عەبدولسەلام عارف

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-03-16:46:00 - کۆدی بابەت: 7077
عەبدولسەلام عارف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

عەبدولسەلام عارف (بە عەرەبی: عبدالسلام عارف) كەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی کاریگەر لە مێژووی سەدەی ڕابردووی عێراقدا، لە ساڵی ١٩٢١ لە ناوچەی کەرخی شاری بەغداد لەدایکبووە و لە خێزانێکی خانەدان پەروەردە کراوە، خێزانەکەی بازرگانی کوتاڵ بووە، بنچینەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری ڕومادی باپیری شێخێکی مەزنی عەشیرەتی "جومەیلە" بووە، کە عەشیرەتێکی ناوداری شاری ڕومادی بوونە، خاڵیشی ناوی "شێخ زاری مەحموود بووە و یەکێکە لە ڕابەرە دیارەکانی شۆڕشی بیستەم کە لە ساڵی ١٩٢٠ دژی داگیرکاری بەریتانیا لە عێراق ئەنجامدراوە، باوباپیرانی ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لەو شۆڕشەدا، عەبدولسەلام قۆناغەکانی خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٣٨ تەواوکردووە، لە هەمان ساڵ چووەتە کۆلێژی سەربازی و لە ساڵی ١٩٤١ بە پلەی ئەفسەری دووەم دەرچووە. 

ژیانی پیشەیی و سەربازی 

ـ لە ساڵی ١٩٤١ بەشداری کردووە لە شۆڕشی ئایار دژی داگیرکاری بەریتانی لە عێراق بە سەرکردایەتی "جوڵانەوکەی ڕەشید عالی گەیلانی".
ـ لە ساڵی ١٩٤٨ بەشداری لە جەنگی فەڵەستینی یەکەم کردووە.
ـ لە ساڵی ١٩٥١ بە مەبەستی خوێندن گەشتی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، ئەم گەشتەی کاریگەری زۆری لەسەر گەسایەتی دروستکردووە، تاکوو ساڵی ١٩٥٦ هەر لە ئەڵمانیا بووە.
ـ لە ساڵی ١٩٥٦ بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی ئەفسەرانی نەتەوەیی ئازادیخوازان دژی دەسەڵاتی شاهانە لە عێراق.
ـ لە کودەتای ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ عەبدوسەلام عارف و عەبدولکریم قاسم و چەند ئەفسەرێک لە خانەی ڕێکخراوی ئەفسەرانی نیشتمانی ڕژێمی پاشایەتییان ڕوخاند.
ـ لە ساڵی ١٩٥٩ لە پۆست و پلە باڵاکانی دوورکرایەوە، زیندانیکرا بەهۆی دژایەتی کردنی دەسەڵات و حکومەت.
ـ لە ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ بە یارمەی حیزبی بەعس کودەتای سەربازی دژی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم ڕاگەیاند و ڕووخاندی. 

پەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان عەبدولسەلام عارف و عەبدولکەریم قاسم

ـ پەیوەندی نێوان عەبدولسەلام و عەبدولکەریم بە کودەتا دەستی پێکرد و بە خیانەت کۆتایی پێهات.
ـ لە ساڵانی کۆلێژی سەربازییەوە کاتێک عەبدولسەلام خوێندکار بووە لە کۆلێژی سەربازی و عەبدولکەریم مامۆستای بووە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیاندا دروست بووە.
ـ لە پاش زانکۆ، لە شاری بەسڕە لە ئەرکێکی سەربازی یەکتریان بینیوەتەوە پەرەیان بە هاوڕێتیەکەیان.
ـ  کاتێک عەبدولکەریم قاسم گواستراوەتەوە بۆ شاری کەرکوک كراوه بە ڕابەری هێز و عەبدولسەلام کراوە بە یاریدەدەری.
ـ لە ساڵی ١٩٤٨ بە یەکەوە بەشداری شەڕی فەڵەستینیان کردووە.
ـ  لەساڵی ١٩٥٢ هەردووکیان گواسترانەتەوە بۆ فەرمانگەی ڕاهێنانە سەربازییەکان پێکەوە کاریان کردووە تاکوو ساڵی ١٩٥٤.
ـ لە ساڵی ١٩٥٧ لەسەر داوای عەبدولکەریم قاسم، عەبدولسەلام هێنراوەتە نێو "ڕێکخراوی سەربازانی ئازادیخوازان" کە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی دانرابوو، سەڕەڕای دژایەتی و ڕازینەبوونی ئەندامە باڵاکان، بەڵام مکوڕبوونی قاسم و دڵنیابوونی لە هاوڕێکەی عەبدولسەلام وەکوو ئەندامی باڵا قبوڵکرا.
ـ عەبدولسەلام عارف ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی کودەتای ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و کۆتاییهێنان بە ڕووخاندنی سیستمی پاشایەتی، هەر خویشی یەکەمین هەواڵی لە ڕادیۆی بەغداد بڵاوکردەوە.
ـ لە پاش کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق عەبدولسەلام پیاوی دووەمی دەسەڵات بوو، وەکوو جێگری سەروەزیران و وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا.
ـ بەهۆی حەز و ئارەزووی هەردووکیان بۆ دەسەڵات و خۆسەپاندن، پەیوەندیی هاوڕێتیەکەیان ئاڵۆزی و ناکۆکی تێکەوت، هەر لەپاش سەرکەوتنی کودەتای ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ ناتەبایی نێوانیان دەستیپێکرد.
ـ یەکەم ناکۆکی نێوانیان ڕاستەوخۆ لە پاش کودەتاکە بوو لەسەر ساغکردنەوەی خێزانی شاهانە و لەناوبردنیان بەو  شێوە دڕندانەیه، لە سەرەتادا عەبدولکەریم قاسم قایل نەبوو کە هەموویان بکوژرێن، بۆیە ئەم ڕووداوەی بە هەلزانی هەموو تۆمەتەکانی کردە ئەستۆی عەبدولسەلام و تۆمەتباری کرد بەوەی کە ئەو بڕیاری کوشتنی خێزانی شاهانەی دەرکردووە.
ـ ناکۆکی دووەمی نێوانیان بەهۆی پلە و پۆستی دەسەڵاتەوە بوو، هەریەکێک لەوان کەسانی نزیکی خۆی لە پۆستە هەستیارەکانی حکومەت دادەمەزراند.
ـ کەسایەتی و ڕەفتار و کردارەکانی عەبدولسەلام خۆڕسک و نابەرپرسیارانە بوو، لە گوتارەکانیدا کە هۆکاری سەرەکی لەناوبردنی پەیوەندی نێوانیان بوو، هەمیشە دەستکەوتەکانی شۆڕشی بە دەسکەوتی خۆی دەزانی و خۆی بە ڕابەری گەل دادەنا و سەرسامێکی سەرسەختی جەمال عەبدولناسڕ بوو.
ـ عەبدولکەریم لە ساڵی ١٩٥٨ عەبدولسەلامی لە هەموو پوستەکانی دوورخستەوە و وەکوو نێردراوی عێراق لە ئەڵمانیا دەستنیشانی کرد، بەڵام عەبدولسەلام ڕەتیکردەوە و دەستلەکار کێشانەوەی لە هەموو پۆستەکانی ڕاگەیاند.
ـ لە ساڵی ١٩٥٩ بڕیاری لە سێدارەدان لە دژی عەبدولسەلام دەرکرا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا دژی حکومەت، بەڵام بەهۆی نووسینی نامەیەکی کاریگەرەوە کە تێیدا عەبدولسەلام داوای لێخۆشبوون و بەزەیی دەکات لە عەبدولکەریم، بڕیارەکە لەسەر ڕاسپاردەی عەبدولکەریم جێبەجێ نەکرا، تاکوو ساڵی ١٩٦١ هەر لە زیندان مایەوە و پاشان ئازادکرا. 

كودەتای ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣

کاتێک عەبدولسەلام عارف لەژێر چاودێری حکومەتدا بوو لەلایەن بەعسییەکانەوە پەیوەندی پێوە کرا و ڕێککەوتن کە جوڵانەوەیەک دروستبکەن دژی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم و بیڕوخێنن، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی بزووتنەوەکە بە یەکدەنگی ڕازی بوون لەسەر ئەوەی عەبدولسەلام عارف وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێرن ئەگەر کودەتاکە سەرکەوتوو بوو، پاش سەرکەتنی کودەتاکە و کوشتنی عەبدولکەریم قاسم لە نێو بارەگای تەلەفزیۆن، عەبدولسەلام عارف وەکوو سەرۆکۆماری عێراق هەڵبژێردار. 

سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولسەلام عارف

ـ کەسایەتی و بیری سیاسی: عەبدولسەلام عارف کەسایەتییەکی ئاڵۆز و ناجێگیر و دژبەیەکی هەبووە، بڕوای بە نەتەوایەتی و ئاینی ئیسلام هەبووە، بەڵام بوێری ئەوەی نەکردووە بە ڕاشکاوی لەبارەیانەوە هیچ بڕیارێکی نەتەوەیی ئیسلامی عەرەبی جێبەجێ بکات تاکوو بە کۆنەپەرست و دواکەوتوو تۆمەتبار نەکرێت، لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ناوخۆی وڵات بانگەشەی شیوعییەتی دەکرد کەچی لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانیدا نەفرەتی لەو سیستمە کردووە و خۆی لێ بێبەری کردووە.
ـ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان: بەهۆی پەسەند نەکردنی سیستمی شیوعی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت ئاڵوز بوو، بەڵام ئەمە هۆکار نەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا باشبێت کە پاڵپشتی ئیسڕائیلیان کردووە.
ـ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان لە ساڵی ١٩٦٤ـەوە شڵەژاو بوو، بە ڕووکەش پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی میسڕ باشبوو بەڵام لە ڕاستیدا کێشە و ڕاجیایی هەبووە لە نێوانیاندا، ترسی هەبووە لە حیزبی بەعسی سوریا، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وەکوو کوەیت و سعودیە ناجێگیر و ئاڵۆز بووە.
ـ پەیوەندی لەگەڵ کورد: بەهۆی ئەوەی هەمیشە بانگەشە و گوتارەکانی مۆرکی نەتەوایەتی و هزری ڕەگەزپەرستییان پێوە دیاربووە، دژایەتی کەمینەکانی کردووە و نەتەوەی عەرەبی لا پەسەند و پیرۆز بووە، لە سەردەمی ئەو شۆڕشی ساڵی 1966ی کوردی هەڵگیرسا، زۆر بە تووندی بەرپەرچی دانەوە و بڕیاری دابوو کە لەگەڵ وڵاتی میسڕ پلانی سەربازی دژی کورد بەکاربهێنێت، بەڵام مردن ڕێگەی نەدا. 

باری خێزانی

هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێک کردووە بە ناوی "ناهیدە حوسێن" بووەتە خاوەن حەوت منداڵ.

کۆچی دوایی

عەبدولسەلام عارف لە ١٣ی نیسانی ١٩٦٦ بۆ هەندێك كێشەی کارگێڕی و خزمەتگوزاری چووبووە پارێزگای بەسڕە، بە تایبەتی كێشەی ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەی بە نافەرمی هاتبوونە نێو خاکی بەسڕەوە، لە پاش گەڕانەوەی لە سەردانیكردنی پارێزگای بەسڕە لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكە تایبەتییەكەی لە ناوچەی "القرنە"  گیانی لەدەست دا لەگەڵ ١٠ کەسایەتی سیاسی و سەربازی تر کە لە ناو فڕۆکەکەدا بوون، لێكۆلێنەوەكان لەو كاتەدا ئاشكرایان كردووە ڕووداوەكە بەهۆی گەردەلوولی لمیەوە بووە، بەڵام تیمی كۆمپانیا ڕووسییەکە کە دروستكەری فرۆكەكەی سەرۆك بوون، دووپاتیانكردەوە هیچ كێشەیەكی هونەری لە فڕۆکەکەدا بوونی نەبووە، ڕووداوی مردنەکەی تاکوو ڕادەیەک بە تەموومژاوی ماوەتەوە و گومانی زۆی لەسەرە، لە پاش کۆچی دوایی براکەی "عەبدولڕەحمان عارف" دەسەڵاتی گرتەدەست. 


سەرچاوەکان



1463 بینین