کیشوەری ئۆقیانووسیا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-06-11:20:00 - کۆدی بابەت: 7932
کیشوەری ئۆقیانووسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و بەشی جوگرافی

ئۆقیانووسیا (بە عەرەبی: أوقيانوسيا، بە ئینگلیزی: Oceania) لە ڕووی ڕووبەرەوە بچووکترین کیشوەری جیهانە ڕووبەرەکەی 8,525,989 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە دووەم بچووکترین کیشوەری جیهانە ژمارەی دانیشتوانی ئەم کیشوەرە 41 ملیۆن کەسە، لەگەڵ کیشوەری ئوستڕالیا کۆکراوەتەوە بۆیە پێشی دەوترێت کیشوەری ئوستڕالیا.
وشەی ئۆقیانووسیا وشەیەکی یۆنانییە بە واتای زەریا دێت.
خاکی ئۆقیانووسیا لە چەند ناوچەیەکی سەر بە زەریای هێمن دروستبووە، ئەو ناوچانە درێژ دەبنەوە تا دەگەن پانتایی فراوانی کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ گینیای نوێ هاوسنوورە.
دوورگەکانی ئۆقیانووسیا بەشێکیان گڕکانین و پێکهاتەی جیۆلۆجییان جیاواز و هەمەجۆرە، هەروەها ئۆقیانووسیا یەکێکە لەو هەشت مەودای ژینگەییەی سەر زەوی کە ناوچە سەرەکییەکانی ژینگەیی هەسارەکە پێکدەهێنێت، بەشێک لە ناوچەکانی بەهۆی ئەوەی مرۆڤ درەنگ نیشتەجێی بووە، بۆیە زۆرێک لە ئاژەڵ و ڕووەکی دەگمەن لەخۆدەگرێت.
کیشوەری ئۆقیانووسیا لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە: ئوستڕالیا، میلانیزیا، پۆلنیزیا، مایکرۆنیزیا.

مێژوو

دوورگەکانی ئەم کیشوەرە لەلایەن ئەورووپییەکانەوە لە سەدەی 16ـیەم دۆزرایەوە، پێش 60 هەزار ساڵ بۆ 125هەزار ساڵ پێش ئێستا، خەڵکی لە کیشوەری ئاسیاوە کۆچیان کردووە بۆ چەند ناوچەیەکی ئەم کیشوەرە، نیشتەجێی هەریەک لە وڵاتانی ئوستڕالیا و نیو کالیدۆنیای بوون.
لە ساڵی 1931 ناوچەی دوورگەکانی ئەم کیشوەرە بە فەرمی دابەشکرانە سەر سێ ناوچە کە بریتی بوون لە میلانیزیا و پۆلنیزیا و مایکرۆنیزیا، پاشان ئوستڕالیای بۆ زیاد کرا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی لە دوورگەکانی ئاسیا و ئەفریقاوە کۆچیان بۆ کرد بوو. 

ئایینی دانیشتوانی ئۆقیانووسیا

زۆرینەی دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی مەسیحیین، نزیکەی 25 ملیۆن کەسن کە ڕێژەی 73.3% دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها 1.19% مەسیحییەکانی جیهان لەم کیشوەرەن و کاسۆلیک و پرۆتستانت دوو بەربڵاوترین ڕێبازی ئەو ئایینەن و شوێنەکەوتوویەکی زۆریان هەیە.
ڕێژەیەکی کەم و دیاریکراوی دانیشتوان شوێنکەوتووی ئایینەکانی تری نموونەی ئیسلام و بەهائیین، هەروەها بەشێکی دانیشتوان پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن.
ژمارەی دانیشتوانی کیشوارەکە نزیکەی 42 ملیۆنن. 

کەرتی کشتوکاڵ و سەروەتی ئاژەڵی

سامانی ئاژەڵی وەک بەخێوکردنی مانگا و مەڕ و بەراز لە کیشوەری ئۆقیانووسیا بە تایبەتی لە نیوزلەندا و ڕۆژهەڵاتی ئوستڕالیا زۆر بەربڵاوە.
چەند بەروبوومێکی وەکوو لۆکە، دانەوێڵە، مۆز، گوێزی هیندی، سێو، ترێ و قامیشی شەکر بەهۆی ناوچە کەناراوییەکانی و بەپیتی خاکی ئوستڕالیا و نیوزلەندا بە فراوانی گەشەیان کردووە و سوودێکی زۆریان هەیە. 

کەرتی ئابووری 

بواری ئابووریی هەمەچەشن و فراوانە، بە تایبەتی وڵاتانی ئوستڕالیا، نیوزیلەندا و نیو کالیدۆنیا، لەڕووی ئابوورییەوە ئەم وڵاتانە لە سێ پێشکەوتوترین وڵاتی کیشوەرەکەن،
هەروەها هەریەک لە وڵاتانی ڤانواتوو و توڤالۆ لەڕووی ئابوورییەوە زۆر سست و لاوازن، لەم کیشوەرەدا بەرهەمهێنانی ئاسن و لاستیک و زینک و تەنەکە لە ئاستێکی باڵان.
تاڕادەیەکی باش داهاتی ئابووریی ئەم کیشوەرە لە کەرتی گەشتوگوزارەوە دەستەبەر دەکرێت. 

وڵاتانی کیشوەری ئۆقیانووسیا

ئەم کیشوەرە 14 وڵات لەخۆدەرێت، وڵاتەکان بە گشتی ڕووبەرێکی بچووکیان هەیە و ژمارەی دانیشتوانیان کەمە. 
ـ ئوستڕالیا: قەرەباڵغترین و گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەیە ڕووبەرەکەی 7,686,850 کیلومەتر چوارگۆشەیە، گەورەترین شاری کیشوەرەکەیش لەخۆدەگرێت کە شاری "سیدنی"یە، زمانی فەرمی وڵات زمانی ئینگلیزییە و "کانبێرا" پایتەختی وڵاتەکەیە. 
ـ نیوزیلەندا: ڕووبەرەکەی 268,704 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی 600 دوورگەی بچووک لەخۆدەگرێت، پایتەختەکەی شاری "ڤیلینگتۆن" ـە. 
ـ نیو کالیدۆنیا: "نۆمیا" پایتەختی وڵاتەکەیە، زمانی فەڕەنسی زمانی فەرمی دانیشتوانە و ڕووبەرەکەی 9 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 
ـ ناورۆ: ڕووبه‌ره‌كه‌ی 29 هەزار كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانەکەی نۆ هه‌زار كه‌سن، بچووكترین دوورگه‌ی سه‌ر زه‌وییه‌ و پایته‌ختی فەرمی و سیستمی گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی نییه‌، زۆربه‌ی رێگاكانی هاتوچۆی ئه‌م وڵاته‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ی پێدا ده‌ڕوات، كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌ وایكردووه‌ كه‌ گه‌شتیاران ڕووی تێ نه‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ كێشه‌ دیاره‌كانی تری ئه‌و وڵاته‌ قه‌ڵه‌ویی و زیاده‌ی كێشی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی كه‌ رێژه‌ی قه‌ڵه‌وی تیایدا زیاتر له‌ 70%ـه‌.

- کۆماری دوورگەکانی فیجی: وڵاتێکی دوورگەییە لە باشووریی زەریای هێمنە، ژمارەی دانیشتوانی 90 هەزار کەسە، ئەم وڵاتە زیاتر لە 332 دوورگە لەخۆدەگرێت. 

ـ کۆماری پالاو: ڕووبه‌ری كۆماری پالاو 459 كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 21 هه‌زار كه‌س، وڵاته‌كه‌ دوورگه‌یه‌كی ئاوییه‌ كه‌ 300 دوورگەی قه‌باره‌ جیاوازی له‌خۆگرتووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ دڵگیره‌كانی سه‌ر زه‌وی به‌هۆی دارستانه‌ باراناوییه‌كانییه‌وه‌ ڕووه‌كی ده‌گمه‌ن و باڵنده‌ی ناوازه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ژی، نزیکەی 130 جۆری ماسی قرشی مه‌ترسیداریش له‌و دوورگانه‌ هه‌ن. 
ـ تۆنگا: لە 176 دوورگە پێکهاتووە، وڵاتێکی زۆر بچووکە و دانیشتوانەکەی دە هەزار کەسن. 
ـ کیریباتی: "تاراوا" پایتەختەکەیەتی و زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتە، ڕووبەرەکەی 700 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 
ـ ڤانواتوو: ڕووبەرەکەی 14 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پایتەختەکەی "پۆرت ڤێلای"ـە و زمانی سەرەکی وڵات زمانی ئینگلیزییە. 
ـ توڤالۆ: ڕووبه‌ره‌كه‌ی 26 هەزار كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی نزیکەی 11 هەزار که‌سن. 
ـ دوورگەکانی سلێمان: وڵاتێکی سەربەخۆیە ژمارەی دانیشتوانەکەی 650 هەزار کەسن، زۆربەی خاکەکەی بە دارستان و ناوچەی شاخاوی داپۆشراوە، چەندان چیای گڕکانیش لەخۆدەگرێت. 
ـ پاپوا گینێی نوێ: دووەم گەورەترین وڵاتە کە لە دوورگە پێکاتووە، ژمارەی دانیشتوانەکەی هەشت هەزار کەسن. 
ـ دوورگەکانی مارشاڵ: "ماگۆرۆ" پایتەختەکەیەتی و زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمییە و ڕووبەرەکەی 70 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 
ـ ساموا: "ئایبا" پایتەختی وڵاتەکەیەتی و زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتە، ڕووبەرەکەی دوو هەزار کیلۆمەتر  چوارگۆشەیە.


سەرچاوەکان



935 بینین