بۆچی دوای هەستان لە خەو تووشی ئازاری جەستە دەبیت؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-10-30-22:27:00 - کۆدی بابەت: 11563
بۆچی دوای هەستان لە خەو تووشی ئازاری جەستە دەبیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی دوای هەستان لە خەو تووشی ئازاری جەستە دەبیت (بە ئینگلیزی: Why you're waking up with body ache) پاش لێدانی زەنگی کاتژمێرەکەت بۆ هەستان لە خەو لە بەیانیاندا، زۆرجار تووشیی ئازاری جەستە بەتایبەتی شان و مل دەبیتەوە.

چەند هۆکارێکی دیاری ڕوودانی ئەم بارودۆخە

خراپی جێگەی نووستنەکەت

لەماوەی ژیاندا مرۆڤ کاتێکی زۆر بە خەوتن بەسەر دەبات، هەر لەبەر ئەمەش پێویستت بە خەوێکی تەندروست هەیە.

جێگەی نووستن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کوالێتی خەو دەبێت. پێویستە جێگەکە بە جۆرێک بێت کە پشتگیری کێشی کەسەکە بکات و وابکات هەست بە ئاسوودەیی بکات. پێویستە سەر، شان، پشت و پاژنەی پێ لەسەر یەک هێڵ بن، ئەگەر جێگەی نووستنەکە زۆر نەرم بێت کە ئەم بەشانەی جەستە لەسەر یەک هێڵ نەهێڵێتەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری جەستە.

سەرین یان بالیف

ئامانجی بەکارهێنانی پشتی بۆ پشگیریکردنە لە سەر، بەم جۆرە بڕبڕەی پشت چەماوەیی سروشتی خۆی لەماوەی خەودا دەپارێزێت. کاتێک لەسەر لا پاڵکەوتویت بۆ هێشتنەوەی بڕبڕەی پشت لە شوێنی سروشتی خۆیدا، پێویستە ئەستووری سەرینەکە هێندەی دووری نێوان گوێ و دەرەوەی شانت بێت.

شێوازی نووستن

خەوتن لەسەر پشت بە یەکێک لە باشترین شێوازی نووستن دادەنرێت، چونکە سەر، مل و بڕبڕەی پشت لە شوێنی سروشتی خۆیان دەبن. بەڵام هەندێک کات ئەم شێوازی نووستنە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت. بەهۆی ئەمەش ئەگەر لەدوای هەستان لەخەو هەستت بە ئازار کرد، شێوازی نووستنەکەت بگۆڕە بۆ سەر تەنیشت. خەوتن لەسەر گەدەش دووبارە دەبێتە هۆی ئازاری پشت و مل، بۆیە پێویستە لەم شێوازە نووستنەش بەدوور بیت.

هەبوونی کێشەی تەندروستی

هەندێک کات هەستکردن بە ئازار و ماندوویەتی لە دوای هەستان لە خەو هۆکارەکەی هەبوونی کێشەی تەندروستییە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر هەستت بەم ئازارە کرد پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو دڵنیا بیت کە ئازارەکە بەهۆی هەبوونی کێشەی تەندروستی نییە. هەوکردنی جومگەکان، نەخۆشی غودە  و کەمی ڤیتامین D  لە هۆکارە باوەکانن.

وەرزشکردن

یەکێک لە هۆکارەکانی ئازاری جەستە لە بەیانیاندا بەهۆی نەبوونی خەوێکی تەندروستە. کە لە دووبارە دروستبوونەوە و چاکبوونەوەی شانەکانی لەش بەپێی کات ڕێگر دەبێت. یەکێک لە ڕێگە کاریگەرەکانیش ئەنجامدانی ڕاهێنانە، کە جەستە هیلاک دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار. یارمەتی کوالێتی نووستنەکەشت و ماوەی نووستنەکەت دەدات بەشێوازێکی باشتر.

کەم خەوی

خەوێکی کەم  کە بەڕادەی پێویست نەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری جەستە، کاتێک ئازاری جەستەش هەبێت لە خەوێکی ئاسوودە ڕێگر دەبێت.

کێشی زۆر

هەبوونی کێشی زۆر، فشار لەسەر جومگەکان و بەستەرەکان دروست دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار دوای هەستان لە خەو. هەروەها دەبێتە هۆی گرانی هەناسەدان ئەگەر کێشت زۆرە هەوڵبدە بە ڕاهێنانکردن و خۆپارێزی گونجاو کێشت کەم بکەیتەوە. بەم شێوازە خەوێکی باشترت دەبێت و لەپاش هەستان لە خەو کەمتر هەست بە ئازار دەکەیت.

کەموکوڕی هەناسەدان لە کاتی خەودا

کاتێک تووشی کەموڕی هەناسەدان دەبیت، لە کاتی خەودا ناتوانیت بە شێوەیەکی تەندروست هەناسە بدەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کەمی ئۆکسجین. ئۆکسجین بۆ جەستە بنچینەیە بەبێ ئۆکسجین خانەکانی جەستە ناتوانن دووبارە خۆیان چاکبکەنەوە و تووشیی ئازاری جەستە دەبیت.  

خواردن

کاتێک دێتە سەر هەر کێشەیەکی تەندروستی گرنگە ڕەچاوی خواردن بکرێت، چونکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی دەبێت. جەستە بەباشی کار ناکات ئەگەر خواردنی پێویستی نەبێت. ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر شەکر و چەوریان تێدایە و خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دەبێتەهۆی دروستبوونی ئازاری ماسولکەکان.


سەرچاوەکان



898 بینین