کاریگەرییەکانی وەرزی پاییز لە سەر جەستە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-14-22:21:00 - کۆدی بابەت: 11427
کاریگەرییەکانی وەرزی پاییز لە سەر جەستە

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

کاریگەرییەکانی وەرزی پاییز لە سەر جەستە (بە ئینگلیزی: The effects of the autumn on the body، بە عەرەبی: آثار  الخریف على الجسم) حەوت ڕاستی دەریدەخەن پاییز کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە لەسەر جەستەمان زیاتر لەوەی بیری لێدەکەینەوە.

گەیشتنی پایز واتە کورتبوونی ڕۆژەکان، گۆڕانکاری لە گەڵاکان، هەروەها گۆڕانکاری لە جەستەی مرۆڤ و شێوازی ژیان. جا ئەوە وشکبوونەوەی پێست بێت یان هەڵوەرینی زیاتری قژ، بە دڵنیاییەوە جەستەمان هەندێک کاریگەری ئاسایی هەیە کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی زانستی ڕوون بکرێتەوە لەم کاتەی ساڵدا. بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تریش جیاوازن و دەگۆڕێن.

دیارترین کاریگەرییەکان

وشکبوونی پێست

یەکێک لە گەورەترین کاریگەرییەکانی وەرزی پاییز لەسەر جەستە وشکبوونەوەی پێستە. لەلایەن پزیشکانی پێستەوە سەلمێندراوە کە هەر گۆڕانکارییەکی وەرزی لە پلەی گەرمی وەک شۆکێک کاردەکات بۆ جەستەمان و هاوسەنگی کیمیایی ئاسایی پێستمان تێکدەچێت و ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونی پێست. 
ئامۆژگاری خێرا: پێستت بە شؽداری بهێڵەرەوە بە خواردنەوەی ئاو و خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاویان تێدایە. هەروەها بەکارهێنانی شێدارکەرەوەکان لەبیر مەکە.

تێکچوونی جۆریەتی قژ و هەڵوەرینی زیاتری

تێکچوون و لاوازبوون و زیاتر هەڵوەرینی قژ لەم وەرزەدا زۆر باوە، لەوانەیە هەندێک کەس بەتەواوی هەست بە ترس بکەن لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەوە، هەروەها هەندێکی تر وا بیردەکەنەوە کە لەوانەیە بە تەواوی تووشی ڕووتانەوەی سەر بن، هەرچەندە کەسانێکیش هەن پێیان وایە کە زۆر ئاساییە لەم وەرزەدا دووچاری ئەم کێشانە ببنەوە و تێگەشتنیان بۆ سروشتی وەرزەکە هەیە. هۆکاری کەمبوونەوەی قژ لە وەرزی پایزدا بریتییە لە "پاشماوەی پەرەسەندن". ئەمە بەو مانایە دێت کە ئێمە پێویستمان بە قژی زیادە هەیە لە هاویندا بۆ پاراستنی پێستی سەرمان لە ڕووناکی سەروو وەنەوشەیی، بەڵام کاتێک چیتر پاراستن پێویست ناکات، قژ دەست دەکات بە هەڵوەرینی زیاتر.

ئامۆژگاری خێرا: بۆ ئەوەی قژمان تەندروست بێت لە وەرزی پایزدا، پێویستە بە شێداری بیهێڵینەوە، خۆمان بەدووربگرین لە ئاوی گەرم و بە بەردەوامی مەساژ و شێلانی سەر بکەین.

زیاتر خەوتن

لە کاتی وەرزی پاییزدا، لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت کە زیاتر لە جاران دەخەویت، ڕوونکردنەوەیەک هەیە بۆ ئەمە. لە ڕاستیدا، کەمبوونەوەی بڕی ڕووناکی ڕۆژ لە پایزدا کاریگەری لەسەر سووڕی خەوتنی جەستە هەیە. هەتا کەمتر ڕووناکی دەردەکەوێت لە ڕۆژدا، هەست بە ماندووبوون و بێهێزی زیاتر دەکەیت.
ئامۆژگاری خێرا: شتێکی وا نییە کە بتوانیت بیکەیت دەربارەی ئەمە. ئەوەنەی توانیت و خۆر بەدەرکەوت هەوڵبدە سوودی لێوەربگریت و خۆت بدەیتە بەر خۆر. پشووی زیاتر وەربگرە بەڵام وریابە کاریگەری لەسەر کارکردن و تەندروستیت دروست نەکات.

گۆڕانی شێوازی خۆراک

پاییز نیشانەی کۆتایی وەرزی هاوین و هاتنی وەرزی زستانە، بۆیە مێشکمان ئاماژە دەنێرێت بۆ جەستەمان بۆ زیادکردنی بەرگری لە ئەنسۆلین. لەشمان بەرهەمهێنانی چەوری زیاد دەکات و دەست دەکەین بە هەڵگرتنی چەوری بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بۆ زستان ئامادە بکەین و لە کاتی پلەی گەرمی سارددا بەرگەبگرین. بۆیە کاتێک کەش و هەوا کەمێک ساردتر دەبێت، ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی جەستەمان ئارەزووی ئەو پێکهاتانەی زیاد دەکات کە ڕێژەیەکی زۆر لە کاربۆهیدرات و چەوری تێدایە.
ئامۆژگاری خێرا: باشترین شت کە دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە کە هەتا دەتوانیت چالاک بمێنیتەوە و کۆنترۆڵی ئەوە بکەیت کە بە بەردەوامی دەیخۆیت بۆ ئەوەی خۆت بەدووربگریت لە هەر کێشەیەکی تەندروستی.

تووشبوونی دڵەڕاوکێ و زیادبوونی نیشانەکان

گۆڕانی کەش و هەوا لە هاوینەوە بۆ پایز لەوانەیە کاریگەری لەسەر دەروون و خۆشگوزەرانیمان هەبێت، ئەمە پێی دەوترێت نەخۆشی کاریگەری وەرزی (SAD). لە پایزدا، لەوانەیە دڵەڕاوکێ زیاد بکات بەهۆی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن. بەگوێرەی شارەزایان، فشاری نەمانی وەرزی پشووەکان، یان ئەگەری پەشیمانبوونەوە لەوەی کە تەواوی ئامانجەکانیان بەدەست نەهێناوە لە وەرزی هاویندا، هەموو ئەمانە وادەکەن فشاری کەسەکە زیاد بکات و دووچاری دوودڵی و سترێس ببێت لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا.

ئامۆژگاری خێرا: ئەگەر هەست بە لاوازی و دڵەڕاوکێ دەکەیت لەم وەرزەدا، هەوڵبدە بەشداری لە چالاکییەکانی دەرەوە بکەیت و چێژ لە تیشکی خۆر وەربگریت. ڤیتامین D ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی دەروون و بەرەنگاربوونەوەی خەمۆکی، بۆیە هەوڵبدە ئاستی ڤیتامینی جەستەت بە ئاسایی بهێڵیتەوە.

زیان گەیاندنی تیشکی خۆر بە چاوەکان

بەرکەوتنی خۆر بەبێ پاراستن لە وەرزی پایزدا لەوانەیە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ چاوەکانمان دروست بکات لەسەر بنەمای توێژینەوە. گەیشتنی ئەم وەرزە تیشکی خۆر و ڕووناکی کەم دەهێنێت، کە ئەمەش کۆی بڕی تیشکدانەوەی تیشکی سەروو وەنەوشی زیاد دەکات و کاتێک بەر چاوەکانمان دەکەوێت مەترسی زیاتر دروست دەکات. لەم وەرزەدا دەکرێت بەرکەوتن بەو تیشکە سەروو وەنەوشەییانەی خۆر ببێتە هۆی هەوکردنی بیلبیلەی چاو و وشکبوونەوەی چاوەکان.

ئامۆژگاری خێرا: چاوەکانت بپارێزە بە بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر پێش ئەوەی لە دەرگاکە بچێتە دەرەوە. هەروەها دەتوانیت پاراستن زیاد بکەیت بە بەکارهێنانی کڵاو، شەبقە، یان ڕووپۆش.

بەربڵاوی زیاتری نەخۆشییە درمەکان

پاییز گۆڕانی وەرزەکانی نێوان هاوین و زستانە، بۆیە کەش و هەوا دەگۆڕێت و پلەی گەرماش دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییە ژینگەیەکی گونجاو دروست دەکات بۆ ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسەکانی تر، بۆیە خەڵک زیاتر نەخۆش دەکەون لە وەرزی پایزدا بەپێی پسپۆڕانی بواری پزیشکی.

ئامۆژگاری خێرا: بۆ ئەوەی ڕێگری لەو نەخۆشییانە بکەیت کە لەوانەیە لەم وەرزەدا ڕوو بدەن، پێویستە ڕۆتینێکی باشی پاکوخاوێنی جێبەجێ بکەیت و خووی تەندروستی ڕۆژانەی تێکەڵ بکەیت. لەبیرت نەچێت کە ڤاکسینە دیاریکراوەکان وەربگریت و کەمتەرخی لێ نەکەیت. هەروەها گرنگی زیاتر بە هۆکارەکانی بەهێزکردنی بەرگری جەستە بدە.


سەرچاوەکان



241 بینین