروستی مێشک و دەتوانن چالاکییە دەروونییەکان باشتر بکەن.

باشترین خۆراکەکان بۆ بەهێزکردنی یادەوەری

  • ماسی چەور

کاتێک باس لە خۆراکی مێشک دەکرێت، ئەوا هەمیشە ماسی چەور دەبێت لە لووتکەی لیستی خۆراکەکاندا بێت، ماسییە چەورەکانیش وەک ماسی (سەلەموون) و جۆرەکانی دیکەی ماسی، هەموو جۆرەکانی ماسی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا ٣ و ترشە چەورییەکان، و نزیکەی لە %٦٠ ی مێشک لە چەوری پێکهاتووە و نیوەی ئەو چەورییەش بریتییە لە ئۆمێگا ٣ و ترشە چەورییەکان، هەروەها مێشک ئۆمێگا ٣ بۆ دروسکردنی مێشک و خانە دەمارییەکان بەکاردێنێت و ئەم چەورییانە بنچینەی فێربوون و یادەوەرین، هەروەها ئۆمێگا ٣ چەندەها سوودی تەندروستی دیکەش بە جەستە دەگەیەنێت، و کەمی ئۆمێگا ٣ دەبێتە هۆی لاوازی ئاستی فێربوون و تێگەشتن و تووشبوون بە خەمۆکی، بە شێوەیەکی گشتی خواردنی ماسی تەنها سوودی تەندروستی هەیە و زیانی نییە، هەروەها هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوەدەکەن کە خواردنی ماسی بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی زیادبوونی ماددە خۆڵەمێشییەکەی ناو مێشک کە ئەم ماددەیە پێکدێت لە ژمارەیەکی زۆر خانەی دەماری و بەرپرسیارە لە کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکان، یادەوەری، و هەستەکان، هەر بۆیە ماسی چەور باشترین بژاردەیە بۆ تەندروستی مێشک.

  • قاوە

ئەگەر خواردنەوەی قاوە یەکەمین کارە کە تۆ لە بەیانیاندا ئەنجامی دەدەیت، ئەوا دەبێت دڵخۆش بیت بە بیستنی ئەوەی کە ئەمە کارێکی زۆر باشە کە ئەنجامی دەدەیت، قاوە دوو پێکهاتەی گرنگی تێدایە کە بریتیین لە کافایین و دژە ئۆکسید کە یارمەتیدەرن بۆ پشتیوانیکردنی تەندروستی مێشک، ماددەی کافایین کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی قاوە دەرکەوتووە کە ژمارەیەک زۆر کاریگەری ئەرێنی دەخاتە سەر مێشک وەک:

- زیادبوونی هۆشیاری: کافایین مێشک بە بێداری دەهێڵێتەوە و چالاکی ئەو هۆڕمۆنانەش کەمدەکاتەوە کە پەیامی کیمیایی بۆ مێشک دەنێرن و وات لێدەکەن هەست بە خەواڵووی بکەیت.

- باشترکردنی میزاج: کافایین یارمەتی بەرزکەردنەوەی هەستە ئەرێنییەکانت دەدات و وات لێدەکات کە هەست بە باشی بکەیت، هەروەها لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی کافایین دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونێکی کورتخایەنی تەرکیز و هۆشیاری.

خواردنەوەی قاوە بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک زەهایمەر، هەروەها بەرزترین ئاستی کەمبوونەوەی مەترسی لەو کەسە پێگەشتوانە بینراوە کە ڕۆژانە ٣-٤ کوپ قاوە دەخۆنەوە.

  • توو

توو چەندەها سوودی تەندرووستی گرنگی هەیە، هەروەها هەندێک لەو سوودە گرنگانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە مێشکەوە هەیە، توو یاخود هەموو جۆرە جیاوازەکانی توو ڕۆڵێکی گرنگیان لە چارەسەرکردن و سووربوونەوەی پێست و هەوکردنی پێست هەیە هەروەها کاریگەری دەکەنە سەر دژە ئۆکسیدەکان کە لە دژی هەردوو فشاری ئۆکسید و هەوکردنی پێست کار دەکەن، هەروەها دژی ئەو بارودۆخانەن کە دەتوانن یارمەتی پیری مێشک و نەخۆشییە دەمارییەکان بدەن، هەندێک لەو دژە ئۆکسیدانە کە لە توودا دۆزراونەتەوە یارمەتی کۆکردنەوەی مێشک و باشترکردنی پەیوەندی نێوان خانەکانی مێشک دەدەن.

  • تۆوی کولەکە

تۆوی کولەکە بڕێکی زۆر باش دژە ئۆکسیدی تێدایە کە یارمەتی جەستە و مێشک دەدەت تاکوو لە زیان بە دووربن، هەروەها سەرچاوەیەکی زۆر باشی کانزاکانی وەک (زینک، ئاسن، ماگنیسیۆم، مس)ـە و هەریەکە لەم ماددە خۆراکییانە گرنگی تایبەت بە خۆیان هەیە کە کاردەکەنە سەر مێشک بۆ نموونە، زینک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناردنی نیشانە دەمارییەکان و کەمی زینک دەبێتە هۆی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک زەهایمەر، و خەمۆکی، هەروەها مەگنیسیۆم بنچینەی فێربوون و بەهێزبوونی یادەوەرییە و کەمی مەگنیسیۆم دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەک لا سەرئێشە (شەقیقە)، خەمۆکی، و پەرکەم، هەروەها مێشک مس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانە دەمارییەکان بەکاردەهێنێت و کاتێک مس لە جەستەدا کەمدەبێتەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر زیاد دەکات، پاشان کەموکوڕی ئاسن زۆرجار دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک و پەکخستنی کرداری مێشک، هەر بۆیە بە زیادکردنی تۆوی کولەکە بۆ ناو ڕێجیمەکەت یاخود خواردنەکانت تۆ دەتوانیت تەواوی ئەم ماددە خۆراکییە گرنگانە بەدەست بێنیت.

  • قاوەی تاڵ

قاوەی تاڵ و پاودەری کاکاو بە چەند پێکهاتەیەکی بەهێزکەری مێشکەوە بەستراون لەوانە کافێین، و دژە ئۆکسیدەکان، قاوەی تاڵ بە ڕێژەی زیاتر لە %٧٠ کاکاوی تێدایە کە ناتوانیت ئەم سوودانە لە تێکەڵکردنی شیر و قاوەدا وەربگریت چونکە تەنها لە %١٠-٥٠ کاکاو لە پێکهاتەکەیدا هەیە، توێژینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە کە قاوەی تاڵ دەبێتە هۆی باشترکردنی یادەوەری و کەمبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان و زیادبوونی هەستی ئەرێنی.

  • گوێز

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خواردنی گوێز دەتوانێت هەموو نیشانە تەندروستییەکانی دڵ باشتر بکات هەروەها لەبەرئەوەی دڵ بە مێشکەوە بەستراوەتەوە بۆیە هەبوونی دڵێکی تەندروستیش واتە هەبوونی مێشکێکی تەندروست، هەروەها خواردنی بڕێکی زۆر گوێز مەترسییەکانی لاوازی فێربوون لە کەسانی پێگەیشتوو زۆر کەمدەکاتەوە و ئەو ئافرەتانەی کە بەردەوام گوێز دەخۆن و لە خواردنەکانیاندا بەکاری دێنن بیرێکی تیژتریان هەیە بەبەراورد بەوانەی کە نایخۆن یاخود کەمتر بەکاری دێنن، چەندەها ماددەی خۆراکی گرنگی وەک ( ڤیتانین E، دژە ئۆکسید، چەوری تەندروست) لە پێکهاتەی گوێزدا بوونیان هەیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر مێشک دروست دەکەن.

  • پرتەقاڵ

دەتوانیت تەنها بە خواردنی یەک پرتەقاڵی مامناوەد لە ڕۆژێکدا بڕی تەواوی ڤیتامین Cـت دەستبکەوێت، هەروەها پرتەقاڵ ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی تەندروستی مێشک و هۆکارێکی گرنگە لە ڕێگریکردن بە تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان، بە گوێرەی توێژینەوەیەک، هەبوونی ئاستی بەرزی ڤیتامین C لە خوێندا لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی تەرکیز و یادەوەری و خێرایی بڕیارداندا پەیوەست بووە.


سەرچاوەکان



648 بینین