پیسبوونی بینین

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-25-10:03:00 - کۆدی بابەت: 11764
پیسبوونی بینین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیسبوونی بینین (بە عەرەبی: التلوث البصري، بە ئینگلیزی: Visual Pollution)، بریتییە لە تێکچوونی هەر دیمەنێک کە چاوی مرۆڤ لەکاتی ڕوانین بۆیان هەست بە ئاسوودەیی دەروونی نەکات، یاخود بریتییە لەو جۆرە پیسبوونەی کە ئازارای چاوی مرۆڤ دەدات لە زۆربەی بارودۆخەکاندا کار دەکاتە سەر ڕادەی خۆشگوزەرانی گشتی.

شیکردنەوەی چەمکی پیسبوون و پیسبوونی ژینگە

لە سەدەی ٢١ دا یەکێک لە گرنگترین گرفتە سەردەمییەکان بریتییە لە پیسبوون و پیسبوونی ژینگە، لەم ڕوانگەیەوە پیسبوون (Pollution): بریتییە لە کۆبوونەوەی ماددە نامۆیەکان لە پێکهاتەی ژینگەدا، کە ئەمەش وادەکات ئەم پێکهاتانە گونجاو نەبن بۆ بەکارهێنان، پیسکەرەکانیش بریتین لە (ماددەکان، میکرۆبەکان، وزە و پاشماوە ڕەقەکان و گازەکان لە هەوادا) کە زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن، بەڵام پیسبوونی ژینگە (Environment Pollution) بریتییە لە هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لە دەرئەنجامی چالاکییە جۆراوجۆرەکان وەکوو (چالاکی پیشەسازی و ئامرازەکانی هاتووچۆ و گواستنەوە و گەیاندن و پاشماوە قوڕسەکان) لە هەواو و ئاو و خاکدا دروست دەبن.

پیسبوونی بینین و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ

١- هەستکردن بە دڵەڕاوکێی و قەلەقی
زۆربەی ئەو توێژینەوانەی لە ناوەندە زانستییەکان ئەنجام دراون، گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی کە پیسبوونی بینین هۆکارێکی سەرەکی بۆ گۆشەگیری و هەستکردن بە ترس، بەم جۆرەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دڵەڕاوکێ بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن.

٢- کەمبوونەوەی سەرنج و توانای بیرکردنەوە
بینینی چەندین دیمەنی جۆراوجۆر کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە قەبارەی جۆراجۆر دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی توانای بیرکردنەوە، چونکە لە کاتی ڕوانین بۆ ئەو دیمەنانە کە ڕێک نەخراون دەبێتە هۆکاری سەرقاڵکردنی مێشک لە ڕوانگەی فکری و هزرییەوە.

٣- دروستبوونی سەر ئێشە و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
لە ئەنجامی بینینی چەندین دیاردەی نامۆ لە یەک کاتدا، چونکە لە ڕووی زانستییەوە مێشک لە چرکەیەکدا چەندین وێنەی بینراو پڕۆسێس دەکات، بەڵام کێشەکە کاتێک سەرهەڵدەدات بڕێکی زۆری زانیاری بینراو و گەورە بە شێوەیەکی نا ڕێکخراو بن. لەم کاتەدا مێشک توانای ناسینەوەی دیاردەکانی لاواز دەبێت، بەم جۆرەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سەرئێشە و زۆبەی کاتیش بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بەدووای خۆی دادێنێت.

٤- پیسبوونی بینین هۆکارێکە بۆ شڵەژانی دەروونی مرۆڤ زۆربەی کاتیش هەڵچوونی دەروونی و ماندووبوون و شەکەتی لێوە سەرهەڵدەدات.

جۆرەکانی پیسبوونی بینین

١- خراپی پلانڕێژی بۆ خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتیش لە سەنتەری شارەکان، بۆنموونە پلانڕێژی بۆ ڕاکێشانی تۆڕی کارەبا و ئاوەڕۆ.

٢- شێوازی دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکان و جۆری ئەو بۆیاغ و ماددانەی پێی ڕووپۆش دەکرێن.

٣- زۆر بەکارهێنانی ئەلەمنیۆم و شووشە لە دروستکردن و بنیات نانی خانوو باڵەخانەکان، بەتایبەنی لە شوێنەگشتییەکان، بەم جۆرەش مرۆڤ هەست بە گەرمی و دانەوەی ئەو تیشکانە دەکات کە بەر ئەو ماددانە دەکەون.

٤- هەڵواسینی پۆستەری ڕیکلامی لە شوێنەگشتییەکان و سەر دیواری مارکێت و دووکانەکان.

٥- دانانی ئامێرەکانی گەرم کەرەوە و فێنک کەرەوە لە ڕووکاری خانوو و باڵەخانەکان، کە ناڕێکی و نەگونجانی لێدەکەوێتەوە لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە.

٦- کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر لە پاشماوە ڕەقەکان (زبڵ و خۆڵ و خاشاک) لەسەر ڕێگا و بان و شوێنە گشتییەکان.

٧- زۆربوونی دیاردەی نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارە کۆنەکان لە نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون، بە جۆرێک نەگونجانی ئەو بەشەی کە نۆژەنکراوەتەوە لەگەڵ بەشەکۆنەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون.

٨- زۆرجار پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری پیسبوونی بینین، بەهۆی هەڵواسینی ژمارەیەکی زۆری ئاڵا و پۆستەر و وێنە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

٩- فرۆشتنی کەل و پەل و خواردن و خواردنەواکان لەسەر ڕێگا گشتییەکان.

١٠- دروستکردنی باڵەخانەی بەرز لە بەردەم دیمەنە سروشتییەکان، بەم جۆرەش دیمەنە سروشتییەکان دەشاردرێنەوە، نموونە وەکوو (دارستان، تاڤگەکان، چیاکان و ڕووبار و دەریاچەکان).

ھۆکارەکانی پیسبوونی بینین

١- خراپی پلانڕێژی لە ناوچە شارنشینییەکان.
٢- کەمی ئاستی ڕۆشنبیری تاک، بە شێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگادا.
٣- فراوانبوونی شار بە شێوەیەکی ناسروستی بە ئاڕاستەکانی دەورووبەر.
٤- نەبوونی یاسا و ڕێسایەک بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ژینگە شارنشینییەکان و پابەندبوونی تاک پێیوە.
٥- خراپی دیزاینکردنی خانوو و باڵەخانە و ڕێگاکان.
٦- زۆر بەکارھێنانی ماددە کاغەزی و لایلۆنییەکان بۆ ھەڵواسینی وێنە و پۆستەری ڕیکلامی.

ڕێگا چارەسەرییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی بینین

١- وشیارکردنەوەی تاکەکان لە ڕێگای کارکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن چ بە شێوەی بیستراو بێت یان بە شێوەی بینراو یان بە شێوەی نوسراو.

٢- ڕۆڵی پەروەردە و ناوەندەکانی فێرکردن لەسەر ئاستی ناوەندە حوکمی و نا حوکمیەکان بۆ فێرکردن و ڕێنماکردنی فێرخوازان.

٣- سەپاندنی سزا و باج بەسەر سەرپێچی کران.

٤- دەرکردنی پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە لایەنی ئاوەدانی و بیناسازی بە مەبەستی ڕێکخستەنەوەی شێوازی دروستکردن و بنیات نانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

٥- گرنگیدان بە دیزانکردنی ستوونی ڕووناکی و تابلۆکانی ھاتووچۆ.

٦- ڕێگریکردن لە بەکارھێنانی شۆستەکان لە پیشە جیاوازەکاندا.

٧- ڕێگریکردن لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر لە نێو شارەکاندا.

٨- کۆکردنەوە و تازەکردنەوەی تابلۆ پزیشکییەکان لە یەک پۆستەری گەورە و ڕەنگا و ڕەنگ لە دیزاینێکی نوێدا.

٩- دابینکردنی شوێنی تایبەت و گشتی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل و ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی گەورە بۆ نێو سەنتەری شارەکان.

١٠- بەکارھێنانی سیستمی مارکێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی فرۆشگاکان لە نێو سەنتەری شارەکان.

١١- کاربکرێت بۆ زیاد کردنی کارەبای گشتی لە ڕێگای سوود وەرگرتن لە وزە نوێبووەکان وەکوو (وزەی تیشکی خۆر و وزەی با و کارۆ ئاوی) بە مەبەستی کەمکردنەوە و نەھێشتنی مۆلیدە ئەھلییەکان لە نێو سەنتەری شارەکان.

١٢- بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای سەردەمی بە مەبەستی بەکارھێنانی بۆ ڕیکلامە جۆراوجۆرەکان و کەمکردنەوەی تابلۆ و وێنە و پۆستەری سەر دووکان و مارکێت و شوێنە گشتییەکان.


سەرچاوەکان



761 بینین