کارەساتی بۆردمانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە (٢٠٢٣)

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-10-19-15:34:00 - کۆدی بابەت: 11470
کارەساتی بۆردمانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە (٢٠٢٣)

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ڕووداو و کارەساتی بۆردمانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە (بە عەرەبی: قصف مستشفی المعمداني في غزة، بە ئینگلیزی: bombing al-Ahli Arab hospital in gaza) لە بەرواری ١٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ فڕۆکەیەکی هێزی داگیرکاری ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بە دوو مووشەک هێرشی کردە سەر حەوشەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، لەکاتێکدا سەدان فەڵەستینی تێیدا ئاوارە بوون کە وەکوو پەناگەیەک پەنایان بۆ ئەوێ بردبوو، ئەمە جگە لە تیمەکانی تەندروستی و چارەسەرکارانی نەخۆشخانەکە لەگەڵ سەدان بریندارانی نەخۆشخانەکە کە بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردبوو.

لە گرتە ڤیدیوییەکاندا لە ساتی بۆردمانکردنی نەخۆشخانەکەدا دەرکەوتووە کە فڕۆکەیەکی هێزی داگیرکاری ئیسرائیل بە مووشەکی ئاڕاستەکراو حەوشەی نەحۆشخانەکەی بۆردمان کردووە و ئەوان بە تایبەتی ناوەندی نەخۆشخانەکەیان کردووەتە ئامانج، دەرەنجامی ڕووداوەکە کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لێکەوتەوە و سەدان کەسی ئاوارە و بریندار و تیمە تەندروستییەکان بوونە قوربانی کە زۆرینەی قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون.

هۆکارەکان

ئەم ڕووداوە لە دەرەنجامی ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر لە فەڵەستین کە بە تۆفانی ئەقسا ناسرا ڕوویدا، زۆرێک لە سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە پشتڕاستیان کردەوە کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەکەی غەززە لەلایەن داگیرکاری ئیسرائیلەوە کارێکی لەئەنقەست بووە و بەهەڵە ڕووینەداوە، چونکە بە دوو مووشەکی ئاڕاستەکراو ناوەندی نەخۆشخانەکە بۆردمان کرا. لە ڕۆژانی ڕابردووی پێش کارەساتی بۆردمانەکە لەڕێگەی چەند میدیایەکی نزیک لە ئیسرائیلەوە دەنگۆیەک بڵاوکراوەیە و بابەتێکی هەستیار وروژێنرا و ڕاپرسی لەسەر بڵاوکرایەوە بە بوونی چەند ناوەندێکی سەربازی هێزی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەکان.

بۆیە نەخۆشخانەی مەعمەدانی کە بە نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبیش ناسراوە لەگەڵ شەش نەخۆشخانەی تری غەززە هۆشداری چۆڵکردنیان پێدرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ جێگرەوە و شوێنێکی تری چارەسەر چۆڵنەکرا. هاوکات نەخۆشخانەی مەعمەدانی لەژێر بەڕێوەبردنی کارگێڕی کڵێسایەکی مەسیحی ناوچەکە بووە، بۆیە چاودێران دەنگۆی بوونی هێزی حەماسیان لە شوێنەکە زۆر بە نالۆجیکی و ناڕاست داناوە و دەنگۆکانیان ڕەت کردەوە.

قوربانییەکان

هەر لە سەرەتای بوردمانەکەدا ژمارەی داتا فەرمییەکانی فەڵەستین قوربانیانی کارەساتەکەیان بە زیاتر لە ٥٠٠ شەهید خەمڵاند لە هەندێک سەرچاوە ٨٠٠ و لە هەندێکی تریش بە هەزار خەمڵاندنی بۆ کرا، زۆری ژمارەی قوربانییەکان منداڵ و ژن و ئاوارە و کارمەندانی تەندروستی و بریندارەکانی نەخۆشخانەکە بوون، تەرمەکان بەشێکیان شێوێندرابوون و نەناسرانەوە و بریندارەکانیش لە حاڵەتێکی دژواردا بوون و نەدەتوانرا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.

بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکە سووتا و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکە خاپوور بوو.

كاردانەوەکان

زۆرێک لە کاردانەوەکان ئیدانەکردن و بەیانی فەرمی بوون و وڵاتانی جیهان زۆرێکیان ئیدانەی هێرشەکانیان کرد، بەشێکیان بە ڕوونی دیاربوو پاڵپشتی فەڵەستین دەکەن و بەشەکەی تریشیان بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی ئیسرائیلیان کرد. دیارترین وڵاتەکان بریتی بوون لە:

فەڵەستین 
سەرۆکی فەڵەستین "مەحموود عەباس" بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵات ڕاگەیاند و ڕووداوەکەی بە کۆمەڵکوژی و بە کارەساتی مرۆیی پێناسە کرد.

هاوکات سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ئیسماعیل هەنییە ئەمریکای بە بەرپرسی سەرەکی ڕووداوەکە ناساند چونکە بە بۆچوونی ئەوان ئەمریکا داپۆشەری تاوانەکانی ئیسرائیلە.

میسر
وەزارەتی دەرەوەی میسر بۆردمانەکەی ئیسرائیلی بۆ نەخۆشخانەکەی کەرتی غەززە ئیدانە کرد، بۆردمانەکەی کە بۆ سەر دامەزراوە و ئامانجە مەدەنییەکان کرا بە پێشێلکردنی جددی بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی و سەرەتاییترین بەهاکانی مرۆڤایەتی پێناسە کرد، داوای کرد کە ئیسرائیل دەستبەجێ سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە دژی خەڵکی کەرتی غەززە ڕابگرێت.

قەتەڕ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ بۆردمانەکەی سەر غەززەی ئیدانەکرد، بە کۆمەڵکوژی و وەحشیگەری و تاوانی دژی دانیشتووانی مەدەنی پێناسەی کرد.

سعودییە
وەزارەتی دەرەوەی سعودییە بوردمانەکەی غەززەی ئیدانە کرد.

ئیمارات
هاوشێوەی وڵاتانی تری کەنداو ئیماراتیش بە بەیانێک هێرشەکەی ئیدانە کرد.

لوبنان
سەرۆکی حکوومەتی لوبنان ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕووداوەکەی بە تاوانی مرویی وەسف کرد.

حیزبوڵڵای لوبنانیش بە تووڕەیی و زمانی زبرەوە دژی ڕووداوەکە بوون.

عێراق
سێ ڕۆژ ماتەمینی بۆ ڕۆحی قوربانیان لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند و هەریەک لە سەرۆکایەتییەکانی وڵات بەجیا هێرشەکانیان ئیدانە کرد.


سەرچاوەکان



433 بینین