ستراتیجی ساغکردنەوە لە بازاڕگەریدا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-01-13-14:06:00 - کۆدی بابەت: 11853
ستراتیجی ساغکردنەوە لە بازاڕگەریدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ستراتیجی ساغکردنەوە لە بازاڕگەریدا (بە عەرەبی: استراتيجية المزيج الترويجي في التسويق، بە ئینگلیزی: Promotion mix strategy in marketing) ستراتیجی ساغکردنەوە یان ئاڵوێرکردن لە بنەڕەتدا یەکێکە لە چوار یاسا بنەڕەتییەکەی بازاڕگەری کە بە 4P ناسراون کە ئەوانیش (product, price, place, promotion) دەگرێتەوە کە بە کوردی "بەرهەم، نرخ، شوێن، ساغکردنەوە" دەگرنەوە. ئەگەر زیاتر وردبوونەوە بکەین هەر یەکەیان چەند لقی تری لێ دەبێتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغکردنەوەیە کە چەند لقێکی لێ دەبێتەوە و بێ ئەم لقانە هیچ پڕۆسەیەکی بازاڕ دروستکردن دەست پێناکات و سەرکەوتوو نابێت.

ستراتیجی ساغکردنەوە چییە؟

ستراتیجی ساغکردنەوە یەکەیەکی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی هەر پڕۆسەیەکی بازاڕگەری، کەوا یەکگرتنی ئامرازەکانی ساغکردنەوە و تەکنیکە جۆراوجۆرەکانن بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرهەم و خزمەتگوزاری نوێ دروست بکرێت. ئەم ئامرازانە بۆ ئەوەن کە کۆمپانیا بگاتە ئامانجەکانی کە بەکاربەران و کۆتا بەکارهێنەری ئەو شتانەن کە دروستیان کردووە. هەروەها دروستکردنی هۆشیاری و ئاگاداری لەسەر بوونی بەرهەمێکی نوێ لە بازاڕ و زیاد کردنی فرۆش.

ئامرازەکانی  ساغکردنەوە

ئامرازەکانی ساغکردنەوە بریتیین لە چەند ئامرازێک کە لە ڕێگەیەوە کۆمپانیا و دامودەزگاکان دەیگرنە بەر بۆ ئەوەی بگەن بە زۆرترین ئامانج. ڕێگاکانیش ئەمانەن (ڕیکلام، پەیوەندییە گشتییەکان، فرۆشی تاکە کەسی، بازاڕگەری ڕاستەوخۆ، ساغکردنەوەی فرۆشتن) کۆمپانیاکان دەبێت بە وریایی ڕێگاکان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بگەنە باشترین دەرئەنجام. هەموو ئەم ڕێگایانە کە بەکاردێن لە زاراوەی بازاڕگەریدا پێیان دەگوترێت "کەمپینی بە بازاڕکردن".

ئایا یەکە بازرگانییەکان پێویستیان بە ساغکردنەوە هەیە؟

بێگومان، هەموو یەکەیەک کە لە چوارچێوەی بازاڕگەریدا بێت پێویستی بە ساغکردنەوە هەیە. بۆ نموونە پزیشکێک کە لە چوارچێوەی کەرتی گشتی کار بکات پێویست ناکات خۆی بە جەماوەر بناسێنێت و بازاڕ بۆ خۆی دروست بکات تاوەکو نەخۆش سەردانی بکەن، بەڵام ئەگەر هەمان پزیشک نۆرینگە یان لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت کار بکات پێویستی بە خۆ ناساندنە تاوەکو سەردان بکرێت چونکە لێرەدا پیشەکەی بووە بە پیشەیەکی بازرگانی و لە کێبڕکێدایە لەگەڵ هاوپیشەکانی بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین داهات. 

سەبارەت بە کۆمپانیاکان، کاتێکت بەرهەم و خزمەتگوزاری دەخەنە بازاڕەوە ئامانجی سەرەکیان بریتییە لە داهاتی زۆر، بۆ ئەمەش دەبێت بگەنە زۆرترین بەکاربەر و و بەکارهێنەر. بۆ ئەمەش دەبێت ڕێگای جیاوازی ساغکردنەوەی کاڵاکانیان بگرنە بەر، زیرەکترین شێوازیش ئەوەیە تەکنیکی جیاواز بگیرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی داهات. 

چۆن ساغکردنەوە بۆ کاڵا و خزمەتگوزاری دەکرێت؟

بەرلەوەی کاڵا و خزمەتگوزاری بخرێتە بازاڕەکانەوە، پێویستە ڕاوێژ بە پسپۆڕی بازاڕگەری بکرێت بۆ ئەوەی ڕێنیشاندەری بدرێت لە شێوازەکانی ساغکردنەوە. زۆربەی کاڵاکان بە ڕیکلام ساغدەکرێنەوە، بۆ ڕیکلامیش پێویستە وێنای براند نیشان بدرێت، کە بینەر هەر کاتێک بیسەر یان بینەری ڕیکلامەکە بوو بزانێت چ کاڵا و خزمەتگوزارییەکە. دەبێت کاڵاکان بە بیرۆکەی داهێنەرانە ساغ بکرێنەوە نەوەکو بیرۆکەی دووبارە و بەکارهێنراو لەلایەن کەسانی ترەوە.

بۆ هەر کاڵایەک کە ساغ دەکرێتەوە دیاریکردنی بینەر خاڵی سەرەکی بابەتەکەیە. هەروەها کاتی ساغکردنەوەکەش گرنگی خۆی هەیە. ناکرێت کاڵایەکی وەکو جلوبەرگی زستانە لە هاویندا ساغبکرێتەوە، یان ئامێرێکی پیشەسازی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ساغ بکرێنەوە بەڵکو دەبێت بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەکاربەردا ساغبکرێنەوە.

ئامرازەکانی ساغکردنەوە

ڕیکلام

ڕیکلام، یەکێکە لە ڕێگا بەرفراوانەکانی ساغکردنەوە کە خاوەنی زۆرترین تەکنیکی بەکارهاتووە. ڕیکلام کردن چەندین جۆری هەیە، وەکو "پۆستەر، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، دیجیتاڵ". هەروەها نووسراوی سەر شەقامەکانیش بەشێکن لە ئامرازەکانی ڕیکلام.

ئەو لایەنەی ڕیکلام وەکو ڕێگای گەیشتن بە زۆرترین داهات دەبەستێت، دەبێت تەکنیکی جیاواز بەکاربهێنێت بە بیرۆکەی داهێنەرانە. لە ڕیکلام کردندا دوو بابەتی گرنگ هەیە، ئەوانیش (بۆ ڕیکلام دەکەیت؟ و بۆ کێ ڕیکلام دەکەیت؟) واتا ئامانج دیاریبکەیت. بێ دیاریکردنی ئەم دوو بابەتە ناتوانی بگەیتە ئامانجەکانت. هەروەها دەبێ بزانیت ئەو کاڵایەی هەتە ڕیکلامی پێویستە یاخود نەخێر. چونکە کاڵا بۆ کاڵا شێوازی ڕیکلامەکانی دەگۆڕێت. ڕەنگە کاڵا و خزمەتگوزاری هەبێت پێویست بکات تەنها لەسەر شەقامەکان ڕیکلامی بۆ بکرێت وەکو نمایشکردنی فیلمێک یان ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵێک. ڕەنگە هەندێک بابەت هەبێت تەنها پێویستی بە پۆستەر هەبێت. بۆیە لایەنی بانگەشەکار دەبێت میدیایەکی گونجاو دیاریبکات بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی. 

چ کاتێک ڕیکلام سەرکەوتوو دەبێت؟

زۆرجار، کۆمپانیایەک بودجەیەکی زۆر بۆ ڕیکلام تەرخان دەکات، بەڵام ناگاتە ئەو ئامانجەی دیاریکردووە، بۆچی؟ چونکە، لە خواست و ویستی بەکاربەرەکانی تێنەگەیشتووە و ئەو کاڵایەی ئەو ڕیکلامی بۆی کردووە لای زۆرینەی جەماوەر گرنگیی و بەهای نییە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو کوردستان بریکاری ئامێری یارییە ڤیدیۆییەکان هەیە بەڵام هەرگیز نابینرێت لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن ڕیکلام بۆ ئامێر و یارییەکان بکەن، چونکە ئەو کەسانەی گوێ لە ڕادیۆ دەگرن یاریکەر نیین، دووەمیان بینەرانی تەلەفزیۆنیش ناتوانرێت دیاریبکرێت ئایا زۆرینە یاریکەرن یاخود نەخێر. بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلامی بۆ دەکەن کە تیایدا بە دیاریکراوی دەتوانرێت تەمەن و ئارەزوو دیاریبکرێت.

ساغکردنەوەی فرۆشتن

ئەم ڕێگایەش، یەکێکە لە ڕێگا باو و گرنگەکانی ساغکردنەوە، ئەم ڕێگایە بۆ بەدەست هێنانی دڵسۆزی بەکاربەرە بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکە. وەکو ئەنجامدانی داشکاندن و ئۆفەر، کۆبۆن و کاشباک. ئەم شێوازە وا دەکات ڕێژەی بەکاربەران زیاد بکات و تیایدا دڵسۆزی بۆ ئەو براندە بنوێنن کە دڵخوازیانە. ئەم ڕێگایە زیاتر لەلایەن ئەو براندانەوە بەکاردێت کە نرخیان بەرزە و لە ئەنجامدانی ئۆفەر و داشکاندندا دەیانەوێت بە ماوەیەکی کەم زۆرترین کاڵا بفرۆشن و ئەو کەسانەش لێیان بکڕن کە پێشتر لەبەر گرانی نەیان توانیوە کاڵاکە بکڕن.

پەیوەندییە گشتییەکان

ئەم ڕێگایە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ سیستمی نوێی بازرگانیدا بەکاردێت، کە تیایدا کۆمپانیاکان پەیوەندی لەگەڵ خاوەن بەرژەوەندییەکان و بەکاربەر و فەرمانبەران و وەبەرهێنەران و میدیاکان دەبەستن بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکی نوێ. کۆمپانیا لێرەدا دەیەوێت شکۆ بۆ خۆی دروست بکات و خۆی وەکو پێشەنگ بناسێنێت. بۆ نموونە مۆبایلێکی نوێ دەخرێتە بازاڕەوە بریکارێکی مۆبایل لە وڵاتێک کە فرۆشگای فەرمی ئەو براندەی لێ نییە، مۆبایلەکە دەهێنێتە بازاڕەکان و لە ڕێگەی میدیاکانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نمایشی دەکات، کە ئەم نمایشە بۆ ئەوەیە نیشانی بدات کە پێشەنگ بووە لە هێنانی ئەو مۆبایلە زیرەکە بۆ بازاڕەکان. یاخود زۆر جار دەڵێن وەکو یەکەم بریکار و کۆمپانیا ئەم ئامێرەیان هێناوە ئەمەش لە ڕاستیدا بۆ زیادکردنی شکۆ و هێزی خۆیانە لە بازاڕدا. 

فرۆشی خودی

ئەم ئامرەزایان دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان نوێنەری فرۆش "مەندوب" لەگەڵ کڕیاری نادیار. واتا کەسێک بەناوی کۆمپانیاوە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەبەنە سەنتەرەکانی بازاڕکردن و لەوێ لە ڕێگەی ڕێکەوتن و گرێبەست کاڵاکە ساغدەکەنەوە. ئەم شێوازە بە شێوازێکی گەڕۆک دەبێت کە ئەو کاڵایە چ پۆلێنێک بێت لەو ناوەندە ساغ دەکرێتەوە. بۆ نموونە شیرەمەنییەکان و کاری هەویر و خواردنەکان دەبرێنە مارکێتەکان و ساغ دەکرێنەوە. 

ئەم شێوازە پێویستی بە زانیاری لەسەر دەروونزانی کڕیار و شێوازی فرۆشتن هەیە چونکە نوێنەری فرۆشتن دەبێت خۆی کاڵایەکە ساغبکاتەوە.

بازاڕگەری ڕاستەوخۆ

ئەم شێوازە جیاوازی لەگەڵ ڕێگای چوارەم هەیە. لێرەدا کۆمپانیا خۆی پەیوەندی لەگەڵ کڕیاری نادیار دەبەستێت. لە ڕێگەی میدیا جیاوازەکان. بۆ نموونە لە ڕێگەی ئیمێڵ، تەلەفۆن، نامەی ڕاستەوخۆ، بازاڕگەری دیجیتاڵی. ئەم ڕێگایە یارمەتیدەری بازرگانییەکانە تاوەکو ڕاستەوخۆ بگەنە کڕیار. زۆرجار لە ڕێگەی کردنەوەی پێشەنگای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەنجام دەدرێن کە تیایدا کۆمپانیا ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی لەگەڵ کڕیار دەبێت. 

ئامرازەکانی ساغکردنەوەی تەواوکاری

لە پڕۆسەی ساغکردنەوەدا، پێویستە ئامراز و تەکنیکی جیاواز بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بۆ زۆرترین کڕیار. لێرەدا بە بۆچوونی "پیتەر درەکەر" پرۆفیسۆری بواری بازاڕگەری پێی وایە لە ساغکردنەوەدا باشترین تەکنیک ئەوەیە یەکگرتن هەبێت لە نێوان ڕێگاکاندا بۆ نموونە (ڕیکلام و چوار ڕێگاکەی تر بەیەکەوە بەکاربهێنرێن، یاخود دوو تا سێ ڕێگای جیاواز) تەنانەت بۆ ڕێگایەکی وەک ڕیکلام هەوڵبدرێت میدیای جیاواز بەکاربهێنرێت لە بری یەک میدیا. بۆ نموونە میدیای بینراو و بیستراو بەیەکەوە بێنە بەکارهێنان لەبری بەکارهێنانی یەک دانە. 

بەم شێوازە پڕۆسەی کەمپینی بەبازاڕکردن کاریگەری خۆی دەنوێنێت، چونکە لە هەر میدییەکدا سەرنجی ڕێژەیەک بەکاربەری نادیار ڕادەکێشیت. بەڵام ئەگەر یەک دانە بەکاربێت تەنها دەگەیتە ڕێژەیەکی کەم. 


سەرچاوەکان



315 بینین