چۆنیەتی شۆردنی پێڵاوی کالە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-27-20:52:00 - کۆدی بابەت: 10034
چۆنیەتی شۆردنی پێڵاوی کالە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی شۆردنی کالە (بە ئینگلیزی: How to wash a sports shoes، بە عەرەبی: کیف تغسل حذاء رياضي) پاککردنەوە و شۆردنی کالە دەبێتە هۆی ئەوەی کالەکە تەمەنێکی زیاتری هەبێت، هەروەها ڕەنگەکەی جوان و سەرنجڕاکێش بێت. کالەکان بەهۆی زۆر لەپێ کردنیان بەخێرایی پیس دەبن، ئەم پیسبوونەش بە ئاسانترین شێوە پاک دەکرێتەوە بۆیە نابێت پشتگوێ بخرێت. دەکرێت بەهۆی جلشۆر یاخود بە دەست کالەکانت بشۆیت و پاکی بکەیتەوە.

شۆردنی کالە بە ئامێری جلشۆر

دەکرێت کالە بکەیتە ناو جلشۆرەوە و ماددەی پاککەرەوەی تێ بکەیت، هەروەک چۆن جل دەشۆیت. بەڵام دەبێت وریابیت و نەخشەی سەر کالەکە بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا گونجاوە بە جلشۆر بشۆردرێت یاخود نا. هەندێک لە کالەکان لێیان نوسراوە (تەنها بە دەست بیشۆ) لەم کاتەدا نابێت بە جلشۆر بشۆردرێت.
پێش ئەوەی کالەکان بخەیتە ناو جلشۆرەوە پێویستە پیسی و قوڕەکەیان لێ بکەیتەوە، پاشان بەپێی پێویست ماددەی پاککەرەوەی تێ دەکرێت، دەبێت بە ئاوی سارد بشۆردرێت.
بەڵام باشترین ڕێگا بۆ شۆردنی کالە بە دەستە نەک جلشۆر. چونکە جلشۆر زۆر بە توندی کالەکە دەشوات و زووتر خراپی دەکات.

شۆردنی کالە بە دەست

سەرەتا کەوچکێک لە تاید بهێنە و تێکەڵی کەمێک ئاوی بکە، بەباشی تێکەڵی بکە تاکوو کەفێکی باش دەرەچێت. پاشان فڵچەیەک بەکاربهێنە و بەباشی فڵچەکە لەناو کەفەکەدا بخوسێنە. دواتر بە فڵچەکە تەواوی کالەکە بشۆ. دەکرێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنرێت بۆ پاککردنەوەی ناوەوەی کالەکە، پاشان پەڕۆیەکی تەڕ بهێنە و بەباشی ناوەوەی بسڕە و کەفەکەی لێ بکەرەوە.

وشکردنەوەی کالە

نابێت لەناو جلشۆردا کالەکان وشک بکەیتەوە، هەروەها دوورکەوە لە بەکارهێنانی هەر هەوایەکی زۆر گەرم بۆ وشکبوونەوەی، چونکە گەرمی زۆر پێکهاتەی کالەکە تێک دەدات. دەبێت ڕێگە بدەیت لە هەوای دەرەوەدا و بەهێمنی وشک ببێتەوە. واباشە کاغەزی سپی لە ناوەوەی کالەکان دابنێیت بۆ ئەوەی هەر ئاو یاخود شێدارییەک کە هەیە هەڵیمژێت. دەبێت وریابیت کاغەزەکە سپی سادە بێت، چونکە ئەگەر ڕەنگا و ڕەنگ بێت ئەگەری هەیە بەهۆی ئاوەکەوە ڕەنگ بداتەوە، بەمەش ڕەنگی کالەکە تێک بدات.


سەرچاوەکان



381 بینین