قوڵنگ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-04-14:36:00 - کۆدی بابەت: 7920
قوڵنگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قوڵنگ (بە ئینگلیزی: crane)، جۆرێکی باڵندەیە کە هەتا ئێستە ١٥ جۆری جیاوازی دۆزراوەتەوە و ناسراوە، نشینگەکەی زۆرینەی وڵاتە جیاوازەکان دەگرێتەوە لە چەندین کیشوەر جگە لە کیشوەری ئەمریکای باشوور و بەستەڵەکەکان، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە نزیک زەلکاو و دەریاچە و کەناڵە ئاوییەکان، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچە شێدارانە لە جیهاندا مەترسییان لەسەرە، بۆیە زۆرینەی قوڵنگەکانیش هەڕەشەی نەمان و لەناوچوونیان لەسەرە، بەهۆی لەدەستدانی نشینگە بنەڕەتییەکانیانەوە، قوڵنگەکان گیانەوەری نوێ نین بەڵکو چەندین شوێنەوار هەن کە دەرخەری ئەوەن ئەم باڵندانە مێژوویەکی دێرینیان هەیە، هەروەها زۆرینەی جۆرەکانی کۆچەرین و بەهاتنی وەرزی زستان و سەرما جێگەکانیان جێدەهێڵن و گەشت دەکەن بۆ ناوچەی گەرمتر و فێنکتر کە خۆراک و پلەی گەرمییەکەی باشتر و گونجاوترە، لە کاتێکدا هەندێک لە جۆرەکانی جێگیرن و بە هیچ جۆرێک کۆچناکەن، ئەم باڵندەیە تایبەتمەندە بە هەبوونی دەنگێکی بەرز و توند، بێچووەکان لەسەرەتای لەدایکبوونیان دەنگی نەرم و نزمیان هەیە کە بەهۆیەوە دەتوانن دایک و باوکیان بدۆزنەوە یاخود داوای خۆراک بکەن، پێگەیشتووەکانیش دەنگی بەرزیان هەیە بەکاریدەهێنن وەک ئاگادارکەرەوەیەک بۆ فڕین یاخود بۆ دۆزینەوەی هاوبەشەکانیان لە نێو کۆمەڵەکاندا.  

شێوەی دەرەوەی

قوڵنگ قەبارەیەکی گەورەی هەیە و جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە، مل و قاچەکانی درێژە و شێوەیەکی جوانی پێبەخشیوە، بە شێوەیەکی گشتی هەر جۆرێک ڕەنگ و قەبارەی جیاوازی هەیە، بەڵام زۆرینەیان درێژییەکەیان لە نێوان ٩٠-١٧٦ سانتیمەتر دەبێت، کێشی قورسترین جۆریشیان دەکرێت بگاتە ١٢ کیلۆگرام، هەروەها شێوازی ڕێکخستنی پەڕەکانیشیان بە گوێرەی نشینگەکەیان جیاوازە، بۆ نموونە ئەو جۆرانەی کە لە ناوچە شێدارەکاندا دەژین پەڕەکانیان سپیترە بە بەراورد بە ئەو جۆرانەی کە لە ناوچە تەڕەکاندان، جۆری دووەمیان زیاتر ڕەنگی لە ڕەساییەوە نزیکە. 

خۆراک

ئەم باڵندەیە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، سیستەمی خۆراکی بە گشتی پێکهاتووە لە ماسی، مێروو، وشکاوەکی، قرتێنەر، خشۆک و ڕووەکەکان، هەروەها دەتوانێت خونچە، گژوگیا، ڕووەکە چێنراوەکان، هێلکەی باڵندەکان، توو، گەڵا، ڕەگ و تۆوەکانیش بخوات، شێوازی خواردنیشیان بە سوود وەرگرتن لە دەنووکیان دەبێت، قوڵنگ باڵندەیەکی ڕۆژییە واتە چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، جۆری ژەمی خۆراکی بە گوێرەی شوێن و وەرز و درێژی دەنوکی باڵندەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەو جۆرانەی کە دەنووکیان کورتە لە ناوچە وشک و بەرزەکاندا خۆراک دەخۆن، لە کاتێکدا ئەو جۆرانەی کە دەنووکیان درێژترە لە ناوچە شێدار و تەڕەکاندا ژەمی خۆراکیان دابین دەکەن.  

زۆربوون

تەمەنی پێگەیشتن لە نێوان ٢-٣ ساڵیدا دەبێت، و یەکێک لە ڕاستییە سەرسوڕهێنەرەکان دەربارەی ئەم باڵندەیە ئەنجامدانی لەنجەولارێکی دڵداری زۆر تایبەت و جیاوازە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینە بۆ هاوبەشی، وەرزی زۆربوون دیاریکراو نییە، بەڵکو بە گوێرەی جۆر و جێگەکان وەرزی زۆربوونیشیان هەمەڕەنگە، بەرپرسیارێتی گەورەکردنی بێچووەکانیش ئەرکی نێرینە و مێینەکەیە، ئەو هێلانەیەی کە جووتەکان دروستی دەکەن بۆ دانانی هێلکەکانیان دەتوانن بۆ ماوەی چەندین ساڵ و وەرزی زۆربوون بەکاریبهێننەوە، جێگەی دروستکردنی هێلانەکەش بە گوێرەی جۆری قوڵنگەکەیە، هەندێکیان لە ناوچەی گژوگیا و کێڵگەیدا دروستی دەکەن جۆری دیکەشیان هەیە لە ناوچەی شێداردا دەیکەن، بە گشتی هەر ساڵێک مێینەی قوڵنگ دوو هێلکە دادەنێت، دوای ماوەیەک لە هەڵهاتنیان لە هێلکەکانیان بێچووەکان دەتوانن بجووڵێن و هەستنەوە سەر پێیەکانیان.   

جۆرە سەرەکییەکانی

  • قوڵنگی ئوستوڕالی: یاخود پێی دەوترێت قوڵنگی برولگا، ڕەنگی پەڕەکانی جەستەی ڕەساسییە و سەری سوورە، یەکێک لە جیاکەرەوە تایبەتەکانی ئەم جۆرەی قوڵنگ لەگەڵ جۆرەکانی دیکە، هەبوونی گورزەیەک تووکی ڕەشی زبرە، کە لە وەرزی زۆربووندا هاوکارییەتی لە گەورەبوونی بانگکردنی بۆ زۆربوون، نشینگە بنەڕەتییەکەی دەکەوێتە ئوستورالیا و دوورگەکانی دەوروبەرییەوە، لە وەرزی سەرما و بارانباریندا ئەم باڵندانە دەستدەکەن بە لەنجەولاری دڵدار، کە کۆمەڵێک مەراسیمی دڵداری ئاڵۆز لە خۆ دەگرێت وەک، جووڵاندنی سەر و نوشتاندنەوەی جەستە، سەرەڕای ئەوەی وا دانرابوو کە ژمارەیان زۆرە و مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نییە، بەڵام وا پێدەچێت کە ژمارەیان زۆر دابەزیبێت لە تەواوی نشینگەکانیاندا.
  • قوڵنگی سیمۆیسیلی: نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچەی شێدار و دەریاچەکانی ئۆراسیا، کە لە دەریای ڕەشەوە هەتا چین دەگرێتەوە، لە وەرزی زستاندا کۆچدەکات بەرەو باشوور، بە مەبەستی دەستکەوتنی جێگەی گەرمتر وەک هیندستان و ئەفریقا، هەندێک لە کۆمەڵەکان کۆچێکی زۆر سەخت ئەنجام دەدەن لەسەر چیای هیمالایاوە، کە دەبێتە هۆی هیلاکبوونی سەخت و برسێتی زۆر و تەنانەت دەگاتە مردنیش، ڕەنگی جەستەی ئەم جۆرەیان ڕەساسییەکی کاڵە کە لە ناوچەی ملی و تەنیشتەکانی خوارەوەیدا لەگەڵ ڕەش تێکەڵبووە، هەروەها لە چاوە سوورەکانییەوە هەتا پشتی سەری بە پەڕی سپی داپۆشراوە و هاوشێوەی نیشانەیەکی درێژبووەوەیە، ئەم جۆرەیان مەترسی کەمی لەسەرە و ژمارەی تاکەکانی زۆرە.
  • قوڵنگی سیبیری: تەواوی جەستەی ئەم جۆرەیان بە پەڕی سپی داپۆشراوە، تەنها لە سەریدا نیشانەیەکی سووری هەیە، هەروەها لە لێوار و کۆتایی باڵەکانیدا پەڕی ڕەشی هەیە، سەرەڕای ئەوەی باڵندەیەکی گونجاوە بۆ کەشی سیبیریا، بەڵام هێشتا کۆچەرییە و لە زستاندا کۆچدەکات بۆ هیندستان و چین، قوڵنگی سیبیری مەترسی لەناچوونێکی زۆری لەسەرە و تەنها چەند هەزار دانەیەکیان ماوە لە سروشتدا، هەروەها یەکێک لە گرنگترین دەریاچە پەناگەکانیان لە چین دەکرێت بە بەنداو و پاشان ئەمەش زیاتر بەرەو نەمان و لەناوچوونیان دەبات.
  • قوڵنگی تاج ڕەش: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە کۆمەڵێک پەڕی رەش لەسەر سەرییەتی، هەروەها ئەم جۆرە ڕوومەتەکانی هێڵێ سووری تێدایە و لەسەر سەرییەوە گورزەیەک درێژەوەبووی ئاڵتوونی هەیە کە هاوشێوەی تاج و خشڵە، ئەم تاجە ئاڵتوونییەش وادەردەکەوێت کە سوودی نەبێت لە زۆربوون و ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکاندا، چونکە مێینەکانیش هاوشێوەی نێرینەکان هەمان تاجیان هەیە، بۆیە جیاکردنەوەی نێرینە و مێینەکان زۆر ڕوون نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان، قوڵنگی تاج ڕەش لیتاوی ناوچە ئاوییەکانی هەندێک لە ناوچەکانی ئەفریقای کردووە بە جێگەی گەڕان بەدوای ژەمە خۆراکییەکانیدا لە مێروو و ماسییەکان.
  • قوڵنگی ساروس: نشینگەکەی تایبەتە بە هیندستان و باشووری ئاسیا لەگەڵ ئوستوڕالیا، ئەم جۆرە بە درێژترین باڵندە دادەنرێت کە توانای فڕینی هەبێت، چونکە وشترمرخ کە توانای فڕینی نییە یەکەم گەورەترین باڵندەیە، درێژییەکەی دەگاتە ١٨٠ سانتیمەتر، پەڕەکانی جەستەی ڕەساسین بەڵام لە بەشی سەرەوەی مل و سەریدا دەبێت بە سوورێکی تۆخ، لە وەرزی زۆربووندا نێرینەکان جووڵەی تایبەت و بازدانی قەشەنگ ئەنجام دەدەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکانیان، هەروەها دوای ئەوەی جووتێک قوڵنگ دەبن بە هاوبەشی یەک ئەوا بۆ تەواوی ژیانیان پێکەوە دەبن، و لە ئەگەری ئەوەی یەکێکیان بمرێت بە هەر هۆکارێک بێت ئەوا تاکەکەی تر غەمبار و دڵتەنگ دەبێت.
  • قوڵنگی هاوار: درێژی جەستەی دەگاتە ١٥٠ سانتیمەتر، ئەم قوڵنگە درێژترین باڵندەی ئەمریکای باکوورە، پەڕەکانی جەستەی سپییە و تاجێکی ڕەشی هەیە، هەروەها قەراغ و کۆتایی باڵەکانیشی پەڕی ڕەشی تێدایە، نشینگەکەیان بە گشتی دەکەوێتە نیوە گۆی باکووری زەوییەوە، جۆرێکی کۆچەرییە و هەر لە سەرەتای زستانەوە کۆچدەکەن بۆ باشوور، مەترسییەکی زۆری لەسەرە و هەڕەشەی لەناوچوونی تەواوەتی هەیە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، کە بە گوێرەی لیستی ڕێکخراوی ئاژەڵی بێت تەنها ٢٥٠ تاکیان لە ژیاندا ماون، هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوکردنی نایاسایی و لەدەستدانی نشینگەکانیان.
  • قوڵنگی ساندهیل: نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باکوور و باشووری سیبیریا دەگرێتەوە، تەواوی جەستەی بە پەڕی ڕەساسی دەپۆشراوە و تەنها ناوچاوانی ڕەنگی سوورە، لە وەرزی زستاندا کۆچدەکات بۆ باشووری ئەمریکا و مەکسیک لە کۆمەڵەی گەورەدا کە دەکرێت ژمارەیان بگاتە ١٠٠ دانە، ئەم جۆرەیان ژمارەی زۆرە و مەترسی لەناوچوونی توندی لەسەر نییە.
  • قوڵنگی باو: یاخود پێی دەوترێت قوڵنگی ئۆراسی، جەستەی ڕەساسییەکی ئەردوازییە و تاجێکی سووریشی هەیە لەگەڵ پەڕی سپی کە لە چاوەکانییەوە هەتا خوارەوەی ملی درێژبووەتەوە، لە وەرزی زۆربووندا لە ئۆراسیایە پاشان کۆچدەکات بەرەو باشوور، هەندێکجار بە ڕادەیەک دوور دەکەوێتەوە کە دەگاتە ئەفریقا، درێژییەکەی ١٢٠ سانتیمەترە و کێشی دەگاتە زیاتر لە ٤ کیلۆگرام، یەکێکە لە بچووکترین جۆرەکانی قوڵنگ لە جیهاندا، هەروەها مەترسی لەناوچوونی زۆری لەسەر نییە چونکە ژمارەیەکی زۆر تاکی پێگەیشتوویان هەیە لە جیهاندا.


سەرچاوەکان



689 بینین