سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-12-02:04:00 - کۆدی بابەت: 8222
سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە و هەڵوێستەکانی لە ئیسلامدا

سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس (بە عەرەبی: سعد بن أبي وقاس) یەکێکە لەو دە هاوەڵەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە و خاڵی پێغەمبەر ﷺـە، ناوی تەواوی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی فەهریی قوڕەشییە، بە 19 ساڵ پێش بانگەوازی ئیسلام  لە شاری مەککە لەدایکبووە، لە پێشەنگی ئەو کەسانە بووە کە باوەڕیان بە ئیسلام هێناوە و دەگوترێت کە سێیەم پیاو بووە باوەڕی بە پەیامبەر هێناوە، هەروەها سەعد یەکەم کەس بوو کە لە پێناو ئیسلام لە جەنگدا تیری هاوێشت چونکە تیرهاوێژێکی زۆر لێهاتوو و بوێر بوو، لەگەڵ هاوەڵان کۆچی شاری مەدینەی کردووە و بەشداری لە هەموو جەنگەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ کردووە، لە فەتحی مەککە هەڵگری ئاڵا و دروشمی موسڵمانەکان بووە. 

ڕۆڵی سەعد لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب

سەعد لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ڕابەرایەتی کردنی فتوحاتی ئیسلامی، بە دیاریکراوی ساڵی 16ـی کۆچی لە پاش ئەوەی "موسەننای شیبانی" سەرکردەی سوپای فەتح کردنی ناوچەکانی عێراق کۆچی دوایی کرد، سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس لەلایەن عومەرەوە کرا بە سەرکردەی ئەو سوپایەی کە ناوچەکانی عێراقیان ڕزگار دەکرد، توانی ڕابەرایەتی "جەنگی قادسییە" بکات ئەو شەڕەی کە لە ساڵی 15ـی کۆچی لە نێوان فارسەکان و موسڵمانەکان لە ناوچەی قادسییەی عێراق ڕوویدا و بە سەرکەوتنی موسڵمانەکان کۆتایی هات، لەم جەنگەدا دەسەڵاتی فارسەکان کۆتایی پێهات و تێکشکێنران و بووە گرنگترین جەنگ بۆ ڕزگارکردنی عێراق، سەعد یەکەم کەس بوو کە لە ساڵی 17ـی کۆچی کرا بە والی شاری کوفەی عێراق.
لە پاش شەهیدکردنی عومەری کوڕی خەتتاب، سەعد لەو شەش کەسە بوو کە عومەر لە دوای خۆی دەستنیشانی کردن بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی دەسەڵات. 

کۆچی دوایی و شوێنی گۆڕەکەی

کاتێک عومەری کۆڕی خەتتاب شەهید کرا، سەعد گەڕایەوە بۆ شاری مەدینە و هەر لەوێش لە ساڵی 55ـی کۆچی، کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەقیع نێژراوە و کۆتا کەس بوو لە کۆچەرییەکانی مەککە کە کوچی دوایی کرد، چەند چیرۆک و گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی کوردی هەیە باس لەوە دەکات کە گوایە گۆڕی ئەم هاوەڵە لە ناوچەی گوندی "دێلێژە"ـی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و مەزارگەکەی بە "گۆڕی ئەسحابە درێژ" ناسراوە، بەڵام چیرۆکی ئەم گۆڕە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە سەعد لە گوندەکەی خۆی بە ناوی "عەقیق" کە دە کیلۆمەتر لە مەدینەوە دوور بووە کۆچی دوایی کردووە. لە کوردستان چەندان گۆڕ هەن کە کراون بە گۆڕی هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ، نموونەی گۆڕی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس و ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح و خالیدی کوڕی وەلید و چەندانی تر، بەڵام ئەو هاوەڵانە نەهاتوونەتە کوردستان و لەو ناوچەیە جیهادیان نەکردووە، بۆیە لەو ناوچەیەش نەمردوون، هۆکار و شوێنی مردنی زۆرێک لەو هاوەڵانە بەپێی کتێب و بەڵگەی مێژوویی و ئیسلامی دیاریکراوە و ڕوونە.


سەرچاوەکان



2308 بینین