نەتەوە مەسیحییەکانی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-21-20:41:00 - کۆدی بابەت: 7654
نەتەوە مەسیحییەکانی عێراق

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆینەی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن، ئایینی مەسیحیش دووەم ئایینە لە ناوچەکەدا، پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی ژمارەیان لە ڕابردوودا بە 1.5 ملیۆن خەمڵێندراوە و ڕێژەی 3%ـی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، بەڵام لەدوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ سەر عێراق و جەنگەکانی عێراق نموونەی جەنگی داعش، ژمارە و ڕێژەیان کەمی کردووە چونکە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی عێراق، لە ئێستادا ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق بە 300 هەزار کەس خەمڵێندراوە.
ئایینی مەسیحی بەپێی دەستووری عێراقی دووەم ئایینه لە عێراقدا و دانی پێدانراوە، 14 نەتەوەی سەرەکی هەن کە بە فەرمی دانیان پێدانراوە و جەژن و بۆنە و یادەکانیان پشوویانە و بە ئازادی یادی بۆنەکانیان دەکەنەوە.
شوێنێ نیشتەجێبوونیان لە عێراق دیاریکراوە ژمارەیەکی زۆریان دانیشتوی پارێزگای مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەرین نموونەی بەڕتەڵە و قۆش و قەرەقۆش و بەغدیدا و تەلکێف، هەروەها لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێی چەند ناوچەیەکن لە پارێزگای دهۆک و عەنکاوا لە هەولێر، لە بەغدادی پایتەخت کۆمەڵێک بوونیان هەیە بەتایبەت نەتەوەی کلدانییەکان، ژماریەکی دیاریکراویش دانیشتوی شاری بەسڕە و کەرکوکن.

گرنگترین نەتەوە مەسیحییەکانی عێراق 

- کلدانی: کلدانییەکان زۆرترین ڕێژەی مەسیحییەکانی عێراق پێکدەهێنن ڕێژەی 80%ـی مەسیحییەکانی عێراق سەر بەم نەتەوەیەن، کڵێسای کلدانی کڵێسایەکە سەر بە ڕێبازی کاسۆلیکی ڕۆژهەڵاتن، بارەگا و ناوەندی سەرەکی کڵێساکه لە بەغدادە، نزیکی 110 کڵێسایان لە هەموو عێراق هەیە، زمانی فەرمی ئەم نەتەوەیە ئارامی کۆنە و ئەو زمانەیە کە پێغەمبەر عیسا قسەی پێکردووە.
- سریانی: ڕێژەی 10%ـی مەسیحییەکانی عێراق پێکدەهێنن، بەشێکیان لەسەر ڕێبای کاسۆلیکن، بەشێکیشیان لەسەر ڕێبازی ئۆرسۆدۆکسن، نیشتەجێی ناوچەکانی قەرەقۆش و بەعشیقە و بەڕتەڵەن لە مووسڵ، ناوەندی سەرەکی کڵێسای سریانی کاسۆلیک لە لوبنانە، هەروها ناوەندی سەرەکی کڵێسای ئۆرتۆدۆکس لە سووریایە، بە زمای سریانییش قسەدەکەن، 82 کڵێسای سریانی سەر بە هەردوو ڕێبازەکەی مەسیحییەت بوونیان هەیە لە عێراق. 
- ئاشووری: ڕێژەی 5%ـی مەسیحییەکانی عێراق ئاشوورین، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و تورکیا، لە ڕابردوودا بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم و کۆمەڵکوژییەکان و ڕاوەدوونانیان کۆچیان کردووە بۆ عێراق، ئەم نەتەوەیە لە عێراقدا 21 کڵێسایان هەیە، 17 دانەی لە پارێزگای بەغدادە. 
- ئەرمەن: ڕێژەی 3%ـی مەسیحییەکانی عێراق ئەرمەنین، زمانی قسەکردنیان زمانی ئەرمەنییە، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە ژمارەیەکی زۆریان لە عێراق هەڵهاتن، 19 کڵێسایان هەیە و پەیڕەوانی هەردوو ڕێبازەکەی مەسیحی ئۆرسۆدۆکس و مەسیحی کاسۆلیک لە نەتەوەی ئەرمەنی هەن. 
- عەرەبی: ئەو مەسیحیانەی کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن، لە عێڕاقدا ڕێژەیان زۆر کەمە 2% تێپەڕ ناکات. 
- نەتەوەکانی تر: بێجگە لەم نەتەوانە چەند کەمینەیەک لە نەتەوەکانی تری ئایینی مەسیحییەت لە عێراق بوونیان هەیە، نموونەی ئۆرسۆدۆکسی قیبتی و یۆنانی ئۆرسۆدۆکس، کە سێ کڵێسای یۆنانی ئۆرسۆدۆکس و چوار کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی قیبتی لە بەغداد بوونیان هەیە، هەروەها بە ڕێژەیەکی کەم پرۆستانتی و ڕۆمی کاسۆلیکی و کوردی مەسیحی لە عێراق بوونیان هەیه.


سەرچاوەکان



905 بینین