پیسبوونی ژاوەژاو

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-23-20:21:00 - کۆدی بابەت: 11753
پیسبوونی ژاوەژاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیسبوونی ژاوەژاو (بە عەرەبی: التلوث سمعي، بە ئینگلیزی: Noise Pollution)، بریتییە لە هەر دەنگێک کە مرۆڤ حەز بە بیستنی نەکات و ببێتە هۆی بێزارکردنی، بە جۆرێک کە دەنگەکە هیچ مانایەک نابەخشێن و هیچ جۆرە سازانێکی تیادا نەبێت. ئاستی خۆڕاگری مرۆڤەکان جیاوازە، بۆنموونە ئاستی خۆڕاگری کەسانی بە تەمەن کەمترە بەرانبەر بە ژاوەژاو (دەنگە دەنگ) بە بەراورد بە تەمەنی منداڵ و گەنجان. ژینگەی ژاوەژاو جیاوازە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆنموونە کەسێک کە لە بیابان دەژیت توانای گوێ بیستبوونی دە ئەوەندەی کەسێک زیاترە کە لە شاری نیۆڕک دەژیت.

سەرچاوەکانی ژاوەژاو (دەنگە دەنگ)

بە ڕێژەی (٦٠٪ بۆ ٨٠٪) دەنگە دەنگی شارەکان ئەو دەنگە دەنگەیە کە ئۆتۆمبێلەکان دروستی دەکەن، کە پشت دەبەستێت بە چەند هۆکارێک:

  • جۆری ئۆتۆمبێلەکە، ئایە ئۆتۆمبێلەکە بچووکە یان گەورەیە.
  • ئایە ئۆتۆمبێلەکە کۆنە یان نوێیە.
  • جۆری شەقامەکان و شێوازی دروستکردنیان.
  • چڕی ئۆتومبێلەکان لەسەر شەقامەکان.

جگە لە ئۆتۆمبێل فڕۆکەکان و شەمەندەفەرەکان هۆکارێکی ترن بۆ دروستبوونی ژاوەژاو.

گارگە پیشەسازییەکان

کارگەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە هۆکارێکی سەرەکین بۆ دروستبوونی دەنگە دەنگ، بەتایبەتی ئەوکارگانەی کەوتونەتە نێو سەنتەری شارەکان، جگە لەوەی سەرچاوەیەکی سەرەکین بۆ پیسبوونی بینین و پیسبوونی هەوا، سەرچاوەیەکیشن بۆ  پیسبوون بە دەنگە دەنگ، بەڵام کارگە پیشەسازییەکان ڕێژەی پیسبوون بە دەنگە دەنگیان کەمترە بە بەراورد بە ئامرازەکانی گواستنەوە.

ئامێر و کەل و پەلەکانی ناو ماڵ

ئامێرە کارپێکەرەکانی نێو ماڵ سەرچاوەیەکی سەرەکین بۆ پیسبوون بە دەنگە دەنگ لە ژینگەی ماڵەوە، بە تایبەتی ئامێرە کارەبایەکان وەکوو (گسکی کارەبایی و جل شۆر و موجەفیفە، تیڤی). 

وێسگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و مۆلیدە ئەهلییەکان

ئامارەکان دەریان خستووە کە وێسگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا (١٠٠ بۆ ١٠٢) دیسیبل ژاوەژاو دروست دەکەن.

دروستکردنی خانووبەرە و باڵەخانە و شەقامەکان

چالاکییەکانی دروستکردنی خانووبەرە و باڵەخانە و شەقامەکان هۆکارێکی ترن بۆ دروستبوونی ژاوەژاو، بە تایبەتی جۆری ئەو ئامێرانەی لەم چالاکییەدا بەکاردێن.

فراوانبوونی شارەکان

لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشە دانیشتوان، شارەکان بە شێوەیەکی نا سروشتی فراوانبوونە بە چەندین ئاڕاستەی جیاواز، ئەمەش وایکردووە بە بەردەوامی خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکان زیاد بکات، ئەنجامدانی سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکان بە ژاوەژاو.

یەکەی پێوانەی ژاوەژاو (دەنگە دەنگ)

یەکەی پێوانەی ژاوەژاو بریتییە لە (دیسیبل – Decible) کە بە مانای دەبیل دێت، وەکوو ڕێزلێنانێک لە ئەلیکسەندەر گراهان بیل داهێنەری ئامێری تەلەفۆن (مۆبایڵ)، لە پێشتر دا وات بەکاردەهێنرا بۆ پێوانەکردنی ژاوەژاو، بەڵام لە سەدەی بیستەم ژاوەژاو بە جۆرێک زیادیکرد کە بەکارهێنانی وات ئاسان نەبوو، چونکە لە نێوان (٠,٠٠٠٠٠٠١ بۆ ١٠,٠٠٠٠٠٠) بوو کە گوێچکەی مرۆڤ هەست بە بیستنی دەکات، هەربۆیە یەکەی پێوانەی دیسیبل بووە شوێنگرەوەی وات بۆ پێوانەکردنی ژاوەژاو.

شوێنەوارە خراپەکانی ژاوەژاو (دەنگە دەنگ)

١- ژاوەژاو دەبێتە هۆکاری لە دەست دانی هەستی بیستن.

٢- دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی هەرسکردن.

٣- دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سەر ئێشە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

٤- دەبێتە هۆی لێڵبوونی بینین، لە ئەنجامی سستبوونی سوڕی خوێن لە لەشدا.

٥- دەبێتە هۆکاری بێخەوی و کەمخەوی، جگە لە تێکچوونی سیستمی نووستن و لە خەو هەڵسان.

٦- دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا، لە ئەنجامی زیادبوونی هەندێک لە دەردراوەکان لە لەشدا.

٧- دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی توانای مێشک لە بەجێگەیاندنی فرمانەکانی.

٨- کاریگەری دەکاتە سەر کەمبوونەوەی سەرنجی فێربوون و لە بیرچوونەوە و بیرکردنەوە.

٩- دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی کێشی منداڵی تازە لە دایک بوو.

١٠- زیانەکانی ژاوەژاو تەنها بەند نییە بە مرۆڤەوە، بەڵکو کاردەکاتە سەر ئاژەڵەکانیش بە جۆرێک کە دەنگی بەرز دووچاری نیگەرانی و هەڵچوونیان دەکات و بەم جۆرەش دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی شیری و گۆشتی ئاژەڵەکان، جگە لە کەمبوونەوەی بەرهەمی گێڵگە پەلەوەرییەکان.

ڕێگا چارەسەرییەکانی ژاوەژاو (دەنگە دەنگ)

١- دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ سنووردارکردنی دەنگە دەنگ، بە تایبەتی لە نێو سەنتەری شارەکاندا.

٢- بڵاوکردنەوەی هوشیاری ژینگەیی لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە شێوازی (بینراو و بیسراو و نوسراو).

٣-  گۆڕانگاری بکرێت لە پلانڕێژی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەنتەری شارەکاندا.

٤- ڕێگە نەدان بە هاتنەناوەوە و هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلە گەورەکان بە نێو سەنتەری شارەکان.

٥- دوورخستنەوەی فڕۆکەخانەکان بە ئاڕاستەی دەرەوەی شارەکان.

٦-  گرنگیدان بە دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکان بە جۆرێک ڕێگە بە تێپەڕبوونی دەنگ نەدات.

٧- زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە نێو سەنتەری شارەکان، بە تایبەتی چاندنی ئەو درەختانەی گەڵاکانیان پانە بۆ هەڵمژینی دەنگ.

٨- بەکارهێنانی ماسکی گوێ لە کاتی کارکردن، بە تایبەتیش لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرە دەنگ بەرزەکان.

٩- سنوردارکردنی بڵندگۆی (مکەبەرە)ی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.

١٠- ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری تەکنەلۆجیا، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە ئامێرە دەنگ بەرزەکان.


سەرچاوەکان



430 بینین