مشکی ئاوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-12-14:13:00 - کۆدی بابەت: 7965
مشکی ئاوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مشکی ئاوی (بە ئینگلیزی: water vole) یاخود پێی دەوترێت مشکی ئاوی ئەورووپی یان جرجی ئاو، گیانەوەرێکی نیمچە ئاوی قرتێنەرە و لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندا پۆلێندەکرێت، نشینگەکەی بە شێوەیەکی گشتی ئەورووپا دەگرێتەوە، هەروەها دەکرێت لە هەندێک جێگەی کەمی ڕووسیا و کەنەدا و ئەمریکاش هەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرگەی کەشوهەوای نالەبار ناگرێت، ئیتر زۆر گەرم بێت یاخود زۆر سارد ئەوا بە گشتی لە جێگەی دیاریکراودا دەمێنێتەوە، جێگەی ژیانکردنیشی بریتییە لە ڕۆخی ڕووبارە هێواش ڕەوتەکان و لێواری ئاوی خاوێن و سازگار، شێوازی ژیانکردنی بە تەنهایە واتە بە کۆمەڵ و پێکەوە ناژین، ژمارەی مشکە ئاوییەکان ڕووی لە کەمبوون کردووە و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، گەورەترین مەترسیش بۆسەر ژیانیان لەدەستدانی نشینگەکانیانە، مشکی ئاوی هێلانەی تایبەت بە خۆی دروستدەکات لە لق و چڵی درەختەکان، دەروازەی هێلانەکەی لە نێو ئاودا دەبێت بە مەبەستی پاراستنی لە دژی گیانەوەرە دڕندەکان، درێژی هێلانەی مێینەکان دەکرێت بگاتە نزیکەی ٧٠ مەتر، لە کاتێکدا هێلانەی نێرینەکان دەکرێت دوو هێندە ببێت، لانەکانیان لە چەندین ژوور پێکهاتووە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێن، وەک خواردن و نووستن لەگەڵ دانانی بێچوو.  

شێوەی دەرەوەی

تایبەتمەندی دیاری شێوازی دەرکەوتنی جەستەیەتی کە خڕ و گۆییە لەگەڵ کلکێکی بە موو داپۆشراو، جەستەی مشکی ئاوی بە فەروویەکی کورت داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی یان ڕەساسی یاخود ڕەش بێت، بەڵام لە ناوچەی سکیدا ڕەنگی کاڵترە و وەک ڕەساسییەوە، ئەم گیانەوەرە تا ڕادەیەک قەبارەی بچووکە درێژییەکەی لە نێوان ١٤-٢٢ سانتیمەتر دەبێت و کێشی لە نێوان ١٦٠-٣٥٠ گرام دەبێت، بە گشتی هەردوو ڕەگەزی مشکی ئاوی هەمان دەرکەوتنیان هەیە بەڵام قەبارەی نێرینەکان کەمێک گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکانی، شێوەی زۆر لە مشک و جرجەوە نزیکە بەڵام لە هەندێک بەشدا جیاوازن و دەبێتە خاڵی جیاکەرەوە لە نێوانیاندا، وەک ئەوەی کە ئەم گیانەوەرە کلکی کورتە، لە مۆزی تەختە، گوێچکەکانی بچووکترە و سەریشی خڕترە بە بەروارد بە مشک و جرجەکان، پەنجەی قاچەکانی مشکی ئاوی چڕنوکی درێژ و تیژی پێوەیە کە بۆ هەڵکۆڵین سوودیان لێ دەبینێت، لە نێوان پەنجەکانیشیدا پێستێک هەیە کە پەنجەکانی پێکەوە پەیوەستکردوە و بەهۆیەوە دەتوانێت بە ئاسانی مەلەبکات.

خۆراک

مشکی ئاوی ڕووکخۆرە و بە گشتی گژوگیا و زەل و ڕووەکە ئاوییەکانی تری ناوچەکەی دەخوات، سەرەڕای ئەوەی بە تەواوەتی سەلمێنراوە کە گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە بەڵام مشکی ئاوی دەتوانێت هەریەک لە مێروو و گیانەوەرە ئاوییە بچووکەکانیش بخوات بە تایبەتی کاتێک ناچار بێت، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕۆژەکییە و چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، بۆیە زۆرینەی کاتەکانی بە گەڕان بە دوای خۆراکدا بەسەر دەبات، جۆری خۆراکەکەشی بە گوێرەی نشینگەکەی دەگۆڕێت کە مشکە ئاوییەکان دەتوانن نزیکەی ٢٢٧ جۆری جیاواز لە ڕووەکەکان بخۆن، پاشان دەتوانن بیگوازنەوە بۆ هێلانەکانیان کە جێگەی تایبەتیان بۆ خواردن دروستکردووە، هاوشێوەی زۆرینەی بونەوەرەکانی تر مشکی ئاوی خۆشی دەبێت بە ژەمی خۆراکی بۆ گیانەوەری تری وەک کوندەپەپوو، ماسییە گەورەکان، مشکی خورما، مار، پشیلەی ماڵی و ڕێوییەکان، بەڵام یەکێک لە تواناکانی مشکی ئاوی ئەوەیە کە دەتوانێت لە ئاودا نوقم بێت و مەلە بکات، بۆیە ڕاوکردن و گرتنی بۆ هەندێک لە ڕاوچییەکانی قورس یان ئەستەم دەبێت.

یەکگرتن و زۆربوون

هەر نێرینە و مێینەیەک کە دەبنە جووت و هاوبەشی یەکتری ئەوا بە درێژایی تەمەنیان لە هەموو وەرزەکانی زۆربووندا پێکەوەن، واتە مشکی ئاوی تاک هاوژینە و فرەژنی لە کۆمەڵگەیاندا نییە، وەرزی زۆربوونی مشکی ئاوی ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت کە بە نزیکەیی دەگاتە شەش مانگ واتە دوو وەرز، کە لە نێوان مانگەکانی ٣-٩ دەخایەنێت و هەندێکجار زیاتریش، پاش یەکگرتن بەدوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکە دەستپێدەکات کە نزیکەی سێ هەفتە دەخایەنێت، مێینەکە ٣-٨ بێچووی بچووکی دەبێت کە کێشی هەریەکەیان دەگاتە نزیکەی ٤-٥ گرام و جەستەیان ڕووتە و هیچ فەرووی پێوە نییە، هەروەها نابینان و توانای بینین و جووڵەکردنیان نییە، بەڵام گەشەیان زۆر خێرایە و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواوی جەستەیان بە فەروو دادەپۆشرێت، توانای بینین و جووڵەکردنیان بۆ دروستدەبێت و لە دوای چوار هەفتە لە لەدایکبوونیان توانایان دەبێت کە پشت بە خۆیان ببەستن، پاشان لە نێوان تەمەنی ٢-٤ مانگی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوون و بێچوو خستنەوەیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە مشکە کەمە و لە نێوان نیو ساڵ بۆ دوو ساڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



461 بینین