ڕێگای ئاوریشم

ڕێگای ئاوریشم

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-25-16:30:00 - کۆدی بابەت: 8787
ڕێگای ئاوریشم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگای ئاوریشم (بە ئینگلیزی: Silk Road، بە عەرەبی: طريق الحرير) تۆڕێکی ڕێگای بازرگانییە کە چین و ڕۆژهەڵاتی دوور بە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. لە ساڵی ١٣٠ـی پێش زایینی ئیمپڕاتۆریەتی هان بە فەرمی بازرگانییان لەگەڵ ڕۆژاوا کردەوە و ڕێگای ئاوریشم تا ساڵی ١٤٥٣ـی زایینی بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی بازرگانی لەگەڵ چیندا پچڕاند. هەرچەندە نزیکەی ٦٠٠ ساڵ دەبێت کە ڕێگای ئاوریشم بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی بەکارهاتووە، بەڵام ڕێگاکان کاریگەری بەردەوامیان لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی و کولتوور و مێژوو هەیە و بەشێک لە ڕێگاکان تا ئەم سەردەمەش بوونیان ماوە.

گرنگی ڕێگای ئاوریشم

ڕێگای ئاوریشم تاکە ڕێگایەک نەبوو بەڵکو تۆڕێکی بازرگانی چالاک بوو و چەندین ڕێگا بوون، گەشتکردنەکان بە ئەسپ و وشتر بوون، بازرگانەکان، کۆچەرەکان، نێردراوەکان، جەنگاوەران و سیاسەتمەداران نەک تەنها بازرگانییان بە کەلوپەلەوە دەکرد بەڵکو زانیاری، پیشەسازی، بیروباوەڕی ئایین و دەرمانییشیان دەگۆڕییەوە.

ڕێگای شاهانە

هەرچەندە ڕێگای ئاوریشم بۆ بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا پێشتر بەکارهاتووە بەڵام بە فەرمی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی هان کە لە ساڵی ١٣٨ـی پێش زایینی ئیمپڕاتۆر ووـی هان نێردراوێکی بە ناوی ژاک چییان نارد بۆ ئەرکێک بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هۆزەکانی ڕۆژاوا، ڕاپۆرتەکانی ڕێگای گەشتەکەی زانیاری بەنرخی دەربارەی ئەو خەڵکانەی بۆ ڕۆژاوا دەچن و ئەو ڕێگایانەی لێیەوە دەچن تێدابوو، پاشان نەخشەی بۆ دانرا و ڕێگاکان پەرەیان پێدرا، بە "ڕێگای ئاوریشم" ناسرا کە بە تەواوی ڕێڕەوی مێژووی چینی گۆڕی.

مێژووی ڕێگای ئاوریشم

ڕێگا بازرگانییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای نێوان یۆنان و چین لە سەدەی یەکەم و دووەمی پێش زایینی دەستی پێکرد. ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و ئیمپڕاتۆریەتی کوشان (کە فەرمانڕەوایەتی خاکی باکووری هیندستانی ئێستەیان دەکرد) سوودیان لە ڕێگای بازرگانی ئاوریشم وەردەگرت. ئەوەی جێگای سەرنجە یۆنانیەکان زاراوەی "Seres" یان بۆ چین بەکارهێناوە کە بە واتای "خاکی ئاوریشم" دێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٧٧ لەلایەن مێژوونووس و جوگرافیناسی ئەڵمانی فردیناند ڤۆن ڕیچتۆفن ناوی ڕێگای ئاوریشمی بۆ وەسفکردنی ئەو ڕێگا بازرگانییە بەکارهێنا. مێژوونووسان ئێستا زاراوەی "ڕێگاکانی ئاوریشم" یان لا پەسەندترە کە بە وردی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە زیاتر لە یەک ڕێگا هەبووە، بەڵام هەر بە ناوی ڕێگای ئاوریشم بەناوبانگە.

ڕێگای ئاوریشم بۆ چین

ڕێگای ئاوریشم به ڕێگای ئاوی و وشکانیشدا دەڕۆیشت، ڕێگایەکیان لە شاری ئەنتیۆکی یۆنانی ڕۆمانییەوە درێژدەبوونەوە‌ بە درێژایی بیابانەکانی سووریا و پالمیرا بەرەو تێسیفۆن (پایتەختی پارتییەکان) و سێلوشیا لەسەر ڕووباری دیجلە کە شارێکی میزۆپۆتامیا (عێراقی هاوچەرخ) بوو، لە سێلوشیاوە ڕێگاکان بەرەو ڕۆژهەڵات بەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا تێدەپەڕین بۆ شارەکانی ئێکباتانا لە ئێران و مێرڤ لە تورکمانستان، پاشان ڕێگەی زیاتری لێدەبووەوە و دەڕۆیشت بەرەو ئەفغانستان و بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ مەنگۆلیا و چین. هەروەها ڕێگاکانی ڕێگای ئاوریشم بوونە هۆی دروستبوونی بەندەرەکانی کەنداوی فارس، کە دواتر کاڵاکان لەوێوە دەگوازرانەوە بەرەو سەرەوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات، ڕێگاکانی ئەم شارانە بەسترابوونەوە بە بەندەرەکانی دەریای ناوڕاستەوە کە کاڵاکان لێیەوە دەنێردرا بۆ شارەکانی ڕۆم و ئەورووپا.

بازرگانی لە ڕێگای ئاوریشم 

هەرچەندە ڕێگای ئاوریشم لە ناوبانگی ئاوریشمی چینییەوە وەرگیراوە لە نێوان بازرگانانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و شوێنەکانی تری ئەورووپا، بەڵام تاکە هەناردەی گرنگ نەبوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا. بازرگانی کردن بە میوە، سەوزەوات، ئاژەڵ، دانەوێڵە، چەرم و پێستە، کەرەستە، کاری هونەری، بەردی بەنرخ و کانزا، لەوانە گرنگتر زمان، کولتوور، فەلسەفە، زانست و بیروباوەڕی ئایینی لەوانەش بڵاوبونەوەی ئایینی ئیسلام بوو بە باوەڕی زۆرینەی خەڵکی بە درێژایی ڕێگای ئاوریشم. هەروەها کەلوپەلەکانی وەک کاغەز و بارووت لەلایەن چینییەکانەوە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی هان داهێنراون، کاریگەری بەردەوام و دیاریان هەبوو لەسەر کولتووری ڕۆژاوا، هەروەها زۆرترین کەلوپەلی بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بوون.

ڕۆژهەڵاتی دوور

ڕێگای ئاوریشم ڕێگای کردەوە بۆ بۆ گەڕان و باشتر تێگەیشتن لە کولتوور و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی دوور. گرنگترینیان جیهانگێڕ و شوێندۆزەرەوەی ڤێنیسی مارکۆ پۆلۆ بوو کە ڕێگای ئاوریشمی بەکارهێنا بۆ گەشتکردن لە ئیتاڵیاوە بۆ چین و پاش بەڕێکردنی ٢٤ ساڵ لە ئاسیا گەڕایەوە بۆ ڤێنیسیا و ڕێگای ئاوریشم بوو بە بنەمای نووسینی کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی "گەشتەکەی مارکۆ پۆلۆ"، مارکۆ پۆلۆ یەکەم کەس نەبوو کە لە ئەورووپاوە گەشتی کردبوو بۆ چین بەڵام یەکەم کەس بوو بە شێوەیەکی لێزانانە ڕووداوەکانی تۆمارکردووە.

گرنگترین شمەکە بازرگانییەکانی ڕێگای ئاوریشم

تەکنیکەکانی شووشە دروستکردن لە جیهانی ئیسلامییەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بڵاوبونەوە. هەروەها ئاماژە هەیە بۆ هەبوونی چەکی ئاگرین لە ساڵی ٦٠٠ـەکان لە چین، هەرچەندە بنچینەی بارووتەکان کەمتر ناسراون بەڵام مێژووناسان لەو باوەڕەدان کە بارووت بە درێژایی ڕێگای ئاوریشم بۆ ئەورووپا هەناردەکراوە، نەتەوە و دەوڵەتەکان کە دەرفەتی بەدەستهێنانیان هەبووە سوودێکی باشیان لە جەنگدا لێبینیوە، بەم شێوەیە هەناردەکردنی بارووت کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر مێژووی سیاسیی ئەورووپا هەبووە. هەروەها خوری و ئاڵتوون و زیو لە ئەورووپاوە بەرەو ڕۆژهەڵات براوە.

ئاوریشم

ئاوریشم یەکەم جار لە ٣٠٠٠ـی پێش زایینی لە چین دروستکرا و ناوی ڕێگای ئاوریشمیش بۆ گرنگی ئاوریشمی چین دەگەڕێتەوە، گرنگترین ماددەی ئاڵوگۆڕکردنی چین بووە و چەندین کیلۆمەتر ڕۆشتوە تا گەیشتوەتە شوێنی مەبەست. کاتێک تەکنیکی دروستکردنی ئاوریشم هێنرایە دەریای ناوڕاست پیشەسازەکانی دیمەشق هەستان بە دروستکردنی جۆرێک ئاوریشم. بە شێوەیەکی گشتی ئاوریشم بۆ جلوبەرگ بەکاردەهات، لە کولتووری بودییەکاندا بۆ درووشمی ڕێوڕەسمە ئایینیەکان و وەک تابلۆ بۆ وێنەکێشان بەکار دەهات. هەروەها لە ڕێگا گرنگەکانی ڕێگای ئاوریشمی تورفان لە چین ئاوریشم وەک دراو بەکارهاتووە، هەروەها مێژوونووس ڤالێری هانسن دەڵێت لە بنەماڵەی تانگدا ئاوریشم وەک جۆرێک لە باج کۆکراوەتەوە.

ئەسپ

لە دەوروبەری ٣٧٠٠ـی پێش زایینی ئەسپەکان بۆ یەکەمجار لە دەشتەکانی ناوڕاستی ئاسیادا ڕاهێنراون. هەروەها هۆزە کۆچەرییەکان لە کاتی هێرشکردنەکانیاندا بۆ گواستنەوە بەکاریان دەهێنا. مێژوونووس جەیمس میلوارد لە کتێبی ڕێگای ئاوریشمدا دەڵێت: کاتێک ئەسپەکان هێنرانە ناو کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکانەوە بووە ئامڕازێکی گرنگ بۆ گواستنەوە و کێڵان و سوارە. بازرگانی ئەسپ یەکێک بوو لە گرنگترین ئاڵوگۆڕە درێژخایەنەکان لە مێژووی ڕێگای ئاوریشم. بازرگان و کاربەدەستە چینییەکان ئاڵوگۆڕی ئاوریشمیان بۆ ئەسپە باشەکانی دەشتەکییەکان کرد.

کاغەز

کاغەز لە ماوەی سەدەی دووەم و سێیەمدا لە چین داهێنراوە و بەکارهێنانی لە ڕێگای ئاوریشمەوە بڵاوبویەوە، بۆ یەکەمجار لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئایینی بوودادا لە سەرانسەری ئاسیا بەکارهێنرا، لە دەوروبەری ٧٠٠ـی زایینی بۆ یەکەم جار گەیشتە شاری سەمەرکەندی ئوزباکستان پێش ئەوەی لە ڕێگەی بەندەرەکانی سسڵی و ئیسپانیاوە بچێتە ئەورووپا. کاغەز لە ماوەی پێکدادانی هێزە عەرەبەکان و بنەماڵەی تانگدا لە شەڕی تەلەسی سەدەی هەشتەمدا بە جیهانی ئیسلامی ناسێنرا، خەلیفە هارون ئەلڕەشید کارگەیەکی کاغەزی دروستکرد و کاغەزسازی بە میسڕ و باکووری ئەفریقا و ئیسپانیا ناساند. لە کۆتاییدا کاغەز لە سەدەی ١٢ و ١٣ گەیشتە ئەورووپا، گەیشتنی کاغەز بۆ ئەورووپا گۆڕانکارییەکی گرنگی پیشەسازی دروستکرد، نووسینی وشە بوو بە فۆڕمێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکاندا، گەشەپێدانی کۆتایی چاپەمەنی گۆتەنبێرگ ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەرهەمهێنانی فراوانی کتێب و ڕۆژنامە و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری فراوانتر کرد. یەکێک لە گرنگییە ناوەندییەکانی ڕێگای ئاوریشم وەک دەربەندێک خزمەتی کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و ئاوێتەبوونی کولتووری کە بەشێکی زۆری پشتی بە کاغەز بەستووە.

بەهارات

بەهاراتەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیا وەک دارچینی لە سریلانکا و کاسیا و چین بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێگاکانی وشکانی ئاوریشمدا نەدەڕۆیشتن، بەڵکو بەهاراتەکان لەڕێگای ئاوریشمی دەریاییەوە دەگوازرانەوە لە شارە بەندەرییەکانی ئەندەنوسیاوە بەرەو ڕۆژاوا لە ڕێگای هیندستان و نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە. بەهاراتە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵات بە خێرایی لە ڕۆژاوادا بڵاوبوویەوه و ناوبانگیان پەیداکرد و زۆربەی خەڵکی ئەورووپا شێوازی چێشتلێنانیان گۆڕی. هەروەها بەهاراتەکان تەنها بۆ چێشتلێنان بەکار نەئەهێنران بەڵکو لە ڕێوڕەسمە ئایینیەکان و دەرمانیشدا بەکاردەهێنران.

یەشم (خشڵ)

هەزاران ساڵ پێش ئەوەی شتێک بە ناوی ڕێگای ئاوریشم هەبێت چینییەکان بازرگانی لەگەڵ دراوسێ ڕۆژاواییەکانی کردووە بە درێژایی ئەو ڕێگایەی کە پێی دەوترا "ڕێگای یەشم". یەشم بەردێکی کریستاڵی سەوزە، کاتێک لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینیەوە ‌یەشم لە چین کەمبوویەوە، پێویست بوو پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ دراوسێ ڕۆژاواییەکانی وەک شانشینی کۆنی ئێران "خۆتان" دروستبکات کە ڕووبارەکانی دەوڵەمەند بوون بە دەگمەنترین و بەنرخترین جۆری یەشم. بازرگانی یەشم بە درێژایی ڕێگای ئاوریشم کراوە، هەروەها بازرگانی بە گەوهەرە نیمچە بەنرخەکانی تری وەک مرواری کراوە.

شووشەواڵە

زۆرجار ڕۆژاواییەکان وا گریمانە دەکەن زۆربەی کاڵاکانی ڕێگای ئاوریشم لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە بەرەو ڕۆژاوا و بۆ دەریای ناوڕاست و ئەورووپا ڕۆشتوون بەڵام ‌بازرگانی ڕێگای ئاوریشم بە هەموو ئاڕاستەکاندا ڕۆشتووە. بۆ نموونە شوێنەوارناسان کە لە چین و کۆریا و تایلەند و فلیپین هەندێک شوێنیان هەڵکەندووە شووشەی ڕۆمانییان لەنێو شتە بەنرخەکانی ئاسیادا دۆزیوەتەوە.

فەروو

تایگا بەشێکی فراوانی دارستانە هەمیشە سەوزەکانە کە بە ناو سیبیریا لە ئۆراسیادا تێدەپەڕێت و بەردەوامە بەرەو کەنەدا و ئەمریکای باکوور. میدوارد نووسیویەتی لە سەردەمی ڕێگای ئاوریشمدا ڕاوکەرەکان ڕویان لە تایگا کرد ئاژەڵەکانی وەک ڕێوی، سمۆرە، مینک، سەگاو و قاقومیان کەوڵ کردووە و فەرووەکەیان لێگرتووە. ئەم "ڕێگای فەروو"ی باکوورە پاڵتۆ و کڵاوی نایابیان بۆ خانەدانەکانی چین و ئۆراسییەکان دابین کرد.

کۆیلە

کۆیلەکانیش بێبەش نەبوون لە ئاڵوگۆڕکردنەکانی ڕێگای ئاوریشم وەک کاڵا دەکڕان و دەفرۆشران و بازرگانییان پێوەدەکرا، داگیرکەرەکان دیلەکانیان دەگرت و بە بازرگانی تایبەتی دەیانفرۆشت کە لە بەندەر و پایتەختە دوورەکان لە دەبڵین لە ڕۆژاوا تا شاندۆنگ لە ڕۆژهەڵاتی چین کڕیاریان دەدۆزییەوە، کۆیلەکان بوونە خزمەتکار بۆ پاشا و خاوەن کۆیلەکان.


سەرچاوەکان

143 بینین