ناوهڕۆك
ناساندن
جۆرەکانی پڕۆگرامی پەروەردەیی بۆ فێرکردنی قوتابیان نابینا (بە ئینگلیزی: Types of educational programs to teach students with blindness، بە عەرەبی: انواع برامج تربوية لتعليم طلاب المصابين بالعمی)، کۆمەڵێک پڕۆگرامی تایبەت هەیە بۆ فێرکردن و گرنگیدان بە قوتابیانی نابینا.
تێکەڵاوکردن
تێکەڵاوکردنی منداڵانی نابینا: بریتیە لە فێرکردنی ئەو منداڵانەی گرفتی بینینیان هەیە لە چاودا لە قوتابخانە ئاساییەکان، دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی پەرەەردەی تایبەت لەو قوتابخانانە بۆ ئەو جۆرە منداڵانە.
ئامانجەکانی تێکەڵاوکردن
١- لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە نێوان دەزگاکانی نابینایاندا هەیە لەگەڵ قوتابخانە گشتییەکان.
٢- دەرخستنی توانای فێربوون و چالاکییەکانی قوتابیانی نابینا.
٣- سڕینەوەی ئەو تێڕوانینە هەڵانەی کە لە کۆمەڵگادا باوە، بەوەی کە قوتابی نابینا ناتوانێت وەکو کەسانی ئاسایی و چاوساغ کێبڕکێ بکات لە بواری خوێندن و چالاکییەکانی قوتابخانە.
٤- پەرەپێدانی ئاستی کارامەیی و لێهاتووی کەسایەتی کۆمەڵایەتی لای قوتابیانی نابینا و ئاوێتەکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگا.
٥- دەرفەت دان بە قوتابیە چاوساغەکان بۆ شارەزابوون و تێگەیشتن لە قوتابیە نابیناکان.
جۆرەکانی تێکەڵاوکردن
١- تێکەڵاوکردن بە درێژایی کات لە پۆلی تایبەتدا: ئەم جۆرە تێکەڵاوکردنە بریتیە لە دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ و پۆلی تایبەت و دابینکردنی تەکنەلۆجیای بڕەیڵ بۆ نابینایان بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەموو بابەتەکانی قوتابخانە فێر ببن.
٢- تێکەڵاوکردن لە پۆلی تایبەت و هاوبەش: لەم جۆرە تێکەڵاوکردنەدا پێویست بە دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ و پۆلی تایبەتە بە هەموو جۆرە ئامێر و کەرەستەیەکی تایبەت کە نابینا پێویستیەتی، لەگەڵ هەندێک بابەتی تایبەت، ئەوەی گرنگە زۆربەی کاتەکانیان لە پۆلی ئاساییدا دەبەنەسەر.
٣- ژووری سەرچاوەکان: بریتییە لە بەشێک کە هەموو پێویستییەکی تێدا دابینکراوە و نابینایان سەردانی دەکەن، بەپێی ئەو خشتەیەیی کاتەکانیان بۆ دانراوە لە کاتی پێویستدا.
٤- مامۆستای ڕێنماییکار: یەکێکە لە مامۆستایانی قوتابخانە کە پسپۆڕی تایبەتیان هەیە لە ڕێنمایی خاوەن پێداویستی تایبەت، هەڵدەستێت بە ڕێنمایی کردنی ئەو قوتابیانەی کە پێویستیان پێیەتی.
سوودەکانی تێکەوڵاوکردن
- یارمەتی منداڵانی نابینا دەدات بۆ ئەوەی بە بەردەوامی ڕۆحیەتی هاوکاری دروست بێت لەگەڵ منداڵانی ئاسایی.
- تێکەڵاوکردنی منداڵانی نابینا بۆ ئەوەی بێ بەش نەبن لە ئاسوودەی ناوماڵ و کۆمەڵگا و دروستکردن و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانیان.
- منداڵانی نابینا بەهۆی تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ منداڵانی ئاسایی فشاری دەروونیان لەسەر کەم دەبێتەوە و هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی دەکەن، چونکە هەست بە تەنهایی و نامۆ بوون ناکەن.