بۆچی دوای نان خواردن هەست بە ماندووێتی دەکەم؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-21-17:18:00 - کۆدی بابەت: 10332
بۆچی دوای نان خواردن هەست بە ماندووێتی دەکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بۆچی دوای نان خواردن هەست بە ماندووێتی دەکەم (بە ئینگلیزی: Why do I feel tired after eating، بە عەرەبی: لماذا أشعر بالتعب بعد الأكل)، زۆربەی کەس دوای نان خواردن دووچاری هەستکردن بە ماندووێتی دەبنەوە. ئەم کەسانە بەزۆر چاوەکانیان دەکەنەوە و بەجۆرێک هەست بە ماندووێتی دەکەن کە ڕاستەوخۆ دەیانەوێت بخەون. دەکرێت ئەو پرسیارەت لەلا دروست بووبێت کە هۆکاری هەستکردن بە ماندووێتی لەدوای ژەمەکان چییە و هەروەها دەتەوێت بزانیت ئاماژەیە بۆ حاڵەتێکی مەترسیدار یاخود نا. بە شێوەیەکی گشتی هەستکردن بە خەواڵووییەکی کەم دوای ژەمەکان شتێکی ئاساییە و پێویست بە نیگەرانی ناکات. بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ئەم حاڵەتە ڕوودەدات، دەتوانیت بە چەند ڕێگایەک کاریگەری ئەو هۆکارانە کەم بکەیتەوە. 

هۆکارەکانی هەستکردن بە ماندووێتی دوای نان خواردن 

١. سوڕی هەرسکردن 

لەش پێویستی بە وزە هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی ئیش بکات، ئەم وزەیەش لەڕێگەی خواردنەوە بەدەست دەهێنرێت. ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت کۆئەندامی هەرس هەڵدەستێت بە تێکشکاندنیان، پێکهاتەی خۆراکی وەک پڕۆتین لە ئەنجامی ئەم تێکشکاندنە وزە بۆ جەستە دابین دەکات. بێجگە لەوەی کۆئەندامی هەرس خۆراکە ماددەکان دەگۆڕێت بۆ وزە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جۆرێک لە کاردانەوەکانی جەستە چالاک دەکات. لەم پڕۆسەیەدا هۆڕمۆنەکانی وەک کۆلیسایتۆکینین (cholecystokinin)، گلوکاگۆن (glucagon) و ئەمایلین (amylin) دەردەدرێن تاکوو کەسەکە هەست بە تێری بکات. هەروەها ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنرێت، بۆ ئەوەی شەکر لە خوێنەوە بۆ خانەکان بگوازرێتەوە و دواتر بەشێوەی وزە بەکاربهێنرێت. چەند هۆڕمۆنێک لە لەشی مرۆڤدا بەردەستن، ئەگەر ڕێژەکەیان لە مێشکدا زیادبکات دەبنە هۆی هەستکردن بە خەواڵوویی وەکوو هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین و میلاتۆنین. لەڕاستیدا ئەم هۆڕمۆنانە لەئەنجامی نان خواردن دەرنادرێن، بەڵکوو جۆری ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت کار لەسەر بەرهەمهێنانی میلاتۆنین دەکات. 

٢. سیستمی خۆراکی 

بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت بە هەمان شێوە هەرس دەکرێن، بەڵام هەموو خۆراکەکان بە هەمان شێوە کار لە جەستە ناکەن. دەکرێت هەندێک خۆراک وا لە کەسەکە بکات زیاتر هەست بە خەواڵوویی و ماندووێتی بکات بە بەراورد بە هەندێکی تر، بۆ نموونە:

  • ئەو خۆراکانەی ترشی ئەمینیی تریپتۆفانیان (Tryptophan) تێدایە: 
    ترشی ئەمینیی تریپتۆفان لە هەندێک خواردندا بەردەستە وەکوو قەل و سەرچاوە پڕۆتینیەکانی وەک ماسی، سپێناخ، پەنیر و هێلکە. بەڵام ڕێژەی تریپتۆفان لە قەلدا بە بەراورد بە خۆراکەکانی تر زۆر کەمە. تریپتۆفان لەلایەن لەشەوە بۆ دروستکردنی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین بەکاردەهێنرێت. سیرۆتۆنین دەمارەگوێزەرەوەیەکە سوڕی خەو ڕێک دەخات، ئەگەری هەیە لەدوای ژەمەکان ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئەم هۆڕمۆنە زیادبکات. بێجگە لەم هۆکارە هەندێکجار هەستکردن بە ماندووێتی لەدوای ژەمەکان دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی قەبارەیەکی زۆر لە خۆراکەکە، هەروەها خواردنی بڕێکی زۆر لە کاربۆهیدرات یان خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان
  • خۆراکەکانی تری وەک گێلاس کار لەسەر ئاستی میلاتۆنین دەکات، کاربۆهیدرات زۆر بەخێرایی ئاستی شەکر بەرزدەکاتەوە و دواتر زۆر بەخێرایی بەهۆی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینەوە دادەبەزێت، هەروەها کانزاکان دەبنە هۆی خاوبوونەوەی ماسولکەکان. هەر یەکێک لەم هۆکارانە دەکرێت وا لە کەسەکە بکەن هەست بە ماندووێتی و خەواڵوویی بکات، هەر جۆرە خواردنێک بەشێوەیەکی جیاواز کار لە وزەی لەش دەکات. 

٣. شێوازی خەوتن 

گوومانی تێدا نییە ئەگەر بە شێوەیەکی باش نەخەویت، نەک بە تەنها دوای ژەمەکان بەڵکوو تەواوی ڕۆژەکە هەست بە ماندووێتی دەکەیت. ئەگەر لە ژەمەکاندا بڕێکی زۆر لە خواردن بخۆیت و هەست بە ئارامی بکەیت، ئەوا لەدوای ژەمەکە هەست بە ماندووێتی دەکەیت بەتایبەتی ئەگەر شەوی ڕابردوو بە تەواوی نەنووستبێتیت. پێشنیار دەکرێت کەسەکە بە جۆرە خشتەیەکی دیاریکراوەوە پابەندبێت و لە فشار دووربکەوێتەوە و هەروەها ڕاهێنان ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی باش بخەوێت و دووچاری کێشە نەبێتەوە. یاخود دەتوانێت لە ڕۆژدا سەرخەوێک بشکێنێت بەمەش زیاتر هەست بە ئارامی و هۆشیاری دەکات. بێجگە لەوەی وەرزشکردن یارمەتیت دەدات بە باشی لە شەواند بخەویت، لەگەڵ ئەوەشدا وا دەکات تەواوی ڕۆژەکە بە وریایی بمێنیتەوە، هەروەها ئەگەری هەستکردن بە ماندووێتی لەدوای ژەمەکان کەم دەکاتەوە. چەند لێکۆڵینەوەیەکی کەم دەریانخستووە، ڕاهێنانکردن یارمەتی زیادبوونی وزەی لەش دەدات و هەستکردن بە ماندووێتی کەم دەکاتەوە.

٤. کێشەی تەندروستی 

لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، هەستکردن بە خەواڵوویی یان ماندووێتی لەدوای ژەمەکان دەکرێت ئاماژە بۆ کێشەیەکی تەندروستی بکات، ئەو حاڵەتانەی وا دەکەن لەدوای ژەمەکان هەست بە ماندووێتی بکەیت بریتیین لە:

  • نەخۆشی شەکرە.
  • بەرگە نەگرتنی خۆراک (food intolerance) یان هەستیاری بە خۆراک.
  • هەناسە توندی کاتی خەوتن.
  • کەم چالاکی سایرۆید.
  • نەخۆشی گەنم (celiac disease)

ئەگەر بەردەوام هەست بە ماندووێتی دەکەیت و یەکێک لەم حاڵەتانەت هەیە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و چارەسەر وەربگریت. 

نەخۆشی شەکرە

ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک یان دوویان هەیە و لەدوای خواردن هەست بە ماندووێتی دەکەن، دەکرێت ئەم نیشانەیە ئاماژەبێت بۆ بەرزی یان دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێندا. تووشبوون بە بەرزی ئاستی شەکر ڕوودەدات کاتێک بڕێکی زۆر لە شەکر بەکاردەهێنیت، تەنانەت حاڵەتەکە زۆر مەترسیدار دەبێت ئەگەر لەشی کەسەکە نەتوانێت بە بڕی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت. شەکر سەرچاوەی سەرەکی وزەیە بۆ خانەکان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە نەبوونی بڕی پێویست لە ئەنسۆلین وا لە کەسەکە دەکات هەست بە ماندووێتی بکات. نیشانەکانی تری ئەم حاڵەتە بریتییە لە میزکردنی زۆر و هەستکردن بە تینووێتی. دابەزینی شەکری خوێن دەکرێت بەهۆی ئەو کاربۆهیدراتە سادانەوە ڕووبدات کە بەخێرایی هەرس دەکرێن، ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە بەخێرایی شەکری خوێن بەرز دەکەنەوە و لە ماوەیەکی کورتدا هەرس دەکرێن. هەروەها دەکرێت دابەزینی شەکری خوێن بەهۆی زیاد بەکارهێنانی ئەنسۆلینەوە رووبدات، باوترین نیشانەکانی بریتیین لە هەستکردن بە لاوازی، خەواڵوویی، برسێتی، هەروەها زوو تووڕەبوون و شڵەژاوی. 

بەرگە نەگرتنی خۆراک یان هەستیاری بە خۆراک

تووشبوون بە هەستیاری یان بەرگە نەگرتنی جۆرە خۆراکێکی دیاریکراو یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی هەستکردن بە ماندووێتی لەدوای ژەمەکان. ئەم دوو حاڵەتە دەتوانن کار لەسەر کرداری هەرسکردن و ئیشەکانی جەستە بکەن. لە حاڵەتی کورتخایەن و درێژخایەندا دەشێت هەندێک نیشانەی وەک سەرئێشە، ناڕەحەتبوونی کۆئەندامی هەرس و کێشەی پێست لە کەسەکەدا هەبێت. 

ڕێگریکردن لە ماندووێتی لەدوای ژەمەکان 

ئەگەر بەردەوام هەست بە ماندووێتی دەکەیت و هەروەها ماوەیەکی درێژە ئەم کێشەیەت هەیە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. بەڵام ئەگەر جارجار دووچاری ئەم جۆرە ماندووێتییە دەبیتەوە و پەیوەندی بە هیچ جۆرە کێشەیەکی تەندروستییەوە نییە، دەتوانیت بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک خۆت لەم حاڵەتە ڕزگار بکەیت:

  • بڕی پێویست لە ئاو بخۆرەوە تاکوو تووشی وشکبوونەوەی جەست نەبیت.
  • بڕی پێویست لە ئەلکترۆلایتەکان وەربگرە.
  • بڕی ئەو خواردنەی لە ژەمێکدا دەیخۆیت کەمی بکەرەوە.
  • بەپێی پێویست بخەوە.
  • ڕۆژانە ڕاهێنان یان وەرزش ئەنجامبدە.
  • لە خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دووربکەوە یان بە شێوەیەکی سنووردار بەکاریان بهێنە.
  • گرنگی بەو خواردنانە بدە کە بۆ تەندروستی گەدە و مێشک و ئاستی ئەنسۆلین و شەکری خوێن بەسوودن، وەکوو ئەو کاربۆهیدراتانەی ئاڵۆزن و بە ڕیشاڵ دەوڵەمەندن هەروەها چەورییە تەندروستەکان. سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ کە لە سەوزە و دانەوێڵە و چەوریی ماسی پێکهاتبێت یارمەتی هێشتنەوەی وزە دەدات. هەوڵبدە لە ژەمەکاندا چەرەسات و زەیتی زەیتوون بەکاربهێنیت،  لە خواردنی شەکر دووربکەوە و ژمارەی ژەمەکانت زیادبکە، بەڵام قەبارەیان کەمبکەرەوە واتە ئەو بڕەی دەیخۆیت.


سەرچاوەکان

295 بینین