گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-12-20:33:00 - کۆدی بابەت: 11848
گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بە شێوەیەکی بەردەوام (بە ئینگلیزی: The importance of laboratory testing Routinely، بە عەرەبی: أهمية الفحوصات المختبرية بانتظام) کاتێک کە سەردانی پزیشک دەکەیت بەزۆری ڕاستەوخۆ دوای گفتوگۆکردن داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تاقیگەیت لێ دەکات. بێگومان ئەمە بۆ ئەوەیە بتوانێت دەستنیشانی نەخۆشییەکەت بکات، یاخود دۆخی چارەسەرییەکە هەڵبسەنگێنێت.

زۆربەمان سوودەکانی وەرزش و خواردنی تەندروست وەک هۆکارێکی بەهادار دەزانین کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستییەکی باش، بەڵام چەندێک لە ئێمە پشکنینی ڕۆتینی تاقیگەییمان پێ گرنگە و ئەنجامی دەدەین؟

ئەگەر هەر کاتێکی زیاترمان هەبێت لە ڕۆژەکەماندا، زۆرجار بۆ وەرزشکردن یان دروستکردنی خواردنی باشتر و هەڵبژاردنی خۆراکی تەرخان دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ساڵانە جارێک یان دوو جار کاتی زیاتر تەرخان بکەین بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ڕۆتینی لە تاقیگەدا، چونکە ئەمەش هێندەی خۆراک و وەرزش گرنگە بۆ تەندروستی گشتی کەسێک.

گرنگییەکانی پشکنینی تاقیگەیی

  • دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.
  • کۆنترۆڵکردنی دۆخی نەخۆشییەکە.
  • چاودێریکردنی بەرەوپێشچوون یاخود نەمانی نەخۆشییەکە.
  • دیاریکردنی چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشییەکە.
  • دۆزینەوەی زوویی نەخۆشییەکان.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زۆرێک لە نەخۆشی و دۆخە پزیشکییەکان لەوانەیە لە سەرەتادا بێ نیشانە بن یان نادۆزرێنەوە. هەر بۆیە، زۆرێک لە نەخۆشی و ناڕێکییەکان دەکرێت زوو بە کاری تاقیگەیی بدۆزرێنەوە، بەڵام زۆرجار بەبێ دەستنیشانکردن و دۆزینەوە دەبن کاتێک تەنها لەسەر بنەمای هەستی کەسەکە بێت. لە ڕاستیدا، زۆرێک لەو مەرجانە چارەسەر دەکرێن و ئەگەر زووتر دەستنیشان بکرێن. چەند نموونەیەک دەربارەی ئەوەی کە چۆن پشکنینی ڕۆتینی خوێن دەتوانێت سوودبەخش و زانیاریبەخش بێت.

شێرپەنجەی پرۆستات یەکێکە لە باوترین شێرپەنجەکان لە پیاواندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باشتر زووتر چارەسەر دەکرێت کاتێک زوو دەستنیشان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک زۆرێک لە شێرپەنجەکان، لەوانەیە قورس بێت بۆ چارەسەرکردن کاتێک بەرەوپێش دەچێت.

نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی پێش نەخۆشی شەکرە، نزیکەی یەک لە هەر سێ ئەمەریکایی لە ئێستادا ئەم نەخۆشییەیان هەیە و نزیکەی ٢٥ ٪یان ئاگاداری ئەوە نەبوون کە ئاستی شەکریان زۆر بەرزە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، شەکرە لەوانەیە هەنگاو بە هەنگاو ببێتە هۆی نەخۆشی دڵ کە زوو دەست پێدەکات، شکستی گورچیلە، زیادبوونی مەترسی جەڵتەی مێشک، نەخۆشی دەماری و نەخۆشییە سەختەکانی تر کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات. بۆیە دۆزینەوەی گۆڕانکارییەکانی شەکری خوێن لە قۆناغی پێش شەکرەدا زۆر گرنگە. ئەمە دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات بۆ وەرگرتنی چارەسەر و گۆڕینی شێوازی ژیان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە نەخۆشی شەکرە.

شێرپەنجەی خوێن، کەمخوێنی و ناڕێکییەکانی خوێن> پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی شێرپەنجەی خوێن (شێرپەنجەی خانە سەرەتاییەکانی خوێن). هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناسینەوەی هەر کەم خوێنییەک (بڕێکی کەم لە خڕۆکە سوورەکان کە ئۆکسجین بە تەواوی لەشدا هەڵدەگرن) و ناڕێکییەکانی پەڕەکانی خوێن (کە یارمەتی خوێنەکە دەدات لە مەیین و یارمەتی چاکبوونەوەی برین دەدات).

کۆلیسترۆڵ، پشکنینی چەوری دەتوانێت یارمەتی دیاریکردنی ئاستی بەرزی کۆلیسترۆڵ و ترایگلایسیراید بدات. ڕێژەیەکی بەرزی هەریەک لەو چەورییانە دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو ببنە هۆی گیرانی خوێنبەرەکان لە سەرانسەری لەشدا، لەوانە خوێنبەرەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کە خوێن بۆ دڵ و مێشک دابین دەکەن. ئەم گیرانی خوێنهێنەر و خوێنبەرانەی خوێن دەکرێت ببنە هۆی جەڵتەی دڵ و مێشک. زۆربەی کات، ئەم حاڵەتانە نابینرێن مەگەر بە پشکنینی خوێن دیاریبکرێت.

گەر سەرنجبدەن ئەم پشکنینانەی باسکران لە ڕێی پشکنینی خوێنەوە ئەنجام دەدرێن بۆیە گرنگە هەر تاکێک لە گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی ڕۆتینی خوێن تێبگات و لانی کەم سێ مانگ یاخود شەش مانگ جارێک سەردانی تاقیگەکان بکات بە مەبەستی پشکنینی ڕۆتینی بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی خۆی.

چی وایکردووە پشکنینی ڕۆتینی خوێن گرنگ بێت؟

لەگەڵ زۆربەی پشکنینە ڕۆتینیەکانی خوێن، هەوڵدەدرێت نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی زوو دەستنیشانبکرێن، پێش ئەوەی نیشانەکان سەربکەون و نەخۆشییەکە بە سەختی لە کەسەکەیا دەربکەوێت. ئەو پشکنینانەی کە پزیشک داوای دەکات پشت دەبەستێت بە تەمەن و ڕەگەز لەگەڵ مێژووی پزیشکی و هۆکارەکانی مەترسی خێزانی. پشکنینە بنچینەییەکان ئاستی شەکری خوێن، ژماردنی خانەکانی خوێن، و کرداری زیندەچالاکی (چۆن جەستە ئەوە دەگۆڕێت کە دەیخۆیت و دەیخۆیتەوە بۆ وزە). پزیشک بە شێوەیەکی گشتی داوای پانێڵەکان دەکات کە پشکنین بۆ چەند شتێک دەکەن لەگەڵ یەک ڕاکێشانی خوێندا. ئەمەی خوارەوە هەندێک لە باوترین پشکنینەکانی خوێنە کە لە چاودێری سەرەتاییدا دەیبینین:

پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن (CBC): خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکانی خوێن و پەڕەکانی پشکنین دەکرێن. CBC دەتوانێت حاڵەتەکانی وەک کەمخوێنی، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی بەرگری خۆیی، شێرپەنجەی خوێن (شێرپەنجەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن) و شێرپەنجەی تر دیاری بکات.

پانێڵێکی بنەڕەتی زیندەپاڵ (BMP): پشکنینی کرداری گورچیلە و فرمانی سییەکان و ئاستی شەکری خوێن دەکات بە پشکنینی پاڵاوتنی خوێن و شەکری خوێن و ئاستی ئەلیکترۆلایتەکان. ئەم پشکنینە دەتوانێت کێشە باوەکانی گورچیلە، کێشەی سییەکان، نەخۆشی شەکرە یان پێش شەکرە دیاری بکات. 

پانێڵی زیندەپاڵی تەواو (CMP): ئەو پشکنینانە دەگرێتەوە کە لە پانێڵی زیندە پاڵی بنەڕەتیدا هەن لەگەڵ پشکنینەکانی تایبەت بە فەرمانەکی جگەر.

پانێڵێکی چەوری: پشکنینی کۆلیسترۆڵ و ترایگلایسیرید دەکات لە خوێندا و دەتوانێت کۆبوونەوەی تۆپەڵەی چەوری لە خوێنبەرەکاندا بدۆزێتەوە. ئەم پشکنینە پشکنینێکی گرنگە بۆ نەخۆشی خوێنبەری کۆرۆنەری بە تایبەتی.

هەندێکی تر لەو پشکنینانەی کە زۆرجار داوایان لێ دەکرێت بریتین لە:

  • پشکنینی خۆراکە ماددە بۆ ئاستی هەندێک کانزا یان ڤیتامین: ئاسن و ڤیتامین D و B12 لە زۆربەی کەسانی پێگەیشتوودا کەمن.
  • پانێڵێکی سایرۆید پشکنینی ڕژێنی سایرۆید (غودە) دەکات، کە هۆڕمۆنە گرنگەکان ڕێکدەخات و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی وزە و زیندەپاڵ هەبێت.
  • بۆ ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، پشکنینی هیمۆگلۆبین A1C (پشکنینی شەکرەی سێ مانگی) وێنەیەکی گشتی وردتری شەکری خوێن پێشکەش دەکات لە پشکنینە سەرەتاییەکانی گلوکۆز.

چی چاوەڕێ بکەم کاتێک پشکنینی ڕۆتینی خوێن دەکەم؟

پزیشک دەکرێت هەموو ساڵێک پێشنیاری CBC و BMP بکات لە سەردانی ڕۆتینی نەخۆشدا. پشکنینەکانی تر پشت دەبەستن بە تەمەن و شێوازی ژیان و مێژووی کەسی و خێزانی. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دابینکەری چاودێری سەرەتایی داوات لێدەکات بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بەڕۆژوو بیت پێش ئەوەی خوێنەکەت وەربیگرێت. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە هەڵاوسانی شەکری خوێن و گۆڕانکارییە کیمیاییەکانی تر کە لە ئەنجامی خواردن و خواردنەوەوەیە. ستافی ڕاهێنانی چاودێری سەرەتایی تیوبی جیاوازی خوێن پڕدەکات بۆ هەر پانێڵێک، بەڵام زۆرجار تەنها یەک دەرزی لە خوێن پێویستە. نوسینگەی پزیشک نموونە دەنێرێت بۆ تاقیگە و زۆربەی کات ئەنجامەکان لە چەند ڕۆژێکدا دەست دەکەوێت. ئەگەر یەکێک لە پشکنینە بنچینەییەکانی خوێن ئەنجامی نائاسایی نیشان دا، هەنگاوی داهاتوو پشکنینی زیاتر دەبێت.

ئایا پشکنینیە ڕۆتینییەکان بۆ ژنان و پیاوان جیاوازە؟

زۆربەی پشکنینەکان بۆ ژنان و پیاوان وەک یەکن. لەگەڵ ئەوەشدا، کات و پشکنینی پێویست لەوانەیە لەسەر بنەمای ڕەگەز بگۆڕێت. بۆ نموونە، پیاوان مەترسی تووشبوونیان بە بەرزی کۆلیسترۆڵ زیاترە، بۆیە دەکرێت پێویستیان بە پشکنینی چەوری زووتر بێت لە ئافرەتان. نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و کەمی ئاستی ڤیتامین D لە ئافرەتاندا باوترن، بۆیە پزیشک دەکرێت پێشنیاری زیادکردنی ئەوانە بکات بۆ سەردانی تەندروستی لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا.

ئایا پشکنینە ڕۆتینییەکان لەگەڵ تەمەندا دەگۆڕێت؟

زۆربەی پشکنینەکان بۆ هەموو کەسێکی پێگەیشتوو وەک یەکن، بەڵام هەندێکیان لەوانەیە لەگەڵ تەمەندا زیاتر داوا بکرێن. بۆ نموونە، هەر پێنج ساڵ جارێک پانێڵێکی چەوری بەسە بۆ گەنجان (مەگەر مێژووی خێزانی کۆلیسترۆڵی بەرزی هەبێت). لەگەڵ ئەوەشدا، پزیشک لەوانەیە ڕێژەی پشکنینەکان زیاد بکات کاتێک دەگەیتە تەمەنی ٤٠ یان ٥٨ ساڵی. هەروەها پزیشکەکان داوای پانێڵی غودە دەکەن زۆرتر بۆ گەورەکان. چەند پشکنینێکی تری خوێن کە باون بۆ کەسانی بەتەمەن بریتین لە:

  • پشکنینەکانی خوێن مەیاندن PT/INR بۆ بەساڵاچووان لەسەر تەنککەرەوەی خوێن.
  • پشکنینی پێپتایدی BNP بۆ کرداری دڵ.
  • پشکنینی فێریتین بۆ ئاستی ئاسن
  • ڤیتامین B12

لە لایەکی دیکەوە، پزیشک لەوانەیە زیاتر پێشنیاری پشکنینی ئایدز و پشکنینەکانی تر بکات بۆ نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان بۆ گەنجانی چالاکی سێکسی.

پشکنینی ڕۆتینی خوێن و چاودێری سەرەتایی

تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی هەر تاکێک لە ناوەڕۆکی ئەنجامدانی پشکنینەکانە. هەروەک سەردانی کەسی یان پزیشکی لە دوورەوە لەگەڵ دابینکەری چاودێری سەرەتایی، پشکنینی ڕۆتینی یارمەتیدەر دەبێت لە خودی کەسەکە و جەستە تێبگەین. پشکنینی خوێن یارمەتیمان دەدات بۆ دامەزراندنی هێڵێکی بنچینەیی بۆ ئەرکە سەرەکییەکان و پاشان بە بەردەوامی بەدواداچوونکردن بۆیان. لە چاودێری سەرەتایی گشتگیردا، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە هەموو شتێک لەسەر ڕێگایە و هەر کێشەیەکی شیاو زوو دەستنیشان دەکرێت. پێویست ناکات ساڵانە هەموو پشکنینێک ئەنجام بدەین، بەڵام هەندێک پشکنین هەن باشترە بە شێوەی ساڵانە ئەنجام بدرێن.

بێگومان هەندێک لەخەڵکی بەهۆی دڵەڕاوکێوە خۆیان بەدوور دەگرن لە پشکنین، دەترسن لەوەی ئەم پشکنینانە سەر بکێشێ بۆ چەندین نەخۆشی کە کەسەکە ئەسڵەن هەستیشی پێ نەکردووە بەڵام ئایا باشتر نییە زووتر نەخۆشییەکانت دیاریبکەیت وەک لەوەی دواتر لێت بکاتە نەخۆشییەکی درێژخایەن یاخود مەترسیدار.


سەرچاوەکان



207 بینین