ناخۆشییەکانی کارکردن وەک پزیشک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-27-23:34:00 - کۆدی بابەت: 12353
ناخۆشییەکانی کارکردن وەک پزیشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ناخۆشییەکانی کارکردن وەک پزیشک (بە ئینگلیزی: The difficulties for working as a doctor، بە عەرەبی: سلبيات العمل كطبيب) بوون بە پزیشک کارێکی ئاسان نییە. هەر چەندە وا بیر دەکرێتەوە کە ژیانێکی باشیان هەیە، بەڵام سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەیان قەرەبووی ئەم خاڵە دەکاتەوە. ئەمەش لەگەڵ ئەوەی ڕێگای بوون بە پزیشک تێچوویەکی زۆر لەخۆی دەگرێت، ئەمە جگە لەو کاتە زۆرەی بۆ تەواوکردنی خوێندن و بوون بە پزیشک پێویستە. خوێندکارانی بەشی پزیشکی گشتی ساڵانێکی زۆر خوێندنی زانکۆیان هەیە، لەگەڵ ماوەیەکی زۆری ڕاهێنانکردن دوای خوێندنی زانکۆ.

ئەم خوێندنە زۆرەش  بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پزیشکەکان مامەڵە لەگەڵ جەستەی مرۆڤ دەکەن و ژیانی چەندین مرۆڤ لە نەخۆشیی و مردن ڕزگار دەکەن. هەروەها پزیشکەکان لە دوودڵییەکی زۆردا دەژین، چونکە لەلایەن چەندین نەخۆشەوە چاوەڕوانی چارەسەریان لێ دەکرێت. ئەم هەموو ماندوو بوون و کارکردنە مانای ئەوە نییە پزیشکەکان هیچ کاتێکیان بۆ پشوودان نییە، بەڵکوو ئەوانیش چەند ڕۆژێکی تایبەت بە خۆیان و کاتی پشوودانیان هەیە.

چەند ناخۆشی و ناڕەحەتییەک لە ماوەی کارکردن ڕووبەڕووی پزیشکەکان دەبێتەوە:

فشاری دەروونی، ماندوویەتی

لە دوای بەسەربردنی چەند کاتژمێرێکی زۆر مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤی جیاواز و بارودۆخی جیاواز و سەخت، بێ گومان فشاری دەروونی لەسەر پزیشک دروست دەبێت. فشار لەسەر مێشک، جەستە، لە هەندێک بارودۆخدا لەسەر کەسانی چواردەوریان دروست دەبێت. پزیشکەکان نەک تەنها چەندین ڕووخساری جیاواز لە ڕۆژێکدا دەبینن، بەڵکوو مامەڵە لەگەڵ چەندین بارودۆخی جیاوازدا دەکەن. هەموو ئەمانە بۆ بارودۆخێکی پڕ ماندوویەتی و هیلاکی درێژە دەکێشن.

ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژانە

بەهۆی هەڵەی سیستمی چاودێری تەندروستی، هەندێک کەس ناتوانن بەباشی چارەسەر وەربگرن. ئەمەش ڕەنگە بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە یان هەر هۆکارێکی تر بێت. بۆ نموونە لە هەندێک بارودۆخدا کە کەسێک توانایەکی زیاتری چ لە ڕووی باری کۆمەڵایەتی یان ئابوورییەوە هەبێت، زووتر لە نەخۆشێک کە ئەم پلە کۆمەڵایەتییە یان ئابوورییەی نییە چارەسەر دەکرێت. ڕەنگە پرسیار بکرێت دەربارەی چی دەبێت ئەگەر پزیشکەکان بتوانن لە هەمان کاتدا چاودێری هەمووان بکەن؟ بەداخەوە هیچ کەسێک نییە کە بتوانێت لە هەمان کاتدا چاودێری هەمووان بکات. بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەهۆی سیستمی تەندروستی نەخۆشەکان لەسەر بنەمای پێویستبوون بە چارەسەر، چارەسەر ناکرێن بەڵکوو هەندێک کات لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی یان ئابووری چارەسەر دەکرێن. بەڵام ئەم بارودۆخەش بەهۆی پزیشکەکان نییە و ئەمەش بارگرانی لەسەر شانی پزیشکەکان دروست دەکات کە ناتوانن یارمەتی نەخۆشەکانی تر بدەن.

پەیوەندی کردن

پزیشکەکان لەهەر کات و بارودۆخێکدا بن دەکرێت لە نەخۆشخانەوە  پەیوەندییان پێوە بکرێت و داوای یارمەتییان لێ بکرێت. ڕەنگە ئەم بارودۆخە لە کاتێکدا ڕوو بدات کە پزیشکەکان لەگەڵ خێزانەکانیان، هاوڕێکانیان یان کەسانی چواردەوریان کات بەسەر ببەن و پشوو بدەن. بەڵام لەهەر کاتێک بێت دەکرێت پەیوەندییان پێوە بکرێت و لە نەخۆشخانەوە بانگ بکرێن.  

کەمی کاتی تەواو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نەخۆش

زۆری نەخۆش و کەمی نەخۆشخانە و سیستمێکی باشی تەندروستی هۆکارە بۆ ئەوەی پزیشکەکان ڕۆژانە چاویان بە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش بکەوێت ، کاتی تەواویان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نەخۆشەکانیان نەبێت. کاروبارە ئیدارییەکان و کارەکانی نەخۆشخانە لە کاتی چاوپێکەوتنی نێوان پزیشک و نەخۆش کەم دەکەنەوە. ئەمەش نیگەرانی بۆ پزیشکەکان دروست دەکات کە ناتوانن بەپێی پێویستی کات لەگەڵ نەخۆشەکانیان بەسەر ببەن.

هەندێک نەخۆش مامەڵەکردن لەگەڵی سەخت دەبێت

هەندێک نەخۆش یارمەتیدەری پزیشک نابێت، بۆ نموونە هەموو زانیارییە گرنگ و پێویستەکان بە پزیشک ناڵێت، وەڵامی دروستی پزیشکەکان نادەنەوە کە ئەمە قورسی و ناڕەحەتی بۆ پزیشکەکان دروست دەکات.


سەرچاوەکان



79 بینین